ئا: دیانا ئەحمەد
ماوەیەک لەمەوبەر ئەمینداری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس رایگەیاند سەردەمی كوڵانی جیهانی دەستی پێكردووە و شەپۆلی گەرما جەمسەری باكووری گرتووەتەوە كە ئەم شەپۆلەشی بە ترسناك وەسف كرد.
كاریگەری لەسەر جەستە و تەندروستیمان هەیە؟
بی بی سی بەریتانی وردەكارییەكانی توێژینەوەیەكی خستەڕوو كە لەلایەن پرۆفیسۆر دامیان بەیلی، لە زانكۆی ساوس وێڵزەوە کراوە، لەسەر كاریگەری شەپۆلی گەرما لەسەر جەستە و تەندروستی، بەیلی بەشداربوانی خستە ژێر پلەی گەرمی جیاوازەوە لە پلەی گەرمی 21 پلەی سەدی دەستی پێكرد، پاشان لە پلەی گەرمی 35 پلەی سەدی و لە كۆتاییدا لە پلەی گەرمی 40.3 پلەی سەدی كە یەكسانە بە گەرمترین رۆژ لە بەریتانیادا، بەشداربوان هەموویان بەسترابوون بە كۆمەڵێك ئامراز پلەی گەرمی پێست و ئەندامەكانی ناوەوەیان و لێدانی دڵ و پەستانی خوێنیان هەروەها رۆیشتنی خوێن بۆ مێشك لە رێگەی خوێنبەرەكانی كارۆتید لە ملیانەوە چاودێری دەكرا.
بەیلی دەڵێت: ئامانجی سەرەكی جەستەی بەشداربوان پاراستنی پلەی گەرمی دڵ و سییەكان و جگەر و ئەندامەكانی دیكە بوو لە نزیكەی 37 پلەی سەدیدا، ئەمەش لە رێگەی گەرمكەرەوەیەكەوە لە مێشكدا دەکرێت كە بەردەوام بەدواداچوون بۆ پلەی گەرمی دەكات، پاشان سیگناڵ بۆ جەستە دەنێرێت بۆ ئەوەی هەوڵی پاراستنی ئەو پلەیە بدات.
ئەو پرۆفیسۆرە بەریتانییە ئاماژەی بەوەدا كاتێك بەشداربوان بەركەوتەی 35 پلەی سەدیدا بوون، بەڕوونی هەندێك گۆڕانكاری لە جەستەیاندا دەرکەوتووە و لە ئامێرەکەدا جەستەیان سوورتر دەركەوتووە، چونكە خوێنبەرەكانی نزیك رووی پێست دەكرێنەوە بۆ ئەوەی پرۆسەی دەرچوونی گەرمی لە خوێنەوە بۆ هەوا ئاسانتر بێت، بەشداربوان ئارەقێکی زۆریان كردۆتەوە، بەو پێیەی بەهەڵمبوونی ئارەقەكە وایكردووە هەست بە ساردی بكەن.
بەیلی بەركەوتنی بەشداربوانی بە پلەی 40.3 پلەی سەدی بە تەحەدایەكی فیسیۆلۆژی زۆر گەورەتر وەسف كرد و لە كاتی تاقیكردنەوەكەدا زیاتر لە سێیەكی لیتر ئاویان لەدەستداوە و لێدانی دڵیان بە شێوەیەكی بەرچاو زیادیكردووە.
بەیلی وتی: ئەم فشارە زیادەیە لەسەر دڵ هۆكارێكە بۆ ئەوەی مردن بەهۆی جەڵتەی دڵ و جەڵتەی مێشكەوە زیاد بكات كاتێك پلەكانی گەرما بەرز دەبنەوە، جگە لەوەش، رۆیشتنی خوێن بۆ مێشك بە شێوەیەكی زۆر كەم دەبێتەوە، هەروەها بیرەوەری كورتخایەن کەمدەبێتەوە، بۆ ئەوەی پلەی گەرمی لە دەوروبەری 37 پلەی سەدیدا بمێنێتەوە.
بەرزترین گەرما مرۆڤ دەتوانێت بەرگەی بگرێت چەندە؟
بەیلی دەڵێت: جەستەی مرۆڤ بۆ ئەوە دروستكراوە لە پلەی گەرمی ناوەكی نزیكەی 37 پلەی سەدیدا كاربكات، كاتێك بەر پلەی گەرمی 40 پلەی سیلیزی دەكەوێت، زیاتر تووشی بێهۆشبوون دەبێت، هەروەها شانەكانی لەش و مێشك و ماسولكەكانی دڵ زیاتر تووشی زیان دەبن، كە لەوانەیە لە كۆتاییدا ببنە كوشندە.
ئاماژەی بەوەشكرد، كاتێك پلەی گەرمی ناوەكی بەرزبووەوە بۆ دەوروبەری 41 - 42 پلەی سەدی، بەڕاستی كێشە گەورەكان دەست پێدەكەن و ئەگەر بە خێرایی چارەسەر نەكرێت، ئەوا كەسەكە لە ئەنجامدا دەمرێت.
توانای مرۆڤەكان بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ گەرما جیاوازە، بەڵام تەمەن و نەخۆشی دەتوانێت زیاتر لاوازمان بكات، پیربوون، نەخۆشییەكانی دڵ، نەخۆشی سییەكان، زانایان دەڵێن: مەترسی گەورە لە بەرزی شێی هەوادایە، كاتێك رێژەیەكی بەرزی ئاو لە هەوادا هەبێت، ئەستەمە ئارەق ببێت بەهەڵم.
چۆن مامەڵە لەگەڵ پلەی گەرمای بەرزدا بكەین؟
زانایان ئامۆژگاری مانەوە لە سێبەر و لەبەركردنی جل و بەرگی تەنک و دووركەوتنەوە لە خواردنەوە كهولیەكان و فێنك راگرتنی ماڵ و وەرزش نەكردن لە گەرمترین بەشەكانی رۆژدا و خواردنەوەی ئاو و شلەمەنیەكان.
بەیلی ئامۆژگاری خەڵك دەكات هەوڵبدەن بە خۆر نەسووتێن و دەڵێت: سووتانی سوكی خۆر دەتوانێت توانای لەش بۆ رێكخستنی گەرما یان ئارەقكردنەوە بۆ ماوەی دوو هەفتە تێکبدات.
سەرچاوە: موسوعة العراق