كۆمسیۆنێكی باڵا بۆ ئامادەكارییەكانی كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتی پێكدەهێنرێت

10:59 - 2023-08-21
کوردستان
706 جار خوێندراوەتەوە

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەیەوێت بەجۆش و خرۆشێكی نوێوە بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق لە ناوچە دابڕێنراوەكان بكات، بۆ ئەو مەبەستەش بڕیاری كۆنگرەی پێنجەمی حزبەكەی دا، ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتیش دەڵێت: "كۆنگرەكە گوزارشت لە ئیرادەی تازەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و ئەو ئەركانە دەكات كە لە قۆناغی داهاتوودا دەكەوێتە ئەستۆی".

ستران عەبدوڵڵا، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەمیانەی چاوپێكەوتنی لە كەناڵی كەركوك لەبارەی كۆبوونەوەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە کەرکوک رایگەیاند: "لە كۆبوونەوەكەدا دۆخی سیاسی هەرێم و عیراق و كەركوك و پەیوەندییەكانی یەكێتی لە ناوخۆی هەرێم و عیراق و سەر ئاستی نێودەوڵەتی كراو  بڕیاریشدرا رۆژی 27-9-2023، كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ببەسترێت. بۆ ئەو مەبەستەش كۆمسیۆنێكی باڵای كۆنگرە كە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی لە مەكتەبی هەڵبژاردن و مەكتەبی رێكخستن و مەكتەبی دیراسات بۆ تەواوكردنی رێوشوێنەكانی كۆنگرەی داهاتوو پێكدەهێنرێت، بەرنامەی كۆنگرە دەبەنە بەردەم مەكتەبی سیاسی و ئەنجومەنی سەركردایەتی و ئەوان بڕیار لە پەسەندكردنی رێوشوێنی چۆنێتی بەڕێوەچوونی كۆنگرەگە دەدەن".

یەكێتی بۆ پرسی ناوخۆیی خۆی بڕیارە گرنگەكەی دا
وتیشی: "یەكێتی بۆ پرسی ناوخۆیی خۆی بڕیارە گرنگەكەی دا كە كۆنگرەی پێنجەمی خۆی پێش ئەو رێكەوتەی دیاریكرابوو، بکات. هەرچەندە بڕیاربوو مانگی 12ی ئەمساڵ كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتی ببەسترێت، بەڵام بەهۆی دۆخی كەركوك و لەبەرئەوەی هەڵبژاردنێكی گرنگمان لەبەردەمدایە، یەكێتی بەپێویستی زانی بە جۆش و خرۆشێكی تازەوە بەشداری هەڵبژاردن بكات، لە لایەكی دیكەشەوە گەر كۆنگرەی پێنجەم لە مانگی 12 دا ببەسترایە كە گەرمەی بانگەشەی هەڵبژاردن دەبێت، ئەوا ناچار دەبووین دوایبخەین بۆ ساڵی نوێ".

راشیگەیاند: "كۆنگرەی پێنجەم دەبێت گوزارشت لە ئیرادەی تازەی  یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و ئەو ئەركانە بكات كە لە قۆناغی داهاتوودا دەكەونە ئەستۆی، سەركردایەتی نوێی یەكێتی خواستەكەی سەرۆك مام جەلالی بۆ كۆنگرە لەكاتی خۆیدا دەهێنێتەدی، ئەمەش نەك تەنها خواستی مام، بەڵكو ئاواتی سەركردایەتی دێرین و هەڤاڵانی دەستەی دامەزرێنەر و شەهیدە نەمرەكانی یەكێتیش بوو، كە بەهۆی خەباتی دژواری شاخ و دوای راپەڕین نەدەپەرژانە سەر ئەوەی كۆنگرە لەكاتی خۆیدا ببەستن".

ئاماژەی بەوەش دا: "لە كۆبوونەوەكەی مەكتەبی سیاسیدا، بڕیاردراوە كۆبوونەوەكانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی لە یەك شوێن نەكرێت بەڵكو كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی هەفتەی داهاتوومان لە هەولێر دەبێت".

لە بارەی گرنگی شاری كەركوكیشەوە رایگەیاند: "تەئكیدكردنەوە لە كوردستانی بوونی كەركوك بەشێكە لە كەلتووری سەرۆك مام جەلال، ئەو شارە بۆ یەكێتی لەڕووی دەستووری و ستراتیجی و بەشێك لە مەسەلەی نەتەوایەتی گەلەكەمانەوە جێی بایەخە، وەك سەرۆك بافڵ-یش دەڵێت: "كەركوك لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان جیاناكرێتەوە و بەشێكە لە سترتیجیمان"، هەر بۆیە یەكێتی هەمیشە هەواڵ و بڕیار و سەركەوتنە گەورەكان لە كەركوكەوە  رادەگەیەنێت".

