مەکتەبی سیاسی یەکێتی بڕیاریدا کە ئەندامانی پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتی 600 ئەندام بن. وتەبێژی تایبەتی کاروبارەکانی پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتی_یش دەڵێت: "هەر یەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی باڵا و مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی بەشدار دەبن و بەشێکیش لە ئەندامان جێگیرن".
تەلار لەتیف، وتەبێژی تایبەتی کاروبارەکانی پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتی بە سایتی رسمیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان PUKMEDIA ی راگەیاند: "لەکۆبوونەوەی ئەمڕۆی مەکتەبی سیاسی لە هەولێر بڕیاردرا ئەندامانی پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتی 600 ئەندام بن و لەکۆبوونەوەکەدا پەسەندکرا، هاوکات هەریەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی باڵا و مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی بەشدار دەبن و بەشێکیش لە ئەندامان جێگیرن".
وتیشی، "لیژنەکان میکانیزمی بەشداریکردنی ئەندامانی کۆنگرە بۆ مەکتەب و ئۆرگانەکانی یەکێتی دیاریدەکات و دواتر مەکتەبی سیاسی پەسەندی دەکات، هاوکات هەفتەی داهاتوو تەواوی وردەکارییەکانی کۆنگرە پەسەند دەکرێن".
تەلار لەتیف وتیشی: "بەپێی پەیڕەوی هەموارکراو دەسەڵاتی پەسەندکردن، دوای رەزامەندی سەرۆکی یەکێتی، لە لای مەکتەبی سیاسی دەبێت".
رۆژی 20ی 8ی 2023 بە سەرپەرشتیی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، مەکتەبی سیاسی لە شاری کەرکوک کۆبووەوە و تییدا بڕیاردرا لەپێناوی جۆشدانەوەی گیانی یەکێتیبوون، رۆژی 27ی 9ی 2023 کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی ببەسترێت.