رۆژە سەختەکانی سەبیحە شێر محەمەد

11:46 - 2023-09-19
دووتوێ
382 جار خوێندراوەتەوە

رەوای شەهید
جەعفەر عەبدولواحید 

 

سەرەتای ساڵی 1977 نەرمین خان هاتە لای دایکم، داوای لێکرد کە ژنێک و منداڵێک بە میوانی لە ماڵمان دابنێین هەتا خانوویەکی کرێی بۆ دەدۆزێتەوە.
دوای ئەوەی کە بە دایکمی راگەیاند ئەو ژنە هاوسەری کادرێکی دڵسۆزی کۆمەڵەی رەنجدەرانە و لەلای بەعس زیندانییە، دایکیشم وەک پیشەی هەمیشەیی کە ماڵی کراوەبوو بۆ هەموو لێقەوماوێک، رەزامەندیی نیشاندا، ئیتر کە هاتن من زۆر دڵخۆش بووم، لەبەرئەوەی خوشکم نەبوو، ئەویش کچێکی زۆر جوان و خوێنشیرینی لەگەڵ بوو بەناوی بڵێسە، ئیتر ئەو ماوە کورتە بووە پێنج ساڵ و چەند مانگێک، خۆشترین رۆژی تەمەنم بەسەربرد لەگەڵ بڵێسەدا، وابزانم بۆ ئەویش وابوو، هەتا رۆژێک دایکم وتی: رەوا ئێمە دەڕۆینە ماڵی پورت بۆ چەند رۆژێک، من نەمزانی ئەوە باوکی بڵێسە لە زیندان ئازادکراوە و هیچ شوێنێکیان نەبوو لە ماڵی ئێمە زیاتر و دایکیشم وەکو دابونەریتی خۆمان و وەک ژنێکی بێ مێرد، پێی گونجاو نەبوو لە ماڵ بێت و لە هەمان کاتیشدا دەیویست ماڵەکە بۆ ئەوان چۆڵ بکات کە چەندین ساڵە لەیەک دابڕابوون.
هەفتەیەک لە ماڵی پوورم بووین، ئەوان هاتنە سەردانمان و وتیان خانوومان گرتووە و زۆریش سوپاسیان کردین.
سەبیحە خان و کاک جەبار فەرمان بەپەلە ماڵیان دامەزراند، هەرچەندە خانووەکە بە کرێ بوو، بەڵام بۆ سەبیحەخان خۆشترین ماڵ بوو، وای هەست دەکرد دنیا بە دەمیەوە پێدەکەنێ و دەرگای بەختی کرایەوە، نەیزانی ئەوە سەرەتای لێقەومانەکانە، نەیزانی کاک جەبار هەر لەبەر خاتری دڵی ئەو ماڵی دامەزراندووە و خۆی هەموو بیری لای  هەڤاڵانی شاخ بوو، دەیویست بە زووترین کات بەوان بگات، ئەم هەموو خۆشییە و هاتنەدی و بەردەوامبوونی خەونەکان چوارمانگی خایاند، چەند جارێک سەردانمان کردن لە ماڵە خنجیلانەکەیان کە پڕ بوو لە توحفە جوانەکانی زیندان کە کاک جەبار خۆی دروستی کردبوون، بەشێکی لە شقارتە دروستکرابوون، بەشێکی لە متوموور و زەنگیانە دروست کرابوون، هەر پارچەیەک توحفەیەک بوو، سەیرم پێی دەهات ئەو دەست و پەنجە ناسک و پڕ هەستە چۆن دەتوانێت دەمانچە و کلاشینکۆف بگرێت و بیتەقێنێت.
رۆژێک سەبیحەخان بەپەلە هات و بەدایکمی وت: قانیعە خان بمگەیێ جەبار رۆیشتە شاخ، دایکیشم وەک پیشەی هەمیشەیی، خەمی هەموو خەڵکی بە هی خۆی دادەنا و دەستی بەگریان کرد و بە هەردووکیان تێر گریان بۆ مێردەکانیان، دایکم برینی باوکمی لێ نوێ ببۆوە، سەبیحە خانیش رۆیشتنی کاک جەبار ئاگری تێ بەردابوو و من و بڵێسەش وەکو دوو تەیری باڵکراو هاتوچۆمان دەکرد بە دەورو خولی دایکمان و دەسەڵاتی هیچیشمان نەبوو، لە هەمووشی قورستر ئەوە بوو بۆ سەبیحەخان دووگیان بوو کە دواتر کچێکی بوو ناویان نا کڵپە، ئەو سەردەمەی من باسی لێوە دەکەم، سەردەمی میسالیات بوو، سەردەمێک بوو هەموو کادرەکان نموونەیی بوون، گیان و ماڵ و منداڵیان لە پێناوی کوردستاندا بەخت دەکرد، سەردەمێک بوو هەموو شۆڕشگێڕەکان بە کردەوە دڵسۆزییان دەسەلماند نەک بە قسە، قۆناغێک بوو هەموو ژنەکان و منداڵەکانی کۆمەڵە و یەکێتی دەربەدەربوون، بە سەدان ریکخستن دەگیران و لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانیان دەبەخشی.
 
ژوورێکی کۆنی بەکرێ گرت
 سەبیحەخان بە دڵیکی پڕ خەم و چاوی پڕ لە فرمێسکەوە، سەری بەرزکردەوە و بە دایکمی وت: چی بکەم؟ دایکیشم وتی: بگەڕێوە بۆلای خۆم، ماڵەکەت بهێنە لێرە لە ژوورێکدا دایبنێ و خۆشت وەک جاران لێرە بە، ئەویش وتی: هەرگیز نایەمەوە، دیسان ببم بە بار بەسەر تۆوە، بەسە تۆ ئەم هەموو ساڵە ئاگات لە خۆم لە کچەکەم بووە، هەرگیز ناتوانم ئەم هەموو ئەرکەت بخەمە سەر شان.
 دوای مشتومڕ و سوێندخواردنێکی زۆر، نەگەیشتنە ئەنجام، دایکم وتی: دەوەرە تۆزێک پشوو بدە ماندوبوویت، وەک جارانیش نیت، ئێستا منداڵێک لە سکتایە پێویستی بە نان و ئاوە.
دوای چەند رۆژێک سەبیحەخان دەیویست ژوورێک بەکرێ بگرێت لە نزیکی ئێمە، ئەو سنوورەی ئێمە زۆر کۆن بوو، لە پشت ئیحسای هەولێرەوە بوو، پێی دەوترا خانەقا و لەدوای گەڕەگی خانەقا، پێی دەوترا بیرێژی، بیرێژیان حەساری لێبوو، حەسار پێکهاتبوو لە ماڵی گەورە، ژوور ژوور بەکرێ دەدرا، دایکیشم هەوڵی دەدا بڕیارکەی پێ بگۆڕێت و بگەڕێتەوە لای خۆمان، ئیتر چەند رۆژێک لەو کێشمە کێشمەدا بوون، هەتا ماڵی باوکی نووسەری گەورە و رووناکبیر کاک دڵشاد عەبدوڵڵا ئەوانیش کە بنەماڵەیەکی میهرەبان و دڵسۆزی شۆڕشی نۆی بوون، ژوورێکیان بۆ دۆزییەوە لە ماڵی ژنێکی تەنیای بە رەچەڵەک جولەکە بە ناوی رەجینە، ژنێکی بەتەمەنی رەزیلی تووڕە بوو، هەموو کات تووکی گرژ بوو، قبووڵی نەدەکرد کەس لە دەرگای ماڵیان بدات.
بەڵام دایکم بەردەوام دەینارد بەشوێن سەبیحەخان و بڵێسەدا بەبێ ئەوان نانێکمان نەدەخوارد، بەتایبەتی سەبیحەخان بەردەوام خەفەتبار و بێتاقەت بوو، ئیتر رۆژ لە دوای رۆژ سکی سەبیحە خان گەورەتر دەبوو، ئەدگاری ژنێکی دوو گیانی پێوە دیاردەبوو، دەبوو دەوامی قوتابخانەش بکات وەک مامۆستا و بڵێسەش پەروەردە بکات و لە حەوشەی ماڵمان پێشوازیی لەو هەڤاڵانەش بکات کە لەلای کاک جەبارەوە دەهاتن نامەیان بۆ دەهێنا، کات زۆر بەپەلە دەڕۆیشت، هەتا سکی سەبیحە خان تەواو گەورە بوو و قورسی بە لەش و لارییەوە دەرکەوت و دەم و لێو و چاوەکانی ئاوسان و چاوەکانی سیس و ماندوو و بێ خەو، قاچێکی لەدەوام بوو و قاچێکی لای ئێمە و قاچێکی بۆ ماڵی رەجینە، هەتا خەڵک کەوتنە پرسیارکردن لەو ژنە بێ مێردەی کە بەردەوام دەستی کچێکی بچووک دەگرێت و سکی هەیە و ئێواران دەگەڕیتەوە بە تەنیا بۆ ژوورێک لە خانوویەکی کۆندا، ئیتر پرسیارەکان زۆر بوون و ئەو ژنە بێکەسە هەتا دەهات چاو لەسەری زیاتر دەبوو. سەبیحەخان مامۆستای دواناوەندی و دەرچووی کۆلێژی پەروەردە بوو، بەڵام بۆ خۆشاردنەوە لە قوتابخانەیەکی سەرەتایی دەوامی دەکرد.

سەبیحە خان  و سەرکردەی نەمر جەبار فەرمان و بڵێسەی کچیان

قسەکانی رەجینە
رۆژێک رەجینە بەبێ لە دەرگادان و بە چاوێکی پڕ لە شەڕەوە هات، وتی: ئێوە من بە گرتن دەدەن، ئێوە ماڵی من بە قوڕ دەگرن، ئێوە بۆچی بە منتان نەوتووە ئەوە ژنە موخەڕیبە! وتیشی: ئەوە پێت دەڵێم بە سەبیحە بڵێ نەگەڕێتەوە ماڵی من، ئەمڕۆ چەند ئەمنێک هاتوون لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ کردووم لەسەر سەبیحە و مێردەکەی و داوایانکرد ئەگەر سەبیحە گەڕایەوە من تەلەفۆنیان بۆ بکەم، ئیتر دایکم ئەژنۆی لەرزی و دڵی کەوتە لێدانێکی توند.
ئیتر ئاگای لە هات و هاواری رەجینە نەما و کەوتە دنیای بیرکردنەوەوە، رەجینە قسەکانی نەدەبڕییەوە و وتی: ماڵ و حاڵی ئەو ژنە ببەنەوە لای خۆتان و جارێکی تر خۆی نەیەتە ئەو گەڕەگە و بەبێ خواحافیزی و رۆیشت. زۆر بە تووڕەیی دەرگای هۆڵەکەی داخست لە دوای خۆی، دایکیشم پێی وتم: ئەگەر دایکی بڵێسە هاتەوە، هیچ نەڵێیت هەتا نان دەخۆن و تۆزێک پشوو دەدات، ئەو ژنە دووگیانە با رانەچڵەکێت.
ئیتر دایک و کچ گەڕانەوە، هەردووکیان دڵگران و خەمبار، بەتایبەتی سەبیحە خان هەناسەی بۆ نەدەدرا لە ماندووبوون و بارگرانی جەستەی، دایکم خواردنی بۆ دانان و زۆر کەمیان خوارد، دایکم وتی: سەبیحە، قسەیەکم هەیە بۆت بەڵام دڵت هیچ نەکات، سەبیحەخان لەبەرئەوەی هەموو کات چاوەڕێی گرتن و بردن بوو، لە ئامادەباشیدا بوو، وتی: چی بووە؟ دایکم زۆر بە شێنەیی شتەکانی پێ وت، وتیشی هیچی تر ناهێڵم بچیتەوە ماڵی رەجینە، لە سەرتاوە پێم وتیت مانەوەت لە هەر شوێنێکی تر جگە لە ماڵی من، هەڵەیەکی گەورەیە، ئەوەتا راپۆرتت لەسەر دراوە بە ئەمن.
ئەو ئێوارەیە بۆ دایکم و سەبیحە خان زۆر قورس بوو، کە رۆژ بۆوە، دایکم تێلی بۆ کاکە ئازادی خوشکەزای  باوکم کرد، ئازاد کوڕێکی ژیر و مەرد بوو، دڵسۆز بوو بۆ کوردایەتی و تا سەرئێسقان ئەمین بوو، جێگەی متمانەی هەموو کەس بوو، خۆشەویستێکی رەسەنی باوکیشم بوو، کە گەیشت دایکم هەموو شتێکی تێگەیاند، ئازاد زۆر بێتاقەتی ئەو هەواڵە بوو، هیچ هێمایەکی خۆشی بە دەم چاوییەوە نەما، دڵی کەوتە پەلە پەل و سەیرێکی دایکمی کرد و وتی: ئینجا چار چییە؟ دایکم ناوی چەند کەسێکی پێ وت  کە پیاوی باشن، وتی: با بێن سەبیحەخان بیبەن بۆ ئەمن، ئەگەر سەبیحە خۆی بچێت، دڵنیام بەڵێننامەیەکی لێ وەردەگرن و دەینێرنەوە، وتی من لە وەزعی کۆنی خۆمەوە ئەو شارەزاییەم هەیە.
کاکە ئازاد رۆیشت و وتی ئێوارە دێمەوە.

بەرەو دائیرەی ئەمن
 دوای نیوەڕۆ لە دەرگا درا و بەپەلە بەرەو دەرگا رۆیشتم و دەرگاکەم کردەوە، دایکم رێگەی دابووم دەرگا لە چەند کەسێک بکەمەوە، کاکە ئازاد یەکێک بوو لەوانە، کە هاتە حەوشە لە باوەشیکردم و منیش بە هەردوو دەستم توند ملیم گرت و بۆنی باوکم و یایەم لێدەکرد، ئەویش بە پێکەنینەوە وتی: ها رەوێ گەورە بوویت، کە گەیشتە هۆڵەکە منی داگرت و بە نیگایەکی پڕ لە خەفەتەوە سەیری دایکمی کرد و سەرەنجام ئاشکرای کرد کە کەس ئامادەی هاوکاری نەبووە.
ئیتر دایکم بە کاکە ئازادی وت: ئەم ماوەیە لە ماڵی ئێمە دووربە و بە دایکیشت بڵێ کەستان سەردانمان نەکەن، ئازاد وتی جێتان ناهێڵم، دایکم وتی کوڕم تۆ تازە ژنت هێناوە، بڕۆ با تووشی شتێک نەبیت، ئەوانە بتگرن ونت دەکەن، بەهەر شێوەیەک بێت دایکم قەناعەتی بە کاکە ئازاد هێنا و بەڕێیکرد.
دایکم و سەبیحە خان زۆر بێتاقەت بوون، دایکم خۆی زۆر بێ دەسەڵات دەهاتە پێش چاو و سەبیحە خانیش زۆر دەترسا، ژنێکی زۆر جوان و گەنج، هەردوو کوڵمی پەمەیی، ناسک، قژێکی هەنگوینی چاو و برۆ بادەمی، دەست و پەنجەکانی دەتوت کەلەرمە، دایکم زۆر بە دڵێکی پڕەوە چووە ژووری نووستنەکەی خۆی و یەکێک لە دەرگاکانی کەنتۆرەکەی کردەوە و دوو دانە عەبای رەشی هێنا دانەیەکی فڕێدایە بەردەم سەبیحە خان و بە توندی و دانەیەکیشی بەسەری خۆیدا دا و بە قوڕگی پڕ گریانەوە و بە تووڕەییەوە وتی: سەبیحە هەستە، کە ئێمە خۆمان پیاو بین، پیاوی خەڵکمان بۆ چییە یارمەتیمان بدات؟ هەستە من دەتبەم بۆ ئەمن، سەبیحە خان هەستایە سەرپێی و لە دایکم نزیک بۆوە! وتی قانیعە خان تۆ دەزانیت ئەوە موجازەفەیەکی چەند گەورەیە؟ فایلی تۆ سەد قات لە فایلی من قورسترە، دڵنیایت چی دەکەیت؟ وتی: بەڵێ دەزانم، بەڵام ناتوانم چاوەڕێ بم هەتا بەسەرماندا دەدەن و خوا گەورەیە من هەموو کات بۆ ئیشی خێر و چاکە کە هەنگاو دەنێم، پشتم بە خوا قایمە، من ناتوانم خۆم شەرمەزاری کاک جەبار بکەم، تازە پاراستنی تۆ و منداڵەکانت لە پێش پاراستنی خۆم و منداڵەکانمەوەیە بۆمن، هەرگیز چاوەڕێی ئەوە نابم بێن لە پێش چاوم بتگرن، لەوە زیاتر با دوانەکەوین، مەترسە هەرگیز جێتناهێڵم.
سەبیحە خان هەناسەیەکی قووڵی  هەڵمژی و دەست و پەنجەکانی قرچاند و پاپووچەکانی لەپێ کرد و عەباکەی دا بەسەریدا و هەموو جەستە و مل و شانی خۆی داپۆشی، خۆی و دایکم وەکو رەشماڵێکی رەش چوونە ژێر عەباکانیان و هەموو گیان و سەر دەستیان لەناو عەباکانیاندا شاردەوە، تەنها دوو چاو و چەناگەیان دیارما، دایکم لەمن نزیک بۆوە و وتی: دوای من، تۆ بەرپرسی ئەم ماڵەیت، ئاگات لە براکەت بێت و دڵی بڵێسەش رابگرە، ئەگەر ئێمە نەگەڕاینەوە، هەواڵ بۆ یایە بنێرە بێت بتانبات بۆ ماڵی خۆیان.
بەو تەمەنە بچووکەمەوە هەستم بە مەسئولیەتێکی زۆر گەورە کرد، دەبوو شان بدەمە بەر کارێکی زۆر قورس کە بۆ تەمەنی من گونجاو نەبوو، دایکم وانەیەکی بەپەلەی دا بە سەبیحە خان و داوای لێکرد کە هیچ نەشڵەژێ و هیچ جۆرە کارێکی وا نەکات کە ئەمنەکان لێی بکەونە گومانەوە و لە هەمانکاتیشدا سەری هیچ داوێک نەداتە ئەو دوژمنانە، هەردووکیان وەکو دوو شاخی سەرکەش بە قامەتێکی بەرزەوە هەنگاویان دەنا منیش بەدوایانەوە بووم هەتا دەرگای حەوشە و سەرم لە دەرگاکە دەرهێنا و هەر سەیرم کردن، بەڕادەیەک خەریک بوو چاوەکانیشم بەدوایاندا دەڕۆیشت، هەتا لە پێش چاوەکانم ونبوون، دەرگاکەم دانەخست، دواتر بەرەو ناوماڵ شەقاوم دەهاویشت و هەموو بیر و هۆشیشم لەلای دایکم و سەبیحە خان بوو، ئەگەر شتێکی خراپیان بەرامبەر بکرێت؟ ئەگەر دەست درێژییان بکەنەسەر؟ ئەگەر بیانگرن و نەیانبینینەوە؟ بە دەیان پرسیاری لەو جۆرە، کە گەیشتمەوە ژوورە و سەیرێکی بڵێسەم کرد و بینیم ئەویش هەمان پرسیار و ئەگەر لەسەر دەموچاو و ناو مێشکیدایە و سەری هەردووکمان قورس ببوو و دڵیشمان بەقەد کونی دەرزییەکی لێمابۆوە، ئەو ماڵەی تێیدا بووین، بۆمان ببووە بیابانێکی گەورە، خۆزگەمان بە  پەڵە هەورێک دەخواست  بێت و تینوێتیمان بشکێنێت، جۆرەها سەرابی سەیر سەیرمان دەبینی لە شکڵی دایکم و سەبیحە خان، قەڵەمی دەست و قاچمان شکا و زمانمان لاڵ ببوو، توانای چاو تروکاندنیشمان نەما و هەریەکەمان کەوتینە خەوێکی زۆر ناخۆشەوە لە ئەنجامی قووتدانی ئەم هەموو خەفەت و ترسە. 
