له فارسییه‌وه: هیوا غفور شێخ پاڵه‌وانی
2-2 و كۆتایی
3- وه‌ك ئاو بۆ شوكولاته/ لۆرا ئێسكیڤێل؛ 1989 مه‌كسیك
له مه‌كسیك نه‌ریتێك هه‌یه، كه كچی بچووكی خێزان، به هیچ شێوه‌یه‌ك مافی شووكردنی نییه، ئه‌ركیشی ئه‌وه‌یه چاودێری دایك و باوكه به ته‌مه‌نه‌كه‌ی بكات (تیتا) كچێكه كه ده‌بێته قوربانی ئه‌م نه‌ریته. له گوندێكدا و له خانوویه‌كی گه‌وره‌دا له‌گه‌ڵ دایك و خوشكه گه‌وره‌كانی به یه‌كه‌وه ده‌ژین. سیحری ئه‌و چێشتلێنانه. هه‌وڵده‌دات ئه‌م نه‌ریته بشكێنێت و كۆتایی پێبهێنێت، به‌ڵام له هه‌وڵ و تێكۆشانی تاك و ته‌نهای ئه‌و بۆ شكاندن و یاخیبوون له‌م نه‌ریته، بێهووده ده‌بێت.
هه‌ر به‌شێكی رۆمانه‌كه به رێنماییه‌كانی لێنانی جۆره خواردنێكی تایبه‌تی مه‌كسیكی ده‌ستپێده‌كات و تا كۆتایی ئه‌و به‌شه شان به شانی به‌سه‌رهاتی كاره‌كته‌ره‌كان و رووداوه‌كان به‌رده‌وام ده‌بێت. لۆرا ئێسكیڤێل به‌م شێوازه داهێنه‌رانه‌یه، كه به زمانێكی شاعیرانه و تێكه‌ڵكردنی فه‌نتازیا و واقیع، رۆمانێكی نووسیوه كه هه‌ست و سۆزی خوێنه‌ر ده‌وروژێنێت و تا راده‌یه‌كیش خوێنه‌ر له‌ژێر كاریگه‌ریی هه‌ست و سۆزهكانیدا، چاو له كه‌موكوڕییه‌كانی دیكه‌ی نووسه‌ر (وه‌ك كاره‌كته‌رسازی) داده‌خات.
4- دره‌وشانه‌وه‌ی دار ههڵوژهكه. شكوفه ئازه‌ر 2017 - ئێرانی
(پاڵێوراوی خه‌ڵاتی بوكهرمان له ساڵی 2020)
به‌هار كچێكی ته‌مه‌ن 13 ساڵه‌یه كاتێك به‌ڕێكه‌وت له كاتی شۆڕشی 1979ی ئێران‌دا كۆچی دوایی ده‌كات. دایك و باوكی و باقی خێزانه‌كه‌یان به مردنی كچه‌كه‌یان دڵته‌نگ و غه‌مگین ده‌بن، دواتریش به هۆی له سێداره‌دانی كوڕه‌كه‌ی دیكه‌یان و رووداوه‌كانی ساڵانی هه‌شتاكان و بۆردومانكردنی تاران، په‌نا بۆ یه‌كێك له گونده دووره ده‌سته‌كانی باكوور ده‌به‌ن.
گێڕه‌ره‌وه یان رۆحی ئه‌و كچه مردووه، به شوێنی خانه‌واده‌كه‌یدا ده‌ڕوات و ده‌چێته ئه‌و شوێنه نوێیه‌ی كۆچیان بۆ كردووه، بۆ ئه‌وه‌ی بوونی ئه‌و له‌و شوێنه‌دا، ببێته مایه‌ی سه‌بووری كه‌سوكاره‌كه‌ی و هیوایه‌ك بۆ خێزانه‌كه‌ی بگێڕێته‌وه كه تازییه بارن.
له به‌شێكی رۆمانه‌كه‌دا، پشكنه‌ره‌كان، كتێبی (سه‌د ساڵ ته‌نیایی) له‌ناو كه‌لوپه‌لی ئه‌م بنه‌ماڵه‌یه‌دا ده‌دۆزنه‌وه. ئه‌م رۆمانه‌ش (دره‌وشانه‌وه‌ی دار ههڵوژهكه) به یه‌كێك له گێڕانه‌وه‌كانی هاوشێوه‌ی رۆمانی (سه‌د ساڵ ته‌نیایی) داده‌نرێت. شكوفه ئازه‌ر ئه‌م شێوازه‌ی به‌كارهێناوه، بۆ ئه‌وه‌ی به نووسین، تۆڵه‌ی ئه‌و ساڵه سه‌ختانه و ساڕێژكردنی برینه كۆنه‌كانی ئه‌و دایكانه بكاته‌وه كه منداڵه‌كانیان له ده‌ستداوه.
له‌م رۆمانه‌دا گه‌لێك رووداوی خه‌یاڵی سه‌رسوڕهێنه‌ر به‌دی ده‌كرێت، كه تێكه‌ڵه‌یه‌كه له عیرفان و بابه‌تی ترس و دڵه‌ڕاوكێ، فۆلكلۆری ئێرانی، خه‌ون و بیروباوه‌ڕی لۆكاڵی باكوور، به‌فره ره‌شه‌كان و جنۆكه‌كانی ناو دارستانه‌كان و خوشكێك كه بۆ په‌ری ده‌ریایی ده‌گۆڕێت و... هه‌موو ئه‌مانه خزمه‌ت به مانا به‌خشین به قۆناغێك ده‌كه‌ن، به‌خشینی مانا به قۆناغێكی پشێوی مێژووی هاوچه‌رخ و بوونگهلێك كه له‌م قه‌یرانه‌دا بوونیان نه‌بووه.
و
5- كاتژمێری به‌غداد / شهد الراوی؛ 2016 - عیراق
(پاڵێوراوی خه‌ڵاتی بوكه‌ری عه‌ره‌بی)
سه‌ره‌تای ساڵانی نه‌وه‌ده‌كانه و له ئاسمانی به‌غداده‌وه بۆمب ده‌بارێت. هێزه چه‌كداره‌كان به شه‌قام و كۆڵانه‌كاندا ده‌سوڕێنه‌وه. هه‌ندێكیان ئاواره‌ده‌بن، هه‌ندێكیشیان به‌ره‌و په‌ناگه‌كان هه‌ڵدێن و ده‌بینن له‌به‌ر چاویان شاره‌كه وێران ده‌بێت. منداڵ و دایك و باوكه‌كان له‌یه‌كتر داده‌بڕێن. خانوو و ماڵ و دوكانه‌كان به‌سه‌ر یه‌كتردا ده‌ڕووخێن و هه‌موو شت تێكچووه، له‌و كاته‌دا دوو كچی بچووك یه‌كتر ده‌بیننه‌وه كه له سه‌رده‌می شه‌ڕی (ئێران و عیراق) دا له‌دایك بوون.
كاتژمێری به‌غدا، چیرۆكێكی ساده‌یه ده‌رباره‌ی هاوڕێیه‌تی دوو كچ و گه‌وره‌بوونیان به‌یه‌كه‌وه. باس له هیوا و خه‌ونه‌كانیان ده‌كات، باس له شارێك ده‌كات كه هه‌رچه‌نده ئه‌وان گه‌وره ده‌بن، به‌ڵام ئه‌و شاره بچووكتر ده‌بێته‌وه. بازنه‌ی هاوڕێیه‌تی و ئاشنا و په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیان له‌گه‌ڵ گه‌وره‌بوونیان، بچووكتر ده‌بنه‌وه. ئه‌وان هه‌وڵده‌ده‌ن سه‌باره‌ت به‌م دۆزه‌خه‌ی كه تێی كه‌وتوون، ئارام بگرن. له‌م رۆمانه‌دا، راوی ناتوانێت خه‌ون ببینێت، بۆیه به‌شداری خه‌ونه‌كانی (نادیه)ی هاوڕێی ده‌كات. ده‌ستكاری خه‌ونه‌كانی ده‌كات، هه‌ندێكجاریش خه‌ونه‌كانی ده‌سڕێته‌وه.
تایبه‌تمه‌ندییه هاوبه‌شه‌كانی ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی كه له (سه‌د ساڵ ته‌نیایی) ئیلهامیان وه‌رگرتووه:
هه‌ره‌سهێنان: پێده‌چێت هه‌موو ئه‌م چیرۆكانه باس له یه‌ك شت بكه‌ن؛ ئه‌ویشی (داڕوخان و هه‌ره‌سهێنان). جا له رێگه‌ی خه‌بات و به‌ربه‌ره‌كانێ، شه‌ڕ، وێرانكاری، یاخیبوون یان هه‌ر شتێكی تری له‌و جۆره‌وه بێت.
ئه‌م چیرۆكانه وه‌ك ئه‌وه‌ی بۆ وێرانكردن و كاولكاری و گۆڕانكاری یان بۆ شكستپێهێنان و كۆتایی پێهێنانی سه‌رده‌می سته‌مكاران نووسرابن. له هه‌موو ئه‌م چیرۆكانه كه ژنان نووسه‌رین، خۆڕاگری و پشوودرێژی و دان به‌خۆداگرتن شان به شانی یه‌كتر رێ ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییه یه كه بوونی سیحر و جادوو ده‌كاته شتێكی حه‌تمی و ناچاریت وه‌ك بوونێكی واقیعی وه‌ری بگریت.
