مێژوونووس و نووسه‌ری ناوداری كورد جه‌مال بابان ماڵئاوایی كرد

11:39 - 2023-09-08
کوردستان
728 جار خوێندراوەتەوە

نووسه‌ر و مێژوونووسی ناوداری كورد، مامۆستا جه‌مال بابان، له‌ ته‌مه‌نی 96 ساڵیدا، شه‌وی 7/8ـی ئه‌یلولی 2023) له‌ شاری سلێمانی کۆچی دوایی کرد. 


مامۆستا جەمال بابان لە ساڵی 1927لە شاری سلێمانی دایکبووە، لە ساڵی 1950 کۆلێژی مافی زانکۆی بەغدای تەواوکردووە و لە ژیانیدا لە پاڵ نووسین و کتێبەکانیدا، چەندین پۆستی وەرگرتووە، ساڵی 1970 بووەتە یەکەم سەرۆکی یەکێتیی نووسەرانی کورد، لە ساڵانی شەستەکاندا سەرۆکی شارەوانیی سلێمانی بووە. 
ئەو شاعیر و مێژوونووسە، بەڕێوەبەری ناحیە و سەرۆکی شارەوانی و ئەمینداری گشتی کۆڕی زانیاریی کورد، بەڕێوەبەری دەزگای رۆشنبیری و بڵاوکردنەوەی کوردیش بووە لە بەغدا.

 جەمال بابان ناوی تەواوی جەمال عەبدولقادر عەزمی بەگ بابانە، یەکێکە لە نەوەکانی ئیبراهیم پاشای بابان، کوڕێک و سێ کچی هەیە، دامەزرێنەری سەنتەری رۆشنبیریی بابان بووە لە سلێمانی.

ئەمانەی خوارەوە بەشێکە لە کتێب و چاپکراوەکانی:
- خانزاد- چیرۆک، 1957.
- پەڵەهەورێکی چڵکن، چاپخانەی المعارف- بەغدا، 1958.
- سەی کەڵەک- چیرۆک، دار الجاحظ- بەغدا.
- مامەیارە، چاپخانەی دار الجاحظ- بەغدا، 1973.
- خەڕەکە شکاوەکە، چاپخانەی الحوادث- بەغدا، 1989.
- هەندێک داوەریی بەناوبانگ، چاپخانەی کۆڕی زانیاریی کورد- بەغدا، 1981.
- سلێمانی شارە گەشاوەکەم، 4 بەرگ (بەرگەکانی 1-2، چاپخانەی دار الحریة- بەغدا، 1992، 1998)، (بەرگەکانی 3-4، دەزگای سەردەم- سلێمانی، 2000، 2002).
- بابان في التآریخ ومشاهیر البابانیین، مطبعة الحوادث- بغداد، 1993.
- أعلام کرد العراق، دوو بەش، 2006.
- یاداشتنامەی ژیانم، سلێمانی، 2007.
- گەشتێک بە ناخی تەمەندا، دەزگای سەردەم- سلێمانی، 2007.
- أصول أسماء المدن والمواقع العراقیة، سێ بەش.
- واقع کرکوک، دار آراس- أربیل، 2012.
- بابان لە مێژوودا و گەورەپیاوانی بابان، ناوەندی رۆشنبیریی ئەندێشە- سلێمانی، 2018.
- خاڵە رەجەب، ترش و شیرین، چاپخانەی کامەرانی- سلێمانی، 1969.
- جەمیل صائیب، لە خەوما، چاپخانەی کۆڕی زانیاریی کورد- بەغدا، 1975.
- کاکینە و مستەفا صائیب، قسەی نەستەقی پێشینان.
- مذکرات علي کمال عبدالرحمن، مطبعة شرکة الخنساء- بغداد، 2001.

#کەلتور

بابەتە پەیوەندیدارەکان