(برێکس) بە نموونە

سەردەمی دەستەگەریی ئابووری و سیاسییە

09:53 - 2023-09-04
ئابووری
311 جار خوێندراوەتەوە
کۆنگرەی 2023ی برێکس لە جۆهانزبێرگ

فەیسەڵ عەلی
لە ساڵی 2006دا، وەک رێکخراوێکی سیاسی دانوستانی پێکهێنانی گروپی برێکس دەستیپێکرد، لە ساڵی 2009دا یەکەمین کۆنگرەی باڵای خۆی کرد، ئەندامانی ئەو گروپە دەوڵەتانی خاوەن ئابووریی هەڵکەوتوو بوون، ئەوانیش، بەرازیل، روسیا، هیندستان و چین بوون، لە ژێر ناونیشانی (برێک)، کە لە پیتی یەکەمی هەر یەک لە ئەندامەکان پێکهاتووە و لە ساڵی 2010دا، باشووری ئەفریقاش ئەندامێتیی وەرگرت و ناوەکەی بۆ (برێکس) گۆڕا.
ئەم گروپە، رێکخراوێکی رەسمیی نێودەوڵەتیی فرە لایەن نییە، وەک، نەتەوە یەکگرتووەکان، یان بانکی نێودەوڵەتی، یان رێکخراوی ئۆپێک یان، سندوقی نێودەوڵەتیی نەختینە،  سەرۆکی دەوڵەتان و حکومەتەکانی ئەندامی ساڵانە کۆدەبنەوە، ساڵانە یەکێک لەو دەوڵەتانە، بەدوای یەکدا دەبنە سەرۆکی ئەو گروپە.

نیوەی دانیشتوانی جیهانن
ئەو پێنج دەوڵەتە نیوەی دانیشتوانی جیهانی لەخۆگرتووە، ئامانجیان پتەوکردنی هاریکاریی ئابووری و بازرگانی و وەبەرهێنانی نێوان دەوڵەتانی ئەندام و هەماهەنگی کردنی هەڵوێستەکانیانە لەمەڕ پرسە جیهانی و ئیقلیمییەکان و پتەوکردنی گەشەپێدانی بەردەوامە. ئەو گروپە ژمارەیەکی گەورەی کۆی بەرهەمی ناوخۆیی جیهانی پێکدێنن، بە هێزێکی ئابووریی هەڵکەوتوو دەژمێردرێن کە هەوڵی چاکسازیی سیستمی دارایی جیهان و بەهێزکردنی رۆڵی لە داڕشتنی بڕیاری نێودەوڵەتی دەدەن.
چاودێرانی ئابووری، بۆچوونیان وایە، ئامانجی ئەم گروپە، ناراستەوخۆ کێبڕکێی گروپی حەوتە کە %60ی کۆی سامانی جیهانی پێکدەهێنن. ئەم گروپە، واتە برێکس دوای جەنگی روسیا ئۆکرایین و ئەو پەرتەوازییەی جیهانی تێدایە بایەخێکی گەورەتری پێدرا، بە تایبەتی کە ئاراستەی جیهانی رووەو دەستەگەریی جیۆ سیاسی و جیۆ ئابووری و جیۆ ستراتیجییە.

زیاتر لە 40 دەوڵەت
هەروەها ئامانجیشیان پەرەدان بە هاریکاریی نێوانیان و پشتیوانیکردنی ئاشتی و ئارامی و گەشەپێدانی ئابوورییە لە جیهاندا، بە تایبەتی چین یەکێکە لە ئەندامانی ئەو گروپە و دووەم گەورە ئابووریی جیهانە، هیندستان و پاشان روسیا، کە بەیەکێک لە گەورەترین دەوڵەتانی هەناردەی وزەی جیهانی هەژمار دەکرێ، برێکس لە دوای ناوچەی یۆرۆ دووەم گروپی گەورەی جیهانە، فراوانبوونیشی بە هاتنی دەوڵەتانی نوێ قورسایی گرنگتری لەسەر ئاستی وزە دەبێت.
بەم ئاراستەیە، زیاتر لە 40 دەوڵەت ئامادەیی و ئارەزووی ئەندامێتیی بۆ ئەم گروپە نیشان دابوو، بە پێی ئەو زانیارییانەی لە کۆنگرەی ئەم دوواییەدا کە لە باشووری ئەفریقا بەسترا، دەوڵەتانی جیهان برێکس وەک بەدیلێکی دەستە جیهانییەکان تەماشا دەکەن کە هێزەکانی خۆرئاوا تێیدا باڵا دەستن و بەهیوان بوونە ئەندامی برێکس، سوودێکی زۆری هەبێت بۆیان، بە تایبەتی لە دابینکردنی سەرمایە بۆ پڕۆسەی گەشەپێدان و زیادکردنی بازرگانی و وەبەرهێناندا.

شکاندنی هەژموونی دۆلار
ئەم کۆنگرەیەی دوایی، بە گرنگترین هەموو کۆنگرەکانی تری ئەم گروپە دادەنرێت، کۆنگرەی پازدەیەمینی، بە پێی هەموو پێدراوەکان، دەستپێکێکی نوێی ترە بۆ دەوڵەتانی دامەزرێنەر و ئایندەشیان، کە لە کۆنگرەی جۆهانسبێرگدا هەستیان بەوەکرد، پێویستە دەوڵەتانی دیکە بانگهێشت بکەن بۆ ئەندامبوون، لەپێناو بەهێزکردن و فراوانبوونی گروپەکە و دەستەبەرکردنی ئامانجە راگەیەندراوەکان، لەسەرووی هەموویانەوە، شکاندنی هەژموونی دۆلار بەسەر بازرگانیی نێودەوڵەتی و کردنەوەی بازاڕی نوێ لە نێوان دەوڵەتانی ئەندام کە دواتر بۆ پڕۆسەی بازرگانیی نێوانیان دراوی وڵاتەکانی خۆیان بەکاربهێنن، لە بنچینەدا ئەم خاڵە هۆکاری دەستپێک و دامەزراندنی ئەم گروپە بوو، زۆر لە دەوڵەتان دەستیان بە جووڵە کردووە تا سیمای ئێستای بازرگانیی جیهانی بگۆڕن، کە لە دوای دووەمین جەنگی جیهانییەوە درێژەی هەیە.

