ستران عەبدوڵڵا: یەكێتی بە كۆنگرە بەرنامە و سەركردایەتی و پەیڕەو نوێدەكاتەوە

10:55 - 2023-08-24
کوردستان
656 جار خوێندراوەتەوە

مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە كۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا لە كەركوك بەسەرۆكایەتیی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی، بوێرانە بڕیاری پێنجەمین كۆنگرەی خۆی لە مانگی ئەیلولی داهاتوودا دا. ئەندامێكی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی-ش دەڵێت: «كۆنگرە گۆڕ‌انكاری بەسەر پڕۆگرامی حزبدا دەهێنێت و سەركردایەتییەكی نوێش هەڵدەبژێرێت».
ستران عەبدوڵڵا لێپرسراوی مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتی، لەبارەی پێنجەمین كۆنگرەی یەكێتی، رایگەیاند: «سەرۆك بافڵ، لەكۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسیدا، ئەو بابەتەی پێشنیاز كرد و هۆكارەكەشی بۆ ئەوە گەڕ‌اندەوە، كە ئەمساڵ كۆتایی بە ئەركی ئەندامانی سەركردایەتی دێت، هەروەها روومان لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان و هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نیشتمانیی كوردستانە لە ساڵی داهاتوودا، بۆئەوەی كۆنگرە هاوكات نەبێت لەگەڵ هەڵبژاردنەكاندا، بۆیە پێویستە پێش هەڵبژاردنەكان كۆنگرە ببەسترێت».
یەكێتی نایەوێت كۆنگرەی دوابكەوێت
وتیشی: «ئەگەر بمانەوێت كۆنگرە دوابخەین بۆ دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان، ئەوكاتە رووبەڕ‌ووی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەبینەوە، دیسان ناچاردەبین دوایبخەینەوە، ئەمەش دەمانباتەوەسەر ریتمی یەكەم كە درەنگ درەنگ كۆنگرەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەكرا، بۆیە پێشنیازی سەرۆك بافڵ وابوو كە پێش هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان، یەكێتی كۆنگرەی خۆی ببەستێت، بەمەش رەنگە یەكەمجاربێت لە مێژووی یەكێتیدا، نەك كۆنگرەكانی لەكاتی خۆیدا بكات، بەڵكو پێشوەخت كۆنگرە بكات».
بەكۆی دەنگ كاتەکەی دیاریكرا
راشیگەیاند: «لەكۆبوونەوەكەدا كۆمسیۆنێكی باڵا بۆ كۆنگرە پێكهێنرا و بەپێی پەیڕ‌ەوی ناوخۆ كاروباری پێنجەمین كۆنگرە رێكدەخات، دواتر بە كۆی دەنگ بڕ‌یاردرا یەكێتی پێش هەڵبژاردنەكان لە 27/9/2023 خۆی نوێبكاتەوە».
سەبارەت بەو هەڤاڵانەشی لە پێنجەمین كۆنگرەی یەكێتیدا بەشداردەبن، ستران عەبدوڵڵا، وتی: «ئەو هەڤاڵانەی بەشداریی كۆنگرە دەكەن بریتین لە ئەندامانی سەركردایەتی و ئەنجومەنی باڵای سیاسی، ئەندامانی پێشووی سەركردایەتی و ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەر و پێشمەرگەكانی ساڵی 1976، بەو پێوەرانەش ئێستا نزیكەی 200 كەسی جێگیر ئەندامی كۆنگرەی داهاتوون، ئەوانی دیكە بە میكانیزمێك دەبنە ئەندامی كۆنگرە، كە هەڤاڵانی مەكتەبی رێكخستن و مەكتەبی هەڵبژاردن و مەڵبەندی دیراسات و ناوەندی یاسایی پێشنیازی دەكەن».
سەركردایەتییەكی نوێ هەڵدەبژێردرێت
باسی لەوەشكرد كە»لە پێنجەمین كۆنگرەدا پێویستە بارودۆخی نوێی ناو یەكێتی و حوكمڕ‌انیی كوردستان و عیراق روونبكرێتەوە، هاوكات كۆنگرەیەك دەبێت كە پڕۆگرامی یەكێتی گۆڕ‌انكاری بەسەردادێت و سەركردایەتیی نوێی تێدا هەڵدەبژێردرێت و بەپێی ئەو بەرنامەیەی كە لەناو كۆنگرە هەیە پەسنددەكرێت، بێگومان پێویستە بەرنامەی هەر حزبێكیش رووی لە خەڵك بێت، یەكێتیش كە خۆی بە خزمەتكاری خەڵك دەزانێت، لەپێناوی خزمەتی خەڵك درێژە بەخەباتی خۆی دەدات».
بەستنی كۆنگرە لەكاتی خۆیدا، ئاواتێكی دێرینی سەرۆك مام جەلال و دەستەی دامەزرێنەرانی یەكێتی بووە، ئەمڕ‌ۆش بەسەركردایەتیی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، ئەو ئاواتەیان دەهێنرێتەدی.

PUKMEDIA

#کۆنگرەی پێنجەم

بابەتە پەیوەندیدارەکان