ره‌سوڵ بۆسكێنی
رۆژگار ده‌ڕوا، ته‌مه‌ن ڕاده‌برێ، ڕووداوه‌كان تۆمارده‌كا، وێنه‌یان ده‌گرێ، له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕبوونی كات یادیان ده‌كرێ، ئه‌و رووداوانه‌ی بۆ به‌رزی گه‌ڵن شانازییان پێوه ده‌كرێ.
له پێناوی سه‌ربه‌خۆیی و ئازادی گه‌لی ئێمه ده‌رده‌سه‌ری زۆری دیوه، له‌به‌ر گه‌رما پڕوكاوه، له‌به‌ر سه‌رما هه‌ڵ له‌رزیوه، خوێنی به‌خشیوه، هه‌رگیز كۆڵی نه‌داوه.
هه‌رچه‌نده رێگه‌ی دوور و سه‌خت و ناهه‌مواربوو، گیرۆده‌ی دوژمنێكی زۆرداربوو، هه‌موو شوێنێك پڕ كێشه و مه‌ترسی بوو، تێكۆشه‌ران راونران، گونده‌كان رووخێنران، كانی و ئاو پڕكرانه‌وه، ره‌ز و باخ سوتێنران، رۆژگارێكی سه‌خت بوو، ده‌رودیوار گوێیان هه‌بوو، مۆته‌كه‌ی ترس له‌هه‌موو جێیان هه‌بوو.
به‌ڵام گه‌لی قاره‌مان و زیندووی ئێمه بۆ گرده‌وه‌كۆشی، سه‌ره‌رای هه‌موو ئه‌وانه له‌پێناوی سه‌ربه‌ستی و سه‌ربه‌خۆییدا تێكۆشی، هه‌ڕه‌شه‌ی دوژمن و زوڵم و زۆری نایترسێنێ، هه‌وڵده‌دا، خه‌بات ده‌كات تا مافی ره‌وای وه‌ده‌ست دێنێ، ده‌نگی نه‌عره‌ته‌ی گه‌ل به‌هێزه له‌بروسكه دوژمن ده‌ترسێنێ، نوستوان له‌خه‌و راده‌په‌ڕێنێ، به‌جۆش و خرۆش، جه‌ماوه‌ر و دڵسۆزانی گه‌ل كۆبونه‌وه له ده‌وری یه‌كێتی نیشتمانی، به‌هیوای دواڕۆژ و جێ ئومێدی گه‌لیان ده‌زانی، یادی مه‌رگه‌سات و قاره‌مانیه‌تی جارانی، بیرده‌هێنایه‌وه به‌دڵسۆز و یارانی، تا به‌سه‌رمه‌شقی نه‌وه‌ی نوێ و ته‌واوی گه‌ل ئاشناببن به‌ڕابردوو، به‌ئازایه‌تی تێكۆشه‌رانی، له‌به‌هاری ساڵی 1982 له‌م ڕوانگه‌یه‌وه، یادی كاره‌ساتی بۆردومانی قه‌ڵازدێ كرایه‌وه، بۆ پشتیوانی براكانیان خه‌ڵك و تێكۆشه‌رانی رانیه چوون به‌لایه‌وه، له رۆژی 2/5/1982 هه‌مووی تێكرا له كیژی ئازا و كوڕی قاره‌مان هه‌ركام، له‌گه‌وره و بچووك هه‌موو پێكه‌وه رژانه سه‌رشه‌قام، له‌به‌ر خۆپیشاندانی جه‌ماوه‌ری رانیه په‌شۆكا دوژمنی نه‌فام، رژێم به‌زه‌بر و زه‌نگ به‌هێزێكی زۆر به‌مه‌ستی كپكردنی، له‌هه‌رچوار لاوه ده‌ستی كرد به‌هێرش بردنی، به‌ڵام شاڵاوی جه‌ماوه‌ر و ده‌نگی گه‌ل له گولله و خومپاره‌ی دوژمن به‌هێزتربوو، تاهێزی دوژمن زۆرتر‌بوو، ئه‌ڵقه‌ی گه‌مارۆ ته‌نگ تر‌بوو، وره‌ی راپه‌ڕیوان به‌رزتر و هه‌ڵمه‌ت و شاڵاوی راپه‌ڕین شێلگیرتربوو، مه‌وجی ده‌دا شه‌قام و كۆڵان، دوژمن كه‌وته‌به‌ر هه‌ڵمه‌تی قاره‌مانان.
له‌ناو راپه‌ڕیواندا شۆڕه لاوێك، (عه‌بدوڵای مام پیرۆت) كوڕی ناوه‌نجی خانه‌واده‌ی داماوێك، مزی بژێوی رۆژانه‌ی په‌یداده‌كرد به‌كاری نانه‌وا‌ێك، به‌ڵام ئه‌ورۆژه ئه‌ركی نیشتمانی له‌لا گرنگتر بوو بۆیه نه‌چووه سه‌ركار و به‌شاڵاوێك، خۆی گه‌یانده ریزی پێشه‌وه‌ی خۆپیشانده‌ران و خه‌ڵكی هان ده‌دا، هه‌ڵمه‌تی ده‌برد، هه‌دای نه‌ده‌دا تاوێك، گوێیان نه‌ده‌دا به‌هه‌ڕه‌شه و زه‌بر و زه‌نگ.
بۆ به‌رزه‌فت كردنی خۆپیشاندانه‌كه رژێم به‌هێزی گه‌وره و زوڵمی زۆر، به‌ڵام كه‌س مه‌رگی خۆی وه‌به‌رچاو نه‌ده‌هات بۆ شكستی دیكتاتۆر، هێزه سه‌ركوتكه‌ره‌كانی رژێم به ئاگرو ئاسن، رووبه‌ڕووی جه‌ماوه‌ری بێ چه‌كی كوردستان بوون.
له‌و خۆپیشاندانه سه‌ركه‌وتنی گه‌وره تۆماركرا، به‌ڵام له‌گه‌ڵ له‌گه‌ڵ ده‌ستڕێژی تفه‌نگ و قرمژنی گوله‌ی چه‌كی دوژمن عه‌بدوڵای مام پیرۆت تێهه‌ڵگلا و پێكرا، ئه‌و لاوه خێر له‌خۆنه‌دیوه، گیانی بۆ گه‌لی كرده فیدا، دووانی تریش له‌خۆپیشانده‌ران شه‌هید كرا.
ئیتر جه‌ماوه‌ر ئاروژا، جه‌سته‌ی پیرۆزی شه‌هیده‌كانیان له‌سه‌ر شان دانا و به‌به‌رچاوی پیاوانی رژێم به‌هوتاف و وتنی بڕوخێ دوژمن به‌شاردا ده‌یانگێڕا.
شه‌هید عه‌بدوڵاساڵی 1963 چاوی به‌ژیان هه‌ڵێنابوو، هێشتا هیوای زۆری به‌ژیان بوو.