د.ئاراس محەمەد سالح
مامۆستا شێح محەمەدی خاڵ یەکێک بووە لە زانا ئاینییە رووناکبیرەکان و نووسەرێکی خامە بە پێز و خاوەن میتۆدێکی زانستی بووە، لە پەنجاکانی سەدەی بیستەمەوە لە گۆڤاری ئەکادیمی (المجمع العلمی العراقی)دا ژمارەیەک توێژینەوەی زانستی بڵاوکردوەتەوە، هەر ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی لە ناوەندە رۆشنبیرییە عەرەبییەکەدا زیاتر بناسرێت، توێژینەوەکانی زیاتر تایبەت بووە بە مێژووی زانایانی کورد، لەوانە: مەلا عەبدوڵڵای بێتووشی و موفتی زەهاوی و چەندانی تر.
یەکێک لە توێژینەوەکانی تایبەت بووە بە میرایەتی ئەفراسیابی لە شاری بەسرە، لە بەرگی هەشتەمی ئەو گۆڤارەدا کە ساڵی (1961) دەرچووە، لە لاپەڕە (172 بۆ 217) بە ناونیشانی (حلقة مفقوده من تاریخ البصرة أو تاریخ الامارة الافراسیابیة) بڵاوکراوەتەوە، ئەم بابەتەی لە دەستخەتێکی کتێبخانەکەیدا دەستکەوتووە، ئەم دەستخەتە لە ڕۆژگاری ئەو میرایەتییەدا نووسراوەتەوە گرنگی و بایەخی تایبەتی خۆی هەبووە، هەتا شێخی خاڵ ئەو نووسینەی بڵاونەکردووەتەوە مێژوونووسەکان ئاگاداری نەبوون، هەربۆیە نووسینکەی خاڵ دەنگدانەوەی زۆری هەبووە لە رۆژگاری بڵاوبوونەوەیدا.
وەک یاداشتی رۆژانە نووسراون
شێخی خاڵ ئەو دەستخەتە بە ناوازە و دەگمەن ناودەبات کە لە کتیبخانەکەیدا بووە، دەستخەتەکە بە زمانی عەرەبی و لە ژیر ناونیشانی (السیرة المرضیة في شرح الفرضیة) بووە، لە نووسینی عەبد عەلی و لە 261 لاپەڕە پێکهاتووە، ئەم نووسراوە باس لە میرایەتی عەلی پاشای کوڕی ئەفراسیاب پاشا دەکات، میرایەتییەکەش بەناوی باوکی عەلی پاشاوە ناوبراوە کە پێشتر میری بەسرە بووە (الامارة الافراسیابیة) ناونراوە.
عەلی پاشا لە دوای باوکی بووەتە میر و ماوەی بیست ساڵ حوکمڕان بووە، لە نێوان ساڵانی (1624 - 1644) دەسەلاتدار بووە، عەبد عەلی لە ماوەی ئەو بیست ساڵەدا لەگەڵیدا بووە و هەموو رووداوەکانی تۆمارکردووە، زانیاری وردی لەسەر هێرش و پەلامارەکانی ئەو بیست ساڵە و بارودۆخی سیاسی و سەربازی تێدایە.
زانیارییەکانی ناو ئەم دەستخەتە وەک یاداشتی رۆژانە نووسراون لە رۆژگاری رووداوەکاندا تۆمارکراوە، لەبەرئەوە گرنگی و بایەخی زۆریان هەیە، چونکە زانیاری دەماودەم و گێڕانەوە نین هەتا گومان لەسەر راستی و ناڕاستییان دروست ببێت.
ئەم دەستخەتە سەرچاوەیەکی گرنگ و پڕ بایەخە لەسەر مێژووی ویلایەتی بەسرە و دەوروبەری، زۆر لایەنی مێژووی ئەو ویلایەتە و دەوروبەری روون دەکاتەوە، لە رووی سەربازی و ئابووری و کارگێڕی زانیاریی باشی تێدایە، هەروەها باس لە مامەڵەی عوسمانییەکان لەگەڵ یەکە کارگێڕییەکانی ئەو رۆژگارەدا دەکات.
ئەوەی جێگەی گرنگی زۆرە هەتا شێخی خاڵ باسی ئەو دەستخەتەی نەکردووە و تیشکی نەخستووەتە سەر ناوەرۆکەکەی، توێژەرانی نووسەرانی بواری مێژوو ئاگاداری نەبوون، هەروەکو خۆی باسی دەکات، بە دەستخەتێکی تاقانە و کەم وێنە ناوی بردووە، هەربۆیە نووسینەکەی خاڵ بووەتە جێگەی سەرنجی مێژوونووسان.
ئەوەی شایانی باسە دوای ئەوەی شێخی خاڵ کۆڕی زانیاری عیراقی ئاگادارکردووەتەوە لەو دەستخەتە بە نرخە کە لە کتێبخانەکەیدا پارێزراوە، لەسەر داوای ئەو کۆڕە خاڵ چەند لاپەڕەیەکی گرنگی لێ هەڵبژاردووە و لە گۆڤاری کۆڕدا بڵاوی کردوەتەوە.
