کۆنگرەی برێکس و ئایندەی سیستمی جیهان

09:34 - 2023-08-22
ئابووری
364 جار خوێندراوەتەوە
سەرانی پێنج وڵاتە ئەندامەکەی رێکخراوی برێکس

فەیسەڵ عەلی

کۆنگرەی وڵاتانی ئەندامی برێکس، لە 22 تا  24مانگی ئابی 2023 لە باشووری ئەفریقا دەبەسترێت، ئەم کۆنگرەیە بایەخێکی یەکجار گرنگی دەبێت، بەوەی ئەو پێنج دەوڵەتە ئەندامەی ئەو کۆڕبەندە پێگەیەکی گرنگیی ئابووری و ستراتیجییان هەیە، گروپی برێکس کە لە ساڵی 2006دا دامەزراوە، بە ئەندامێتیی هەریەک لە بەرازیل و روسیا و هیندستان و چین، دواتریش باشووری ئەفریقا هاتە نێو ئەو گروپەوە، بۆ ئەوەی گروپێکی گەورەی ئابووری لەسەر ئاستی ئابووری و سەربازی و ستراتیجی و دیموگرافی و رووبەری جوگرافییەوە پێک بهێنن. 

پەرەسەندنە دراماتیکییەکان

لێرەوە ئەم کۆنگرەیەی گروپی برێکس لە روانگەی ئەو رووداو ململانێ و جەنگەی ئێستا جیهان بە خۆیەوە دەیبینێت تەماشا دەکرێت، سیستمی جیهانی کە گرنگترین هێزی جیهانە و ئەمریکا بەڕێوەی دەبات، چیتر بە کەڵكی ئەو پەرەسەندنە دراماتیکییانەی جیهان نایەت، بە تایبەتی دوای بەرپابوونی جەنگی روسیا و ئۆکرانیا و لە سایەی روبەڕوبوونەوەی نێوان ناتۆ و روسیا، کە بۆتە روبەڕووبونەوەیەکی راستەخۆ لە رووی پێدانی چەکی خۆرئاوا بە ئۆکرانیاوە، لە سایەی ئەو گرژییەی سەر سنووری نێوان پۆڵەندا و لیتوانیا لەلایەک و بیلاڕوسیا لەلایەکی ترەوە، هەروەها لە سایەی ئەو گۆڕانکارییە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییە زۆر ئاڵۆزە لە رووی جەنگ و ململانێ توندەی لە چەندین ناوچەی تری جیهان هەیە، وێڕای ئەوەی ئابووریی جیهان بە دەست بەرزیی هەڵئاوسانەوە دەناڵێنێت. لەم رووەشەوە، کۆنگرەی پانزەیەمی برێکس لە باشووری ئەفریقا دەست پێدەکات، تا تیشک بخاتە سەر ئەم گروپە، وەک ئەندیکەیتەرێکی بەهێزی ریفۆرمی سیستمی یەک جەمسەری جیهانی بۆ سیستمی فرەجەمسەری کە دادپەرەوری کۆمەڵایەتی و پرسەکانی پشتگوێخستن و هەژاری چارەسەر بکات، بۆ ئەوەی سیاسەتێکی دادپەروەرانە بۆ پرسەکانی گەلان هەبێت. 

کۆنگرەی پانزەیەمی برێکس لە باشووری ئەفریقا دەست پێدەکات، تا تیشک بخاتە سەر ئەم گروپە، وەک ئەندیکەیتەرێکی بەهێزی ریفۆرمی سیستمی یەک جەمسەری جیهانی بۆ سیستمی فرەجەمسەری

 


ئەندامەکانی زیاد دەکات

رەنگە گروپی برێکس لە دۆزینەوەی هاوسەنگیی و لێکنزیکردنی سیاسیی لە سایەی جیهانی فرەجەمسەریدا سەرکەوتوو بێت، بایەخی ئەم کۆنگرەیەی دێت لەوەدایە، زیاتر لە 20 دەوڵەت داوای ئەندامێتیان لەم گروپەدا کردووە، هەروەها بانگهێشتی سەرکردەی زیاتر لە 67 دەوڵەت و سەرۆک حکومەت کراوە بۆ بەشداریکردنی ئەم کۆنگرەیە و تا ئێستا 34 دەوڵەت ئامادەیی خۆیان بۆ بەشداریکردن پیشان داوە.
لە کۆنگرەی برێکسدا کۆمەڵێک ئامانجی ستراتیجیی ئەولەویتیان هەیە تا بخرێنەڕوو، ئەوانیش، دۆزینەوەی سیستمێکی هاوسەنگیی ئابووری و لادانی ئەمریکایە لە سەرکردایەتی ئابووریی جیهان. پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە، ئایا برێکس لە چوارچێوەیدا، بە تایبەتی لەسەر ئەو هەموو پێدراوانەی لەسەر ئەزری واقیعی ئەمڕۆی جیهان هەیە سەرکەوتوو دەبێت؟ ژمارە و تواناکانی ئەو پێنج دەوڵەتە ئەندامەی برێکس ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، ئەو پێنج دەوڵەتە بە یەکەوە %30ی قەبارەی ئابووریی نێودەوڵەتی و %18ی قەبارەی بازرگانی و %26ی رووبەری جیهان و %43ی کۆی دانیشتوانی جیهان پێکدەهێنن، ئەم گروپە سێ یەکی دانەوێڵەی جیهان بەرهەم دەهێنن و هەوڵی دۆزینەوەی دراوێکی بەدیلی دۆلار دەدەن، ئەو ژمارانە وا لە برێکس دەکات گرنگترین گروپی ئابووریی جیهان بێت، وێڕای ئەوەی چەند دەوڵەتێکی تر لە میانی ئەم کۆنگرەیەدا دەبنە ئەندامی ئەم گروپە.

