رەنگین عەبدوڵڵا
ڤلادیمیر پوتینی سەرۆكی روسیا گوتەیەكی بەناوبانگی هەیە كە دەڵێت: «چوونە بەر پەتی سێدارە لەپێناوی وەفاداریی نیشتمان شەرەفمەندانە ترە بۆ مرۆڤایەتی، وەك لە چوونەپای سێدارەی خائینێكی نیشتمانفرۆش، بۆ یەكەمیان شەرمهێنەر و شەرمەزارییە و بۆ دووهەمیان شەرەفمەندی مرۆڤایەتی». هەركەس زانستە سیاسییەكانی خوێندبێتەوە راستەوخۆ بەر ئەو تیۆرە فەلسەفییە دەكەوێت كە دەڵێت تۆ تەنها دەتوانی ئەو شتە بیت كە باوەڕت پێیەتی، كەواتە پەلە بكە و ببە بەوەی كە باوەڕت پێیەتی. ئەگەر بە وردبینی لەم تیۆرە تێبگەین دەتوانین وەك میتۆدۆلۆژییەكی زانستی سیاسی لە خوێندنەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان سوودی لێ ببینین. هیچ پێویست ناكا كۆی رۆژە رەشەكانی پارتی لە تێكدان و ئاوەژووكردنەوەی خەونی نەتەوەیی گەلەكەماندا بە درێژایی شۆڕشی شاخ و شار پێكەوە تەتەڵە و پۆلێن بكەین، نا خوێنەری ئازیز، ئێمە دەتوانین 365 رۆژی هەر ساڵێك قسە و شیكاری و تێگەشتنی قووڵ لەسەر هەوڵەكانی پارتی بۆ تێكدانی شۆڕش و بیری ناسیۆنالیزمی كوردی دەستنیشان بكەین. 365 رۆژی ساڵ تەژییە لە رۆژانی رەشی وەك ئاشتبەتاڵی شۆڕش و كۆمەڵكوژیی سەركردە و پیاوە دڵسۆزەكانی نەتەوەكەمان لە هەكاری و بەتایبەتی تریش 31 ی ئاب. ئەگەر لە شۆڕشی شاخ و هەوراز و نشێوەكان سەركردایەتی پارتی ناچار بە خیانەت و ئاشبەتاڵ و كۆمەڵكوژی گەلەكەی خۆی كردبێ، ئەوا لە 31 ی ئاب هیچ بەهانە و بیانوویەكی عەقڵانی و سیاسی نادۆزینەوە كە پارتی لەپێناوی مانەوەدا پەنای بۆ كردەیەكی قێزەونی لەو شێوەیە نەبردبێ. ئەگەر پارتی لە شاخ لەپێناوی خۆپارێزی پەنای بۆ سەدان خیانەت و ناپاكی نەتەوەیی بردبێ، ئەوا لە شار لەپێناوی كۆنترۆڵكردن و دەستبەسەراگرتنی كۆی داهات و دارایی هەرێمی كوردستان جەنگی لەگەڵ زۆربەی لایەنەكانی هەرێمی كوردستان و پارچەكانی دیكەی كوردستاندا هەڵگیرساندووە.
بەرپاكردنی شەڕی ناوخۆ سەلماندنی جارێكی دیكەی ئەو تێزە سیاسییەیە كە دەڵێت تۆ ئەوەیت كە باوەڕت پێیەتی، واتە پارتی جگە لە تۆخكردنەوەی هێڵە دیارەكانی خیانەت و ناپاكی نیشتمانی، هیچی دیكەی لە شاخ و لە شار داوا نەكردووە، بۆ ئەو مەبەستەش 31 ی ئاب دەكاتە ترۆپكی ناپاكییە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانی.
