کەلتوری نەخشاندنی سەرجەستە بەهێڵکاری و نووسین و دیزاینی جۆراوجۆر لەکۆنەوە هەبووە، جاران لە کوردەواریدا دەست و قاچ یان چەناگەو نێوچەوانیان بەدەرزی دەکوتی و مادەی کلیان دەڕژاندنە ناوی و دوایی ئەو مادەیە دەچووە ناو پێست و دەبووە پەڵەیەکی نەخش بەسەر روخسار یان ئەندامەکانی تری جەستە، ئەو جوانکارییە لای زۆربەی گەلان هەبووە، بەڵام ئێستا پێشکەوتوتر لە جاران و لە هەموو جیهاندا بڵاوبۆتەوە و داهێنانی تازە و بە تەکنەلۆژیای نوێوە دەکرێت، پێکهاتەی زیاتر لە 4000 مادەی کیمیاوی دەکرێتە ناو ئەو رەنگانە و بەئامێری تایبەتی دەکرێتە ناو پێست و پێی دەڵێن Tattoo، زۆرینەی گەنج و لاوانی ئەوروپی « کچان و کوڕان» بۆتە خولیایان و هەیە سەرتاپای ئەندامەکانی جەستەی نەخشونیگارە و وایلێهاتووە رەنگی پێستی بەتەواوی شاردراوەتەوە، ئەو جوانکارییە وا خەریکە لە کوردستانیش بڵاودەبێتەوە.
لەکۆنەوە هەر هەبووە
مێژووی نەخشاندنی سەر جەستە بۆ 5000 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، بەڵام شێوەی مۆدێرنەکەی تاتۆ لە ئەمریکا و رۆژئاوا لە سەرەتای سەدەی هەژدە پەیدابووە، لەم ساڵانەی دواییدا بۆتە خویەکی تازە لەنێو چینی گەنجاندا و بۆتە پیشەو پەیداکردنی بژێوی ژیان، تەنها لەناو ئەڵمانیا زیاتر لە 7000 دوکانی خۆنەخشاندن هەیە کە هەموویان رۆژانە پێشوازی لەدەیان کەس دەکەن، زۆر لە وڵاتان قەدەغی ئەو پیشەیەیان کردووە لەوانە ژاپۆن و لە نیویۆرکیش لە 1962 تا 1997 بەهۆی زیانی ئەو مادە کیمیاویانە بەسەر پێست و تەندروستی مرۆڤەوە قەدەغەیان کردبوو.
هۆکاری شێرپەنجەیە
ئێستا زیان و مەترسییەکانی ئەو مادانەو شێوەی کارکردن و ئاسەوارە خراپەکانی بەسەر کۆمەڵگەوە بۆتە مشتومڕو تادێت ئەنجامەکان ئەوە دەردەخەن ئەو دیاردەیە بەو شێوەیەی ئێستای تەندروست نییە و دەبێت گۆرانکاری تێدا بکرێت، هاوکات دەرکەوتووە ئەو جۆرە خۆکوتینە زیانی زۆری بۆ تەندروستی مرۆڤ و پێست هەیە، بەپێی تازەترین توێژینەوەی زانکۆی نیویۆرکی ئەمریکا ئەو تێکەڵە مادانەی لە تاتۆدا بەکاردێن مادەی کیمیاوی جۆراوجۆرن وەک پۆدرە و شلە دەخرێنە ناو پێستە کوتراوەکەوە، مادەیەکی تێدایە بەناوی « ئازۆ» کە هۆکاری سەرەکی دروستکردنی خانەکانی شێرپەنجەیە لەناو پیست، هەروەها بۆیان سەلماوە ئەوانەی تاتۆ دەکەن یان تووشی شێرپەنجە دەبن یان ئەو مادە کیمیاویانە لەڕێ پێستەوە بۆ ناو گەدە و جگەر دەگوازرێنەوە و هەوکردن و پیسکردنی گەدە و خوێنیان لێ دەکەوێتەوە.
لە جاران کەمتر بۆتەوە
توێژینەوەیەکی تری کۆمەڵەی کیمیاسازانی شیکاگۆ ئەوەی دووپاتکردەوە مادە بەکارهاتووەکانی نێو تاتۆ بریتین لە ئازۆ و ئۆکسیدی تیتانیۆم و ئیسانۆلیان تێدایە و رەنگی بریقەداری شین و سەوز دەنوێنن هۆکاری سەرەکی توشبوونن بە شێرپەنجە، زانایانی ئەوروپیش گەیشتونەتە هەمان ئەنجام، بۆیە ئێستا یەکێتی ئەوروپا هاوردەکردنی ئەو مادانەی قەدەغەکردووە کە مادەی کیمیاوی مەترسیداریان تێدایە و بۆ تاتۆ بەکاردێن، بەپێی توێژینەوەیەکی زانکۆی لایبزیکی ئەڵمانیاش 21٪ ی خەڵکی ئەڵمان تاتۆیان کردووە و لەداهاتوودا تووشی کێشەی تەندروستی دەبنەوە، ئاژانسی ئەوروپی بۆ مادە کیمیاوییەکان ژمارەیەکی زۆری ئەو مادانەی قەدەغەکردووە کە لە پێکهاتەی دەرمانی تاتۆدا دروست دەکرێن و جوانی و رەونەق دەدەن بە هێڵکارییەکان، قەدەغەکردنی ئەو مادانە خاوەن کارەکانی ناڕەحەت کردووە بەوەی کاسبیەکەیان لە جاران کەمتر بۆتەوە و وەک پێشوو رەواجیان نەماوە.
سەرچاوە: Suddeutsche Zeitung