پەیامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لەبارەی هێرشی دوژمنکارانەی سەر فڕۆکەخانەی عەربەت

10:14 - 2023-09-18
کوردستان
286 جار خوێندراوەتەوە

هێرشی دوژمنکارانەی سەر فڕۆکەخانەی کشتوکاڵی عەربەت، هێرشە بۆ سەر تێکڕای هەرێمی کوردستان و بەشێک لە سنووری کۆماری عیراقی فیدرال.

کردەوە  پڕ لە تاوان و دوژمنکارییەکەی  ئەمڕۆ بۆ سەر فڕۆکەخانەی کشتوکاڵی عەربەت  سنووربەزاندنێکی لە رادەبەدەری هەرێمی  کوردستانە و جێبەجێکردنی ئەو  پیلانە دژ بە  مرۆڤایەتییەیە کە بۆ تێکدانی ئارامی و ئاسایشی هەرێمی کوردستان بە گشتی و سنووری سلێمانی  بە تایبەتی، داڕێژراوە.
ئێمە وێڕای ئیدانەی توندی ئەو تاوانە، تەئکید لە پێویستیی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی لایەنە کوردستانییەکان  دەکەینەوە بۆ بەرەنگاری مەترسییەکانی سەر هەرێمەکەمان. ئەم جۆرە پەلاماردانە  دوژمنکاریانەی سەر هەر بستێکی  هەرێمی کوردستان بە پەلاماردان بۆ سەر بەشێکی جوگرافیای  عیراقیش دەزانین، پەلاماردانی هەر یەکەیەکی هێزەکانی هەرێمی کوردستان کە لە پێکهاتەی هێزە  چەکدارەکانی عیراقە و لە دەستووری هەمیشەییدا بەڕەسمی ناسێنرابن، مانای پەلاماردانە بۆ سەر مەنزومەی ئەمنی و سەربازی عیراقیش، بۆیە جارێکی تر داوا و تەئکید لە حکومەتی فیدرالی عیراق  دەکەینەوە کە چیتر   نابێت لە ئاست ئەم  پەلاماردانە ترسنۆک و دوژمنکاریانەی  داگیرکەراندا بێدەنگی هەڵبژێرن و دوژمنان بە وڵاتەکەمان خۆش بکەن.
 بۆ بەرپەرچدانەوەی  سیاسی و دیپلۆماسیانە و سەرکۆنەکردنی ئەم پەلامارانە داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ناوەندە ئازادیخوازەکانی دونیا دەکەین کە هاودەنگمان بن لە گەیاندنی پەیامی   ریسواکردنی ئەم  جۆرە تاوانانە و بکەرەکانیان کە  بونەتە هەڕەشە و مەترسی بۆ سەر تێکڕای مرۆڤایەتی.

هەر لێرەوە  پرسە و ماتەمینی خۆمان ئاراستەی خانەوادە و کەسوکاری  شەهیدەکان دەکەین  کە لەپێناوی بەرگری و پاراستنی ئارامی و ئۆقرەیی  هەرێمەکەماندا  گیانیان بەخشی،  هیوای هەرچی زوو چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازین.
ریسوایی بۆ پەلاماردەرانی وڵاتەکەمان

مەکتەبی سیاسی 
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان