راپۆرتی/ رەوەست نەوزاد
دوای روخانی رژێمی بەعس لەساڵی 2003 و تاڵانكردنی دامودەزگاكانی حكومەتی عیراق، ژمارەیەكی زۆر ئۆتۆمبێل دزران كە بەشێكیان هێنرانە هەرێمی كوردستان، ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانە بەهۆی نەبوونی خاوەنەكانیان ناویان نرا (علوج) واتا بێ خاوەن یان بێ سەرەتا، بەهۆی زۆری ژمارەیان و دروستنەبوونی كێشە و جیاكردنەوەیان لەئۆتۆمبێلی خاوەندار لەشارەكانی هەرێمی كوردستان لەشوێنێكی تایبەت پیشانگە بۆ كڕین و فرۆشتنی ئەو ئۆتۆمبێلانە كرانەوە.
لە شاری هەولێر لەسەر رێگەی هەولێر – مەخمور و لەسەر زەویەكی گەورە چەندین پیشانگە بۆ ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان کرانەوە، کاسبکاران و ئەو هاووڵاتیانەی دەچن بۆ کڕینی ئۆتۆمبێل گلەییان لە بێ بازاڕی و نەبوونی خزمەتگوزاری و زۆری خۆڵ و خاشاک هەیە لە ناوچەکە و داوای چاککردنی لە لایەنی پەیوەندیدار دەکەن.
سەرەتا شوێنی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان لەسەر شەقامی گشتی مەخمور - هەولێر نزیك بوو، بەڵام دوای دروستكردنی شەقامی 120 مەتری گواستراوەتەوە بۆ سەر رێگەی هەولێر – مەخمور كە زەویەكە بەشێوەی موساتەحە دراوە بەخاوەن پیشانگەكان و هەر خاوەن پیشانگەیەك بڕی 900 مەتر زەوی پێدراوە و ئێستا 36 پیشانگە کاری تێدا دەکەن.
نەبوونی خزمەتگوزاری
محەمەد سەعید یەكێكە لەخاوەن پیشانگەكانی ئۆتۆمبێل وتی، بەهۆی كێشەی بودجە و بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بازاڕی كڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل زۆر خراپە پێشتر هەر پیشانگەیەك رۆژانە 6 تا 7 ئۆتۆمبێلی دەفرۆشت، بەڵام ئێستا بەپێنج رۆژ دوو ئۆتۆمبێل دەفرۆشین هەرچەندە نرخی ئۆتۆمبێلەكان لەلای ئێمە بەهۆی كۆنی یان بێ سەرەتاییەكەیان زۆر كەمە.
وتیشی، نزیكەی هەزار كەس لەو پیشانگەیانەدا كاردەكەن كە زۆربەیان كەسانی كەم دەرامەتن، چونكە بەهۆی كەمی پارەكانیان ناتوانن لەپیشانگەی ئۆتۆمبێلی تازە و گرانبەها كاربكەن.
سەبارەت بەشوێنەکەیان محەمەد ئاماژەی بەوەکرد، شوێنی پیشانگەكەمان زۆر خراپە گۆڕەپانەكانی نە چیمەنتۆ نە قیر نەكراون تەنیا لەسەر خۆڵ پیشانگەكەمان دروستكراوە و شارەوانی هەولێریش ناهێڵێت خۆمان چاكی بكەین ئەگەر بمانەوێت كەپری ناو پیشانگەیەك تازە بكەینەوە رێگامان پێنادەن و خۆشیان هیچ خزمەتگوزارییەکمان بۆ ناکەن، شوێنەکە نە کارەبا و نە ئاوی نییە.
بێ بازاڕی پیشانگەکان
هیوا سەعید یەكێكە لەكاسبكارانی پیشانگەكانی ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا لە شاری هەولێر وتی، رۆژانە نزیکەی 10 هەزار کەس لێرەدا کار دەکەن، بەهۆی ترس لە نەمانی شوێن و كارەكانمان لەلایەن حكومەتەوە بێدەنگیمان هەڵبژاردووە و ناڕەزایی دەرنابڕین و هەموو ئاواتێكمان ئەوەیە حكومەت لێمانگەڕێت كاری خۆمان بكەین لەلایەكی تر هیچ لایەنێك نییە پشتگیریمان بكات بۆ دابینكردنی پێداویستییەكانمان.
وتیشی، هەڵوەشاندنەوە و سكراب كردنی ئۆتۆمبێلە كۆنەكانە و وەستاندنی بڕیاری کڕینەوەی تابلۆکانی هەرێم زیاتر بووەتە هۆی بێبازاڕی.
شوێنی پیشانگەکان زیادەڕەوە
سەبارەت بەكێشەی ئەو پیشانگەیانەی شاری هەولێر هێمن قادر جێگری پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، كێشەكانی ئەو پیشانگەیانە دەمێكە هەیە و چارەسەر نەكراون، لەلایەن سەرۆكایەتی شارەوانی هەولێر هەوڵی چارەسەركردنی دراوە كە شوێنێكیان بۆ دیاری بكرێت یان هەر لەشوێنی خۆیان مۆڵەتیان پێبدرێت كاری خۆیان بکەن و رێكارەكانی مۆڵەت و بابەتی گرێبەست و كڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل لەلایەن ئەوانیش ئاسایی بكرێت وەكو هەر پیشانگەیەكی تری ئۆتۆمبێل یان ئەوەتا بگوازرێنەوە بۆ شوێنێكی تری گونجاوتر و شەرعیەتدان بەكارەكانیان.
وتیشی، چارەسەركردنی ئەو كارە لەنێوان وەزارەتەكانی شارەوانی و ناوخۆ و دارایدایە، هەروەها پەیوەندی تەواوی بە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆوە هەیە، ئایا ئەو ئۆتۆمبێلانە جارێكی تر تۆماردەكرێن تا وەكو هەر ئۆتۆمبێلێكی تر مامەڵەی ئاساییان لەگەڵدا بكرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، شوێنی ئێستای پیشانگەی ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان بەشێوەی زیادەڕەوی دروستكراوە و بڕیاردان لە شوێنی تازە دەبێت لەسەر ئاستی وەزارەتەكان بێت تەنیا لەلایەن پارێزگای هەولێر و سەرۆكایەتی شارەوانی هەولێرەوە ئەو كێشەیە چارەسەر ناكرێت، هەرچەندە سەرۆكایەتی شارەوانی و ئەنجومەنی شارەوانی هەولێرمان راسپاردووە بە هەماهەنگی لەگەڵ نەخشەدانان و ئاوەدانی هەولێر ئەو بابەتەش بەزووترین كات چارەسەر بكرێت.