31 ی ئاب و خەونە بچووكەكانی پارتی
زۆربەی بەڵگەنامەكان لەسەر ئەوە كۆكن كە پەیوەندی پارتی و حزبی بەعسی فاشی پەیوەندییەكی دێرینی كەسی و سیاسی و ئیستخباراتی و بازرگانی بووە، بە جۆرێك بچووكترین كێشەی سیاسی لەلایەن پارتی دیموكراتی و كوردستان و حكومەتەكەی سەدامی هاوئاهەنگیان نەبووە، تا ئەو جێگایەی حكومەتی فاشی بەغدا تانك و زریپۆش و هەلیكۆپتەری جەنگی و حەرەس جمهوری بكەونە خزمەتی پارتی و سەركردایەتی ئەو حزبەوە. پارتی دەیویست كۆی هێزە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان لە رێگەی موئامەرەی حاكمی موتڵەقەوە بكاتە دەرەوەی نەخشە و پلانە سیاسییەكەی كە لەگەڵ رژێمی پێشوی بەغدا لەسەر ریشەی وردەكارییەكان رێكەوتبوون. ئەو هێزە سیاسییەی بەرگی شۆڕشگێری پۆشیبوو لە دوای رووداوەكانی 31 ی ئاب ماسكەكەی دەكەوێت و بە بەرچاوی جیهانەوە پیمان دەڵێت ئەوەی ناوی شۆڕش و كوردایەتییە جگەلە خەونی بچووكی هەندێ ئاغا و رەئیس قەبیلە شتێكی دیكە نییە. رێكەوتنی ستراتیژی نێوان پارتی - بەغدا لەسەر لێدان و پاكتاوكردنی كۆی هێزە سیاسییەكانی كوردستان بنیادنرابوو. پارتی و پارتییەكان پێیان وابوو بە كردنەدەرەوەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە كایەی سیاسی، كورد دەگەن بە ئامانجە نەتەوەییەكانیان، بەڵام دوای ئاشكرابوونی بەشێكی رێكەوتنەكەی سەرانی پارتی و سەدام، دەركەوت كە بە یەك خاڵیش باسی رێكەوتنی نەتەوەیی نەكراوە، واتە كورد و شەهیدەكانی، شۆڕش و رۆشنبیر و شاعیر و هونەرمەندەكانی، زمان و كەلتور و ئاڵا و خەونی دەوڵەتی نەتەوەیی، نەك جێگەی باس نەبووە، بەڵكو هەر بیریشی لێ نەكراوەتەوە.
زۆربەی بەڵگەنامەكان لەسەر ئەوە كۆكن كە پەیوەندی پارتی و حزبی بەعسی فاشی پەیوەندییەكی دێرینی كەسی و سیاسی و ئیستخباراتی و بازرگانی بووە بە جۆرێك بچووكترین كێشەی سیاسی لەلایەن پارتی دیموكراتی و كوردستان و حكومەتەكەی سەدامی هاوئاهەنگیان نەبووە
سیناریۆی خیانەتی 31 ی ئاب
بەڵێ سبەی 27 ساڵ بەسەر رووداوی 31 ی ئابدا تێپدەڕێت، رۆژی 31 ی ئابی ساڵی1996 لە گەرمەی شەڕی ناوخۆدا لە هەرێمی كوردستان كە پارتی بەسەر یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و هێزە سیاسییەكاندا سەپاندبووی، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان شاری هەولێری لە رێگای خەڵكی بە شەرەفی هەولێر و پێشمەرگە قارەمانەكانەوە كۆنترۆڵكرد، بۆ گرتنەوەی شاری هەولێر و هەموو ناوچەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان، پارتی دیموكراتی كوردستان پەنای بردە بەر سەدام حسێنی سەرۆكی پێشووی عیراق و بە یارمەتی سوپای ئەوكاتی عیراق، هەولێری ئازادبوو بە خوێنی هەزاران پێشمەرگەی یەكێتی گرتەوە. كاتێك شەڕی ناوخۆی نێوان پارتی و یەكێتی گەیشتە لووتكە، پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ بەلاداخستنی شەڕەكە لە بەرژوەندیی خۆی پەنای بردە بەر سوپای عیراق و بە یارمەتی ئەو سوپایە هەولێر و ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی یەكێتی خستە ژێر دەستی خۆیەوە. شەوی 31 ی ئابی ساڵی 1996 هێزەكانی گاردی كۆماری تۆپبارانی ناوچەی قوشتەپەی نزیك لە هەولێر دەكەن كە ئەوەش سەرەتای دەستپێكردنی هێرشە بەرفراوانەكە بوو، هاوكات بەپێی لێدوانی راگەیاندنەكان هەردوو فەیلەقی یەك و پێنجی گاردی كۆماری و هێزی ئاسمانی عیراق لە شەڕەكەدا بەشداربوون، هاوكات تانكەكانی گاردی كۆماری بەغداش كە بە هێزەكانی عەدنانی گاردی كۆماری ناسرابوون، بەشدارییان پێكرا، ئەوەش سەرەڕای ئەوەی كۆپتەری جەنگی بۆردومانی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەكێتی بە سەختی دەكرد. هێرشەكە بە شێوەیەك پلانی بۆ دانرابوو لە هەموو لایەكەوە پەلاماری هێزەكانی یەكێتی بدرێت و تەنها رێگایان بۆ بكرێتەوە تا لێوەی دەربچن، كە ئەو رێگایەش باداوە بوو بە رووی دەشتی كۆیەدا . رژێمی بەعس لە چەند قۆڵێكەوە هێرشەكەی كرد، قۆڵی یەكەم لە جادەی سەرەكیی هەولێر بە رووی ئۆردوگای قوشتەپەدا، لەوێوە بەرەو باكووری هەولێر و ئۆردوگای كەسنەزان و دارەتوو، قۆڵی سێیەم لە گوێرەوە بەرەو كانی قرژاڵە و دواتر ناو هەولێر، قۆڵی چوارهەم بە دوو ئاڕاستەدا بوو، یەكەمیان لە جادەی موسڵەوە بەرەو ناو هەولێر، ئاڕاستەی دووهەم لە هەمان رێگاوە بەرەو پشتی عەنكاوە .
پاش تەنها شەو و رۆژێكیش، هێزەكانی بەعس بەچاوساغیی پارتی توانیان هەولێر و دەوروبەری بگرن و هێزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستانیش بەبێ تەقە بێنەوە ناو هەولێر . بەپێی لێدوانی شایەتحاڵێكیش كە بەشداری شەڕەكەی كردووە، لەو رۆژەوەی پەرلەمانی كوردستان ناونرابوو گەراجی دەبابە، هاوكات كوڕ ئەو كوڕە بوو تاڵانی بكات.
بەڵگەنامەكان ئەوە دەسەلمێنن : لە 31 ی ئابدا هێزەكانی پارتی تاڵانیان لە هەولێریشدا كردووە.
بەپێی چەند بەڵگەنامەیەكی نهێنی دەزگای گشتیی هەواڵگریی سەربازی عیراق كە ئاڕاستەی سەرۆكایەتی كۆماری ئەو كاتەیان كردووە، تیایدا ئاماژە بە چەند خاڵێك دەكات لە ماوەی نێوان شەڕی پارتی و یەكێتی لە رۆژی 31 ی ئابدا و ئەوەش دەخاتەڕوو كە چەكدارەكانی پارتی دەستیان بەسەر ماڵ و كەلوپەلی هاووڵاتیاندا گرتووە و تاڵانیان كردووە. بەپێی یەكێک لە بەڵگەنامەكان كە لە رێكەوتی 1 ئەیلولی 1996 لە رێگەی دەزگای گشتیی هەواڵگریی سەربازیی عیراقەوە ئاڕاستەی نووسینگەی سكرتاریەتی سەرۆكایەتی كۆمار كراوە، ئاماژە بەوە دەكات كە چەكدارەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە شاری هەولێر هەڵمەتی پشكنینان دەستپێكردووە لەنیو ماڵ و باڵەخانەكاندا و بەدوای ئەو ناوچە و شوێنانەدا گەڕاون كە یەكێتی وەكو بارەگا بەكاری هێناون. هەروەها ئەوەش خراوەتەڕوو، چەكدارەكانی پارتی دەستیانگرتووە بەسەر كەلوپەل و شمەكی هاووڵاتیان و تاڵانكردنی كۆگای بارەگای چەندین رێكخراو كە وەك باسی دەكات، رێكخراوی خێرخوازی بوون.
نۆستالژیای 31 ی ئاب
پارتی دیموكراتی كوردستان دەیویست لە رێگەی حوكمێكی تۆتالیتاری و فیوداڵییەوە دوو ئامانج بۆ رژێمە داگیركەرەكان بهێنێتە دی.
یەكەم: ریشەكێكردنی بیری ناسیۆنالیزمی كوردی و كۆتاییهێنان بە شۆڕشی نەتەوەیی، روونتر بڵێم دەیانویست ئەو پلانە جێبەجێ بكەن كە رژێمی پێشووی بەعس بە ئاگر و ئاسن تەواوی تۆپخانە و جبەخانە سەربازییەكانی نەیدەتوانی جێبەجێی بكات، بەڵام پارتی لە 31 ی ئابدا دەیویست نەك ئامانجی ئەو خەونەی بەعسییەكان جێبەجێ بكات، بەڵكو هاوكات دەیویست تانكەكانی رژێمی پێشوو لە هەولێر و ناوچەكانی دیكەی كوردستان وەك جۆرێك لە خاوەن ماڵ مامەڵەی لەگەڵداكرا، خەونی بچووكی داگیركردنی هەولێر و پەرلەمانی كوردستان لەلایەن سەرباز و حەرەس جمهورییەكانی سەدامەوە لەسەر بانگهێشت و رێكەوتنی ژێربەژێری سەدام و سەرانی پارتی ئەوەی بۆ هەموان ئاشكراكرد كە 31 ی ئاب بۆ یەكەمین جار لە مێژوودا جەللاد و قوربانی جێگاكانیان دەگۆڕنەوە، لە 31 ی ئابدا سوپاكەی سەدامی فاشی دەبێتە فریادڕەس و وەك قوربانییەكی نیشتمانی دێتە سەر شانۆ، ئەم سوپایە وەكو سەرۆكی پارتی خۆی لە چاوپێكەوتنێكی رۆژنامەوانیدا دوای 31 ی ئاب وتی: چیتر سەدام رژێمەكەی دوژمنی گەلی كورد نین، ئەمە لە كاتێكدا بە هەزارەها لە رۆڵە قارەمانەكانی یەكێتی شەڕ و گیانبازییان لەگەڵ تانك و زرێپۆشەكانی بەغدادا دەكرد، ئەویش بێ دوو دڵی و گوێدانە هەستی هەزاران ماڵباتی شەهید و دایكی جگەرسووتاو و منداڵی بێناز و برسیی پاشماوەی شۆڕشی شاخ، وتی چیتر سەدام و بەعس دوژمنمان نین، هۆكارەكەشی بۆ ئەم خیانەتە گەورە نیشتمانییە ئەوە بوو كە سەدام بە هێزی كۆماری و تانكەكانیەوە هەولێر و پەرلەمانی كوردستانی بۆ داگیركردووە و بە تۆپزی تەسلیمی ئەوی كردووە. لێرەوە كۆی سیناریۆكەی پارتی و بەعس ئاشكرا دەبێت و هەرزوو كەناڵەكانی راگەیاندن بڵاویان كردەوە كە لایەنێكی سیاسی كوردستانی عیراق خیانەتی لە نەتەوەكەی كردووە و دەستی سەدامی گرتووە و بە تانك و تۆپەوە هێناوێتییەوە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان. هەر زوو بیل كلنتۆنی سەرۆكی ئەمریكا بە خیانەتێكی نیشتمانی حساب كرد و پێشی وابوو كردەوەیەكی شەرمەزارییە. ئەم هەوڵەی پارتی و بەعسییەكان بۆ ریشەكێشكردنی بیری ناسیۆنالیزمی كوردی و دروستكردنی جیهانێك هاوتای قەبیلە و ئاغاواتەكانی ناوچەكە بێت بۆ كورد، هەم سەرقاڵی و ماخۆلانی بەعسییەكان و سەدامی كەمدەكردەوە لەسەر گەورەبوونی بیری ناسیۆنالیزمی كوردی و هەمیش بزووتنەوەی ئازادیخوازی كوردی بۆ هەتا هەتایە لەگۆڕ دەنا و شوناس و ناسنامە و زمانەكەمان دەبووە پووشی دەم با.
