״پێشبینی دەكرێت ژمارەی قوربانیانی لافاوەكەی لیبیا بەرزببێتەوە״

12:00 - 2023-09-13
ڕاپۆرت
508 جار خوێندراوەتەوە

ئا: ئازاد ئیبراهیم

سەرچاوە پزیشكییەكانی لیبیا ئەوەیان خستۆتەڕوو كە لە ئەنجامی ئەو لافاوانەی لە بەرەبەیانی رۆژی یەكشەممەی رابردووەوە، بەهۆی زریانی دانیال لە دەریای ناوەڕاستەوە هەڵیكردۆتەسەر شارەكانی خۆرهەڵاتی لیبیا، نزیكەی 2800 كەس گیانیان لەدەستداوە.
فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی خاچی سوور و كۆمەڵگەی مانگی سوور، هۆشدارییانداوە و پێشبینی دەكەن ژمارەی قوربانیانی لافاوەكەی خۆرهەڵاتی لیبیا بەشێوەیەكی بەرچاو بەرزببێتەوە، ئەوەش لە روانگەی ئەو راپۆرتانەوە كە ئاماژە بە بێسەروشوێنبوونی هەزاران كەسیتر دەكەن.
بەرپرسانی حكومەتی خۆرهەڵاتی لیبیا رایانگەیاندووە، لانیكەم زیاتر لە دوو هەزار كەس بەهۆی لافاوەكەوە گیانیان لەدەستداوە، هەرچەندە ژمارەكە لەوە زیاترە و تا ئێستا بە تەواوی ژمارەی قوربانییەكان نازانرێت.
شایانی باسە، زریانی دانیال، لافاوێكی وێرانكەرە و شارۆچكەكانی خۆرهەڵاتی لیبیای گرتۆتەوە. لێپرسراوانیش ئاماژە بەوە دەكەن كە شاری دێرنە زۆرترین زیانی بەركەوتووە، چونكە باران و لافاوێكی زۆر بەنداوەكانی وێرانكردووە و تەواوی گەڕەكەكانی راماڵیوە. راشیانگەیاندووە: %25ی شاری دێرنە بەهۆی لافاوەوە دیارنەماوە.
هەروەها، مانگی سووری لیبیا رایگەیاندووە: تیمەكانیان زیاتر لە 300 قوربانییان لە دێرنا دۆزیوەتەوە و حكومەتی لیبیاش سنوورەكەی وەك ناوچەی كارەساتبار ناساند.
لای خۆیەوە باڵیۆزخانەی ئەمریكا رایگەیاندووە: لە پەیوەندیدان لەگەڵ نەتەوە یەكگرتووەكان و دەسەڵاتدارانی لیبیا سەبارەت بە چۆنیەتی گەیاندنی هاوكاری بۆ ئەو ناوچانەی زۆرترین زیانیان بەركەوتووە.

#جیهان

بابەتە پەیوەندیدارەکان