پڕۆژه‌ یاسای دادوەری، دووبه‌ره‌كی له‌ ئیسرائیل دەنێتەوە

10:50 - 2023-07-19
جیهان
452 جار خوێندراوەتەوە

له ‌فارسییه‌وه‌/ جه‌واد حه‌یده‌ری 

چه‌ند مانگێك له‌دژی هه‌مواركردنی یاسای دادوه‌ری شه‌قام و رای گشتی ئیسرائیل ناڕه‌زایی ده‌رده‌بڕن و پێیان وایه‌ كه‌ هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاساكه‌ كاریگه‌ری خراپی له‌سه‌ر ئاسایش و ئابووری و سیاسه‌تی ئه‌و وڵاته‌ ده‌بێت.

رۆژانه‌ له‌ ته‌لئه‌بیب و زۆربه‌ی شاره‌كانی ئیسرائیل خۆپیشانده‌ران و نه‌یارانی هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای دادوه‌ری ده‌ڕژێنه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان و له‌دژی حكومه‌ته‌كه‌ی بنیامین ناتانیاهو ناڕه‌زایی ده‌رده‌بڕن و داوا ده‌كه‌ن كه‌ هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای دادوه‌ری رابگیرێ. ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا كه‌ حكومه‌تی راستڕەو ئیسرائیل به‌ سه‌رۆكایه‌تی ناتانیاهۆ سووره‌ له‌سه‌ر پێداچوونه‌وه‌ و هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاساکە‌ و داواش ده‌كرێ كه‌ هه‌رچی زووه‌ پڕۆژه‌كه‌ به‌ڕێوه‌ بچێت. 
ده‌سه‌ڵاته‌كانی دادگا سنووردار ده‌كرێ
هه‌رچه‌ند بڕیاره‌ تا هه‌فته‌یه‌كی دیكه‌ هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاساكه‌ په‌سه‌ند بكرێت كه‌ تێیدا ده‌سه‌ڵاته‌كانی دادگای باڵای ئیسرائیل سنووردار ده‌كرێت و به‌ پێی پڕۆژه‌ یاساكه‌، ئیتر دادگای باڵای ئیسرائیل ده‌سه‌ڵاته‌كانی وه‌ك پێشوو نابێت و ناتوانێت هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ بڕیاره‌كانی حكومه‌ت بكات.
 كۆمسیۆنی یاسایی په‌رله‌مانی ئیسرائیل ئێستا سه‌رقاڵی ره‌شنووسێكه‌ سه‌باره‌ت به‌ هه‌مواركردنەوەی یاسای دادوه‌ری و بڕیاره‌ هه‌فته‌ی داهاتوو ببرێته‌ په‌رله‌مان بۆ ئه‌وه‌ی ده‌نگی له‌سه‌ر بدرێت. 
گه‌نده‌ڵی ته‌شه‌نه‌ ده‌كات 
ره‌خنه‌گران و چاودێران و شاره‌زایان نیگه‌رانی ئه‌وه‌ن كه‌ په‌سه‌ندكردنی پڕۆژه‌ یاسای هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای دادوه‌ری، ده‌بێته‌ هۆی ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی گه‌نده‌ڵی و هه‌روه‌ها دانانی سه‌ره‌ڕۆیانه‌ی به‌رپرسان له‌ پۆسته‌ باڵاكان. ئه‌مه‌ له‌ كاتێدایه‌ كه‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل دادوه‌رانی وڵاته‌كه‌ی به‌وه‌ تۆمه‌تبار ده‌كات كه‌ پتر له‌ڕاده‌ له‌ ده‌ستوه‌ردان له‌ بڕیاره‌ سیاسییه‌كاندا ده‌كه‌ن، هه‌وڵه‌كانی حكومه‌ته‌كه‌ی ناتانیاهو بۆ به‌ره‌وپێشبردنی هه‌رچی زووتری به‌رنامه‌كانی خۆی به‌ تایبه‌تی هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای دادوه‌ری وایكردووه‌ كه‌ ناڕه‌زایی چین و توێژه‌ جیاجیاكانی ئه‌و وڵاته‌ی لێبكه‌وێته‌وه‌.
ملكه‌چ نه‌بوونی سه‌ربازان
سه‌دان كه‌س له‌ سه‌ربازانی یه‌ده‌ك كه‌ ئێستا سه‌رقاڵی خزمه‌تن به‌ سوپای وڵاته‌كه‌یان رایانگه‌یاندووه‌ ئه‌گه‌ر پڕۆژه‌ یاسای هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای دادوه‌ری په‌سه‌ند بكرێت، پابه‌ندی بڕیاره‌كه‌ نابن و ناچنه‌وه‌ بۆ ناو سه‌ربازگه‌ و پۆسته‌كانیان و ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ كه‌ رۆژانه‌ رێژه‌ی ناڕه‌زاییان روو له‌ زیادبوون بكات. هاوكات پزیشكانی ئه‌و وڵاته‌ش هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر پڕۆژه‌كه‌ په‌سه‌ند بكرێت، ده‌ست له‌ كاره‌كانیان هه‌ڵده‌گرن و پێیانوایه‌ كه‌ هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاساكه‌ كاریگه‌ری نه‌رێنی له‌سه‌ر ئابووری و دیموكراسی و ئاسایش و ته‌نانه‌ت سیستمی ته‌ندروستی وڵاته‌كه‌یان ده‌بێت.
 چاودێرانی سیاسی و شرۆڤه‌كاران له‌و باوه‌ڕەدان كه‌ ئه‌گه‌ر بێتو ئه‌و پڕۆژه‌ یاسایه‌ په‌سه‌ند بكرێت، دادگای باڵا هه‌ڵیده‌وشێنێته‌وه‌. پڕۆژه‌كه‌ی ناتانیاهو بۆ هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای دادوه‌ری كه‌لێن و درزێكی گه‌وره‌ی له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌ی ئیسرائیلی دروستكردووه‌ و به‌پێی راپرسییه‌كی كه‌ناڵی 12 ی ئه‌و وڵاته‌ ده‌ركه‌وتووه‌ كه%67 به‌شداربووی راپرسییه‌كه‌ نیگه‌رانی خۆیان ده‌ربڕیوه‌ و ئاماژه‌یان به‌وه‌ كردووه‌ كه‌ ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ شه‌ڕی ناوخۆی لێده‌كه‌وێته‌وه‌.  

سه‌رچاوه‌/ رادیو‌ دویچەڤیلە

#جیهان

بابەتە پەیوەندیدارەکان