بنەما زانستییەکانی یۆگادەرمانی

10:23 - 2023-09-03
کەلتور
343 جار خوێندراوەتەوە

د. تیموسی مەککال*
لە فارسییەوە: مەحمود شێرزاد

ئێستا لێکۆڵینەوەکان سەلماندوویانە یۆگا شێوازێکی زۆر کاریگەرە لە پەیوەندی لەگەڵ چارەسەرکردنی نەخۆشییەکاندا، هەروەها ئێمە لەم سەردەمەدا دەتوانین لە رێگەی زانستەوە ئەوە بزانین یۆگا بە چ شێوازێک ئەم کاریگەرییە دادەنێت. یەکێک لە سەرنجڕاکێشترین پێشکەوتنەکان لێکنزیکبوونەوەی زانستی خۆرئاوایە لەگەڵ نەریت و شێوازە مەعنەوی و عیرفانییەکانی خۆرهەڵاتی دوور وەکوو یۆگا. ئێستا زاناکان دەتوانن لە رێگەی ئامێرەکانەوە سەیری مێشک و جەستەی ئەو کەسانە بکەن کە یۆگا دەکەن و ئەو گۆڕانکارییە ورد و قووڵانە ببینن کە لە مێشک و جەستەی کەسەکاندا روو دەدات. لە دەیان ساڵ لەوە پێشەوە لە خۆرئاوا لێکۆڵینەوە لەبارەی یۆگاوە دەستی پێکردووە، بەڵام زانا خۆرئاواییەکان ئەوەندە گرنگییان بەو لێکۆڵینەوانە نەدەدا کە کۆنەوە لە هیندستان لە بارەی یۆگاوە دەکران، بەڵام ئەمڕۆ کرانەوەیەکی زیاتر هاتۆتە ئاراوە و زانا خۆرئاواییەکان بۆیان دەرکەوتووە ئەو لێکۆڵینەوانەی هیندستانییەکان لەبارەی یۆگاوە کردوویانە لەو لێکۆڵینەوانە وردتر و باشترن کە لە خۆرئاوا لەبارەی یۆگاوە کراون.
تا یۆگا لە دنیادا زیاتر بناسرێ و خەڵکێکی زیاتر رووی تێبکا، لەلایەن زانستی خۆرئاواشەوە وەک پزیشکی تەواوکەر و جێگرەوە زیاتر گرنگی پێدەدرێ و لێکۆڵینەوەی زیاتر لەبارەوە دەکرێت. ئەمڕۆ لێکۆڵینەوەی زانستی لەبارەی یۆگاوە هەم لە ئەمریکا و هەم لە هیندستان زیاتر پەرەی سەندووە، هەر لەم چەند ساڵەی دواییدا لێکۆڵینەوەکان ئەوەیان سەلماندووە یۆگا کاریگەری زۆر باشی لە چارەسەرکردنی نەخۆشییەکانی وەک پشت ئێشە و ئینزیلاق، ئێم ئێس، کەم خەوی، شێرپەنجە، نەخۆشییەکانی دڵ و لاڕەشەوە هەیە. هەروەها لێکۆڵینەوەکان چۆنییەتی ئەم کاریگەرییە دەردەخەن، واتە نیشانی دەدەن یۆگا بە چ شێوازێک ئەو کاریگەرییە دادەنێت. بۆ نموونە ئەم لێکۆڵینەوانە ئاماژە بەوە دەکەن یۆگا لەم رێگایانەوە ئەم کاریگەرییە دادەنێت: بەرزکردنەوەی هێز و ئیرادە، بەرزکردنەوەی توانای بەرگری لەش، دابەزاندنی لەشکر و چەوری لە خوێندا، هاوسەنگردنەوەی رژێنەکان، نەرمکردنی لەش و...هتد، بەڵام لە هەمووی گرنگتر، یەکێک لە گرنگترین کاریگەرییەکانی یۆگا کەمکردنەوەی پاڵەپەستۆی زەینی (سترێس)ە.
پاڵەپەستۆی زەینی و سیستمی دەماریی خۆکار 
هەرچەند یۆگا شتێکی زۆر زیاترە لە شێوازی کەمکردنەوەی پاڵەپەستۆی زەینی (سترێس)، بەڵام پاڵەپەستۆی زەینی راستەوخۆ کاریگەری لەسەر سەرهەڵدانی نەخۆشییەکان هەیە، هەر وەک سەلماوە یۆگا کاریگەریی خێرا و راستەوخۆی لەسەر کەمکردنەوەی پاڵەپەستۆی زەینی هەیە. پاڵەپەستۆی زەینی نەتەنیا دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی ئەو نەخۆشییانەی پەیوەندییان بە پاڵەپەستۆی زەینییەوە هەیە، وەک: شەقیقە، برینی گەدە، قۆڵۆن و...هتد، بەڵکو یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی تووشبوون بە نەخۆشییە کوشندەکانی وەک جەڵدەی دڵ، شەکرە، پووکی ئێسقان،
هەرچەند زۆر قورسە بڵێین پاڵەپەستۆی زەینی دەبێتە هۆی نەخۆشییەکانی وەکو شێرپەنجە، بەڵام لەکاتی چارەسەرکردنی ئەم نەخۆشییانەدا پاڵەپەستۆی زەینی دەورێکی زۆر سەرەکی دەبینێت. کەواتە یۆگا نەتەنیا دەتوانێ ورە و چۆنییەتی ژیانی کەسانی تووشبوو بە نەخۆشییە کوشندەکان بەرز بکاتەوە، بەڵکو دەتوانێ ئاستی بەرزی لێکەوتە نەرێنییەکانی چارەسەرە کیمیاییەکان و شێوازە جیاجیاکانی چارەسەریی دابەزێنێ و ئەگەری چارەسەربوونی نەخۆشیی کەسەکە بەرز بکاتەوە.
دوای زانینی رۆڵی پاڵەپەستۆی زەینی لە سەرهەڵدانی نەخۆشییەکان و کاریگەری ئارامبوونەوە و خاوبوونەوە لەچارەسەرکردنی نەخۆشییەکاندا، گرنگە لەگەڵ شێوازی کارکردنی سیستمی دەماریی خۆکاری جەستە (ANS) ئاشنا بین کە چالاکی دڵ و جگەر و کۆئەندامی هەرس و کۆی ئەندامەکانی لەش کۆنتڕۆڵ دەکا. ئەو سیستمە لە دوو بەش پێکدێت کە بە یەکەوە کار دەکەن: سیستمی دەماریی سەمپاتیک (SNS) و سیستمی دەماریی پاراسەمپاتیک (PNS)، کاتێ سیستمی دەماریی سەمپاتیک چالاکییەکانی بەرز دەبێتەوە، ئاستی چالاکی سیستمی دەماریی پاراسەمپاتیک دادەبەزێ و بە پێچەوانەش.  
سیستمی دەماریی سەمپاتیک دەبێتە هۆی رژانی هۆرمۆنەکانی وەک (ئادرنالین) و (کۆرتیزۆل) و دەبێتە هۆی کۆمەڵێک گۆڕانکاریی لە لەشدا، بۆ نموونە زەختی خوێن، ترپەی دڵ، رێژەی شەکری خوێن، کە ئەو گۆڕانکارییانە لە کاتی مەترسیدا یارمەتی کەسەکە دەدەن، ئەو گۆڕانکارییانە بە مانای بەرزکردنەوەی وزەی کەسەکە و خێراترکردنی سووڕی خوێن و گەیاندنی (ئۆکسیجن) بە ماسوولکەکانی دەست و پێ و لەش تا کەسەکە بتوانێ لە کاتی مەترسیدا را بکات و لە شوێنەکە دوور بکەوێتەوە یان بتوانێ شەڕ بکا و پارێزگاریی لە خۆی بکات.
سیستمی دەماریی (پاراسمپاتیک) دەبێتە هۆی خاوکردنەوەی ترپەی دڵ و دابەزاندنی زەختی خوێن، بەمەش یارمەتی لەش دەدات دوای تووشبوون بە پاڵەپەستۆی زەینی (سترێس) ئارام بێتەوە و بگەڕێتەوە بۆ دۆخی ئاسایی، واتە کەمبوونەوەی خوێن و سووڕی خوێن لە ریخۆڵەکان و کۆندامی زاوزێدا کە ئەو ئەندامانە لە کاتی مەترسیدا رۆڵیان نییە بۆیە خوێن و وزەکەیان دەڕوا بۆ ئەو ئەندامانەی دەوریان هەیە، بگەڕێنەوە حاڵەتی ئاسایی خۆیان، بە پێچەوانەی دۆخی (راکردن و شەڕ)، دەکرێ بەم دۆخە بڵێین دۆخی (پشوو و هەرس)، هەندێجاریش پێی دەگوترێ دۆخی دژکردەوەی هێورکەرەوە. 
زۆربەی راهێنانەکانی یۆگا وەک راهێنانە جەستەییەکان (Asana)، راهێنانەکانی هەناسە (Pranayama)، تێڕامان (Dhyana) و ...هتد چالاکی سیستمی دەماریی (پاراسەمپاتیک) بەرز دەکەنەوە و دەبنە هۆی هێوربوونەوەی زەینی. هەروەها راهێنانەکانی وەک (Suryanamaskar)، راهێنانی هەناسەی (Kapalbhati) و راگرتنی هەناسە(Kumbhaka) دەبنە هۆی چالاککردنی سیستمی دەماریی (سەمپاتیک).
یەکێک لە نهێنییەکانی یۆگا بە سەرنجدان بەو لێکۆڵینەوەیەی لەلایەن (ناوەندی لێکۆڵینەوەی ڤیڤیکاناندا) لە هیندستان لە نزیک بەنگلور کراوە ئەوەیە دەڵێ: ئەگەر ئەو راهێنانەی جوڵەی زیاتر بە لەش دەکەن پێش ئەو راهێنانانە بکرێن کە جوڵەیان کەمتر تێدایە یان هەر بێ جوڵەن، کەسەکە زیاتر ئارام دەبێتەوە.

شلکی سیستمی دەماریی
گەورەترین کاریگەریی یۆگا لەسەر مرۆڤ ئەوەیە وا دەکا بە ئاسانی دەست لە خوو و هەڵسوکەوتە خراپ و نادروستەکان هەڵبگریت. خەڵک بە گشتی بیر و خوو و هەڵسوکەوتی هەڵەیان زۆرە کە بۆ لەشساغیان باش نییە، لەوانەیە خۆشیان بزانن ئەو بیر و هەڵسوکەوتانە خراپن، بەڵام بۆیان تەرک نەکرێن و نەتوانن بیانگۆڕن، کەچی یۆگا بە ئاسانی بۆیان دەگۆڕێت. جگە لە سوودە زۆرەکانی راهێنانە جەستەییەکان و راهێنانەکانی هەناسە و تێڕامان و کۆی راهێنانەکانی دیکەی یۆگا، ئەو کەسەی دەست بە یۆگا دەکا بە زوویی و بە بێ ئەوەی زۆر لە خۆی بکا لە خۆراکی خراپ، لە جگەرە، لە ماددەی هۆشبەر و خواردنەوە هۆشبەرەکان و...هتد دوور دەکەوێتەوە و حەزی بۆ بەسەربردنی کاتێکی زیاتر لە سروشتدا و دوور کەوتنەوە لەخواستە نالۆژیکییەکان زیاتر دەبێت. لێرەوە دوای ئەوەی کەسەکە کاریگەرییە باشەکانی راهێنانە جۆراوجۆرەکانی یۆگای بۆ دەرکەوت، حەزی بۆ راهێنان و گرنگیدان بە راهێنان و بەردەوامبوون لەسەر راهێنان زیاتر دەبێت.
لێکۆڵینەوە زانستییە تازەکان نیشانیان داوە مێشک و زەینی مرۆڤ وەکوو پێکهاتەیەکی وشک و رەق و نەگۆڕ نییە، بەڵکو ئەو ئەندامەی ئێمە بە بەردەوامی لە گۆڕاندایە، زاناکان بەو حاڵەتە دەڵێن (شلکی دەماریی)، هەربۆیەش ئەو چالاکییانەی ماوەیەک دووبارە دەبنەوە سەر لە نوێ و بە شێوەیەکی تازە نەخشەسازیی مێشک و زەینی ئێمە دەگۆڕن، هەتا ئێمە لەو بوارەدا چالاکتر بین لە مێشک و زەینی ئێمەدا تۆڕی بەهێزتر لەو پەیوەندییەدا دروست دەبن. زیاتر لە 2000 ساڵ لەمەوبەر حەکیم پاتانجالی لە (یۆگاسوترا)کاندا گوتوویەتی: (نهێنی سەرکەوتن لە یۆگادا راهێنانی بەردەوام و سووربوونە لەسەر راهێنان تا ماوەیەکی زۆر). لە ئاکامدا تۆڕە دەمارییەکان کە لە یۆگادا پێی دەگوترێ (سامسکارا) بە بەردەوامبوون لەسەر راهێنانەکانی یۆگا لەو پەیوەندییەدا بەهیزتر دەبن، ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی بیر و خوو و هەڵسوکەوتە باشەکان لە کەسەکەدا جێگیر ببن و کاریگەریی قووڵ لەسەر لەشساغی هەمەلایەنەی کەسەکە دابنێن.

*پزیشک و مامۆستای یۆگا
سەرچاوە:
https://www.yogajournal.com/teach/the-scientific-basis-of-yoga-therapy/

بابەتە پەیوەندیدارەکان