عومەر فەرهادی ، شێخی پەیامنێران: دوا گۆشەم لە رۆژنامەی (الاتحاد) رۆژی 31ی ئابی شووم بڵاوکرایەوە
دیداری: ستار محەمەدئەمین
تەمەنێكی دوور و درێژ لەگەڵ كاغەز و قەڵەم و هاوڕێی كتێب، تەمەنێك پڕ لە یادەوەری و بیرەوەری لە كوچە و كۆڵانەكانی شاری هەولێر، نیو سەدە لەگەڵ مایكرفۆن و ریكۆردەر لەگەڵ كاری رۆژنامەنووسی، ناوێكی دیار و كەسایەتییەكی پڕشنگدار لە بواری رۆژنامەنووسی، هاوکات هەڵگری نازناوی شێخی پەیامنێران. بە باشمانزانی لە بەرنامەی بۆ مێژووی تەلەفزیۆنی گەلی كوردستان كەناڵی هەولێر میوانداریی مامۆستا عومەر فەرهادی بكەین تا بیرەوەرییەكانی خۆیمان بۆ بگێڕێتەوە، چونكە دڵنیاین ئەو یادەوەرییانەی شێخی پەیامنێران بەشێكی زۆری دەبێتە مێژوویەكی پرشنگدار بۆ كاری رۆژنامەنووسی، ئێمەش لێرەوە زۆر بە ئامانەتەوە لە رۆژنامەی كوردستانی نوێ بۆ مێژوو تۆماری دەكەین، هەرچەندە مامۆستا دەوڵەمەندە لە پێناسەكردن بۆ ناو و ناوبانگی خۆی، بەڵام بەباشمانزانی، بزانین مامۆستا عومەر كێیە؟
-ناوم عومەرە، باوكم ناوی مەلا محەمەدی فەرهادییە، بێگومان هەر مرۆڤێك كە دێتە ناو ژیانەوە زۆر شت هەیە پێشتر بڕیاری لەسەر دراوە، بەدەستی خۆی نییە تا بڕیاری لەسەر دابێت یان بڕیاری لەسەر بدات، بەڵكو بۆی ماوەتەوە لەوانە: بۆ نموونە نەتەوە و ئایین تا لەسەر چ ئایینێكە، یان لەسەر چ مەزهەبێكە. بێگومان ئەوەشی بۆ دیاریكراوە هەروەها ئەو ناوەی بۆی دادەنێن، ئەوەشیان بژاردەی خۆی نییە، بەڵكو بۆی دانراوە، لەو رۆژەوەی لەدایكدەبێت، تا دەمرێت، هەر ئەو ناوەی لێدێت.
من لە چواری نیسانی ساڵی 1938 لە گەڕەكی تەیراوە لەدایکبووم، باوكم ناوی مەلا محەمەدی فەرهادییە، دایكم ناوی مریەم مەلا حەسەن رێزانەییە، ئەویش كچە مەلا بووە، لە تەمەنێكی زۆر زووەوە هەر كە چاوم بە ژیان هەڵهێناوە، ئاشنایەتیم لەگەڵ كتێب و قەڵەم و دەفتەردا هەبووە، واتە بەرلەوەی بچمە قوتابخانەش، هەرچەندە لە بنەماڵەیەكی ئایینی بووین، باوكم وەكو خۆی بۆی باسكردووین دەیوت: «من نەمویستووە بە نانی مەلایەتی، خانەوادەكەی خۆم بەخێو بكەم»، چونكە مەلایەتی، لەو كاتەدا وەكو ئێستا نەبووە حكومەت مووچە بە مەلاكان بدات و بەخێویان بكات، یان رێكخراوێك هەبێت بەناوی پیاوە ئایینییەكانەوە، زیاتر مەلاكان لە دێهاتەكانەوە ژیانیان لەسەر سەرفیترە و زەكاتی جووتیار و ئاغاكان بووە، بژێویی خۆیان و منداڵەكانیان لەم رێگایەوە دابین دەكرد، بۆیە باوكم جیاوازبوو، دەیوت: «من ئەوە قبووڵ ناكەم، من چاوم لە دەستی ئەو خەڵكە بێت»، ئەوە بوو نۆ ساڵ بەرلەوەی من لەدایك ببم، هاتۆتە شاری هەولێر.
عومەر فەرهادی لەگەڵ ستار محەمەدئەمین
هەروەها لەسەر نازناوی فەرهادی، مامۆستا عومەر دەڵێت: «پێشتر مەلاكان لەقەبیان لەسەر ناوی گوندەكانەوە وەردەگرت، بەڵام لەبەرئەوەی باوكی من مەلایەتی لەگوند نەكردووە، بۆیە ناوی باوكی هەڵگرتووە، باوكی ناوی فەرهاد بووە، پێیان وتوە مەلا محەمەدی فەرهادی»، دەشڵێت: «ئەوان پێنج برا بوون، هەر پێنجیان مەلا بوون، كوڕی پیاوێكی ناسراو بوون، كوڕی فەرهادی مەمانی بوون كە خاوەنی عەشیرەتێكی گەورە بوون و ئەویش عەشیرەتی مەمان بووە. لە ئەنجامدا ئەو ناسناوەی فەرهادی بۆ هەموویان بووە، تەنیا مەلا عەبدوڵڵای مامم نەبێت كە لە هەمووان بچوكتر بوو، كتێبی هەبووە لەسەر تەجوید بە زمانی عەربی لەسەر بەرگەكەی نووسرابوو (ملا عبداللە الواعض)».
لەبەر ئەوەی باوكی من مەلایەتی لەگوند نەكردووە، بۆیە ناوی باوكی هەڵگرتووە، باوكی ناوی فەرهاد بووە پێیان وتوە مەلا محەمەدی فەرهادی، پێنج برا بوون، هەر پێنجیان مەلا بوون
هەروەها مامۆستا عومەر فەرهادی لە سەرەتای بیرەوەریەكانیدا باسی گەڕەكی تەیراوەی كرد، ئەو گەڕەكەی كە خۆی تێیدا لەدایكبووە و وتی: «تەیراوە، گەڕەكێكی تێكەڵاو بوو، هەر هەمووی كورد بوون، هەروەها گەڕەكێكی نوێ بوو، كۆڵانەكانی فراوانتر و جیاوازبوون لە گەڕەكەكانی تر، وەكو تەعجیل و عارەبان و خانەقا نەبوو، بە شێوەیەكی ئەندازەیی رێكوپێك دروستکرابوو. ئەوەی من لە بیرمە شوێنی ناوەندی ئەیوبیە و خەنسای كچان و شوێنی مەحكەمە و لەیالی هەولێر هەمووی زەوی كشتوكاڵی بوو، تور و سڵقیان لێ دەڕواند، بە باخچەی مام كەریمە گڕە بەناوبانگ بوو، خانووی زۆر كەم هەبوو، منداڵەكان واتە ئێمە لەوێ یاریمان دەكرد، چەند یاریەكی میللی هەبوو ئەو یارییانەمان دەكرد، هەروەها قوتابخانەی (ئیبن ئەلمستەوفی) یش چوارەم قوتابخانە بوو، ئەوكاتە تازە دروستدەكرا لە گەڕەكەكە كە چوار پۆلی بوو.
مەلا محەمەدی فەرهادی
لە ساڵی 1944 چوومە ئەو قوتابخانەیە بۆ خوێندن، ئەوكاتە یادی بەخێر مامۆستا كەمال عەبدولقادر نەشئەت جەلیزادە كە لە بنەماڵەیەكی دیاری شاری كۆیە بوون، یەكەم مامۆستا بووە كە وانەی كوردی پێ دەوتین، هەروەها بە رێكەوتیش لە پۆلی یەكەمی ناوەندی، یەكەم وانەی (مبادى علوم العامة)ی پێ دەوتینەوە، براكەی ئەو مامۆستا بەرێزە بووە كە ناوی مامۆستا سەدیق ئەفەندی بوو، یادییان بەخێر، لە پۆلی چوار كە دەرچووین لەبەرئەوەی قوتابخانەكە پۆلی پێنج و شەشی لێ نەبوو، ئێمەیان گواستەوە بۆ قوتابخانەی ئەربیلی دووەم، ئێستاش باڵەخانەكە ماوە موڵكی عەبدولڕەحمان چەلەبیە بە كرێیانداوە، لە پشت فەرمانگەی تەندروستی هەولێر، خوێندکارەکانی تر چوونە خوێندنگەی ئەربیلی ئولا، چونكە بە كوردی بوو، تەنیا ئێمە ئەو چوار خوێندکاتە بۆ خوێندنگەی ئەربیلی دووەم چووین و بە عەرەبی دەمانخوێند».
هەروەها وانەی كوردیشمان هەبوو، وەكو پێشتر باسم كرد من بەرلەوەی بێمە خوێندنگە، لەناو كتێبخانەكەی باوكم چاوم هەڵێناوە، لەبەرئەوەی باوكم كتێبخانەیەكی گەورەی هەبوو، كتێبی ئایینی و مێژوویی تێدابوو، لەبیرمە باوكم ساڵی 1947 دیوانی شێخ رەزای تاڵەبانی كڕی لە ئێران چاپكرابوو، بۆیە لەو دەمەوە زۆربەی شیعرەكانی شێخ رەزام لەبەركردووە، هەرچەندە كە پێی دەڵێن شیعری هەجوو، بەڵام هەر وەكو شیعر مامەڵەی لەگەڵ دەكەم. ئەوەبوو برا گەورەكەم كە ناوی ئەبوبەكر بوو، بەڕووداوێكی هاتوچۆ لە ساڵی 1948 كۆچی دوایی كرد، بەدوای ئەویش مەلابرایمی مامم زۆری پێنەچوو ئەویش كۆچی دوایی كرد.
باوكم پیاوێكی پێشكەوتنخواز (تقدمی) بوو، بەڵام حزبی نەبوو، شەهید نافیع یونس بۆی گێڕامەوە و وتی: «باوكت پیاوێكی پێشكەوتنخواز بوو، ئێمەش و پارتییەكانیش هیواخوازبووین كە چوار پیاوی ئایینی لە شێوەی مەلا محەمەد فەرهادیمان لەگەڵدا بوایە لە حزب، لە دووی حوزەیرانی ساڵی 1948 باوكم و مامم هەردووكیان دەستگیركران لە هەولێر، لەگەڵ ئەوانەی شیوعی و پارتی بوون، دوای حوكمی عورفی دادگایی كران، هیچیان لەسەر نەبوو، دواتر ئازادكران، تەنیا عەونی یوسف بە ساڵێك و شێخە شەلیش بە ساڵێك و شەش مانگ حوكم دران.
هەر ئەو زیندانیكردنەش بوو، كاریگەریی لەسەر دۆخی تەندروستی و دارایی هەردووكیان هەبوو، ئەوەبوو باوكم كۆچی دوایی كرد، ئێمە هیچمان نەبوو، ئەو كاتە من لە پۆلی شەشەمی سەرەتایی بووم، تەمەنم 12 ساڵان بوو، ئەوە بووە هۆی ئەوەی كە لە خوێندن دەرنەچووم و دوكانەكەشمان تەنیا شتێكی كەمی تێدا مایەوە و هەموویمان فرۆشت، تەنانەت كتێبخانەكەی باوكیشممان فرۆشت، تەنیا دوو كتێب نەبێت تائێستاش لەلام ماوەتەوە، یەكێکیان (حیاة صلاح الدین ئەیوبي) ئەو كتێبە نووسەرەكەی ئەحمەد بیلییە، باس لە رەچەڵەکی سەڵاحەدینی ئەیوبی دەكات كە كوردە.
لەسەر پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانی خەڵكی هەولێر بە گشتی و تەیراوە بە تایبەتی لەو سەردەمدا، مامۆستا عومەر فەرهادی دەڵێت: لەو سەردەمەدا پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان لە هەولێر بەگشتی و تەیراوەش بەتایبەتی كە من لێی پەروردە بووم، سێ هێندەی ئێستا بوو، خەڵكەكە لەگەڵ یەكتریدا ساغ و راست بوون، ئێمە كە گەیشتینە قۆناغی هەرزەکاری، 14 بۆ 15 ساڵی، كە حەزمان دەكرد كچێك ببینین، دەبوایە 10 ماڵ لەولاو ئەولای خۆت دوور بكەویتەوە، غیرەتی ئەوەمان نەدەكرد تەماشای بكەین، وەكو خوشكی خۆمان تەماشامان دەكرد، جارجارە من دەچوومە گەڕەكی عارەبان، یاخود دەچوومە قەڵا ئەو تەنیا وەكو ئارەزوویەك، بەڕاستی ئەوكات پەیوەندییەكان زۆر جیاواز بوون، بۆ نموونە ئەگەر خواردنێكت دروست بكردبایە، دەبوو بۆ ماڵە دراوسێكانت ببردایە، دەبوو لە خۆشی و ناخۆشی لەگەڵ یەكتر بوونایە. لەبیرمە مامۆستا سەید سەلیم سەید غەریب كە بەڕێوەبەری خوێندنگەی ئیبن مستەوفی بوو، ماڵیان لە سەرەوەی ماڵی ئێمەوە بوو، عەسران كە دەردەچوو بۆ یانەی فەرمانبەران بەپێیان هێدی هێدی بە وێدا دەهات، هەر لە دوورەوە یارییەكەمان بەجێدەهێشت، شەرممان دەكرد بمانبینێت كە یاری دەكەین، لەبەرئەوەی مامۆستا ئەوەندە رێزی هەبوو، هەر وەكو باوكی خۆمان تەماشامان دەكرد، دەیانوت مامۆستا باوكی دووەمە.
عومەر فەرهادی لەگەڵ چەند هاورێیەکی سەردەمی میرمنداڵیدا
*مامۆستا زۆر باست لە هاوڕێیانی منداڵیت كرد كە هەمیشە وەكو برا وابوون، ئەو هاوڕێیانەت كێن؟
-برادەرانی منداڵیم هەندێكیان لە ژیاندا ماون لەوانە مامۆستا ئەسعەد عەزیز وەرزشەوان بوو، دراوسێ بووین، ئێستاش زۆرجار لە باخی شار دەیبینم، لە تەنیشیشمانەوە ماڵێك هەبوو پێیان دەوت حەمەدەمین پەڕۆ، كوڕەكەی ناوی عەزیز پەڕۆ بوو، ئەویش برادەرم بوو، بەداخەوە كۆچی دوایی كرد، هەروەها ئیحسان عەزیز لە من بە تەمەنتر بوو ئەویش كۆچی دوایی كرد، شێخ عەدنان نەقشبەندی ئەو لە خوێندنگە لە پۆلی شەشی سەرەتایی پێكەوە بووین، لە قۆناغی ناوەندیش هەر پێكەوە بووین، هەروەها جەوهەر غەمگین وەكو نووسەرێكی دیار، هەروەها شاخەوان نامیق و تاهیری عەلی والی كە باوكی بە ناوی عەلی قەمچی رەش مەشهور بوو، ئەویش شەهید بوو، كۆمەڵێك برادەر هەموومان پێكەوە بووین، ئەگەر رۆژی دووشەممانیش، فیلمێكی عەرەبی خۆش هەبوایە، ئەوا پێكەوە دەچووینە سینەما.
*مامۆستا با بگەڕێینەوە سەرەتای دیدارەكەمان كەباسی ئەوەت كرد كە دوكانتان لە قەیسەری هەولێرێ هەبوو بیرەوەرییەكانت لەم قەیسەرییە چی بوو؟
-قەیسەرییەكان ناوی خۆیان هەبوو، قەیسەریی گچكە و قەیسەریی گەورە، قەیسەریی خەیاتان، قەیسەریی بەزازان، قەیسەریی خەفافان، قەیسەریی ئۆتراقچیان، ئەوانە هەمووی بەڕیز بوون، تادەهاتە لای دەڵاڵخانەكە كە ئێستا بە شەقامی باتا ناسراوە. باوكی من دوكانەكەی لای خوارەوەی قەیسەری گەورە بوو، كە دەچیتە ژوورەوە دوكانی یەكەم نا دوكانی دووەم لە قاڵدرمەكان یەكەم دوكان هی كابرایەك بوو ناوی سۆفی رەسوڵ بوو، ماڵی لە تەیراوە بوو، دوكانی دووەم هی مەلا تەهای هەولێری بوو، تەنیشت مەلا تەهاش قادرمە بوو بۆ نهۆمی سەرەوە. تەنیشت قادرمەكە دوكانی باوكم بوو لە تەنیشت باوكم حاجی نوری بوو، خەڵكی پردێ بوو. لە تەنیشت حاجی نوری، عزرۆكە جوو بوو، هەتا ئەوسەری دەڕۆیشت لای چایخانەكەی مام خەلیل، مام خەلیل هاوتەمەنم بوو، واتە لە دایكبووی 1938 بوو، ئەو چایخانەیە سەرەتا هی ئەمینی عەبۆ قاوەچی بوو، خەلیل لای ئەو شاگرد بوو، دوایی چایخانەكە بووە هی مام خەلیل. ئیشێكی جوانیشی كردووە لەو چایخانەیە و بە وێنەی مێژوویی كە تێیدا كەسایەتییەكانی هەولێر و كوردستانی تێدا هەڵواسیوە. هەروەها بەرامبەر ئەو چایخانەیەش قادرمەیەك هەبوو، بۆ سەرەوە كە دیوەخانی شەهاب چەلەبی تێدابوو، لەبەرئەوەی قەیسەرییەكە موڵكی چەلەبییەكان بوو، لە سەرەوەش دیوەخانێكیان دانابوو، لەوێ شەهاب چەلەبی لێ دادەنیشت، شەهاب چەلەبی پیاوێكی رێكوپێك بوو، كەواو سەڵتەی لەبەر دەكرد، رەنگی (شەعری) بوو، واتە نە سپی بوو نە زەردیش بوو، لەو قەیسەرییە كە باوكم دوكانی لێی هەبوو، چەند قەسابێك هەبوون لەوانە حاجی لەتیف قەساب و حاجی تەها قەساب و محەمەد غەفوور و عەباس غەفوور هەردووكیان قەساب بوون لەوێوە تا عوزرەكە سۆر جوو هەر هەموویان جوو بوون.
عومەر فەرهادی لەگەڵ مامۆستای کۆچکردوو عەبدولکەریم شێخانی
جووەكانی هەولێر
هەروەها لەسەر جووەكانی هەولێر مامۆستا عومەر فەرهادی باسی لە بیرەوەرییەكانی خۆی كرد و وتی: «من لە پۆلی دووەمی سەرەتایی بووم لە خوێندنگەی ئیبن مستەوفی، مامۆستایەكم هەبوو ناوی شوعەب مەخلوف بوو، رابەری پۆلم بوو، لە دووی سەرەتایی، باوكی مامۆستا شوعەب لە قەیسەری دوكانی هەبوو، ناوی مام مەخلوف بوو، دوكانەكەی بەرامبەر دوكانی باوكم بوو لەقەیسەری، هەروەها زەكی بارۆخ مامۆستای ئینگلیزیم بووە لە پۆلی پێنجەم، هەروەها بنحاس سەلیم مامۆستا بوو لە پۆلی شەشەم ئەویش ئینگلیزی پێ دەوتینەوە، ئەوكاتە جیاوازی نەبوو لە نێوان جوو و ئیسلام، بەتایبەتی لە بۆنە كۆمەڵایەتییەكاندا. من ئەگەر باوكم نەخۆش بوایە لە ماڵەوە، بنحاسە فەندی سەردانی دەكرد. لەبیرمە قەشە یوسف هەبوو خەڵكی عەنكاوە بوو، دەهاتە لای باوكم دادەنیشت بە جلی رەشی قەشەیی و باوكیشم بە جلی مەلایەتییەوە پێكەوە دادەنیشتن چایان دەخواردەوە، ئەوكاتیش كەسانی وا هەبوو دەیانوت: «كو دەبی مەلا و قەشە پێكەوە دانیشن؟»، باوكم دەیوت: «هەركەس بە دینی خۆی»، بەگشتی ئەو سەردەمە پەیوەندیی كۆمەڵایەتی جوانتر و باشتر بوو، بۆ نموونە من ئێستا سێ ساڵە لەو خانووەدام، تەنیا ناوی جیرانەكەی خۆم دەزانم، ئەویش لەبەرئەوەی خاوەنی خانووەكەیە و من كرێچیی ئەوم.
هاوڕێ دێرینەكانی فەرهادی
هەروەها لەسەر هاوڕێ كۆنەكانی و پەیوەندییەكانی خۆی، عومەر فەرهادی وتی: «پیرباڵ مەحمود یەكێكە لەوانەی كەوا بازێكی زۆر گەورەی بە شیعری كوردی و عەرەبی دا، یەكەمجار عەرەبی ئینجا كوردی، هەروەها جەوهەر غەمگین كە هاوپۆلم بووە هەروەها مارف خەزنەدار زۆر لە برادەرانی تر داوای لێبوردن دەكەم كە ئێستا ناوی هەموویانم لەبیر نییە».
*مەلا خەلیلی دووسەرە (موخلیس) شیعرێكی بۆ كۆچی مەلا ئەبوبەكری مامت داناوە دەتوانی بۆ مان باسی ئەو شیعرە بكەی چۆن بووە؟
-درەنگ من زانیم ئەو شاعیر بووە و شیعرێكی لەسەر زاری باوكم داناوە كە مەلا ئەبوبەكری مامم كۆچی دوایی كردووە، شیعرەكەی لە ساڵی 1948دا نووسیوێتی ئێستاش كە دەیخوێنمەوە گریانم دێت.
*جەنابت لە یەكێتیی قوتابیان لەدوای *شۆڕشی 14ی تەممووز، رۆڵت چی بوو؟
-من دوای شۆڕشی 14ی تەممووز، نوێنەری یەكێتیی قوتابیانی گشتیی سەر بە حزبی شیوعی عیراق بووم، چووینە شاری سلێمانی، هەروەها نوێنەری موسڵیش لەوێ بوو كە ناوی خەلیل عەبدولعەزیز رەجەب بوو، هەروەها نوێنەری كەركوكیش لەوێ بوو ناوی عیزەت عوسمان كەبابچی بوو، هەروەها نوێنەری سلێمانیش ناوی جەلالی میرزا كەریم بوو، من لەوێ بەشداریی شانۆگەریەكم كرد بەناوی خەباتی قوتابیان، رۆڵی كارەكتەرێكم بینی بە ناوی باوكی ئازاد، من لەوێوە بەم كارەكتەرە ناسرام هەربۆیەش دوای ئەوەی ژنم هێنا، یەكەم كوڕم ناونا ئازاد.
ئەوكاتە وا باوبوو، شیوعییەكان منداڵەكانی خۆیان ناودەنا ئازاد لەبەرئەوەی رۆژنامەكەیان بەناوی بیری ئازادی بوو، هەروەها پارتییەكانیش ناویان دەنا رزگار لەبەرئەوەی یەكەم بڵاوكراوەیان كە ئۆرگانی پارتییەكان بوو، ناوی رزگاری بوو، بۆیە كوڕەكانی خۆیان ناو دەنا رزگار.
*مامۆستا ساڵی چەند ژنت هێنا؟
-لەساڵی 1959 ژنم هێنا و هیچ پەیوەندییەكی خۆشەویستی لە نێوانمان نەبوو، بەڵكو دایكم زۆر حەزی دەكرد ژن بهێنم، لە تەمەنی 21 ساڵیدا ژنم هێنا، دایكم لەبەرئەوەی كوڕی گەورەی نەمابوو، دەیویست نەوەی خۆی ببینێت، ئەوەبوو كچێكی ئامۆزای خۆم كە سێ ساڵ لەخۆم بچوكتر بوو، هەر ئەویش بۆی نیشان كردم، پێکەوە زەماوەندمان كرد و پێنج منداڵمان بوو، کە دووانیان كۆچی دواییان كردووە، ئێستا دوو كچ و كوڕێكم ماوە. ئەوەبوو هاوسەرەکەشم لە ساڵی 1996 كۆچی دوایی كرد.
دیارە لە ساڵی 1961 لە بەشی هونەریی لە شارەوانی شاری حللە دامەزرام، فەرمانبەرێكی زۆر ئیشكەر بووم و ئیشەكەی خۆم خۆشدەویست، پێشتریش لە شاری هەولێر لە شارەوانی نووسەری خوێندنەوەی سەعاتی ئاو و كارەبا بووم، پاشان گواسترامەوە بۆ بەغدا و لەوێش بۆ شاری حللە.
دەمەوێ باس لە راستییەك بكەم كە ناوم عومەر بوو، سوننە بووم، لە هەمانكاتدا شیوعیش بووم، بەڵام هەرگیز هەستم بە هیچ جیاكارییەك نەدەكرد، تا كودەتا شوومەكەی 8ی شوباتی ساڵی 1963ی بەعسییەكان، هەرچەندە لەوێش بۆ حزب كارم دەكرد، لێپرسراوەكەم ناوی دابووم، زیندانی كرام لەحللە، هەر لەوێ مامەوە، ژمارەمان بوو بە 900 زیندانی، هەموومان شیوعی بووین، بەڵام كە مفاوەزاتەكانی نێوان حكومەت و پارتی ئاڵۆزیی تێكەوت، هەندێ كوردیشیان هێنا بۆ ئەو زیندانە، ئەو كوردانەی لەوێ لەگەڵم بوون، ئەمانە بوون: عەبدوڵڵای حەمەشین قادر ناسرابوو بە عەبدوڵڵا گەردی، مامۆستا عەبدولكەریم شێخانی، عەبدولسەلام عەزیز مامۆستا بوو، ئەوانە پێش ئینقلابەكە لەوێ بوون، من بە تەكلیفی حزب چووم سەردانیانم كرد و یارمەتیشم بۆ بردن، دوای ئەوەی كە پێكنەهاتن و مفاوەزاتەكە یەكجاری تێكچوو، خوالێخۆشبوو ساڵح یوسفی و كاكە رەش نەقەشبەندیشیان هێنایە ئەو زیندانە، هەرچەندە لە یەك ژوور نەبووین، بەڵام جاروبار یەكترمان دەبینی.
جەلالی میرزاكەریم و كوڕێكیش خەڵكی سلێمانی بوون، هێنایاننە لای ئێمە، من نۆ مانگ لەو زیندانە مامەوە، هیچم لەسەر نەبوو، ئازادكرام، دیارە ئازادبوونەکەم دوای نەمانی حەرەس قەومی بوو.
*هاتوچۆ و گواستنەوەی هاووڵاتیان لەناو شاری هەولێر چۆن بوو؟
-هەتا ساڵی شەستەكان، پاسی گواستنەوەی نەفەرات هات، لەناو هەولێردا تاكسی نەبوو، یەك دوو جار پەیتوونیان هێنا لە موسڵ و كەركوك، بەڵام سەركەوتوو نەبوو، لەبەرئەوەی كەس سوار نەدەبوو، لەبەرئەوەی لە تەیراوەش خەڵكەكە بە پیادە دەهاتن بۆ بازاڕ، هەم لەبەرئەوەی شار بەو جۆرە گەورە نەبوو، هاوکات خەڵكیش حسابی بۆ پارەش دەكرد، لەبیرمە تاكسی لە پێش ئەربیل ئولا رادەوەستا بۆ ئازادی، نەفریان بە پەنجا فلس دەبردەوە، دیارە ئەو گەڕەكەش، سەرەتا ناوی ئیسماعیلییە بوو، لە دوای شۆڕشی 14 ی تەمموز ئاوەدانكرایەوە، بۆیە پێیان دەوت ئیسماعیلیە بەناوی موتەسەڕیفی ئەو سەردەمە كە ناوی ئیسماعیل هەقی رەسوڵ بوو، ئەویش بەردی بناغەی بۆ دانابوو، بۆیە بە ناوی ئیسماعیلیە دروستكرا. كە ئێستا پێ دەڵێن ئازادی.
*مامۆستا ئەگەر باسی شەمەندۆفێرەكەی هەولێرمان بۆ بكەی چۆن بوو؟
-لە ساڵی 1951 یەكەمجار سواری شەمەندۆفێر بووم، دەرجە سێیەكەی، لە بیرمە كورسییەكانی دار بوو، كە لەسەری دادەنیشتی، جێگای نووستنی تێدابوو، نەفەرەكان لەسەر رەفەكە دەنووستن، شەمەندۆفێرەکە نەفەری بە نیو دینار و بیست فلس بوو، دەرجە دووەكەی بە دوو دینار بوو، دەرجە یەكی سارد و گەرمی تێدابوو، نەفەری بە سێ دینار بوو، بەڕاستی زۆر خۆشبوو، چونكە ئێمە بە تەنیا لە فیلمی میسریدا شەمەندۆفێرمان بینیبوو، گۆرانییەكی عەبدولوەهاب هەبوو لەفیلمی (یحی الحب )دا، ئێستاش جار جارە ئەو گۆرانییە دەڵێمەوە، لەو فیلمەدا شەمەندۆفێر نیشان دەدات، بەڕاستی هەم ئەو فیلمە، شەمەندۆفێرەكە نیشاندەدا تام و چێژی خۆی هەیە.
*مامۆستا ئەگەر كرا لەدوای كۆپلەیەك لەو گۆرانییەی عەبدولوەهابمان بۆ بڵێیەوە، ئەوجا دێینە سەر گۆرانیبێژێكی شاری هەولێر ئەویش حەیدەرە كەچەڵە، بیستوومە جەنابت لای ئەو وەكو نووسەر كارت كردووە لە گومرگی رسقی، چۆن ئەو هونەرمەندەت ناسی؟
- بەڕاستی ئەو پرسیارە لە جێگای خۆیدا بوو، لە مانگی پێنجی ساڵی 1956 دوای مردنی باوكم لە دوكاندارییەكەم سەركەوتوو نەبووم، ماڵمان لای ماڵی حاجی حەیدەر بوو، خێزانەكەی بە دایكمی وتبوو حەیدەر نەفەرێكی دەوێت لە عەلوەكە لەگەڵیدا ئیش بكات وەكو كاتب، ئەویش بەمنی وت و ئەوەبوو لای ئەو دامەزرام بە كاتبی گومرگ، بەڕاستی پیاوێكی زۆر سادە بوو، دەنگێكی زۆر بەتام و خۆشی هەبوو، بەداخەوە خوێندەواریی نەبوو، ئەگەر خوێندەواریی هەبوایە، دڵنیام گۆرانیبێژێكی زۆر گەورەی لێ هەڵدەكەوت، چونكە دەنگێكی خۆش و بە توانای هەبوو، زۆر مەراقی مەقامی دەشت بوو، بە كوردی و توركیش گۆرانی دەوت.
*مامۆستا بابێینە سەر سینەماكانی هەولێر بیرەوەریەكانت لەگەڵ سینەمادا چییە ئەگەر بۆمان بگێڕێیەوە؟
-من زۆر عاشقی فیلمی میسری بووم، باسی سینەما سەڵاحەدینتان بۆ بكەم، لەساڵی 1947 یەكەمجار سینەمایەكی هاوینە بوو، هەمووی بە خشت دروستكرابوو، وەستاكان لە بەغداوە هاتبوون، چونكە وەستاكانی ئێرە نەیاندەزانی ئەو جۆرە كارانە بكەن، كە تەواوبوو، یەكەمجار سینەمایەكی هاوینە بوو، یەكەم فیلم كە نمایش کرا بەناوی (یوم سعید)بوو، عەبدلوەهاب و سەمیعە حسێن و ئیلهام حسێن رۆڵیان دەبینی، لەم فیلمەدا گۆرانیی خۆشی تێدابوو، یادەوەریی زۆرمان هەیە لەگەڵ ئەو گۆرانیانەدا.
* بابێینە سەر كاری رۆژنامەنووسی چ ساڵێك دەستت بە كاری رۆژنامەنووسی كردووە؟
-راستییەكەی من پێش راپەڕین كاری رۆژنامەنووسیم نەكردووە، بەڵام وەكو خوێنەر بەردەوام بووم و رۆژنامەم كڕیووە و خوێندومەتەوە، پێشینەیەكی كەمیشم هەبوو دوای شۆڕشی 14 تەمموز، پەیامنێری رۆژنامەی زەمان بووم لە لاپەڕەی (طلبة) بەبێ بەرامبەر بە پارەی خۆم بە بەرید بابەتەكانم بۆیان دەنارد، دوایی وازمهێنا، بەڵام لە دواییدا لە شارەوانی ئەگەر رۆژنامەیەك، گۆڤارێك شتێكی بنووسیبایە لەسەر شارەوانی، دەیانوت تۆ بڕۆ وەڵامیان بدەرەوە، بەڵام زانیاری زۆرم پەیداكردبوو لە رۆژنامە و گۆڤارە عەربیەكان و بەتایبەتی میسرییەكان.
لەدوای راپەڕین كرامەوە، یەكەمجار لە رۆژنامەی خەباتی عەرەبی چەند بابەتێكم بڵاوكردەوە، ستوونێكم هەبوو بە ناوی (من اعماق ذاكرة) لەژێر رۆشنایی بیرەوەرییەكاندا، تا رۆژێكیان، فریاد رواندزی هات وتی: تۆ ئەو گۆشە جوانانە دەنووسیت، وەرە لە رۆژنامەی ئیتیحاد گۆشەیەكت دەدەینێ چ دەنووسی بنووسە، ئەوەبوو چووم و گۆشەیەكم وەرگرت بەناوی (هنا نلتقی كل سبت) ئەوەبوو ماوەیەك لەوێدا لەژێر ئەو ناونیشانەدا بابەتم بڵاوكردەوە، لە دواییدا (سبت)مان لابرد و بە ناونیشانی (هنا نلتقی) بەردەوام بووم. دوای ئەویش فەرەیدون عەبدولقادر بووە لێپرسراوی راگەیاندنی یەكێتی، ئەویش برادەری چوار ساڵیم بوو لە بەغدا لە وەزارەتی بەلەدیات پێكەوە كاتب بووین، دوا ژمارە و دوا گۆشەم لە رۆژنامەی ئیتحاد لە 31ی ئاب بوو، گۆشەكەم بە ناوی (هل نقرأ الفاتحة علی البرلمان)، بەڕاستی ئازادیی تەواویان پێدابووم لە نووسین، لەوانەیە هەندێکجار لەسەر یەكێتیشم نووسیبێت، زۆر بە ئاسایی وەریان دەگرت، سەرەڕای ئەوەش كە رۆژنامەكە ئۆرگانی رەسمیی یەكێتی بوو بە زمانی عەرەبی، هەروەها ئەوكاتە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان باڵادەست بوو لە هەولێر.
*مامۆستا بابێینە سەر رادیۆی دەنگی ئەمریكا، ماوەیەكی زۆر وەكو پەیامنێری ئەو رادیۆیە كارت كردووە، هەر لەوێش ناسرای بە شێخی پەیامنیران؟
- ئەوكاتە عومەر دزەیی یەكەم كوردبوو كە لە ساڵی 1992 تا ساڵی 2000 سەرۆكی بەشی كوردی رادیۆی دەنگی ئەمریكا بوو، لەدوای ئەو عومەر شێخمووس بوو، ئەوەبوو هەر لەگەڵ دەستبەكاربوونی مامۆستا عومەر دزەیی لەو رادیۆیە وەكو لێپرسراوی بەشی كوردی دەنگی ئەمریكا، دەیەوێت رادیۆكە رێكبخات و بیر لەوە دەكاتەوە كە پەیامنێریان لە هەولێر و سلێمانی و دهۆك هەبێت و بە پێویستی دەزانێت، ئەوەبوو پەیوەندیی بە حەمەدئەمین پێنجوێنییەوە کردبوو، دەیزانی من و ئەو هاوڕێیەتیمان هەیە، دەڵێت بۆ هەولێر كێ دابنێین باشە وەكو پەیامنێر، ئەویش یەكسەر ناوی منی دەداتێ و پەیوەندییان پێوەكردم، یەكەم راپۆرتم لە مانگی پێنجی ساڵی 2000 بوو، دوا راپۆرتیشم لە مانگی یازدەی ساڵی 2015 بوو، كەواتە من 15 ساڵ و شەش مانگ لەو رادیۆیە بە بەردەوامی كارم كرد، بەڕاستی رۆژنامەنووسی بە مانای رۆژنامەوانی یان رۆژنامەگەری، پیشەی ماندووبوون و كێشەكانە و پێویستی بە پشوودرێژی هەیە، هەموو زانیارییەكانیش بە ئاسانی ناكەوێتە بەردەست. من لە ئەزموونی ژیانی خۆم كە ئێستا لە تەمەنی سەرووی هەشتا ساڵەوەم، كەمترین خۆشیم لەو ژیانە بینیووە، تا ئێستاش لەو تەمەنەم من كرێچیم، بە یەك شت دڵخۆشم كە دەمرم قەبرستان كرێی نییە و لە كرێچێتی رزگارم دەبێت.
عومەر فەرهادی لەگەڵ چەند خوێندکارێکدا