خوێندنەوەیەك بۆ رۆمانی خانزاد

خانزاد شایستەی شاژنی كوردستان بوو نەك میری سۆران!

10:46 - 2023-09-11
کەلتور
139 جار خوێندراوەتەوە

نەوزادی موهەندیس

ئارێز عەبدوڵڵا ئەمجارەش بە رۆمانێكی مێژوویی بە ناونیشانی (خانزاد) بیر و هزری هەموانی كەمەركێشكردەوە و گەڕاندینیەوە بۆ هەڵدانەوەی لاپەڕە و مێژوویەكی رۆشنی گەلەكەمان و ناوچەیەكی هەڵكەوتووی كوانوی دەسەڵات و خەباتی كوردایەتی لە كۆن و نوێدا لە باشووری كوردستان كە ناوچەی (سۆران)ی دڵگیرە.
هەموانی گەڕاندەوە بۆ 400 ساڵ پێش ئەم سەردەمە، ئەویش بە گێڕانەوەیەكی ناوازە و تەكنیكێكی سەركەوتووی رۆمان بە هەڵدانەوەی لاپەڕە  گەش و رۆشنەكانی دەسەڵاتدارێكی كورد، بەڵام چ دەسەڵاتدارێك، ئەو پیاو نەبوو، بەڵكو ژن و شاژنێكی هەڵكەوتووی ناو هەزاران پیاوی زەمان و قۆناغی خۆی بوو، ئەو خانزادی خوشك و دایكی هەموان بوو، ئەو شازادە و میر و سەردارێكی سۆران و كورد بوو، ئەو بەو هەموو تایبەتمەندییە جوان و مەردایەتی و ئازایەتی و خۆبەخشینەی بە كورد و كوردستان  بە بڕینەوەی پرچ و كەزیەی خۆی و پەرتوبڵاوكردنەوەی بە خاكی كوردستاندا و دەست هەڵگرتنی لە تاموچێژ و خۆشییەكانی ژیانێكی كچانە و ژنانەی میرایەتی و ناو كۆشك و تەلارەكان و بە نەچوونە ناو كەژاوەی هاوسەرێتی و بەلەبەركردنی جلوبەرگی پیاوانەی جەنگی، بەكردار دڵسۆزی و خۆشەویستی خۆی بۆ خزمەتكردنی گەل و نیشتمانەكەی دەرخستووە و وەك سەركردەیەكی خۆنەویست خۆی نمایشكردوە و نەمری بۆخۆی مسۆگەر كردووە، ئەو خۆشەویستییەكەی بۆ تاك بەتاك و خێزان و تەواوی كۆمەڵگەی كوردەواری هەر لە بادینان ڕا تا گەرمەسێر لە كفری و خانەقین و سەرپێڵی زەهاو و قەسری شیرین تا هەولێر و كۆیە و كەركوك و شەنگال و  تا سنووری دەسەڵاتی میرانی ئەردەڵان و بابانەكان، ببوە سیمبول و ڕەمزێكی شادیار و نەمری كوردان، بە دەیان چیرۆك و ئەفسانە و شیعر و حەیران و لاوكی پیا هەڵدراوە و تا ئێستاش دەماودەم هەر باس باسی خانزادی شاژنە.


خانزادی سۆران

 

  خانزاد تاكە ژن بووە
خانزادی میری سۆران یان راستتر شازادەی سۆران، سەرمەشقی خەباتێكی كوردانەی راستەقینە بووە و زۆر پێش سەردەم و تەمەنی خۆی كەوتبوو لە میرایەتی و سەركردایەتی و رابەرایەتیكردنی گەلەكەی، ئاشكرایە لەناو كورددا گەلێك ژن هەڵكەوتوون و ناویان لە مێژووی كورددا بەنەمری ماوەتەوە، وەك مەستورەخانمی ئەردەڵانی و قەدەم خێری لوڕی و حەپسەخانی نەقیب و گەلێكی تریش، بەڵام خانزاد تاكە ژن بووە لەیەك كاتدا سەركردەیەكی سەربازی و خاوەن عەقڵ و بیرێكی فراوان و دارێژەری پلانی شەڕ و دروستكردنی قەڵا و شورای قایم بووە و سەركردەیەكی گەڕۆكی بەردەوام بووە بەناوچەكانی فەرمانڕەوایەتیەكەیدا و شەونخونیكەرێكی بە ئاگا بووە لەكاروباری تەواوی دەسەڵات و تەنانەت كەسە ئاساییەكانیش(نموونەی بەسەرهاتی ئاواتەكانی سێ‌ فەقێكە)،لەلایەكی تریشەوە سەركردەیەكی سیاسی گەورە و بیرتیژ و خاوەن ستراتیژ و ئازا و بوێر و چاونەترس بووە، بەشێوەیەك توانیویەتی گاڵە یان یاری بە عەقڵی سوڵتانی ڕۆم (عوسمانی) و شای(عەجەم) یش بكات و بیانخاتە تەپكە و پلانەكانی خۆیەوە.
ئەو شاژنە دادپەروەر و لەهەمانكاتیشدا بەزبر و تۆڵەسێن بووە لە هەركەسێك دۆست یان دوژمن بوبێت گەر زیانی بەگەلەكەی گەیاندبێت( لەنموونەی لەشكری سەرلەشكر كە خیانەتی بە سلێمان پاشای باوكی كردو ژەهرخواردی كرد بە فیت و پلانی والی عوسمانیەكان لە بەغدا).
شاژنە خانزاد لەلایەك نەرمونیانی ژنانە و كچانەی خۆی هەرگیز لەدەستنەداوە، لەلایەكی تریشەوە حیكمەت و عەقڵ و ڕاوێژ و تەگبیری لە پیاوانیشەوە لەبیر نەكردوە، ئەو یەكەم سەركردەی ژن بووە كە یاوەرانی نزیكی 2 ژن بوون كە نەدیو و نەناسیش بون، بەڵام پشتی پێبەستوون و كردونی بە ڕازگر و نهێنی پارێزی خۆی( شیرین و دۆت مەلا).

لە هزر و بیر و ئەندێشەی گەلەكەماندا
شاژنە خانزاد و شەڕ و جەنگ و سەركەوتن و دەسكەوتنەكانی لاپەڕەیەكی گەش و نەمرن لە خەباتی كوردایەتیدا و گرنگە دوای 400 ساڵ لەوڵاتێكی وەكو كوردستانی ژێر دەستەی ڕۆم و عەجەم و دواتریش فارس و تورك و عەرەبەكان، هێشتا جێی پاشماوە نەمرەكانی هەرمابێت و نەوەكانیشیان مابنەوە و ناو و ناوبانگەكەشی وەكو 400 ساڵ پێش ئێستا لە هزر و بیر و ئەندێشەی گەلەكەماندا بەزیندوی مابێتەوە.
ئەم رۆمانە قەشەنگ و مێژووییە لە چوارچێوەی 233 لاپەڕەی نیو ئەی فۆڕ و لە دووتوێی  22 دیمەنی رۆمانیدا خۆی دەبینێتەوە، لەگەڵ فەرهەنگۆكێكی 77 وشەی كوردیدا  بە دیزاینێكی بەرگ و ناوەڕۆكی جوانەوە  چاپکراوە، كاك ئارێز بە ووردەكاری و سەلیقەی نوسین و گێڕانەوە سادە و ساكار و بەكارهێنانی كۆمەڵێك زاراوە و وشەی ناوچەی سۆران و بەیت و شیعر و حەیرانی ئەو سەردەمانە، هێندەی تر تام و چێژی داوەتە رۆمانەكە و هەموانی راکێشاوە بۆ خوێندنەوەی  رۆمانەکە و تاكۆتایی خوێنەر ناتوانێت دەستی لێ هەڵبگرێت.
ئەم رۆمانەی كاك ئارێز  هەموو توخم و ڕەگەزەكانی رۆمانێكی سەركەوتوویی تیادا بەرجدەستە بوە، دەكرێت  بكرێتە سیناریۆیەكی جوان و سەركەوتووی ئامادە بۆ  فلیم یان زنجیرە درامایەكی مێژوویی.

سەدایەكی باشی ناوەتەوە
ئەم رۆمانە لەدوای رۆمانی پاشای گەورەی كاك ئارێزەوە تام و بۆیەكی تایبەتی هەیە  و دەنگ و رەنگ و سەدایەكی باشی ناوەتەوە و هەرچەندە من بۆخۆم چێژی تایبەتیم لە هەردوو رۆمانەكە وەرگرتوە، بەڵام مرۆ راست بڵێت رۆمانی پاشای گەورەم زێدە لا نزیكترە. 
لەكۆتاییدا دەستخۆشی لە كاك ئارێزی نووسەر دەكەم كە بە گێڕانەوە و تۆماركردن و نوسینەوەی ئەم جۆرە رۆمانە مێژووییانە هەمووان شاد دەكاتەوە بە مێژوویەكی دێرینی گەل و نەتەوەكەمان و نەوەی نوێش ئاشنا دەكاتەوە بە مێژووی باو وباپیرانمان بۆئەوەی بزانن كە كوردیش هیچی كەمتر نیە لە تورك و عەجەم  و عەرەبەكان.
بەداخەوە بەدرێژایی مێژوو و خەباتی كوردایەتی بە ئێستاشەوە هەمیشە مێژوو و رووداوە تاریك و دڵتەزێنەكان خۆیان بە ناسۆرترین شێوە دووبارەدەكەنەوە و ئێمەش هیچ پەند و عیبرەتێكیان لێ وەرناگرین و جار لەدوای جار بەخراپترین شێواز دەبینەوە دەسكەلا و دەستەمۆی  دوژمنان و تا خیانەت و تەفرەخواردن  وەستابێت پەنا نابەینە بەر برایەتی و تەبایی و یەكگرتوویی نێوماڵی كورد، ئەوەش زۆرجاران تەنها لەبەر ئافەرینێك یان مشتێك دۆلار و دینار یان دەسكەوت و پلە و پۆستێكی بچووكی بێ‌ ئەرزش لەبەرامبەر دۆڕاندنی دەسكەوتە گەورە نەتەوەیی و نیشتیمانیەكانمان.
بەداخەوە بۆ مێژوو و سەركردە و كەسایەتییە ناودار و هەڵكەوتوەكانی كورد كە گیانی خۆیان بەخشیە نەتەوە و نیشاتمانەكەمان، بەشێوەیەك هەركام لەو سەركردانە هیچیان كەمتر نەبووە لە سەركردەی گەلانی تر و یەكێكی وەكو خانزادە خاتوون نەك هەر شایستەی میری ناوچەیەكی بەرتەسكی جوگرافی بووە، بەڵكو دەبوایە شاژنێك بوایە وەك شاژنە ڤیكتۆریا و ئەلیزابێسی دووەمی شاژنی بەریتانیا، ئێستاش نەچوە بچێت هەق وایە سەركردە و پارتە سیاسیەكان پەند و عیبرەت لەو مێژووە رەشانەی رابردوومان وەربگرن و دووبارەیان نەكەنەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان