سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی: كۆنگرە بۆ جۆشدانەوەی زیاتری خەباتە لەپێناوی سەرخستنی بەرنامەی خزمەتكردنی كۆمەڵانی خەڵك

10:37 - 2023-08-29
کوردستان
584 جار خوێندراوەتەوە
كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە هەولێر 27ی ئابی 2023

لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتیی یەكێتیدا لە هەولێر بە سەرۆكایەتیی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، سەرۆك بافڵ بە وردی دەربارەی گرنگیی كۆنگرە لە ژیانی حزبایەتیی یەكێتی و تێكۆشانی سیاسی دوا و رایگەیاند: كۆنگرە بۆ جۆشدانەوەی زیاتری خەباتە لەپێناوی سەرخستنی بەرنامەی خزمەتكردنی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و باشكردنی ژیان و گوزەرانیانە، كە ئەوەش بنچینە و بەرنامەی ستراتیژی نەگۆڕی یەكێتی-یە. جەختیشیكردەوە كە «بە پشتیوانی خوا كۆنگرەیەكی سەركەوتوو و یەكگرتوو دەبەستین».

«نەریتی بەستنی كۆنگرە بەشێوەیەك ئاسایی دەكەینەوە، كە وەك حزبەكانی رۆژئاوا، دوو ساڵ جارێك كۆنگرە ببەستین»

پێكەوە دەچینە كۆنگرە و پێكەوە بەسەركەوتوویی دێینە دەرەوە
لە كۆبوونەوەكەی ئەنجومەنی سەركردایەتیی یەكێتی لە هەولێر، سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی، وتیشی: پێكەوە دەچینە كۆنگرە و پێكەوە بەسەركەوتوویی دێینە دەرەوە و بەدڵنیاییەوە نەریتی بەستنی كۆنگرە بەشێوەیەك ئاسایی دەكەینەوە، كە وەك حزبەكانی رۆژئاوا، دوو ساڵ جارێك كۆنگرە ببەستین».
هەر لە كۆبوونەوەكەدا، سەرۆك بافڵ، پێشنیازی كرد «لە كۆنگرەدا ئەنجومەنێكی كارا لە هەڤاڵانی تێكۆشەر دروست بكەین، كە سەنگ و دەسەڵاتی هەبێت و یارمەتی ئێمە بدات لە سەرخستنی كارەكانماندا». داواشی لە ئەنجومەنی سەركردایەتی كرد بەسەربەرزییەوە بچنەوە ناو هەڤاڵانیان و بەرەو كۆنگرەیەكی سەركەوتوو خەباتی یەكێتییانەیان جۆشبدەنەوە.

كۆنفرانسی مەڵبەند و مەكتەبەكان
لەبارەی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتیی یەكێتییەوە، تەلار لەتیف وتەبێژی تایبەتی كۆمسیۆنی باڵای كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتی، ئەوەی خستۆتەڕوو كە لە كۆبوونەوەكەدا كۆی ئەندامان رەزامەندبوون لەسەر ئەوەی كۆنگرە لەو وادەیەی دیاریكراوە، ببەسترێت. ئاماژەی بەوەشكردووە كە سەرۆكی یەكێتی لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتیدا زۆر بەوردی تیشكی خستەسەر میكانیزمەكان و رێكارەكانی كۆنگرە. لەو چوارچێوەیەشدا بڕیاردرا لە ماوەیەكی نزیكدا دەست بە كۆنفرانسی مەكتەب و مەڵبەندەكان، بكرێت.
باسی لەوەشكرد كە «كۆنگرە دوو بۆ سێ رۆژ دەخایەنێت». وتیشی: ئەوەی جێی خۆشحاڵی بوو، لە كۆبوونەوەی سەركردایەتیدا بە گوڕوتینێكی هەڤاڵانەوە ئەندامان پێشنیازەكانیان بۆ كۆنگرە خستەڕوو، كە ئەم كۆنگرەیە، یەكەمین كۆنگرەی یەكێتی-یە، لەوادەی خۆیدا دەكرێت و سەرجەم ئەندامانی سەركردایەتیش رەزامەندبوون كە كۆنگرە لەو وادەی دیاریكراوە، كە 27ی 9ی ئەمساڵە، ببەسترێت و بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەی ئامادەكاری كۆنگرە زۆر بەوردی دەستی بە ئامادەكارییەكان كردووە، كە راسپاردەكانی دیداری یەكێتی لە پەیڕەوی نوێی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا جێگیر دەكرێت، ئەمە جگەلەوەی كە بەشێك لە راسپاردەكان لە بەرنامەی یەكێتیدا جێگیر دەكرێت.
هەر لەبارەی كۆنگرەوە، تەلار لەتیف، ئەوەی ئاشكراكرد كە «لە كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسیدا لە هەولێر، بڕیاردراوە ئەندامانی پێنجەمین كۆنگرەی یەكێتی 600 ئەندام بێت»

كەرنەڤاڵی سەركەوتنە
هەروەها، حەسیبە عەبدوڵڵا ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتی، لەبارەی بەستنی پێنجەمین كۆنگرەی یەكێتییەوە، دەڵێت: بەستنی كۆنگرەی پێنجەم دەكەینە كەرنەڤاڵی سەركەوتن.

هەموومان پێكەوە سەركەوتوو دەبین

هەر لەبارەی بڕیاری بەستنی كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتییەوە، بێستون سابوراوایی ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتی، رایدەگەیەنێت: لە كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتیدا هەموو یەكێتییەكان ئاهەنگ دەگێڕن و هەموومان پێكەوە سەركەوتوو دەبین.

#کۆنگرەی پێنجەم

بابەتە پەیوەندیدارەکان