دووەم: لە گۆڕنانی خەونی دیموكراسی. بە لەبەرچاوگرتنی سیستەمی هەرێمایەتی و دەوڵەتداری ناوچەكە و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بۆمان دەرەكەوێ كە دیموكراسی بە شێوەیەكی پێویست و پراگماتیك بەرەوپێشچوونی بەرچاوی بەخۆیەوە نەبینیووە، ئەوەی بەناوی دیموكراسییەوە دەكرێت جگە لە فریودان و فێڵكردن لە دیموكراسی شتێكی دیكە نییە، بۆیە پارتی و بەعسییەكان پێیانوابوو دەبێ لە رێگەی داگیركاری و دەسەڵاتی موتڵەقەوە بۆ پارتی، كۆتایی بە هەیاهووی دیموكراسی لە هەرێمی كوردستاندا بهێنرێت، واتە دیموكراسی چەندە بۆ سەدام و کۆی دیکتاتۆرەکانی دیکە خەتارناك بوو، بە هەمان ئەندازە بۆ پارتی و بارزانییەكان تالوكە بوو. جێگای تێڕامانە ئەگەر بیرەوەرییەكی جەنابی مام جەلال بۆ پشتگیریی تێزەكەم لەسەر دژایەتیكردنی دیموكراسی بگێڕمەوە، جارێك مام جەلال لەگەڵ بیرمەندێكی عەرەب گفتوگۆ دەكات و پرسیار دەكات پیشنیاز و تێبینیتان لەسەر شۆڕشی گەلی كورد چۆنە، ئەو بیرمەندە عەرەبە لە وەڵامدا دەڵیت: هەموو سەرسامین بە شۆڕشە نەتەوەیی و ئازادیخوازییەكانتان، بەڵام هەوڵ بدەن خۆتان لە بەكارهێنانی دەستەواژەی دیموكراسی بپارێزن وەك خۆتان دەزانن رژێم و دەسەڵادارانی ناوچەكە خۆشییان لە دەستەواژەی دیموكراسی نایەت، ئەم بیرەوەرییەی جەنابی مام جەلال بۆ ئەوەیە پێمان بڵێت لە دەریایەكی چەند لیخندا راوی دیموكراسی دەكەین و سەریش دەكەوین، بەڵام هەر ئەوكات كە جەنابی مام هەوڵی سەرخستنی پڕۆسەی دیموكراسی لە هەرێمی كوردستان و عیراق و ناوچەكە دەدا، پارتی و بارازانی هەوڵی خنكاندن و لەناوبردنی پرسی دیموكراسیان دەدا و پێیان وابوو هاوشێوەی بنەماڵە سیاسییەكانی ناوچەكە تاكە هێزی بێ ركابەری كوردستان بن و بەناوی نەتەوە و گەلی كوردەوە ئیش لەسەر هەڵتەكاندنی پرسی دیموكراسی و بیری ناسیۆنالیزم و ئازادیی رادەربڕین و مافی چارەی خۆنووسین بكەن.
31 ی ئاب لە پێشمانەوە
لە دوای پڕۆسەی ئازادیی عیراق و بنیاتنانەوەی هەیكەلی سیاسی و ئیداری دەوڵەتی عیراق، پارتی سەرلەنوێ دەستیكردەوە بە هەڵگرتنی شیعاری نەتەوەیی، سەرلەنوێ بۆ جووڵاندنی حەماسەتی كوردایەتی و بە ناوی كورد و كوردستانەوە داواكردنی دەستكەوتی حزبی و شەخسی زیاتر لە ئەمریكی و عیراقییەكان پەنایان بردەوە بەر دروشمی شۆڕشی شاخ و پێشمەرگایەتی، هەموو دەزانین هەركات پارتی گڵۆڵەی دەكەوێتە لێژی، دنەی هەستی نەتەوەیی دەدات و خۆی دەكاتە خاوەنی هەموو شتێك و لە كۆتاییشدا جگە لە ئاشبەتاڵ و تاڵانی شتێكی دیكەیان نییە بیبەخشن بە گەلەكەیان.
دوابەدوای پڕۆسەی ئازادیی عیراق و بنیاتنانەوەی دەوڵەتی عیراقی فیدراڵ، پارتی دەستیكردەوە بە پلانگێڕی و لەگەڵ جەعفەری و مالیكی و عەبادی و... هتددا كەوتە كێشەی قووڵەوە، كێشەكانیش بەپێی راپۆرتی كۆی چاودێران، لەسەر پلەو پۆست و پارە و دەستكەوتنی كەسی و حزبی بووە، هەر دوای دەسبەكاربوونی حكومەتەكەی مالیكی، پارتی بۆ دژایەتیكردنی دەوڵەتی عیراق بە تەواوەتی خۆیان رادەستی توركیای ئەردۆگان كرد، دەرگایان بۆ میتی توركیا كردەوە و بە چاوساغی پارتی ئێستا لە هەرێمی كوردستان بستێك شوێنی پاك نەماوە میتی توركی چاودێر و دەزگا و سیخوڕی خۆی تێدا جێگیر نەكردبێ، بەرای من ئەو 31ی ئابەی لە پێشمانەوەیە بەتەنها پێداگری لەسەر خیانەتی نەتەوەیی و نیشتمانی ناكاتەوە هێندەی ئەوەی دەیەوێ بزووتنەوەی رزگاری گەلی كورد بە هەموو ماناو مەفهومە موقەدەسەكەیەوە بكاتە رێخراوێكی سیخوڕی و هەوڵگری و بازرگانی. هەموان بەوە شۆك دەبن كە بزانن سەدان بنكە و پێگەی سەربازی و هەواڵگریی دەوڵەتی توركیا بە درێژایی دەیان كیلۆمەتر لەشكركێشیان كردووە بە چاوپۆشی و دەستگیرۆیی پارتی هاتوونەتە ناو قووڵایی هەرێمی كوردستانەوە، پارتی وەك چۆن لە 31 ی ئابی 1996 بانگهێشتی سوپاكەی سەدامی ئەنفال و كیمیایی كرد، بەهەمان نەخشە و پلان سەرلەنوێ پێش سوپای توركیا كەوتووە و بۆ لێدان لە خەباتی پارچەیەكی كوردستان، بۆ تیرۆركردن و راوەدوونان و دەستبەسەرداگرتنی هەناسە و خەون و بیری ئازادیخوازان، دەیەوێ درێژە بە نەخشە و پلانەكەی 31 ی ئاب بدات. ئەدهەم بارزانی ماوەیەك پێش ئێستا وتی: هەرێمی كوردستان بەتەواوەتی رادەستی سوپای توركیا كراوە، ئەگەر سوپاكەی سەدامی رووخاو بەهۆی ترس لە كاردانەوەی وڵاتانی زلهێزەوە ناچار بە پاشكشە كرابێ، ئەوا بێگومان سوپای توركیا بۆ ئەوە لەو ناوچانە جێگیر نەبووە تا پاشەكشە بكات.
كۆی ئەم رووداوە سامناك و تراژیدیانە ئەوەمان بۆ روون دەكەنەوە كە ئەگەر سنوورێك بۆ سیاسەتی پارتی دانەنرێت دوورنییە ئێستا خەریكی ژماردنی رۆژە رەش و دژاوارەكانی داهاتووی خۆمان نەبین. پەلكێشكردنی هێزی دوژمن بۆ ناو قووڵایی هەرێمی كوردستان، كردنەوەی هەموو دەرگاكان بۆ توركیا كە وەكو گورگ پەلاماری هەموو شوێنێكی باشووری كوردستان دەدەن. پارتی پێویستە چیتر رێكەوتنە ژێربەژێرەكانی نەشارێتەوە و پێمان بڵێت بۆچی سوپای توركیا بە درێژایی زیاتر لە حەفتا كیلۆمەتر هاتۆتە ناوەوەی هەرێمی كوردستان و سەربازگەی گەورە و جبەخانەی فوولیان بۆ كورد كوشتن بنیاتناوە. كاتی ئەوەیە هەموو هێزە سیاسییەكانی كوردستان و رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی و كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان لێپرسینەوە لەو رادەستكردنەی كوردستان بكەن كە لەلایەن پارتی و میتی توركیاوە ئیمزا كراوە. بێدەنگی و خۆپارێزی چاری ئەم كارەساتە گەورەیە ناكا كە بەڕێوەیە، پێویستە وەك فەروغی فەروغزاد دەڵێت:
«پێش ئەوەی بیر بكەینەوە دەقەومێ، ئێمە پێش ئەوەی بقەومێ بیرمان كردبێتەوە!»
هێزەكانی بەعس بەچاوساغی پارتی توانیان هەولێر و دەوروبەری بگرن
شاری هەولێر لە31 ی ئابدا بووە مەیدانی تەراتێنی ئازادانەی بەعسییەکان
رۆژنامەی هاوکاری یادی 31ی ئاب دەکاتەوە
پارتی دیموكراتی كوردستان دەیویست لە رێگای حوكمێكی تۆتالیتاری و فیوداڵییەوە دوو ئامانج بۆ رژێمە داگیركەرەكان بهێنێتە دی