هێزی سەربازی
لەسەر ئاستی سەربازی، گروپی برێکس، توانایەکی گەورەی سەربازی هەیە، روسیا و چین و هیندستان دەوڵەتی ئەتۆمیین، خاوەنی چوار بەهێزترین هێزی سەربازیی جیهانن، خەرجیی سەربازی سوپای روسیا و چین و هیند و بەرازیل زیاتر لە 400 ملیار دۆلار تیدەپەڕێنێت، هەروەها ژمارەی سەربازانی ئەم گروپە 11 ملیۆنە، بودجەی هێزی سەربازی روسیا گەورەترینە کە 82 ملیار دۆلار تێدەپەڕێنیت، ژمارەی سەربازانیشی 1.330 ملیۆنە، بە هاتنی ژمارەیەک دەوڵەتی تر بۆ ناو ئەم گروپە، برێکس دەبێتە گەورەترین هێزی سەربازی و ئابووریی جیهان، لێرەوە خۆرئاوا بە سەرکردایەتیی ئەمریکا هەست بە دڵەڕاوکێ دەکات و بە وردی چاودێریی رەوتی ئەم گروپە و ئەو گۆڕانکارییە ستراتیجییانەی جیهان بەخۆیەوە دەیبینێت، دەکات.

گۆڕانکاریی بەڕێوەیە
دەکرێ بگوترێ، گروپی برێکس، تاکە بژاردەی دەرکەوتنی سیستمێکی نێودەوڵەتیی فرەجەمسەرە، بە تایبەتی کە نەزعەیەکی سەربەخۆیی لە ئەفریقا و ئەمریکای لاتینی هەیە دەیانەوێ لە پاشکۆیەتی خۆرئاوا رزگاریان بێت، ئێستا ئەوەی لە دەوڵەتانی کەنار و باشووری بیابان روودەدات، وەک مالی و بۆرکینافاسۆ و نەیجەر، نمونەیەکی ئەو گۆڕانەی ئەفریقایە بە دیاریکراوی بەرامبەر فرەنسا، لێرەوە دیمەنی سیاسیی نێودەوڵەتی رووەو ئاراستەی هاوسەنگی دەچێت بۆ دۆزینەوەی هێزیکی سیاسی تا هیوایەک بۆ جیهانێکی بابەتیانەتر و دادپەروەرانەی کۆمەڵایەتی بدات، نەتەوە یەکگرتووەکانیش رۆڵێکی بەرچاو لە پشتیوانی پرسی گەلان بگێڕێت. لێرەوە، دەشێ برێکس ئەو ئاڵنگارییە گەورەیەی ئەمریکا و خۆرئاوا بێت، بە تایبەتی ئەمریکا کە لەسەر عەرشی سیستمی نێودەوڵەتی دانیشتووە.

کەشێکی نوێ

گروپی برێکس، لەسەر ئاستی ئابووری و ستراتیجی دیاردەیەکی نوێیە، ئەوەش ئەو ئەندیکەیتەرەیە کە زیاتر لە 20 دەوڵەت داوای ئەندامێتییان پێشکەش بە برێکس کردووە، ئەمەش کەشێکی نوێی سیاسیی بەرەو گرنگیی فرەجەمسەری دەبەخشێت، بۆ ئەوەی چیتر خۆرئاوا و بە دیاریکراویش ئەمریکا بەسەر دیمەنی نێودەوڵەتییدا زاڵ نەبن، جیهان پێویستی بە هزرێکی جیاوازە کە بنەماکەی بازرگانیی دادپەروەر و دابەشکردنێکی رەواتری خۆراک و کۆتاییهێنان بێت بە پاشکۆیەتی بۆ خۆرئاوا، کە دەرامەتیی دەوڵەتانی گەشندە بە تایبەتیش ئەفریقیا و ئاسیا و ئەمریکای لاتینی ئیستغلال کردووە لە بەرژەوەندیی ئابوورییەکانی خۆیان. لە سۆنگەی ئەو ئەندیکەیتەرانەوە، گروپی برێکس دەبێتە یەکیک لە جەمسەرە ئابوورییەکان و دەشێ لە میانی ئەویشدا سیستمێکی نێودەوڵەتیی فرەجەمسەر یان لانیکەم بەشێکی رواڵەتەکانی ئەو فرەییە دەربکەوێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان