جەبار فەرمان: فیلەتەنی زەمان

08:54 - 2022-05-12
کەلتور
813 جار خوێندراوەتەوە

رەهبەر سەید برایم

رەوسە:
سیاسەت دروستکەری ئابوورییە، زانــســت و هــونــەرە بابەتێکی تیوورییە، دەرمانی راستەقینەی مێشک فەلسەفەیە،بە مەردی ژیان ئەو شکۆ و شەرەفەیە، فەلسەفە واتــا ناسینی راستی بەتەواوی، خۆشەویستی و زانستی دەگەینێ بە خەمڵاوی، لە زانست باشتر ئەزموونە، هەوڵدان و نەسرەوتن و فێربوونە، قووڵی دەریــا بە قــاچ تاقی ناکرێتەوە، زانیاری هەڵە مەترسی لێ دەکەوێتەوە، راستییەکی تــاڵ هـــەزار درۆی شیرین دەهێنێ، وتــەی جــوان و چاک زمان ناڕوشێنێ،مرۆڤی ژیر لە بێدەنگی پەشیمان نابێتەوە، بەڵام لە زۆر قسەکردن پەشیمان دەبــێ لە شــەرمــان دەتوێتەوە، هەیە زۆر قسە دەکا هیچ ناڵێ، لە شتی بچووک و بێکەڵک دەئاڵێ، تــەمــاشــای پــشــتــەوە مــەکــە بە پەشیمانی، سەیری پێشەوە مەکە بە پەرێشانی، سەیری ســەرەوە بکە بە متمانە و ئــاواتــەوە، لە پێشبرکێ کەم کەس ئاور بۆ دواوە دەداتـــەوە، کەسی سەرکەوتوو بێدەنگە و خەندەی لەسەر لێوە، نهێنی ئازادی ئازایەتییە دەزانێ بە کوێ دەڕوا بەڕێوە، خەڵکی زیرەک زانایانە دێتە گفتوگۆ، یان بێ دەنگ و مات وتەی نادا بە فیڕۆ، ناتوانی دەست لە هەنگوین بدەیت و دەست نەلێسییەوە، دەبەنگ و گەمژە تێیناگا چەندان جار بۆ بڕێسییەوە، سەرکەوتن بــەرەو رووت نایە دەبێ بەرەو سەرکەوتن بڕۆی، خۆڕاگری و بەردەوامبوون و بەردەم رووی دەبێتە هۆ و بنەما بۆی، لە پاڵ مرۆڤی سەرکەوتوو چەند ساڵ سەرنەکەوتن هەیە، کە زانیت چۆن شکستت هێناوە تێدەگەی کۆسپ و بەرکەوتن هەیە،هەندێ شت جێی نائومێدە، رووبـــــاری وشـــک و وڵاتـــی بێ ســەرکــردە، تایبەتمەندی خۆی هەیە بۆ سەرکەوتن و راهێنان، فێربوون و ئــارەزووبــوون و بە دەستهێنان، (هیتلەر) لە ژنەکەی و هۆشیاری خەڵک دەترسا، لە ئاست سوپای ســووری رووســی تێکشکا، سەرکردەیەکی سیاسەتمەدار خەڵکی بڕوای پێدەکرد، کەچی ژنەکەی متمانەی پێ نەبوو هەتا ئەو رۆژەی مرد، چەند بنەمایەک لە ژیان چاکترە نەشکێن، باوەڕو دڵ و پەیوەندی و بەڵێن، کە شکان دەنگیان نییە ئازاریان هەیە، لە ناخدا بانگ و هاواریان هەیە، ئایندە هی ئــەو کەسانەیە بە جوانی خەونەکانیان دەبینن، لە ویژدانی مێژوو دەژین لەناو دڵی گەل شیرینن، سەرکردەی مەزن و راست ئەوەیە دیدگە و خەون و خواستی، لە گۆڕەپانی کار و ئامانج بکاتە راستی.

