خەڵاتی زێڕینی بلە دابەشکرا

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد: چاپی نووسراوەکانی مامۆستا وانە سەنگینەکانی رێبەری رووناکییە

08:45 - 2022-05-15
ڕاپۆرت
708 جار خوێندراوەتەوە

رۆژی 12ی ئایاری 2022، لە شاری سلێمانی و لە میانی مەراسیمێکدا لە هۆڵی تەلاری هونەر، بەئامادەبوونی بافڵ جەلال تاڵەبانی و شاناز ئیبراهیم ئەحمەد و قوباد تاڵەبانی و خانەوادەی ئیبراهیم ئەحمەد و جەماوەرێکی زۆر، مەراسیمی دابەشکردنی خەڵاتی زێڕینی بلە بەڕێوەچوو. 
هەر هەشت خەڵاتەکە پێشکەش کران بە (سەڵاحەدین دەمیرتاش، د. سەعد بەشیر ئەسکەندەر، سەڵاحەدینی ئاشتی، بەدیعە دارتاش، مۆزەخانەی ئەمنە سوورەکە، جەمیلە جەلیل، نەسرین محەمەد عەبدوڵڵا، شەھرامی نازری).
لە مەراسیمەکەدا  شاناز ئیبراهیم ئەحمەد سەرباری ئاماژەکردن بەپڕۆژە و کارەکانی ساڵانی رابردووی رێکخراوی ئیبراهیم ئەحمەد فاوندەیشن، رایگەیاند ئەمساڵ جگە لە مەراسیمی خەڵاتی بلە، پڕۆژەیەکی تریشمان تەواو بووە کە ئەویش چاپکردنی بەرهەمە ئەدەبی و فیکری و سیاسییەکانی مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد-ە، لە مەودواش کۆبەرهەمی نووسراوە عەرەبییەکانیشی ئەرکێکی سیاسی و رووناکبیریمان دەبێت. 
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد وتیشی: هەر لێرەوە بیرۆکەی دەستپێشخەرییەکی تر رادەگەیەنین کە پێشبڕکێی (ژانی گەل-ە) بۆ رۆمانی کوردی، کە پڕۆژەیەک دەبێت بۆ هاندانی کچان و کوڕانی کورد لە ئەدیبە لاوەکانی هەرچوار پارچەی کوردستان.
هەر لە میانی وتارەکەیدا شاناز ئیبراهیم ئەحمەد دووپاتی کردەوە کە چاپی ئەدەبیات و نووسراوەکان هەر یادگارێکی شیرینی مامۆستا نین، بەڵکو وەبیرهێنانەوەی وانە سەنگینەکانی رێبەری رووناکییە بۆ ئەمڕۆ و سبەینێی ژیانی میللەتەکەمان.
لەدوای 22 ساڵ بەسەر ماڵئاوایی  ئیبراهیم ئەحمەد-ی سیاسەتمەدار و رۆژنامەنوس و ئەدیبی نەتەوەكەمان تتێدەپەڕێ،  بەرهەم و شەونخونییەکانی لە پێناوی خاك و نیشتمان و گەلەكەی کۆتای نەهاتووە، رێكخراوی (ئیبراهیم ئەحمەد)  کە لە ساڵی 2001 دامەزرا،  بەردەوامی بە خزمەتەکانی دەدات و ساڵانە (خەڵاتی بلە) پێشكەش بە كەسایەتییە دیار و سەركەوتووەكان دەكات.  
خەڵاتی زێڕینی «بلە» کە نازناوی رۆشنبیر و سیاسەتمەداری کۆچکردوو ئیبراھیم ئەحمەدە، ساڵانە بە کەسایەتییە نمونەییەکانی بوارە جیاوازەکان دەبەخشرێت.

#خەڵاتی زێڕینی بلە

بابەتە پەیوەندیدارەکان