دوێنێ، شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ، سەردانی كەركوكی كرد و مەبەستی سەردانەكەش بۆ ئاگاداربوون بوو لە بارودۆخی شارەكە.
هەر دوێنێ، ئاسۆ مامەند و شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ، بە هاوڕێیەتی ژمارەیەك لە ئەندامانی سەركردایەتیی یەكێتی، بەشدارییان لە پرسەی شەهیدانی كەركوكدا كرد.
لە لێدوانێكیدا بۆ كەناڵەكانی راگەیاندن، شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ، رایگەیاند: سەردانەكەمان بۆ كەركوك، بۆ پشتیوانییە لە خەڵك و هەڤاڵانمان و سەركردایەتیی كەركوك، دەستخۆشیمان لێكردن كە رۆڵێكی زۆر باشیان بینی بۆ كۆنتڕۆڵكردنی بارودۆخی شارەكە و ئەركی هەمووشمانە خزمەتی شارەكە بكەین و هەموو كوردێكی نیشتمانپەروەریش دەبێت بەرگریی لە كەركوك بكات. وتیشی: ئێمە لێرەین، لە رابردوو و ئێستادا بە كردار سەلماندوومانە كە بەرگریكاری خەڵك و نەتەوەی خۆمانین لە كەركوكدا، پێكەوەژیان لەم شارەدا بۆ ئێمە بنەمایە و هەمیشە كارمان لەسەر كردووە. «مێژووی كەركوك دەیسەلمێنێت كێ موزایەدەچییە و كێش بەرگریی لە كەركوك و خەڵكی شارەكە دەكات».
ئاماژەی بەوەشكرد كە «بارودۆخی كەركوك بە موزایەدەكردن ئاسایی نابێتەوە، بە دانیشتن لەسەر مێزی گفتوگۆ لەنێوان هەموو نەتەوەكان و لایەنە سیاسییەكاندا، ئاسایی دەبێتەوە، خەڵكی ئەم شارە هەمیشە خۆڕاگربوون و ناكەونە داوی موزایەدەوە، ئەوانەی موزایەدە بەسەر كەركوكەوە دەكەن، ئاشكرایە ئێستا لە كوێن، ئاشكراشە ئێمەش لە كوێین».