راشیگەیاند: "ژمارەیەكی بەرچاوی سەركردایەتییەكانی یەكێتی كەركوكین و سەرۆكی یەكێتیش لە كۆنگرەی چوارەمدا خۆی لەسەر كەركوك كاندید كرد، نامانەوێت پێش رووداوەكان بكەوین، بەڵام یەكێتی لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق سەركەوتنێك تۆمار دەكات كە جێی دڵخۆشی كەركوكییەكان و ناوچە جێ ناكۆكەكان بێت، كەركوك لە رابردوودا بۆتە هەوێنی هەستانەوەی یەكێتی، یەكێتیش كە  نۆ مەڵبەندی لە ناوچە جێناكۆكەكان هەیە و هەموو تێكۆشەر و مەكتەبەكان دەكاتە هاوكار بۆ سەرخستنی كورد لە كەركوك و ئەو ناوچانە لە هەڵبژاردندا، بۆیە دەبینین داتاكان جێگەی سەرسوڕمانی خەڵك دەبن و یەكێتی بەشانازییەوە لە كەركوك دەبوژێتەوە".

ئەوەشیڕاگەیاند: "كەركوكییەكان تینوی حكومەتێكی محەلین كە ئیرادەی خەڵكی شارەكە یەكسانبێت بە ئیدارەی شارەكە، بۆیە دەبێت لە شارەكەدا ئیدارەیەك دروستبێت تەمسیلی ئیرادەی خەڵكی بكات كە ئیرادەی كوردستانی و پێكەوەژیانە، ناونیشانەكەشی لای یەكێتی و هاوپەیمانەكانییەتی".

یەكێتی بەشداری و ئامادەیی بەردەوامی لە بەغدا هەیە
ئەندامەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی راشیگەیاند: "یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە سەرۆكایەتی سەرۆك بافڵ ئامادەییەكی چڕوپڕی لە بەغدا هەیە، هاوشێوەی ئەو سەردەمەی سەرۆك مام جەلال سەرۆك كۆمار بوو، ئەمەش ئامادەییەكی حزبی زۆر گرنگە، چونكە ئێستا حزبەكان داهاتووی عیراق دیاریدەكەن، ئەمڕۆش سەرۆك بافڵ رایگەیاند: "هەموو حزبە عیراقییەكان ئامادەیی بەردەوامی یەكێتیان لە بەغدا پێخۆشە"، یەكڕیزی و یەكهەڵوێستی یەكێتی وایكردووە حزبە عیراقییەكان لە دەمی یەكێتییەوە بڕیارەكان وەربگرنەوە و بە سەرۆك بافڵیان راگەیاندووە: "یەكێتی نوێ هەمان یەكێتییەكەی سەرۆك مام جەلال-ە، بۆیە بڕیار لە یەكێتی وەردەگرین و دەمانەوێت بەشداری لە عیراقدا بەشدارییەكی هەمیشەیی بێت"، بۆ ئەو مەبەستەش یەكێتی مەكتەبێكی سیاسی بەهێز لە بەغدا دروستدەكات بۆ ئەوەی بتوانێت سیاسەتی خۆی لە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستان و عیراق سەربخات، تاوەكو باشتر مافە دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستان جێبەجێ بكرێن، سەرۆك بافڵ تەئكید لەوەش دەكاتەوە كە نابێت ناكۆكییە سیاسییەكان كاریگەری بكاتە سەر ژیانی خەڵك".

یەكێتی پڕۆسەی سیاسی لە هەرێم و عیراق راستدەكاتەوە
وتیشی، "یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان نە یەك لایەنە بیردەكاتەوە، نە یەك لایەنە بڕیار دەدات، نە قبوڵی دەكات یەك لایەنانە بڕیاری بەسەردا بسەپێندرێت، لە هەرێمیش لە رێگەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمەوە هەوڵیداوە مووچە و قوتی خەڵك لە ئەولەوییەتی كارەكانی حكومەت بێت، هەر بۆ خزمەتی خەڵكیش بەشداری كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كرد نەك بۆ بەدەستهێنانی وەزیرێكی زیاتر، راستە كاركردن لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان دژوارە، بەڵام رێگا راستەكەی یەكێتی سەردەكەوێت چونكە لە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستانە، بێگومان ئەو بەربەستانەشی دێنە بەردەمی یەكێتی لەبەر بەرژەوەندی خەڵكە نەك بەرژەوەندی حزبی، كە ئەوەش بێ بەرهەم نابێت بەرهەمەكەی راستكردنەوەی پڕۆسەی سیاسییە لە عیراق و هەرێم".

ستران عەبدوڵڵا راشیگەیاند: "سەرۆك مام جەلال پیاوی پێكهاتەكان و كۆكەرەوەی هەموو دژەكان بوو، بۆیە حزبەكەشی لەباریدایە داواكاری هەموو پێكهاتەكان بگرێتەخۆی، ئەوەش وایكردووە جگە لە كورد پێكهاتەی دیكەی وەك عەرەب، توركمان، كلد و ئاشوری لە ریزەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان درێژە بە خەباتی خۆیان بدەن".
 دوێنێ یەكشەممە  29-8-2023، بە سەرپەرشتیی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان،  كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی لە بارەگای مەكتەبی سیاسی لە كەركوك بەڕێوەچوو. تەوەرە سیاسییەكان، كاری رێكخراوەیی و ئۆرگانەكان وكۆنگرەی پێنجەمی یەكێتی گفتوگۆی چڕ و بەرپرسانەی لەبارەوەكرا و وەك ئیستحقاقی حزبی، دیموكراسی، لەپێناوی جۆشدانەوەی گیانی یەكێتیبوون، بڕیاردرا رۆژی27-9-2023 كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتی ببەسترێت.
PUKMEDIA

#بافڵ جەلال تاڵەبانی #کەرکوک #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان