گەشتیارێکی زۆر روو لە دۆڵی شاورێ دەکەن

10:05 - 2023-08-23
ڕاپۆرت
988 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی/ جێگر خدر

دۆڵی شاورێ لە ناحیەی سەرکەپکانی ئیدارەی راپەڕین، خاوەن سروشتێکی جوانە و ئاو و هەوایەکی سازگاری هەیە، بە دەیان سەیرانگە بۆ پێشوازی گەشتیاران کراونەتەوە و رۆژانە بە تایبەت رۆژانی پشوو گەشتیارێکی زۆر لە سنووری ئیدارەی راپەڕین و شوێنی دیکەش رووی تێدەکەن.
تا دێت پڕۆژەی گەشتیاری زیاتر دەکرێنەوە
ئەگەرچی پێشووتریش خەڵکی ناوچەکە بۆ بەسەربردنی کاتەکانیان بە تایبەت لە وەرزی گەرمادا روویان لە دۆڵی شاورێ دەکرد، بەڵام لەم ساڵانەی دوایدا چەندان پڕۆژەی گەشتیاری کراونەتەوە و زیاتر برەوی پێدراوە و هاووڵاتیانیش بەچڕی رووی تێدەکەن، ئاوی سازگاری رووبار و سەوزایی فراوان و کێوی سەوزپۆش و کەپری نێو ئاو و یارییەکانی نێو ئاوی رووبارەکە هۆی چوونی گەشتیارانە، پلەی گەرمی نێو شار و فێنکی ئەو ناوچانەش بەراورد بە سەنتەری شارەکان زیاتر شوێنەکەی سەرنجڕاکێش کردووە.
محەمەد لە سەیرانگەی کەوبێنی ئەو دۆڵە خاوەنی پڕۆژەیەکی گەشتیارییە و دەڵێت، سەرەتا چەند شوێنێکی کەم پڕۆژە هەبوون و کەمتر خەڵکی ئاشنای بوون، بەڵام خواستی زۆری دانیشتوانی ئیدارەی راپەڕین سەرەتا و دواتریش خەڵکی تەواوی هەرێمی کوردستان هانی ئێمە و تەواوی گوندەکانی دیکەیدا پڕۆژەی گەشتیاری بکەینەوە، بوونی ئاوی رووبار و کەشی فێنک و جوانی سروشتەکەی وایکرد خەڵکی زیاتر روومان تێبکات، سوپاس بۆ خوا خەڵکی لێمان رازییە.
نرخەکان چاودێری دەکرێن
بەهۆی خواستی زۆری گەشتیاران بۆ ناوچەکە، لە ماوەی رابردوودا بەشێک لە پڕۆژە گەشتیارییەکان نرخی کەپرەکانیان بۆ کرێی رۆژانە زیاد کردبوو، ئەو دەرفەتەیان قۆستبۆوە کە هاووڵاتیان بە حەزەوە بۆی دەچوون، لە هەندێک شوێن کرێی چەند سەعاتێک بۆ کەپرێکی بچووک 50 هەزار و 60 هەزار و زیاتریش وەردەگیرا، بەڵام لە هەڵمەتێکدا بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی راپەڕین و بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری راپەڕین ئەو خاوەن پڕۆژە گەشتیارییانە ئاگادار کرانەوە کە نرخەکانیان کەم بکەنەوە، هیچ پڕۆژەیەک ناتوانێت نرخی زۆر بۆ کەپرەکانی دابنێت.
سەوزە و میوەی دۆڵێ بەنێوبانگە
دۆڵی ئاکۆیەتی و شاورێ، بە میوەی بەلەزەت و سەوزەی پاکژ و هەمەجۆر ناسراوە، خەیار، تەماتە، ترێ، هەنار و هەنجیر و میوەی دیکەش بەبازاڕ ناکەوێت، ئێستا بەشێکی زۆر لە کێڵگەکانی سەوزە هەر لەوێ بەرهەمەکانیان دەفرۆشرێن، ئەو گەشتیارانە لێیان دەکڕن کە بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش روویان تێکردووە، فرۆشتنی ئەو سەوزە و میوانە لەسەر شەقامە سەرەکییەکە جگە لەوەی بژێوی ژیانی دانیشتوانی ئەو گوندانە دابین دەکات، ئاسانکارییەکی باشیشە بۆ ئەو گەشتیارانەی موشتاقی سەوزە و میوەی تازە و خۆماڵین، هاوکات دیمەنێکی جیاوازتر و جوانتری بە شوێنەکە بەخشیوە.
سۆران خاوەن باخچەی سەوزەیە و لەسەر شەقامە گشتییەکە سەوزەکەی بەپێی خواستی کڕیارەکانی لێدەکاتەوە و هەر لەوێ ساغیان دەکاتەوە، باس لەوە دەکات، جیاوازتر لە جاران کە ئەرکی بەبازاڕکردن سەخت بوو و تێچوویەکیشی دەویست، ئێستا هەم خەرجی کەمتر و هەمیش بازاڕی گەرمتر بووە، زۆرجار بەشی ئەو کڕیارانە ناکات کە داوای دەکەن، جیا لەوەش خاوەنی باخی هەنارە و لە ماوەی داهاتوودا کە هەنارەکانی پێگەیشتن بەهەمان شێوە هەنارەکانیشی لەهەمان باخچە دەخاتە بازاڕەوە.
هانی وەبەرهێنی گەشتیاریی دەدرێت
وێڕای ئەوەش، ئێستا لە دۆڵی شاورێ چەندین رێستۆرانت و کافێ کراونەتەوە و گەشتیاران، بە تایبەت گەشتیارانی دەرەوەی سنووری ئیدارەی راپەڕین سوودی زۆری لێ دەبینن، بەڵام ئەوەی جێی نیگەرانی ئەو گەشتیارانەیە نەبوونی هۆتێل و مۆتێلە بۆیان، داوا دەکرێت ئەو پڕۆژانەش بکرێنەوە، لای خۆیەوە ئارام پیرۆت بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری راپەڕین رایگەیاند، ئەوان هەموو ئاسانکارییەک دەکەن بۆ وەبەرهێنەران تا پڕۆژەی گرنگی گەشتیاری لە شێوەی هۆتێل و مۆتێل و شوێنی مانەوە لەو سنوورە و لە تێکڕای ناوچە گەشتیارییەکانی سنووری ئیدارەی راپەڕیندا بکرێتەوە.

#گەشتوگوزار #راپۆرت

بابەتە پەیوەندیدارەکان