کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لە هەولێر کۆتاییهات و وتەبێژی کۆنگرەش دەڵێت، "لە کۆبوونەوەکەدا کۆی ئەندامان رەزامەند بوون کە کۆنگرە لەو وادەیەی دیاریکراوە، بکرێت و بەمنزیکانە کۆنفرانسی مەڵبەند و مەکتەبەکان دەستپێدەکات".
تەلار لەتیف، وتەبێژی تایبەتی کاروبارەکانی پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتی بە سایتی رەسمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان PUKMEDIA ی راگەیاند: "سەرۆکی یەکێتی لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتیدا زۆر بە وردی تیشکی خستە سەر میکانیزمەکان و رێکارەکانی کۆنگرە و بڕیاردرا لە ماوەیەکی نزیکدا دەست بکرێت بە کۆنفرانسی مەکتەب و مەڵبەندەکان".
وتیشی، "کۆنگرە دوو بۆ سێ رۆژ دەخایەنێت، بەڵام ئەوەی جێی خۆشحاڵیبوو لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی سەرکردایەتیدا بە گوڕوتینێکی هەڤاڵانەوە ئەندامان پێشنیارەکانیان بۆ کۆنگرە خستەڕوو، ئەمە جگە لەوەی کە ئەم کۆنگرەیە یەکەمین کۆنگرەی یەکێتییە کە لە وادەی خۆیدا دەکرێت".
ئاماژەی بەوەش دا: "سەرجەم ئەندامانی سەرکردایەتی رەزامەندبوون کە کۆنگرە لەو وادەی دیاریکراوە کە 27ی 9ـیە بکرێت، لە هەمان کاتدا لیژنەی ئامادەکاری کۆنگرە زۆر بەوردی دەستی بە ئامادەکارییەکان کردووە و راسپاردەکانی دیداری یەکێتی لە پەیڕەوی نوێی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا جێگیر دەکرێت، ئەمە جگە لەوەی کە بەشێک لە راسپاردەکان لە بەرنامەی یەکێتیدا جێگیر دەکرێت".
پێشتریش تەلار لەتیف رایگەیاندبوو: "لە کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی لە هەولێر بڕیاردرا ئەندامانی پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتی 600 ئەندام بن و لەکۆبوونەوەکەدا پەسەندکرا، هاوکات هەریەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی باڵا و مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی بەشدار دەبن و بەشێکیش لە ئەندامان جێگیرن".