سەردانی ماڵی ئێمیل زۆلا لە فەرەنسا

07:07 - 2023-09-09
کەلتور
422 جار خوێندراوەتەوە

ئا: ئەردەڵان عەبدوڵڵا
  بە یاوەری دکتۆر محەمەد هەورامی لە  ناوەندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە فەرەنسا سەردانی ماڵی نووسەری ناوداری فەرەنسا و جیهان ئێمیل زۆلام کرد. ئەمەش یەکێک بوو لە وێستگە گرنگەکانی ئەم سەردانەی دواییم بۆ فەرەنسا.
ماڵی ئێمیل زۆلا، سەنتەرێکی کەلتوری گرنگی فەرەنسایە و تایبەتە بەم نووسەرە مەزنە. ئەم سەنتەرە  دەکەوێتە شوێنێکی تەواو دڵگیر و خۆش و ناوچەیەکی سەوزایی زۆر و دارستانی جوانی تیایە. لەم ماڵەدا زۆلا دوایین ساتەکانی ژیانی بەسەربردووە.
لە ماڵەکەدا بەشێکی زۆری دەستنووس، کتێب و شمەکەکانی ئەم کەڵە نووسەرە بەشێوەیەکی باش و مۆدێرن پارێزاوە. هەروەها بۆتە شوێنێکی گەشتیاریش کە خەڵکی بە پارە سەردانی دەکەن و سەیری کارو بەرهەمەکانی ئەم نووسەرە مەزنە دەکەن. جگەلەوەش لە ماڵەکەدا هەموو ئەو رۆژنامە و گۆڤارانە هەڵگیراوە، کە زۆلا شتی تێدا نووسیون، یان لە دژی زۆلا بابەتیان بڵاوکردۆتەوە، تەنانەت ئەو رۆژنامانەشی کە بە خراپی باسیان کردووە. جگە لە نمایشکردنی فیلمی سینەمایی لەبارەی زۆلا و بەرهەمەکانییەوە، کە لە هۆڵی سەنتەرەکەدا نمایش دەکرێت.
لە بەشێکی تری ماڵەکەدا، تایبەت کراوە بە دۆسێی دریفۆس، ئەو ئەفسەرە جولەکەیەی کە لە کۆتاییەکانی سەدەی پێشوودا هەرایەکی گەورەی نایەوە و تاوانبارکرا بەوەی جاسووسی ئەڵمانیایە و خیانەتی لە فەرەنسا کردووە، ئێمیل زۆلاش بەوپەڕی دڵسۆزییەوە داکۆکی لێکرد. ماڵەکە حەوشە و باخێکی گەورەی هەیە، شوێنێکی تەواو دڵگیر و خۆشە و خەڵکێکی زۆریش سەردانی دەکەن.
لە میانی سەردانەکەمدا چاوم کەوت بە  فیلیپ ئۆڕیۆل، بەڕێوبەری سەنتەرەکە و کتێبەکانی خۆمم پێشکەش کرد، کە ئەوانیش هەردوو نۆڤڵێتی لافاو، جەژنەکەی کۆکۆڤیل بوون، کە لە زمانی ئەڵمانیی و عەرەبییەوە  وەرمگێڕاوە. هەروەها کتێبی ئێمیل زۆلا، کە تێیدا باسی ژیان و شێوازی نووسین و قوتابخانەی سروشتگەراییم کردووە و خوێندنەوەم بۆ کۆمەڵێک کاروبەرهەمی زۆلا کردووە.
 فیلیپ ئۆڕیۆل زۆر دڵی بەم کارانە خۆشبوو، خۆشحاڵ بوو کە بەرهەمەکانی زۆلا کراون بە کوردی و نووسەرێکی کوردیش هێندە گرنگی بە زۆلا داوە. ماوەیەکی زۆریش لەگەڵی باسی زۆلا و کاری سەنتەرەکەمان کرد. زۆر سوپاسی ناوەندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە فەرەنسا دەکەم کە هاوکارییان کردم بۆ ئەم سەردانە و تەرجەمەکردنی قسەکانمان.
هیوادارم ئێمەش لە کوردستانن گرنگی بە نووسەرانی خۆمان بدەین، سەنتەر یان ماڵی تایبەتی هاوشێوەی ماڵەکەی زۆلا بۆ نووسەران و ئەدیبان و هونەرمەندانمان بکەینەوە.











#کەلتور

بابەتە پەیوەندیدارەکان