خێزان و شوێن وه‌ك ره‌گه‌زی سه‌ره‌كیی: له‌م رۆمانانه‌دا، خێزان وه‌كو ئه‌وه‌ی كه ئه‌ندامه‌كانی ره‌گ و ریشه و ره‌چه‌ڵه‌كیان هه‌یه و په‌یوه‌ندییه‌ك به یه‌كه‌وه ده‌یانبه‌ستێته‌وه و له‌ژێر یه‌ك سه‌قفدا پێكه‌وه ده‌ژین، هه‌روه‌ك لق و پۆپی دره‌ختێكی گه‌وره‌ی به‌ته‌مه‌ن وان و یه‌كتر ده‌پارێزن. هه‌روه‌ها شوێنیش له زۆربه‌ی چیرۆكه‌كاندا هێنده بایه‌خی پێدراوه و له راستی نزیك كراوه‌ته‌وه، به جۆرێكه ئه‌گه‌ر ئه‌و شوێنه له واقیعدا ببینیت، به ئاسانی بیناسیته‌وه. وه‌ك ئه‌و خانووه گڵه‌ی له گونده‌كه‌دا باسده‌كرێت له رۆمانی (دره‌وشانه‌وه‌ی دار ههڵووژهكه) و (ماڵی رۆحه‌كان).
ته‌نیایی: ئه‌و هه‌سته‌ی به‌سه‌ر هه‌موو كاره‌كته‌ره سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌م رۆمانانه‌دا زاڵه، ته‌نیاییه. هیچ سیحر و جادوییهك ناتوانێت به‌سه‌ر ئه‌م ته‌نیاییه‌دا زاڵ بێت. چ له (سه‌د ساڵ ته‌نیایی) كه ته‌نیایی چاره‌نووسی هه‌موو دانیشتووانی ئه‌و ماڵه بوو. چ له‌م رۆمانانه‌ی كه هه‌ڵبژێردراون، هه‌ندێك جار له شێوه‌ی فرمێسكه‌كانی تیتا له رۆمانی (وه‌كو ئاو بۆ شوكولاته) كه ده‌كه‌وێته سه‌ر كێكی بووكێنی. هه‌ندێك جاریش له شێوه‌ی دار گێلاسێكه له دڵیدا هه‌ستی پێده‌كات كه له برینه‌كانی پشتییه‌وه رواوه. هه‌ندێك جار رۆحی به‌هاری ته‌مه‌ن 13 ساڵه‌یه، له‌كاتی خۆرئاوابووندا دره‌وشانه‌وه‌ی دایكی ده‌بینێت كاتێك براكه‌ی له سێ داره ده‌درێت (دره‌وشانه‌وه‌ی دار ههڵوژهكه.) یان ئه‌لبای گه‌نج له (ماڵی رۆحیانه‌ته‌كان)، هه‌وڵده‌دات له نێوان ئه‌م رۆحانه‌دا، رێگایه‌ك بكاته‌وه. ته‌نیایی له گیان و مێشكیاندا هه‌یه و ئاماده‌یه. ته‌نیایی وه‌ك كانییه‌كی وشك له شوێنێكدا هه‌یه و رۆحی كاره‌كته‌ره‌كان ده‌ستی پێناگات.
فیزیكییهت: جه‌سته؛ جه‌سته‌ی پڕجووڵه. شوێنێك بۆ ئازاردان و ماندووبوون و ئه‌زموونكردنی گه‌وره‌ترین چێژه‌كان. حهماسییهت، تامكردن، ده‌ست لێدان، بۆنكردنی هه‌موو جۆره بۆنێك، بۆنی عه‌تر و بۆنی گه‌نیوی. درككردنی تیشكی خۆر و رووناكی، قبووڵكردنی تاریكی، به‌تایبه‌ت جه‌سته‌ی ژنان، ئه‌و جه‌سته‌یه‌ی توانای منداڵبوونی هه‌یه. له چیرۆكی ئه‌م ژنه نووسه‌رانه‌دا، هه‌میشه ئه‌م جه‌ستانه زۆرن. ئه‌و جه‌ستانه‌ی كه قسه ده‌كه‌ن و وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌وان نه‌خشه‌ی رێگاكه بزانن.
نهێنی: بڕگه‌یه‌ك له یه‌كێك له شیعره‌كانی (مارگرێت ئاتوود)دا هه‌یه: "وه‌ك تاریكی چۆن خوێن ده‌ڕژێت". ئه‌مه لایه‌نی سێیه‌می ئه‌م چیرۆكانه‌یه، نهێنی (راز) چیرۆك گه‌لێكی بچووك سه‌باره‌ت به بیروباوه‌ڕی فۆلكلۆر، خورافات و جنۆكه، بوونی سیحر جادو له چوارچێوه‌ی رۆمانه‌كاندا و له هه‌مووی گرنگتر، بونی زمانی شیعری رۆمانه‌كانه.
وا دیاره نووسه‌رانی ئه‌م ژانره هه‌میشه هه‌وڵیان داوه بۆ بینین و نیشاندانی ئه‌و ته‌نگ و چه‌ڵه‌مه و كوێرهوهرییانهی له پێشمانه‌وه‌یه، دیدگا و ده‌رچه‌یه‌كی نوێ پیشان ده‌ده‌ن و ده‌یخه‌نه روو. ریالیزمی جادوویی هه‌وڵێكه بۆ زیندوو مانه‌وه، ئه‌وه‌ش له بارودۆخێكدا كه ژیان به هیچ شێوه‌یه‌ك شیاوی تێگه‌یشتن نییه.
سەرچاوە: vinesh.ir
شکۆفە ئازەر
شهد الراوی
لۆرا ئێسکیڤێل