حکومەتی عیراق: حکومەتی هەرێم داهات تەسلیم ناکات

11:29 - 2023-09-09
عیراق
371 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی حکومەتی عیراق باس پابەندبوونی حکومەتەکەی دەکات بەرامبەر هەرێمی کوردستان و رایدەگەیەنێت: "حکومەتی ھەرێم داھاتی نەوتی و نانەوتی تەسلیم نەکردووە، بەڵام حکومەتی عیراق پابەندییە داراییەکانی بەرامبەر هەرێم جێبەجێکردووە".
باسم عەوادی، وتەبێژی حکومەتی عیراق لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەری پێشوو) رایدەگەیەنێت: "حکومەتی عیراق سەرجەم پابەندییە داراییەکانی بەرامبەر ھەرێم جێبەجێکردووە، تا کۆتایی مانگی حوزەیران ئەو پارانەی لە ئەستۆی ھەرێمە سێ ھێندەی پشکەکەیەتی".
ئاشکراشیدەکات: "حکومەتی ھەرێم داھاتی نەوتی و نانەوتی تەسلیم نەکردووە"، "سەرەڕای ئەوەش حکومەتی عیراق بڕیاریداوە لێکەوتەکانی پابەندنەبوونی ھەرێم نەخاتە ئەستۆی ھاووڵاتییان و قەرز بدەنە ھەرێم تا کێشە داراییەکان چارەسەر دەبن". "پابەندبوون بە رێکەوتنەکان کورتترین رێگایە بۆ چارەسەری کێشەکان".
ئەمەش لە کاتێکدایە کە حکومەتی هەرێم دابەشنەکردنی مووچەی مانگەکانی حەوت و هەشت بۆ خەرجنەکردنیی شایستەکانی هەرێـم لەلایەن بەغدا-وە دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت، "هەرچی پێویست بووە و هەر پابەندییەک بەرامبەر حکومەتی فیدراڵ هەبێت جێبەجێمان کردووە".
ئەمانە لە کاتێکدان کە حکومەتی عیراق مووچەی مانگی 8ی دابەشکردووە، بەڵام حکومەتی هەرێم مووچەی مانگەکانی 7 و 8ی دابەش نەکردووە و بۆ نەناردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستانی دەگەڕێنێتەوە لە لایەن بەغداوە، وتەبێژی حکومەتی عیراقیش دەڵێت: "بەغدا سەرجەم پابەندییە داراییەکانی بەرامبەر ھەرێم جێبەجێکردووە، بەڵام حکومەتی ھەرێم داھاتی نەوتی و نانەوتی تەسلیم نەکردووە". هەروەها نەدانی مووچە لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە ناڕەزایی فەرمانبەرانی لێکەوتووەتەوە و داوای دابەشکردنی شایستە داراییەکانیان دەکەن.
PUKMEDIA

بابەتە پەیوەندیدارەکان