قوباد تاڵەبانی لەگەڵ جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆبووەوە

07:06 - 2025-04-18
کوردستان
59 جار خوێندراوەتەوە

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران پێشوازی لە نوح یەلماز، جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا  کرد  چەند پرسێکی جێی بایەخی هەردوولایان تاوتوێ کرد.

لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ هەینی بە ئامادەبوونی دابان شەدەڵە، جێگری لێپرسراوی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم بەڕێوەچوو، باس لە دوا پەرەسەندنەکانی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا کرا. لەوبارەیەوە قوباد تاڵەبانی جەختیکردەوە لە پشتگیریکردنی حکومەتی هەرێم و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پرۆسەکە و رایگەیاند، ئامادەین بۆ هەر جۆرە هاوکارییەک لەپێناوی سەرخستنی ئاشتی لە تورکیا.

لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا، باس لە دۆخی هەرێمی کوردستان و گفتوگۆکانی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێم کرا. قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا کە گفتوگۆکان بە ئاراستەیەکی باشدا دەڕۆن و نیەتی باش هەیە بۆ رێککەوتن لەسەر پێکهێنانی حکومەتێکی کارا و بەهێز کە لە ئاستی چاوەڕوانییەکانی هاووڵاتیاندا بێت.

لە تەوەرێکی دیکەدا باس لە پەیوەندییەکانی یەکێتی و تورکیا کرا. هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی پتەوکردنی پەیوەندییەکان کە لە ئێستادا بەرەو ئاستێکی باشتر دەڕوات.

بابەتە پەیوەندیدارەکان