لە فارسییەوە/ جەواد حەیدەری
یەكەمین هەنگاو لە پەروەردە و فێركردندا، عەشق و خۆشەویستییە. بۆ عەشق پێویستیمان بە دیوار نییە، بەڵكو پێویستیمان بە ئاسمانێكی كراوە و باڵندە و دەرخت و مانگ و ئەستێرە هەیە. پەروەردەكردنی راستەقینە لە بنەڕەتدا نابێ لە چوارچێوەی جوگرافیادا بێت، بەڵكو دەبێ لەناو بازنەی جوانی و خۆشەویستیدا بێ، پەروەردەكردن ناشێ لەناو زانستدا بێ، بەڵكو دەبێ لەناو هونەردا بێت.
پەروەردەی ئاسوودە
پڕۆسەی فێركردن و پەروەردەكردن دەبێ لەسەر بنەمای ئاسوودەیی و ئارامی بێ و بە دوور بێ لە هەر جۆرە گرژی و ئاڵۆزییەك. ئەگەر منداڵەكان تا تەمەنی چواردە ساڵی بە باشی پەروەردە و فێر بكرێن، مەحاڵە دواتر ئەو منداڵانە بە لاڕێدا ببرێن، ئەو كات دەكرێ زۆر بە ئاسانی منداڵەكان بۆ هەر قوتابخانە و زانكۆیەك بنێردرێن.
ئەو وەختە دەكرێ فێری هەموو شت بكرێن، هیچ كەس لەسەر دەستی ئەوان ئازار نابینێ، تەنانەت ئەگەر بۆمبی ئەتۆمیشیان لەبەر دەست بێ زیان بە كەس ناگەیەنن. ئەوكاتەیە گەورەترین هێزیان بەدەستەوەیە كە هەمان خۆشەویستییە، ئەویش دەبێتە هێزێکی كاریگەر و خوڵقێنەر. زانست گەورەترین هێز بۆ مرۆڤەكان دەدۆزێتەوە، بەڵام نەیتوانی دڵێكی عاشق بدات بە مرۆڤ.
پەروەردەكردنی دڵ
دەسەڵات و هێز زۆر مەترسیدارن ئەگەر لە دەستی ئەو كەسانەدا بن كە دڵێكی عاشقیان نییە. كەسێك كە عەشقی هەبێ و كەسێكی بەهێز بێ، باشە، كەسێك كە عەشقی نەبێ و هاوكاتیش بێهێز و بێ توانا بێ، هەر باشە. ئەگەر هێز لە دەستی كەسانی عاشقدا بێت، ئەوكاتەیە ژیان گەشە دەكات، بەڵام ئەگەر ژیان لە دەست كەسانی عاشقدا نەبێت ئەوكاتەیە ژیان دەبێ بە گۆڕستان و هیچی تر. من هاتووم داوا لە مامۆستایان و پەروەردەكاران بكەم بێن دابنیشین و گفتوگۆ بكەین و بیر بكەینەوە چۆن دەتوانین دڵ پەروەردە بكەین؟ بە رای من ئەگەر پێویست بكات داوا دەكەم بۆ ماوەی سەد ساڵ سەرجەم كۆلێژ و زانكۆكان لە سەرتاسەری جیهان دابخرێن و زەینی مرۆڤ بە تەواوەتی لە پەروەردە دوور بخرێتەوە، بە بەراورد لەگەڵ ئەو پەروەردە و فێركردنەی ئێستا كە دەرئەنجامەكەی لە سەد ساڵی داهاتوودا دەردەكەوێ، زیانەكانی زۆر كەمتر دەبێ. مرۆڤەكان هەزاران ساڵ نەیانخوێندووە، ئەو خەڵكە نەخوێندەوارە، سەرەڕای ئەوەی نەیانخوێندووە، بەڵام سەروەرییان ناسیوە، عەشق و ئاواز و گۆرانییان ناسیوە و دنیایەك داهێنانیان كردووە. لە ژیانی خۆیاندا شادی و خۆشی و بزە و پێكەنینیان هەبووە، زیاتر لەوەی ئێمە لە ئێستادا هەمانە. ئەوان زۆر شتیان بە دەست هێناوە، لەكاتێكدا ئێمە زۆر شتمان لە دەستداوە. هەر بۆیە ئێستا زۆر پێویستە سروشتیبوون بۆ مرۆڤ بگەڕێنرێتەوە. مەبەست ئەوە نییە پەروەردە و فێركردن لەناو بچێ، بەڵكو دەبێ بنەما و سەرچاوەكانی پەروەردە و فێركردن بگۆڕدرێت. ئەگەر تەنها لەسەر پەروەردەی رابردوو بەردەوام بین، ئەگەر رێگەیەكی تر لە ئارادا نەبێ، ئەگەر وەها پەروەردەیەك هەڵبژاردنی مرۆڤ بێ و جێگرەوەی نەبێ، ئەوە ئەوكاتە پێویستە پەروەردە رابگیرێ و رێگە بدەین مرۆڤ جارێكی دیكە بۆ دارستان بگەڕێتەوە، ئەوكاتەیە ئێمە هیچ شتێكمان نییە لە دەستی بدەین. دەكرێ رێگەیەكی جێگرەوە بدۆزینەوە و ئەویش ئەوەیە پەروەردە لەسەر بنەمای عەشق و خۆشەویستی و سۆز و میهرەبانی بێ. ئەگەر بكرێ سەرەتا، دڵی مرۆڤ پەروەردە بكرێ، دواتر گەشەی عەقڵ بە دوایدا دێت، ئەگەر دڵ بتوانی سەركردایەتی بكات و عەقڵیش شوێنكەوتوو بێ، ئەوكاتە ئەو پەروەردەیە، پەروەردەیەكی ساغ و تەندروستە. ئەگەر بڕیار بێ بۆ ژیان پەرستگەیەك دروست بكرێ، باشتر وایە ئەو پەرستگەیە لەسەر بنەمای عەشق بێ.
سەردەمی منداڵی سەردەمی عەشقە
سەردەمی منداڵی بە تایبەتی تا چواردە ساڵی، دەرفەتێكی سەرنجڕاكێش و لەبارە بۆ گەشەی عەشق. ئەگەر بێت و ئەو سەردەمە لە دەست بدەین، ئەوا بۆ هەمیشە ئەو دەرفەتە زێڕینەمان لە كیس دەچێ و ئەوكات هیچ رێگەیەك بۆ ئەوەی گۆڕانكاری بكرێ لە ئارادا نابێ. دروستكردنی گۆڕانكاری لەسەردەمی منداڵیدا پێویستی بە هیچ كار و میكانیزمێك نییە. رووباری عەشق بەڕێوەیە و ئێمە لەڕووی نەزانینەوە پێش بەو رووبارە دەگرین و رێگە نادەین بە رێگای خۆیدا بڕوات. بەڵام ئەگەر رێگری لە رەوتی ئاوی رووبارەكان نەكەین، ئەوە دەتوانین ببین بە مرۆڤی نوێ و لە دایكبوونێكی دیكە روو دەدات، ئەوەی ئەمڕۆ زۆر پێویستە، لەدایكبوونی مرۆڤێكی نوێیە.
مامۆستا دەبێ رێگە نەدا تۆی توندوتیژی و زێدەخوازی و تەماع لە ناخی منداڵان ریشە داكوتێ و گەشە بكات، مامۆستا دەبێ لەسەر ئەو گریمانەیە كار بكات كە رێگە بدات بە منداڵان راستەوخۆ لەگەڵ كێشەكانی ژیان بەركەوتنیان هەبێ بۆ ئەوەی بتوانن فێر بن و شتەكان بدۆزنەوە و گەشە بكەن و لە زانست خۆی بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەكان كەڵك وەربگرن. دەبێ مامۆستا وەك رێنماییكارێك دەركەوێ، نەك كەسێك كە بیەوێ زانست ببەخشێ، بەڵكو دەبێ كارێك بكات زانست بە شێوەیەكی سادە بۆ دەوڵەمەندكردنی كوالێتی عەقڵانی و دروونی منداڵ، بخاتە بەردەستی. چەمكە باوەكان لە سیستمی پەروەردە و فێركردن لەوانە پڕ واتا بێ، بەڵام گرنگ نییە، رەنگە سوودی هەبێ، بەڵام سەرنجڕاكێش نین، چونكە چەمك و ماناكان پەیوەندییان بە زەینەوە هەیە، لە كاتێك رۆح گرنگە.
پەروەردەیەك گرنگە كە بتوانێ كۆمەك بە تاك بكات جگە لەوەی بتوانێ بژێوی خۆی دابین بكات، بگرە كەسەكە وا ئامادە بكات تا دوایین هەناسەكانی ژیان بتوانێ ئاستی ژیانی خۆی بەرز بكاتەوە. ئەوەی تا ئێستا بە ناوی پەروەردە و فێركردن لە ئارادا بووە، لەڕاستیدا شتێك نەبووە ناوی پەروەردە و فێركردن بێت و ئەمەش بە گەورەترین بەدبەختی مرۆڤ دەزانم.»
رەنگە بە لاتانەوە سەیر بێت، چونكە پەروەردە و فێركردن نەیتوانیوە سەلامەتی و هاوسەنگی لە ناخی مرۆڤدا دروست بكات، بە پێچەوانەوە هەموو هاوسەنگییەكی لەناو بردووە. یەكێك لە هەڵە سەرەكییەكانی ئێمەی مرۆڤ ئەوەیە كە پێمان وایە مرۆڤ واتا تەنها عەقڵ، تەنها گرنگی بە عەقڵ دراوە لە هەزاران ساڵی رابردوودا و عەقڵ پەروەردە كراوە و دڵ فەرامۆش كراوە.
ئێمەی مرۆڤ دەمانەوێ چی فێری ئەوانیتر بكەین؟ بە ناوی پەروەردە و فێركردن دەمانەوێ چ شتێك بڵێین؟ ئایا سەبارەت بە ژیان هیچمان فێری كەس كردووە؟ ئێمە تەنها چەند وشەیەك فێری كەسەكان دەكەین، بڕێك بیركاری و بڕێك مێژوو و جوگرافی، ئایا بە راستی لە رێگەی فێركردنەوە دەمانەوێ چ شتێك فێری خەڵكی بكەین؟ تەنها چەند وشەیەك. بەڵام ژیان تەنها وشە نییە و وشەكان لە ژیاندا رۆڵی خۆیان هەیە، تەنها فێربوونی وشەكان بە واتای ژیان نییە، لە جیهانی ئەمڕۆدا فێربوونی وشەكان لەبری ئەوەی مێشك ئازاد و دەرباز بكەن و مرۆڤێكی زیندوو و هۆشیار دروست بكەن، تەنها باری مێشك قورستر دەكەن، نە هونەری ژیان فێری مرۆڤ دەكەن و نە رێگەكانی ژیان بە رووی مرۆڤدا دەكەنەوە. ئەگەر ئەمڕۆ مرۆڤ نەخۆشە و باری تەندروستی تەواو نییە دەرئەنجامی پەروەردە و فێركردنە، چونكە پەروەردە نەیتوانیوە مرۆڤێكی تەندروست و ساغ دروست بكات. مرۆڤی نەخوێندەوار لەچاو كەسانی خوێندەوار لەبواری دەروونییەوە هاوسەنگتر و تەندروستترە، چونكە بە شێوەی سروشتی خۆی گەورە بووە و ئامانج و مەبەستی خۆی لەژیان دەزانێ بە پێچەوانەی كەسی خوێندەوار.
سەرچاوە:
كتێبی آموزش برای زندگی و مرگ لە نووسینی ئۆشۆ