لە بان میلەوە
شابازێ لە خانەقینەوە بە باڵی خۆی هەڵفڕی، لە بان میلەوە بە مەیلەوە ملی نا بە هەزاران میلی بــڕی، لــەســەر ترۆپکی ئاواتی خەبات و کوردایەتی هەڵنیشتەوە، بــە لــێــخــۆبــوردی و کــوردانــە و مەردانە بە ویست و سروشتەوە، بوو بە دار خورما لە گەرمەسێر و بیابان، لوتکە لە چیای هەلاج و دابـــان، تاجی شــا لــە دارول موڵکی بــابــان، لە بــان میلەوە، گیرسا لە قەندیلەوە، (دەریــا)یەک بوو کەنارەکانی بە شەپۆڵ و شڵپە، ئاگرێکی گەش و گڕدار بە (بڵێسە) و (گڵپە)، بووە ڕەشماڵی (ڕەوەند) و مەڕداران، لە گەرمیان و کوێستان وەک کۆڵەگەی دەوار و هەواران، بۆ دۆزینەوەی خۆی، خۆی ون کردبوو بۆ ڕاژەی گەل، ڕێگای دۆزییووە بۆ سەرکەوتنی سەرکەڵ، لە ڕێگا لاینەدەدا دڕکی لە قاچی ڕاچێ، بۆ وێستگەیەک نەدەچوو کە بۆ ئامانجی ڕەوا ناچێ، لە هەمووکات بە بیر و باوەڕ و ورەوە دەستی پێ دەکرد، تاڵی و سەختی و دژواری ڕۆژگاری بە شیرینی بەرێ دەکرد، پێکەنینی بە ترس دەهات و لە تەنگانە و ڕۆژانی ڕەش خەندەی سەر لێوان بوو، لێوان لێو کە ئازایەتی و ورە شاسۆی کێوان بوو، هێرشی کورت ماوە و پلانی دوور مەودای هەبوو، شەڕی یەکلا دەکردەوە و سازش و سەودای نەبوو، خۆی مامۆستا بوو نەیخوێندبوو لە خول و زانکۆی سەربازی، بەس شــارەزا و ئازا و وردبــوو لە پلان و نەخشەسازی، گیانی تەژی لە بیر و بڕوا و ورە و وزە، شەختە شکێنی شەڕبوو دەم بە بزە، مرۆڤی گەشبین متمانەی بە خۆی بێ بۆ لوتکەی بەرزی، دەتوانێ شاخ کون بکا بیر هەڵکەنێ هــەر بە نووکە دەرزی، جەبار فەرمان، سوپاسالار و سوپەرمان،بڕوای وابوو سوپا دەبێ سەربازی و مەشق پێکراو بێ، نەک زۆر و بۆر و هەرەمەکی و ڕێکنەخراو بێ، بێ کەلکە سەرباز گەر ئارەزووی نەبێ ببێ بــە ژەنــــەڕاڵ، دەبــێ بیرۆکەی پێشکەوتن و دەرکەوتن و سەرکەوتنی هەبێ بچێ بەگژ نابێ و ناکرێ و مــەحــاڵ، ئەو خۆی بە دوور دەگــرت لەوانەی دەیانگووت ئەو کارە ناکرێ، دڵنیا بوو لە بردنەوە دەیزانی دژمن خۆی بۆ ڕاناگرێ،کام شەڕ؟ کام شاخ سەرکەڵ با، دەبوو (فیلەتەن) لەوێ با لەگەڵ با، جەبار فەرمان، ڕۆڵــەی کــاری گــران و فەرمان، نــەیــدەزانــی بــەزیــن و داڕمـــان، بە هیوای فێربوون و ئەزموون و دیـــدەروون و حــەز لێبوون و بەدەستهێنان، پێی وابــوو چەند ئارەقە بڕێژرێ لە گۆڕەپانی مەشق و ڕاهێنان، کەمتر خوێن دەڕژێ لە گەرمە شەڕ و بەرگری و هێرش،لە ئەنجامی کۆشش، لە رووبەرووی مەشق و وەرزش، جەنگی سەربازی بەرەنگاری دەکرێ بەڵام هێرشی فکری سەختە، بۆ گەیشتن بەرەو سەرکەوتن دەبێ بەرنامە هەبێ زمانی سەردەم بزانێ پێش وەختە.

پاکی و هاوڕێییەتی
مرۆڤ ناتوانێ ڕاستگۆ بێ ئەگەر  دلێر و بوێر نەبێ، فەرماندە و سەرکردە و رابــەر لە پەندی شکست سەرکەوتن فێر دەبێ، جەبار فەرمان، بایەخی دەدا بە ڕۆڵەی قارەمان، هاوڕێییەتی ئەوە نییە زۆرترین ماوەییە دەیناسی، بەڵکو ئەوەیە بە جێت نەهێڵێ لە نیوەڕێ لە تەنگانە و کەساسی، هاوڕێی باش دەتوانێ کاری ناراست راست بکاتەوە، فەرامۆش نەبێ بە دڵــســۆزی و وەفــا ئــاوڕی لێ بداتەوە، وەفاداری دەسەلمێندرێت بە تاقیکردنەوە و زەمـــان، بە کــردەوەوە نەک هەر بە گۆتە و زمان، ئەو کەسەی خۆی فرۆشت مەیفرۆشەوە چ نرخ ناکا، لەسەر گوڤکی مێژووە لەگەڵ خــۆڵ و خاشاکا، هەموو گــوڵاوی جیهان رووڕەشی و ناپاکی پاک ناکاتەوە، ئاوی دەریا و رووبار ڕەشی ڕەژوو ناشواتەوە، ڕەژوو نا شۆردرێتەوە،  هەرگیز سپی نابێتەوە، لە گڕی گــەش و جوانی دار خەڵووز و خۆڵەمێش دەمینێتەوە، دیــارە  لە مێژوو ئەوەی کورد بە خۆی کـــردووە، دژمــن ئــەوەنــدەی پێ نــەکــردووە، کارەسات و رابــردوو گەواهن لە دادگــای ویــژدان کە
گەلی خۆیان بە چ دەردێک بردووە، مایەی نیگەرانیە لە ناو نەتەوەی کوردی ستەملێکراو و هــەژار، لە چاو تێکۆشەر و شۆڕشگێڕ چۆن دەبێ زیاتر بێ خەڵکی خیانەتکار، مەڕ پێ گوناهە بۆ کوشتنی گورگ ناچێ، مــاڵات چ بکا گــورگ هەر دەیدا پاچێ، ئەگەر ئاگریش بێ پەپوولـــە عەشقی رووناکییە، دەسووتێ ئەوەش نموونەی چاکی و پاکی و بێ باکییە، تاکە قەڵا هەرچەند بلەرزێت قایمتر دەبێ ئــەوە دڵــە، خەڵکی سیاسی و تێکۆشەر نەترس و (سەرچڵ) ە، هەڵۆ شاپەڕێکی بریندار بێ دەکرێ بفڕێ، داری وشک زیاتر گڕ و ئاگر دەگرێ.

ڤەرێژ:
جەبار فەرمان، قەڵەم و چەکی کردبۆوە مەلۆ و بەرەکەت بۆ سەر خەرمان، بەهێزکردنی جەستە و بازوو باشی دەروونە، ئەو پەندە ئاڵتوونیە وتەی ئەفڵاتوونە، وشەی جوان پەساپۆڕتێکە بۆ وێستگە و فڕگەی دڵان، ئاوازی هزرە بە جۆش و خۆش وەک چڕینی بولبولان، ژیانێکی سروشتی نەبوو بگاتە لوتکەی بەختەوەری، گەڵای درەختی تەمەنی لە زیندان و شاخ و داخ هەڵوەری، جەبار فەرمان، نەکەوتە جێی نەرمان، دوانەی هاوژینی لە مەشخەڵانی شۆڕش هاوشان، لە بڵاوکراوەکانی شاخ شیعری دەکرد پەخشان، بە ناوی باوکی ڕەوەندی، دەرژا و دەپڕژا بە هاژە وەک رووباری ئەلوەندی، ئەرێ یاران:

ئەلوەند هاتیەن وە بەرزی داران
ئەیدا لە چەکمەی  شۆرەسواران


حەزی لە شایی بوو بە شان و بەسەرچۆپی،  بە موزیک و گوڵ و درەخت و مەل و ئاژەڵ دەدرەوشاوە وەک گڵۆپی، شیعر دۆست و عەشقی گوڵ و دڵۆڤان لەگەڵ ئاژەڵان، سەرمەست و حەیران دەبوو بە دیمەنی سروشت و دەنگی مەلان، هەنگ هەرگیز تەرکی شیرینی ناکا، بە ئاسمان هەڵدەفڕێ و دەگەڕێ بە دوای شیلە و هەڵاڵە بەسەر خاکا، سۆز و بەزەیی تێدابوو ناخی، بەس ڕقی لە رەقیب و لە ستەم بوو داخی، لە چەوسانەوە یاخی، نەیارانی تاریکبیر و ڕیش درێژ و دڵقڕێژ، وایان وێنا کردبوو بە دڕندە و خوێن ڕێژ، ئەو دڵڕەق بوو بەرامبەر دوژمن، لە ئاست جەماوەر دڵ نەرم و هێمن، جەبار فەرمان، نە تەور و نە کافر و نە کافرمان، پاپەند بە ئەرک و فەرمان، تۆمەتدان ئاسانە، سەلماندنەکەی گرانە، خراپترین چەک نامەردان بەکاری دەهێنن بوختانە، جوانی ڕاستەقینە پێویست ناکا بە ئارایش، بکا نمایش، فەرماندەی مەرد دەردەکەوێ بە بێ پێداهەڵدان و ستایش، خۆی دەناسی بە روناکی و چاکی و پاکی، بە قەرز نەدەترسا قەت نەبوو منەت و باکی، تاوانبار لە خۆی نابورێ، دەوران دەورانە گەردوون دەسوڕێ، لوولەی چەک و جبەخانە و تۆپخانە، بۆ کۆترە   و پەپوولە و پەرەسێلکە و کێشکە نابێتە هێلانە، ئاخر گوڵ نیە گوللە، دەپێکێ جەرگ و کەللە، مۆزیک نیە دەنگی تەق و تۆق و گرمەی تۆپ و بۆمبا، تەقاندن بۆ تۆقاندنە کارەساتە مێشکی سەر دەبا، گوللە و بارووت ئاگر و مەرگیان لێ دەباری، شەڕ کارەساتە پڕە لە خوێن ڕژان و تاوانکاری و وێرانکاری، جەبار فەرمان، ژەنەڕاڵ و جەنتڵمان، سەرپەرشتی دەیان شەڕ و داستانی کردووە، چی کردووە بۆ کوردی کردووە، دەیویست بە ئازادی و شادی بێ ژیان، کەس نەکا زیان، حەزی لە بۆنی گوڵ بوو نەک خوێن و بارووت، عەشقی جوانی و خۆشی بوو نەک کفن و تابووت، پێیخۆش بوو گۆرانی و شایی و قاقا و مۆسیقا، نەک گرمەی تۆپ و بۆمبا و هاوار و تەقە، دڵی دەکراوە بە دیدەنی چیمەن و دیمەن و سروشتی شاخ و دەشت، دەبوژاوە بە لالەزار و گوڵزار و ڕەز و گوڵگەشت، بۆ سەربەستی وڵاتەکەی دەرد و بەندی چەشت، ئارەزووی جیهانێکی ئارامی دەکرد، بەسەربەرزی و رووسووری بۆ گەلی کورد.
 جەبار فەرمان، تێیدابوو سۆز و ئەرمان، وشە تیر و گوڵ و خەنجەر نیە بەس دڵ بریندار دەکا، راستی و گوڵ دڕکیان هەیە خەڵک هۆشیار و ئاگادار دەکا، سینگی بنیادەم بە بایەخترین سندوقە بۆ شاردنەوەی نهێنییەکان، سەرکەوتن و سەربەخۆیی هێما و سونبوڵی مزگێنییەکان. جەبار فەرمان، لە سەردەم و زەمان، کردارەکانی لەگەڵ تێڕوانییەکانی دەگونجا، وەک بولبول گەر گوڵیش ئازاری بدا با لێی نەدەرەنجا، ئەوەی دڕک بخاتە سەررێ، نابێ بە پێیخواسی بگەڕێ، گەوهەر فرۆش بوو مایەی بوو بە جەنگ، لە ناو شۆڕش و شاخ و کێشە و زەبر و زەنگ، خۆی بەردبوو بوو بە گەوهەر، قاڵبووی بۆتەی خەبات بە هیمەت و جەوهەر، خۆی گەنجینە بوو لە شوێنێکی دیکە دەگەڕا، جیاواز و نەوازە بوو لە داستان و نەبەردی مەرد لە سەنگەرا، پێگەیوە پلە بە پلەی بە پەیژە، لە زۆر بوار و کار پێی دەکرا و دەپڕژا، لە بن کردایەتی بۆ سەرکردایەتی، بە شایستەی خۆی بە مەردایەتی، لە دەورانی شاخ و شار، سەرکەوتوو، لێهاتوو.
 لە هەر بوار خۆی شاسوار، سیاسی و سەربازی و دبلۆماسی و سەرکردە، وەزیری پێشمەرگە و ناوخۆ و وەزارەتی پەروەردە، دەرگایەکی دانەدەخست کە نەتوانێ بیکاتەوە، کارێکی نەدەکرد کە سەرکەوتوو نەبێ دەیزانی دەیباتەوە، بۆ هەر کار و جێیەک پێویست با دەچوو یەکسەر دەستوبرد، ناوچەچییەتی نەدەکرد، زۆربەی کوردستان گەڕابوو شاخ و دەشت و گوند و گرد، بە ویست و هێز لە ڕادە بەدەر، خۆی نەدەدایە بەر قەزا و قەدەر، نهێنی سەرکەوتن لە قۆستنەوەی دەرفەتە، کلیلەکەی بەرنامە و متمانە و خۆڕاگری و غیرەتە، ڕۆحی بەندی بە دوای ئازادییدا دەگەڕا، لە زیندان و خەباتی نهێنی و لە ئاشتی و لەناو شەڕا، یانەی وەزشی پێشمەرگە و هێزی ژنانی دروست کرد، بە رژدی پێشمەرگەی بەرەو پێشکەوتن و پێگەیاندن برد، خێراترین گیاندار پڵنگی شکارییە، سەرلوتکەی هەموو بە هاکان بڕوا بە خۆبوون و لە خۆبوردیی و گیانفیداکارییە، جەبار فەرمان، ڕۆڵی کێرا دژ بە ئەنفال و ڕابوونی فەرمان،