رکابەرێکی بەهێز
بانگهێشتکردنی هەریەک لە ئەرجەنتین و ئێران و سعودیە و ئیمارات و میسر و ئەسیوپیا بۆ ناو ئەم گروپە، بە بۆچوونی هەندێک، دەیکاتە رکابەرێکی بەهێزی یەکێتیی ئەوروپا و کوتلەکانی تریش، ئەم خاڵەش ئەو راستییە دووپات دەکاتەوە، کە ئەم گروپە بۆ فراوانبوونی پانتاییەکەی دامەزراوە، وێڕای ئەوەی دەیەوێ پێوەرەکانی خۆی بەسەر گۆڕەپانی نێودەوڵەتییدا بسەپێنێت، ئەویش بە حوکمی گرنگیی و کاریگەریی ئەو دەوڵەتانەی تێیدا ئەندامن. شێوەی ئێستای ئەم گروپە، %29ی کۆی بەرهەمی ناوخۆیی جیهان پێکدێنێت، کۆی بەرهەمی ناوخۆیی پێنج دەوڵەتی ئەندامی لە 29 تریلیۆن دۆلار زیاترە، ئەمە وایکردووە بە لێکۆڵینەوە هەنگاو بەرەو فراوانبوون بنێن و دەوڵەتانیتری کاریگەر بکەنە ئەندام، ئەو شەش دەوڵەتەی تر کە بانگهێشتی ئەندامبوون کراون، بڕی 3.2 تریلیۆن دۆلار بۆ کۆی بەرهەمی ناوخۆیی گروپەکە زیاد دەکات، واتە بەرزکردنەوەی ئاستی هێزی ئابووریی برێکس، ئەگەر لە سەرەتای ساڵی 2024وە ئەندامێتییان پەسەند بکرێت.

ئاڵوگۆڕی بازرگانیی
لەگەڵ ئەوەی ئەو هەنگاوانە گرنگن، بەڵام هێشتا ئاڵنگاریی لە بەردەم ئەو گروپەدا هەیە، لە سەروو هەموویانەوە، هەژموونی دۆلارە بەسەر ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێودەوڵەتییدا، بەرتەسککردنەوەی ئەم هەژموونە یان سوککردنی لە مەودای نزیکدا ئاسان نییە، چونکە ئێستا %85ی کۆی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی جیهان بە دۆلار دەکرێت، بە دواشیدا یۆرۆ دێت. گۆڕینی سیستمی پێدانی نێودەوڵەتی  بۆ ئایندە، پێویستیی بە بزاوتێکی دەستەجەمعییە، دەشێ قورسایی دۆلار بەسەر مامەڵە بازرگانییەکانەوە کەم بکرێتەوە، بە تایبەتی ئەگەر ئەم گروپە لە مامەڵەکردنی بازرگانییاندا لەگەڵ یەکتر بە دراوی وڵاتەکانیان سەرکەوتوو بن، ئەم خاڵە سەرەتای پشتبەستنە بە دراوی هاوبەش (بەبێ دۆلار) لە مامەڵە بازرگانییەکانی داهاتوویاندا.

رەوتێکی لەسەرۆخۆیە
بێگومان دەیان دەوڵەت ئارەزووی نیشانداوە بۆ بوونە ئەندامی گروپی برێکس، بەپێی لێدوانی بەرپرسانی باشووری ئەفریقا ژمارەیان گەیشتۆتە 40 دەوڵەت، لەوانە 20 دەوڵەتیان بە رەسمی داوای بوونە ئەندامیان بۆ برێکس پێشکەش کردووە، ئەمەش ئەوە دووپات دەکاتەوە، کە ئەمە رەوتێکی سەرکەوتووە و بەرەو پێش دەچێت، بەڵام لەسەرخۆیە و خێرا نییە، چونکە ئەو زەمینەیەی ئێستا لەسەر گۆڕەپانی جیهان هەیە، هێشتا پتەوە، بەدەر لەو رەخنە و تێبینییانەی لەسەریەتی، تەنانەت خودی ئەمریکا و فەرەنساش لەو سیستمە ئابوورییەی ئێستای جیهان ناڕازین، لەبەرئەوە هەر هەنگاوێک بەرەو کەمکردنەوەی هەژموونی دۆلار گرنگە، چونکە کاریگەرییەکانی بارگۆڕانی دۆلار کەم دەکاتەوە، ئەمەش گرژییەکانی رەوشی ئابووریی نێودەوڵەتی سوک دەکات.
بێگومان، سەرکەوتنی ئەو هەنگاوانەی ئێستا برێکس دەینێت، وا دەکات ئەگەر ئەو گروپە فراوان بێت و دەوڵەتانی کاریگەر بکاتە ئەندام و سەرەنجام ببێتە هێزێکی بنچینەیی بەرامبەر بە هەژموونی ئیستای خۆرئاوا، دەشێ هاوتای ئەو نەبن، بەڵام دەشێ لە داهاتوودا بە ئاستی ئەوان بگەن، ئەگەر بەم رەوتەی ئێستا درێژەی پێبدەن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان