״یەكێتی هەوڵەكانی زیاتر چڕدەكاتەوە بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاریی زیاتر بە هەڵەبجە ״

12:53 - 2022-03-16
کوردستان
962 جار خوێندراوەتەوە
هەڵەبجە

راگەیاندراوی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ ساڵیادی كارەساتی هەڵەبجە

 ئەمڕۆ یادی 34 ساڵەی دڕندانەترین تاوانی دژ بە گەلەكەمان دەكەینەوە، كە لە چەند چركەیەكدا رژێمی بەعس بەچەكی كۆمەڵكوژی كیمیایی لە پارێزگای هەڵەبجەی دا و هەزاران هاووڵاتی شەهید و برینداركرد و هەر بەهۆی ئەم پەلامارە سامناكە دژ بە مرۆییەوە، چەندین خێزان لە یەكتری دابڕان، كە تا ئێستاش بەشێكیان لە چاوەڕوانی بەیەكترشادبوونەوەدان، هەروەها ژمارەیەكی زۆری بریندار و بەركەوتە تا ئێستا بەهۆی كاریگەریی زامەكانی ئەو چەكەوە، دەناڵێنن.
ئەو كارەساتەی كە 34 ساڵ لەمەوبەر شۆڤێنییەكانی بەعس بەسەر ئەم شارەیاندا هێنا، رقێك بوو بەرامبەر رۆڵی مێژوویی هەڵەبجە كە لە جووڵانەوەی فەرهەنگی و شارستانێتی و سیاسیدا چەندین زانا و عەلامەی ئایینی كوردپەروەر و گەورە شاعیر و خاوەن قەڵەمی بوێر بەبیری پێشكەوتووخوازی و كوردایەتی پەروەردە و گۆشكران، كە لە راپەڕین و شۆڕشەكانی گەلەكەماندا رۆڵی پێشەنگیان هەبوو بەتایبەتی لە شۆڕشی نوێی گەلەكەماندا یەكەمین مەفرەزە سەرەتاییەكانی ئەم سنوورە لە شارەزوور و دەوروبەری چەكی مەردایەتی و بەرگرییان دژ بە زوڵم و ستەمی بەعس هەڵگرت و بانگی دەستپێكردنەوەی شۆڕشیان دا.
پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە سێ دەیە بەسەر ئەو كارەساتەدا، وێڕای هەوڵەكانی ئاوەدانكردنەوەی هەڵەبجە و گوندەكانی دەوروبەری، كە پێشتر وێران و تەخت كرابوون، دوای بوون بە پارێزگای ئەو شارە، زۆرینەی دەزگا حكومی و خزمەتگوزارییەكانی لێ دامەزرا، بەڵام هێشتا لە دامەزراوە رەسمییەكانی حكومەتی عیراقی فیدراڵدا وەك پێویست بە رەسمی ناساندنی هەڵەبجە بە پارێزگای نۆزدەیەمی عیراق نەچۆتە بواری جێبەجێكردنەوە و لە دابینكردنی مافە دەستووری و یاساییەكاندا دڵنەوایی نەكراوەتەوە.
كەسوكاری سەربەرزی شەهیدانی جینۆسایدی شانزەی سێ و هاووڵاتیانی بەشەرەفی هەڵەبجەی هەمیشە خۆڕاگر
لەم یادەدا جارێكی تر بۆ هەموو لایەكی دووپاتدەكەینەوە كە لەپێناوی ساڕێژبوونی ئەو برینانەی تا ئێستا بەشێكی زۆر لە خەڵكەكەی بەدەستییەوە دەناڵێنن، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەڕێگەی حكومەت و حزبەوە هەوڵەكانی زیاتر چڕدەكاتەوە كە خزمەتگوزاریی زیاتر بە هەڵەبجە و دانیشتوانی ناوچەكە بگەیەنێت، لەپێناوی دابینكردنی ژیانێكی ئاسوودە و پڕ لە كامەرانی و رەوینەوەی یەكجارەكیی گشت مەینەتییەكان و بەرزڕاگرتنی یاد و ناوی گشت قوربانیانی ئەو كارەساتە.
نەمریی بۆ شەهیدانی هەڵەبجە و قوربانیانی جینۆسایدی گەلەكەمان.

مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

#کوردستان #یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان #مەكتەبی سیاسیی #هەڵەبجە

بابەتە پەیوەندیدارەکان