سێبەر و تاو: 
ژیان پەرتووکێکە چاپ ناکرێتەوە، هەرگیز دووبارە نابێتەوە، دوو پەڕی لێپڕکراوەتەوە، لە دایکبوون و مردنی تێدا نووسراوەتەوە، پەڕەکانی دیکە سپین مرۆڤ خۆی پڕی دەکاتەوە، ناشزانێ کەی دەبێ و کەی مەرگ دەیباتەوە، سەرمایەی مرۆڤ تەمەن و ژیانە، ئاوێتەی خۆشی و حەسرەت و ژانە، تەندروستی باش هەموو سامانی جیهان دەهێنێ، ئاگر ئاڵتۆن نافەوتێنێ، مەرگ جەستە دەڕزێنێ، بەڵام ڕۆح و ناوبانگ دەمێنێ، راستە لەش دەڕزێ لە ژێر گڵ، لەسەری سەوز دەبێ گیا و گوڵ، بە هێواشی و ئەسپایی پێ بنێ بەسەر خاکا، بستێک نەماوە لاشەی تێدا نەبێ لە ماکا، ئەحمەد موختار جاف لە شیعرێکی نیشتمانی کە پڕ هونەری ئەوەیە: 

بە خۆڕایی لە دەستی بەرمەدەن ئەم خاکە شیرینە
کە تۆزی وەک جەواهیر سورمە و کوحلی بەسەرتانە
بەسەر خاکا گەر نازیش بکەن حەقتانە کوردینە
تەماشای سێبەری ئەو شاخ و کێوە، وا لە سەرتانە
بە بێ قەدری بەسەریا ڕا مەبوورن، حورمەتی بگرن
گوڵاڵە سوورەی ئەم سەحرایە خوێناوی جگەرتانە


داخ و جەخار جەبار فەرمان، تووشی دەردێک بوو نە چارەی هەبوو نە دەرمان، چاکنەبۆوە بە ئەمان و زەمان، خوێندەواری نەما، نەغرۆ بوو لە خەما، تەمەنی کورت نەیترساند، ئازار و ژان ژیانی شێواند، ( ئەی مردن لە کوێی ژیان گوشتمی) بانگی مەرگی دەکرد وەرە ئەمانەتەکەم لێ بسێنەوە زام و ژان گوشتمی، 
تا لە ٢٠٠٧/٨/٩، لە گردی سەلیم بەگی شاری سلێمانی چەند بستێ خاکی بەرکەوت، هیچ شتێک وەک فرمێسک زوو وشک نابێتەوە، کە ڕژا هەرگیز بۆ چاو ناگەڕێتەوە، لە دەستچوو (جەبار فەرمان)، گیان ژیاو و هەرمان، ژێدەر:

1- گوڵاوی مەولانا-وەرگێڕان حەسەن نازدار.
2- بۆ کوردستان- هەژار.
3- دیوانی ئەحمەد موختار جاف.
4- زانیاری بەسوود - هێمن حەسەن هەمزە.
5- جوانترین وتە - کارزان نوری عوسمان. 
6- رێنوێن- محەمەد پشدەری.
7- ئینسکلۆپیدیای یەکێتی.
بۆ بەرچاورونی:
*
ڤەرێژ: ناوەڕۆک.
*گوڵگەشت: باخچە-هەوایەکی گۆرانی.
*رەوسە: کۆمەڵە گەنمێکی سوورە لەسەر خەرمان.
*گڵپە و بڵێسە و دەریا: ئاماژەن بۆ ناوی کچەکانی.
*ڕەوەند: تاکە کوڕی بوو لە 18/6/2019 بە جەڵتەی دڵ لە وڵاتی ئەڵمانیا کۆچی دوایی کرد. 
*بان میل: زێدی جەبار فەرمان گوندێکە لە خانەقین ساڵی 1947 لەوێ لەدایکبووە.
*فیلەتەن: مام جەلال ئەو ناوەی لێنا.
*ئەرمان: دلۆڤان-میهرەبان
*شاسۆ: هەڵۆی نێر.
*گوڤک: زبڵدان.
*رەژوو: خەڵووز.
*رژد: سووڕ.
*رابوونی فەرمان: جینۆساید، قرچ و بڕ بە شێوەزاری ئێزیدیان.
*هەرمان: نەمری.

بابەتە پەیوەندیدارەکان