میدالی مێژوونووسانی عەرەبی وەرگرتووە
نیشانەی مێژوونووسانی عەرەب میدالێکی گرنگ بووە هەر ساڵەو دراوە بە کەسێکی بەتوانا لە بواری میژوونووسیدا، بە تایبەت ئەوانەی لێکۆڵینەوەی گرنگ و زانستی بەرزیان کردووە، ساڵانە ئەم میدالە دراوە بە دکتۆرو پڕۆفیسۆرەکانی بواری مێژوو، بە تایبەتی مێژووی عەرەبی، ئەم خەڵاتە بۆ ئەوانە بووە لەو بوارەدا کاری ناوازەیان نووسیوە، ئەوەی جێگەی دەستخۆشی زۆرە بۆ شێخی خاڵ نە پسپۆڕی مێژوو بووە و نە خویندنی ئەکادیمی خوێندووە، بەڵکو دەرچووی حوجرەکانی سلێمانی بووە، بەڵام بە هەوڵ و ماندووبوونی خۆی توانیویەتی خۆی بگەیەنێتە ئاستی پرۆفیسۆرەکانی مێژوو، هەربۆیە نووسینەکانی لەو بوارەدا بوونەتە جێگەی بایەخی پسپۆڕان، هەر بەهۆی گرنگی لیکۆڵینەوە مێژوویەکانییەوە ساڵی 1987 میدالی مێژوونووسانی عەرەبی وەرگرتووە.
زانایەکی ئاینی بتوانێت شاکارەکانی وەک: شێخ مارفی نۆدێی و مەلا عەبدوڵڵای بێتووشی و موفتی زەهاوی و دەیان گوتاری تر لە سەر میژوو بنووسێت، ئەم هەوڵانە جێگەی نرخاندن و بایەخی زۆرە، ئەوەی جێگەی سەرەنجە هەتا ئێستا نووسینە مێژووییەکانی شێخ محەمەدی خاڵ لەلایەن زانکۆکانی کوردستانەوە لێکۆڵینەوەیان لەبارەوە نەکراوە و نامەی زانستی لەسەر میتۆدی مێژوونووسین لای خاڵ نەنووسراوە.
بانگهێشتنامەیەکی رەسمی:
هەڵبژاردنی شێخی خاڵ ساڵی 1987دا بەپێی فەرمانی (د7/140) کە رۆژی 30/7/1987 لەلایەن ئەمیندارێتی گشتی (یەکێتی مێژوونووسانی عەرەب)ـەوە دەرچووە، ئەم مامۆستا بەهرەمەندەیان ئاگادارکراوەتەوە کە بەڕێزیان هەڵبژێردراون بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ئەو یەکێتیە ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی.
بۆ شێخ محەمەد عەلی ئەمین خاڵی بەڕێز،
بە بۆنەی رۆژی مێژوونووسی عەرەبییەوە، شەرەفمەندین بە ئاگادارکردنەوەت لە بڕیاری کۆمەڵەی گشتی یەکێتیی مێژوونووسانی عەرەب تایبەت بە هەڵبژاردنت بۆ وەرگرتنی نیشانەی مێژوونووسی عەرەبی (وسام المؤرخ العربی) بۆ نرخاندنی رۆڵی بێوێنەتان لە دەوڵەمەندکردنی مێژووی عەرەبی.
بەم بۆنەیەوە داوا لە بەڕێزتان دەکەین ئامادەبن لە ئاهەنگی ئەو رێزلێنانە کە لەسەر شەرەفی بەڕێزتان سازدەکرێت بۆ وەرگرتنی نیشانەی مێژوونووسانی عەرەب لەلایەن وەزیری رۆشنبیری و راگەیاندنەوە، لە بارەگای یەکێتیی مێژوونووسانی عەرەب لە سەعات شەشی تەواو، ئێوارەی رۆژی هەینی، رێکەوتی (2/10/1987) ئەو رۆژەیە کە کۆمەڵەی مێژوونووسانی عەرەب بریاریداوە بیکاتە جەژنی مێژوونووسان، وە رۆژی مێژوونووسی عەرەبی، ئەو رۆژەی پاڵەوان سەلاحەدینی ئەیوبی قودسی رزگارکردووە.
تکا دەکەین بە نووسین ئاگادارمان بکەنەوە لە بەشداریکردنتان لە ئاهەنگەکەدا، هەتا رۆژی سازکردنی ئاهەنگەکە بمانبوورە..
بفەرمون بە قبوڵکردنی گەورەیی و پێزانین.
ئیمزا
پ.د. مصطفی عبدالقادر النجار
ئەمینداری گشتی یەکێتیی مێژوونووسانی عەرەب
ئەوەی تێبینی دەکرێت چەند مانگێک پێش بەخشینی میدالەکە شێخی خاڵ ئاگادارکراوەتەوە، کە ئاگاداریان بکاتەوە بە نووسراو لە ئامادەبوون لە ئاهەنگی بەخشینی خەڵاتەکە، ئەمەیش گرنگی و بایەخی ئەو خەڵاتە دەردەخات لەو کاتەدا، هەروەها دیاریکردنی رۆژی سەرکەوتنی سەلاحەدینی ئەیوبی لە جەنگی حەتین و رزگارکردنی شاری قودس، کە یەکێکە لە شارە پیرۆزەکان بەلای موسڵمانان و عەرەبەکانەوە بۆ بەخشینی ئەو میدالە بە مامۆستا شێخ محەمەدی خاڵ، جیگەی نرخاندنی کار و هەوڵە زانستییەکانی ئەم نووسەرە بەهرەمەندە بووە.