ئەمڕۆ سێشەممە 15ی ئابی 2023 وەفدێکی یەکێتی بەسەرۆکایەتی ھەڤاڵ رزگار حاجی حەمە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و ھەڤاڵان ئاراس محەمەد ئاغا لێپرسراوی مەڵبەندی حەوتی نەینەوا و لەتیف نێروەیی و داود شێخ جوندی ئەندامانی سەرکردایەتی یەکێتی، بەنوێنەرایەتی سەرۆك بافڵ بەشداریان کرد لە مەراسیمی نۆیەمین ساڵیادی جینۆسایدی گوندی کوجۆ لە قەزای شەنگال.
لە مەراسیمەکەدا کەسایەتی و بەرپرسانی حکومی و حزبی و کەسایەتی ئێزیدی ئامادەبوون، وەفدی یەکێتی پەیامی ھاوخەمی سەرۆکایەتی یەکێتیان پێشکەشکرد و رایانگەیاند، بەخەمێکی قووڵەوە یادی نۆ ساڵەی کارەساتی گوندی کوجۆ و دەوروبەری دەکەینەوە کە برینێکی قووڵە لە ویژدانی مرۆڤایەتیدا، بەداخەوە تاکو ئێستا چارەنووسی زۆربەی خوشڪ و برا ئێزدیکانمان نادیارە. لێرەوەش سڵاو دەنێرین بۆ روحی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەکانی ئازادکردنی شەنگال و گوندەکانی کوجۆ و دەوروبەری و شەهیدانی رێبازی پاراستنی خاکی پیرۆزی کوردستان.
هەروەها باسیان لەوەشکردە کە بەھۆی ئەو کارەساتەوە ئێستا خوشک و برا ئێزدیەکانمان لە کەمپەکان دەژین دوور لە ماڵ و زێدی باوباپیری خۆیان، ژیانێکی ناخۆش و بەئازار بەڕێدەکەن لە کەمپەکاندا، تاوەکو ئێستاش چارەنووسی سەدان کچ و ژنی ئێزدیەکان لە نیو دەستی تیرۆرستانی داعش نادیارە، داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عیراق دەکەین هەوڵی زیاتر و باشتر بدەن بۆ رزگارکردنی ئەو خوشک وبرا ئێزدیانەمان کە تا ئێستاش چارەنووسیان نادیارە، هەوڵی جدی و باشتر بدەن بۆ ئاوەدانکردنەوەی گوندی کوجۆ و قەزای شەنگال وگوندەکانی دەوروبەری کە تا ئێستاش هیچ سیمایەكی ژیان لەو ناوچەیە بەدی ناکرێت، کە ئەمەش جێگەی دلگرانی ئێمەیە، داواش لە هەموو لایەنەکان دەکەین پێکەوە هەنگاوی جدی بنێن بۆ ئەوەی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا، هاوشێوەی بەریتانیا کۆمەلکوژی و کارەساتی شنگال و گوندی کوجۆ بە جینوساید بناسێنرێت.
لە کۆتایی پەیامی وەفدی یەکێتیدا ھاتووە، یەکێتی ھەمیشە لە خەمی ئێزیدیەکاندایە و بۆخزمەتکردنیانیش ھەمیشە ئامادەیە، پشتگیری و پشتیوانی خۆیان بۆ ئێزیدیەکان دووپاتکردەوە، دواتریش تاجەگوڵینەی سەرۆك بافڵ، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سەر مەزاری شەھیدان دانرا.