زۆرترین گەشتیار رووی لە سلێمانی کردووە

08:28 - 2022-05-12
ڕاپۆرت
704 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی/ رێزە حسێن

بەهۆی هەڵكەوتەی كوردستان و ئارامی ناوچەكەی، ساڵانە لە بۆنە ئایینی و تایبەتەكاندا گەشتیارێكی زۆر رووی تێدەكەن، لایەنی پەیوەندیدار لە گەشتوگوزاری سلێمانی رایدەگەینێت لەسەر ئاستی هەرێم، جەژنی ئەمساڵ زۆرترین گەشتیار رووی لە شاری سلێمانی كردووە، هەروەك وتەبێژی پۆلیسی شارەكە ئاماژە بەوە دەكات، ئارامترین بۆنە لە جەژندا بەڕێوەچوو هیچ تاوانێكیشی تێدا تۆمار نەكراوە.

هاتنی نزیكەی 200 هەزار گەشتیار 
بەپێی زانیارییەکانی كوردستانی نوێ، بەر لەهاتنی بۆنەی جەژنی رەمەزان سەرجەم هۆتێل و مۆتێل و كابینەی شوێنە گەشتیارییەكان لە شار و شارۆچكە و قەزا و ناحییەكانی سلێمانی و دەوروبەری لەلایەن گەشتیارانی بیانی و ناوخۆوە بە كرێگیرابوون بەجۆرێك لە رۆژانی جەژندا نزیكەی 100 هەزار گەشتیاری بیانی شوێنی حەواندنەوەیان بۆ نەمابووەوە.
مەحمود تۆفیق سەرۆكی كۆمەڵەی میوانخانە و هۆتێل و مۆتێلەكانی پارێزگای سلێمانی لەوبارەیەوە بۆ كوردستانی نوێ وتی: بە مەبەستی پێشكەشكردنی باشترین خزمەتگوزاری لە چوارچێوەی رەخساندنی شوێنی حەواندنەوە بۆ گەشتیاران، بەر لە جەژن كۆمەڵەكەمان لیژنەیەكی تایبەتمەندی پێكهێنا تا بتوانین كاروچالاكییەكان لە ئاستی هاتنی ئەو ژمارە زۆرە گەشتیارەدا بێت كە روو لەناوچەكەمان دەكات، لیژنەكانمان لە بازگەكاندا ئامادەییان هەبووە تا پۆستەر و رێبەری گەشتیاری بەسەر میوانەكاندا دابەشبكەن بۆ ئەوەی تووشی هیچ ئاستەنگێك نەبن لە رێگە وبانەكاندا، هاوكات 70 خواردنگە كە دەكەونە سەر رێگای شوێنە گەشتیارییەكان كراوەبوون بۆ پێشوازیكردن لە گەشتیاران، بە جۆرێك لەلایەن لیژنەكانەوە چاودێری نرخ و پاك و خاوێنی سەرجەم شوێن و خواردنگەكان دەكرا.
 وتیشی: لە شاری سلێمانی بە قەزا و ناحیەكانی دەوربەرییەوە زیاتر لە 1500 بنكەی گەشتیاریمان هەیە كە توانای گرتنە خۆی زیاتر لە 50 هەزار گەشتیاری هەیە، بەڵام ئەمساڵ زیاتر لە 170 هەزار گەشتیاری بیانی و ناوخۆی روویان لەناوچەكان كردبوو، بۆیە زیاتر لە 90 هەزار كەس شوێنی حەواندنەوەیان بۆ نەمابوو، بۆیە بە ناچاری كۆمەڵەكەمان داوای هاوكاری لە ژمارەیەك كەس و لایەن كرد بەكردنەوەی هەندێك بیناو هۆڵی داخراو كە تایبەت نەبوون بە كرێدان تا بتوانین گەشتیارانی تێدا نیشتەجێبكەین.

هیچ تاوانێك تۆمارنەكرا
بەپێی زانیاری بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی بە هەماهەنگی لایەنی پەیوەندیدار لە هێزە ئەمنیەكانی ( ئاسایش، پۆلیسی نەهێشتنی تاوان، پۆلیسی هاتوچۆ) لە پشووەكانی رۆژانی جەژندا لە ئامادە باشیدابوون بەجۆرێك كاروچالاكییەكانیان سەرجەم ناوچە گەشتیارییەكان و ناو شار و كوچە و كۆڵانەكانی گرتبووەوە، بەمەبەستی كۆنتڕۆڵكردنی هەر حاڵەتێكی نەخوازراو لەكاتی دروستبوونی قەرەباڵغی و هاتنە ناوەوەی گەشتیارێكی زۆر بۆ سنوورەكە.
سەركەوت ئەحمەد بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەكانی پۆلیسی سلێمانی لەوبارەیەوە تایبەت بەكوردستانی نوێ وتی: بەهۆی ئەو پلان و بەرنامە تۆكەمە ئەمنییەی كە پێش وەخت داڕێژرابوو، بە هەماهەنگی هەموو لایەنە پەیوەندارەكان لە پشووەكانی جەژنی رەمەزاندا، هیچ حاڵەتێكی تاوانی كوشتن و برینداركردن لە شاری سلێمانی و دەوروبەری تۆمار نەكرا، بۆیە بە خۆشحاڵییەوە رایدەگەیەنین ئەمساڵ ئارامترین پشووی جەژن بەڕێوەچوو، چونكە لە بەرامبەر ئەو گەشتیارە زۆرەی رووی لە ناوچەكە كردبوو، تەنها سێ حاڵەتی شەڕكردنی روویدا ئەویش لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە لە ماوەیەكی كورتدا كۆنتڕۆڵكرا. 

هاتنی نزیكەی 150 هەزار گەشتیاری بیانی 
بەڕێوبەرایەتی گەشتوگوزاری سلێمانی بە مەبەستی پێشكەشكردنی باشترین خزمەتگوزاری و پێشوازی لەو گەشتیارانەی  روو لە شارەكە دەكەن، ساڵانە بەر لەهاتنی بۆنە ئایینی و تایبەتەكان بە پلانی پێشوەخەت، ئامادەكارییەكانی دەست پێدەكات لە چوارچێوەی چاپكردنی نامیلەكە و رێبەری گەشتیاری و دابەشكردنی بەسەر گەشتیاراندا، هاوكات پێكهێنانی لیژنەی تایبەتمەند بۆ چاودێریكردنی نرخ و پاك و خاوێنی و ئاستی خزمەتگوزارییەكان لە سەیرانگە و ناوچە گەشتیارییەكاندا.
داسیار محەمەد بەڕێوەبەری راگەیاندن و بە بازاڕكردن لە بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری سلێمانی تایبەت بە كوردستانی نوێ زانیاری زیاتری خستەڕوو رایگەیاند: بەمەبەستی پێشكەشكردنی باشترین خزمەتگوزاری و كۆنتڕۆڵكردنی ئەو قەرەباڵغییە زۆرەی هاتە پێشەوە بۆ شارەكەمان، پێنج لیژنەی تایبەتمەند بەردەوام كاریان كردووە لە چوارچێوەی رێكخستنی بازاڕ و نرخی خواردن و خواردنەوەكان، بۆیە كەمترین سكاڵا و سەرپێچی تۆماركرا، وتیشی: لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان شاری سلێمانی یەكەمین شوێن بووە زۆرترین گەشتیار رووی تێكردووە، بە جۆرێك زیاتر لە 147 هەزار گەشتیاری بیانی روویان لە سنوورەكە كردبوو، هەروەك لە %80 گەشتیاران بەشێوەی گروپ لە ناوچەكانی ناوەڕاست و خوارووی عیراقەوە هاتبوون، هاوكات ئەمساڵ گەشتیارانی رۆژهەڵاتی كوردستان، ژمارەیەك بوون لە گەشتیارانی ناوچەكە، چونكە لایەنی پەیوەندیدار لە ئیدارەی شارەكە لە بازگەكاندا رێگەدان و ئاسانكاری تەواوەتی پێشكەشی بەو كەسانە دەكرد كە لە وڵاتی ئێرانەوە بەمەبەستی گەشتكردن دەهاتنە سلێمانی، وتیشی: قەرەباڵغترین ناوچە لە سنووری سلێمانی و دەوروبەری، قەزای دوكان بووە كە نزیكەی  200 هەزار گەشتیار و سەدانیكەر ناوخۆیی روویان تێكردووە.

بازاڕەكان دەبووژێنەوە 
بەپێی بەدواداچوونی كوردستانی نوێ، بازاڕەكانی سلێمانی بەهۆی هاتنی گەشتیارانەوە گەرم و گوڕی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، لەوبارەیەوە زۆرینەی خاوەن دوكانەكان ئاماژەیان بەوە کرد كە ئەمساڵ زۆرترین فرۆشتنیان هەبووە و قازانجێكی باشیان دەستكەوتووە، ئەوەشیان راگەیاند» ئەگەر گەشتیارانی ناوەڕارست و خوارووی عیراق نەبێت، زۆرینەیان بەهۆی بێبازاڕییەوە ناچاردەبن دوكانەكانیان دابخەن، چونكە خەڵكی لە هەرێم بەهۆی خراپی باری دارایی و نەبوونی مووچەوە، تەنها ئەو شمەكانە دەكڕن كە رۆژانە بۆ خواردن و خوارنەوە سەرەكییەكان پێویستیان پێیەتی.

#گەشتیار

بابەتە پەیوەندیدارەکان