دەتوانم بڵێم زیاتر لە بێهۆشی دەچوو، رێبازیش وەکو پاسەوانێکی خوا سەیری من و بڵێسەی دەکرد و بە چاو دوعای گەڕانەوەشی دەکرد بۆ ئەو دوو دایکە.

سەبیحەخان و کچەکانی بڵێسە و کڵپە و دەریا

 

چاوەڕوانییەکی سەخت
بانگی مەغریب تەواو بوو، دونیا بەرەو تاریکبوون دەچوو، رۆژ خەریکی خۆ پێچانەوە بوو بۆ ئاوا بوون، تاریکی تۆزە تۆزە بڵاودەبۆوە، میلی سەعات زۆر بە قورسی دەجووڵا، هیچ دەرفەتێک نەبوو بۆ نەجاتبوونمان لەو تەنگانەیە تەنها ئارامگرتن و نزاکردن نەبێت، خوایە دایکمان بۆ بگەڕێنیتەوە، خوایە دایکمان لێ نەستێنی، خوایە بێ باوک بووین بێ دایکمان نەکەیت.
هەتا توانای ئارامگرتنم نەما و دەستم کرد بەگریان وەک مرواری فرمێسکەکانم دەهاتە خوارەوە و بڵێسە سەری خستبووە ناو کۆشی و بە دزییەوە دەگریا، رێبازیش وەکو بوونەوەرێکی بریندار هەستی بە گەورترین ئازار دەکرد و خۆی مات کردبوو، هەر لە هاتوچۆدابووم، بڕۆم یان بووەستم لە تەلەفوکردن بۆ یایە هەتا بێتە هانامان ئەو سێ منداڵە بێ دەسەڵاتە بباتە ماڵی خۆی، یان تۆزێکی تریش چاوەڕێبم، خوایە چ بڕیارێک بدەم؟ خوایە چی بکەم باشە، ئەگەر خەبەرم بۆ پلکم نارد و نیوە عومرم کرد و ئەوانیش هاتنەوە؟ یان ئەگەر تێلم نەکرد و زۆر دواکەوتن و پلکم نەیتوانی بێت، لە نێوان دەیان هەڵبژاردەدا بووم و دەستم هیچیانیشی نەدەگرت، هەتا دەرگای حەوشەمان بوو بە دەرگای بەهەشت و بەڕووماندا کرایەوە و جووتێک حۆری جوانی رەشپۆش بەژوور کەوتن و زەردەخەنەیان مژدەی سەرکەوتنی دەداینێ، من و بڵێسە سەرمان بڵند کرد و هەستاینە سەرپێ و فرمێسکە مروارییەکانی سەر روومەتمان سڕییەوە و سەیرێکی یەکتریمان کرد و بەچاو پیرۆزبایمان لەیەکتری کرد و ئەو ژوورەی لێی بووین و هەتا ناو باوەشی دایکمان بووە یەک شاقاو، باوەشیان بۆمان کردەوە و وتیان هاتینەوە.
دایکم بەپەلە بۆ لای رێباز رۆیشت و باوەشی پێدا کرد و وتی: رێبو ئەوەتا هاتمەوە، ئەوە لێرەم، سەیرێکی منی کرد و وتی: ئافەرین کچە عاقڵەکەم، خۆ هیچ خەبەرت لۆ پلکت نەناردییە؟ منیش وتم نا جارێ؟ وتی زۆر باشبوو قەلەقت نەکرد.
ئیتر هەتا شەو درەنگ باسی ئەو رۆیشتنەیان بۆ ئەو شوێنە ترسناکە دەکرد و دڵیان بە ئازایەتی و سەرکەوتنەکەیان زۆر خۆش بوو، سوپاسگوزاری خوا بوون.
ئەو ئێوارەیە زۆر دڵخۆش بووین و خەوێکی زۆر قووڵ و هێمنیشمان کرد، شەوەکەی لە سەربانی ماڵمان هەموومان دەتگوت کەوتووینە ناو بیرەوە، ئەوەندە دڵ و مێشکمان ماندوو ببوو، وەکو بەرد لێی کەوتین و خەوتین، بەیانی زوو دایکم زۆر بە ئەسپایی لە سەربان هاتە خوارەوە بۆ ئامادەکردنی نانی بەیانی، عەبای لەسەر کرد و رۆیشتە دەرەوە هەر لە ریزی دەرگای  کۆڵانمان بە دەیان شوێنی فرۆشتنی ماست و پەنیر و هێلکەی خۆمانە گوێز و بادەم و هەنگوین و میوەی وشککراوە، گۆشتفرۆش و میوەفرۆش کە جۆرەها میوەی ترش و شیرینیان هەبوو، هەموویان زۆر رێزی دایکمیان لەلابوو لەبەرئەوەی لە ئەسڵدا ئەو گەڕەکە موڵکی باوکی دایکم بوو، هەموویان دەست لەسەرسینگ بۆی دەوەستان و هەر شتێکی بکڕیبا بە حەماڵی ئەو شوێنە بۆ دایکمیان دەناردە ماڵەوە، هەموو بەیانییەکیش نانی گەرممان بۆ دەهاتە ماڵەوە، دوکانی نانەواکە کرێچی دایکم بوو، ئیتر دایکم گەیشتە ماڵەوە، منیش هەتاو لەناو چاوی دەدام و شەڕی پێدەفرۆشتم، تۆزێک خۆم مات دەکرد و تۆزێک تووڕە دەبووم لە هەتاوەکە و بە جارێک پەست بووم لێی و دەرچووم لەناو جێگاکەم و هاتمە خوارەوە  بۆلای دایکم، کاکە ئازادیش پەیدا بوو، دایکم وتی ئازاد گیان بەخێربێیت بەو بەیانییە زووە خێرە هاتوویت؟ خۆ هیچ نەبووە؟ کاکە ئازادیش وتی: خاڵۆژن بە خوا من شەو هیچ خەوم لێنەکەوتووە لە تاو وەزعی ئێوە؟ هەر لۆمەی خۆمم کردووە وتومە من چۆن ئەو ماڵ و منداڵەی خاڵم وا بە جێهێشت و گەڕامەوە ماڵی خۆمان، ئەوانە دیاریی خاڵمن بە خوا من هەرگیز پشتتان تێناکەم خاڵۆژن، بێ ئەوەی ئاگای لەو قارەمانێتییەی دایکم و سەبیحە خان بێت، دایکیشم بە زەردەخەنەیەکی شیرینەوە وتی: ئازاد خەبەرێکی خۆش، کاکە ئازاد شاگەشکە بوو، دەموچاوی هەمووی بووە هێمای سەرسوڕمان، وتی چی بووە خاڵۆژن؟
ئیتر دایکم وتی: خۆم چارەسەرم کرد، لەگەڵ سەبیحە رۆیشتین بۆ ئەمنی بەلدە، خۆم و سەبیحە و تۆشم نەجات دا لەو دڵەڕاوکێیە، کاکە ئازاد کەوتە قاقای پێکەنین، چ پێکەنینێک؟ جوانترین دەم و دانی هەبوو کاتێک کە پێدەکەنی دوو ریز مراوری بەدەردەکەوتن، وەکو ریزە شاخێکی بەفراوی رێک بریسکەی دەهات و دووچاوی برۆ و بژانگ رەش پڕ مەستی و جوانی هەر دەتوت کوڕە سوڵتانە، ئەوەندە چاوی کچی جوانی لەسەر بوو، بۆیە خێری لە خۆشی نەبینی لە لووتکەی گەنجیدا جوانە مەرگ بوو، هەستایەوە دەستی دایکمی ماچ کرد و وتی توخوا؟ چۆن؟ خاڵۆژن دەزانیت ئەوە چ ئیشێکە تۆ کردووتە؟ بەڕاستی شانازیت پێوە دەکەم.
ئیتر کاکە ئازاد نەیدەبڕییەوه بە دەیان پرسیاری لە دایکم دەکرد و دەکردەوە و دیسان پێی دووبارە دەکردەوە، ئێ خاڵۆژن ئەوان چییان وت؟ ئێوە چیتان وەڵام دایەوە؟ ئێ خاڵۆژن؟ ئێ خاڵۆژن خۆ ئەزییەتیان نەدان؟ ئیێ خاڵۆژن خۆی بێڕێزیان بەرامبەرتان نەکرد؟ ئێ خاڵۆژن؟ هەتا دایکم زەردەخەنەیەکی کرد و وتی: کوڕم دە راوستە با نانێک بخۆین بە خوای هەمووت لۆ باس دەکەم.

سەربازێکی ون
من و کاکە ئازاد لە تەنیشت یەکتری دانیشتبووین و دایکیشم لە بەرامبەری هەردووکمان بوو تەواو بووین لە نانی بەیانی، دایکم نەیدەویست لە بەردەمی من قسە بکات، نەوەک بترسم یا لەبەردەم خەڵک ئەو قسانە بگێڕمەوە، وتی رەوا بچۆ سەرەوە سەرێک لە رێباز بدە، من زانیم دایکم دەیەوێت من دوور بخاتەوە لەو نهێنیانە، دەشمزانی دایکم دوێنێ قارەمانێتییەکی گەورەی تۆمارکردووە و دەبیێت وردەکارییەکانی بزانم، بە دایکمم وت: باشە وا دەچم، بەڵام خۆم لە پشتی دەرگای هۆڵەکە شاردەوە بۆ وەرگرتنی ئەو وەڵامانەی کە لە چەند رۆژی رابردوو هەموو سەر و گیان و مێشک و دڵمی داگیر کردبوو، ئینجا لە گێڕانەوەی رۆیشتنەکەیان بۆ ئەمن و بە هەموو وردەکاریەکانییەوە زانییم لەوێ چیبووە، وتی ئازاد هەر لێرە دەرچووین وتم سەبیحە گوێت لێبێت تۆ هەرگیز نابێت خۆت وا نیشانبدەیت کە عەرەبی دەزانیت، بۆئەوەی من خۆم بکەم بە موتەرجیم بۆ تۆ و بڵێم بۆیە من لەگەڵی هاتووم لەبەرئەوەی ئەو ژنە عەرەبی نازانێت، هەرگیز نابێت خۆت وا نیشان بدەیت کە ئێمە زۆر دەمێکە یەکتری دەناسین و پەیوەندەییەکەمان ئەوەندە بەهێزە و دەبێت خۆت زۆر بێمنەت نیشان بدەیت، هەتا ترست لێ بەدیبکەن، زیاتر گومانت لێدەکەن و بە هیچ شێوەیەک خۆت وا نیشان نەدەیت کە هەواڵی مێردت دەزانیت یان نامەت بۆ دەنێرێ، پێیان بڵێ کە تۆ لە زمانی کوردی گەرمیانی زیاتر هیچ زمانێکی تر نازانیت، بۆیەش خانەقینت بەجێهشتووە و هاتوویتە هەولێر، لەبەرئەوەی کەسوکارت لێت عاجزن و قسەت لەگەڵ ناکەن لەبەرئەوەی رەزامەندییان نەبووە تۆ  شوو بەو پیاوە بکەیت کە کاک جەبارە، وتی سەبیحەش وەکو خوێندکارێکی ژیر و عاقڵ پیت بە پیت وشە بە وشە قسەکانی منی لە گوێ دەگرت و دەیوت باش قانیعە خان، بەسەرچاو، ئیشەڵڵا لێم رازی دەبیت، ئیشەڵڵا هەڵە ناکەم، وتی: هەتا گەیشتینە بەردەم دەرگای ئەمنی بەلدە، کە گەیشتبوون دایکم بە حەرەسی بەردەرگاکەی وتبوو سەلام و عەلەیکوم، وتی بەدەم و چاوێکی پڕ نەفرتەوە وتی ها، شتریدون، دایکیشم وتبووی (نرید نشوف مدیر الامن)، وەڵامی دایکمی دابۆوە و وتبووی (مدیرالامن)!، دایکیشم وتبووی بەڵێ، وتبووی بوەستن لێرە نەجوڵین هەتا دێمەوە و دوای نیو سەعات کابرا گەڕابۆوە بۆ لایان و دایکم و سەبیحە خانی بە رێڕەوێکی تەسکدا بردبوو بۆ یەکێک لە ژوورە داخراوەکانی ناو ئەو قەسابخانەیە، پێی وتبوون لێرە دانیشن و چاوەڕێ بن، دایکم و سەبیحە خان هەر بەچاو پەیامیان  گۆڕیبۆوە هەتا کابرایەکی سەرزلی سمێڵ گەورەی ناشیرین لێیان چووبووە ژوورەکە و وتبووی (ها انتوا منو، شتریدون من مدیر الامن) دایکم وتبووی: ئێمە لەبەر بە فیڕۆنەدانی کاتی ئێوە داوای مودیرمان کردووە، وتمان یەکسەر ئیشکە کورت بکەینەوە لەبەر کەمی کاتی ئێوە، وتی من بڕیار دەدەم جەنابی مودیری ئەمن بتان بینێت یان نا، دایکیشم وتبووی خۆت چاکتر دەزانیت، وتبووی دەی بزانم ئێوە کێن، دایکیشم وتبووی لە راستیدا من هیچ ئیشێکم نییە، تەنها هاتووم لەگەڵ ئەو ژنە بێکەسە وەک موتەرجیم لەبەرئەوەی عەربییەکەی باش نییە، وەکو خێرێک لەگەڵی هاتووم، ئەمنەکە وتبووی ئەوە کێیە؟ ناوی چییە؟ دایکم وتبووی بەس دەزانم ناوی سەبیحەیە، ئەمنەکەش وتبووی تۆ چۆن ئەوت ناسیوە؟ دایکیشم وتبووی ئێمە دراوسێین، بەڵام ئەو تەنیایە لێرە غەریبە، ئێمەش وەکو ژنانی گەڕەک چاوێکمان لێیەتی، ئەمنەکە وتبووی ئینجا بۆ هاتووە بۆ ئێرە چی دەوێت، دایکیشم وتبووی ئێوە داوای ئەوتان کردبوو، چەند رۆژێک پێش ئێستا چووبوون بۆ سەردانی  ئەو ماڵەی کە ژوورێکی لێیان گرتووە، ویستبووتان هەندێک پرسیاری لێبکەن، ئەوەتا ئەو خۆی هاتووە بزانێ چیتان هەیە لەگەڵی، ئەمنەکە وتبووی ئێستا دێمەوە، رۆیشتبوو گەڕابۆوە فایلێکی گەورەی هێنابوو و بە توندی فڕێیدابووە  سەر مێزەکە و وتبووی ئێستا زانیم ئێمە بۆچی سەردانی ماڵیمان کردووە،  سەبیحە خان زۆر ترسابوو! دایکیشم قوڕگی تۆزێک وشک ببوو و وتبووی  بەڵێ فەرموو، ئەمنەکە دەستی دابووە تەلەفۆن قسەی  لەگەڵ  ژوورێکی تر  کردبوو و وتبووی با فڵان کەس بێت، دایکم و سەبیحە خان خوێنی جەستەیان ببوو بە ئاو لە ترسی ئەوەی نەوەک جەلادێک یان پیاوکوژێکیان لێ بهێنێتە ژوورەکە، وتی کە هات ئەمنێکی کورد بوو، بۆیە هێنابووی بەس تەنها بۆ ئەوەی بزانێت دایکم قسەکان وەکو خۆی تەرجومە دەکات یان بە هەڵە، ئیتر وتبووی سەبیحە تۆ خەڵکی کۆێیت؟ دایکیشم دەستی کردبوو بە وەرگیڕانی هەموو پرسیارەکان وەکو خۆی بێ زیاد و کەم، سەبیحە خانیش وەڵامی هەموو پرسیارەکانی دابۆوە، ئینجا پێی وتبو کوا هاوسەرەکەت؟ سەبیحە خانیش وتبووی ئێوە لە من باشتر دەزانن، من ژنێکی دوو گیانی ماندوو بە منداڵێکی بچووکەوە، بێکەس و کار لە غەریبایەتی چوزانم ئەو لە کوێیە؟ وتبووی یەعنی نامەت بۆ نایە و هاوڕێی و رەفیق نایەنە سەردانت؟ ئەویش وتبووی نا، من چۆن دەتوانم خاوەن یەک ژوورم لە حەسارێک پێشوازی لە خەڵکی بێگانە بکەم؟ ئینجا وتبووی ئێمە دەتوانین دەستگیرت بکەین، دایکیشم دەیوت نەمدەتوانی زۆر داکۆکی لێبکەم لەبەرئەوەی من وتوومە هەر بۆ تەرجومەکردن هاتووم، دەیوت داکۆکیم بکردبایە، دەچووە قاڵبێکی ترەوە بۆیە بە هەزار شێوە دانم بەخۆمدا دەگرت و نەمدەویست خۆم بکەم بە تەرەف، وتی: سەبیحە بە جواب هات و وتی هاوسەرم یاخی بووە من چیبکەم؟ بۆچی ئێستا ئەو وەزعەی تێیدام زۆر خۆشە؟ 
دایکیشم وتبووی هەرچییەک بێت کەس ناتوانێ ژنێک تۆمەتبار و تاوانبار بکات لەبەر بوونی بە هاوسەری پیاوێک، ئەوە تازە بۆتە ئەمرێکی واقیع و کاتیش هەرگیز ناگەڕێتەوە بۆ دواوە، هەتا خەڵک لە هەڵبژاردن و بڕیارەکانی پێشتری پاشگەز ببێتەوە، ئەمنەکە وتبووی سەبیحە گوێت لێم بێت، من دەرفەتێکت پێ دەدەم بۆ ئەوەی دڵسۆزیی خۆتم  بۆ بسەلمێنیت، ئەگەر سەرکەوتوو بوویت، باشە ئەگەر نا دەتکەین بە پەند بۆ هەموو تێکدەرێکی کورد، دایکیشم وتبووی: فەرموو، وتبووی هەر ئێستا تەعەهودێک پڕ دەکاتەوە، ئەگەر هاوسەری یان کەسێک لە لایەنی هاوسەرەکەیەوە یان زانیاری لەسەر هاوسەرەکەی و شوێنەکەی پەیدا بێت، دەبێت پەیوەندیمان پێوە بکات و ئاسانکاریمان بۆ بکات، ئەگەرنا  دڵنیابە وات لێدەکەین بە ژیانت هەتاو نەبینیتەوە، سەبیحە خانیش وتبووی باشە.
ئیتر هەر دە پەنجەیان پێ مۆر کردبوو و ئیزنیان دابوون و ئەوانیش تۆزە تۆزە لە ژوورەکە هاتبوونە دەرەوە بێئەوەی سەیری هیچ شتێک بکەن، تەنها شەقاوی خۆیان نەبێت و بەرەو حەوشەی شوێنەکە و بەرەو دەرگای کۆڵان و بۆ سەر شەقامی گشتی هەر بە دڵ لێدانێکی زۆر توند هەر بە پێ رۆیشتبوون هەتا گەیشتبوونەوە ماڵەوە ئەمنێکش بە دوایانەوە ببوو و ماڵ و شوێنەکەیان هەموو دەستنیشان کردبوو، ئیتر گوێم لێبوو وتی: ئازاد ئێستا ئیشی تۆ ئەوەیە کە پەیامێک بۆ کاک جەبار بنێریت و تێیدا پێی رابگەیەنیت کە بە هیچ شێوەیەک چۆلەکەیەکیش نابێت سەردانمان بکات نە لە شاخ و نە لەشار. هیچ کەسێک لە رێکخستنە نهێنییەکان نابێت توخنمان بکەون، هەتا سەبیحە منداڵەکەی دەبێت و رەوانەی لای کاک جەبار دەکرێت، کاکە ئازاد وەک سەربازێکی ئازا و گوێڕایەڵ هەستایە سەرپێ و وتی: هیچ خەمت نەبێت، وابزانە هەمووی جێبەجێکراوە و رۆیشت بۆ جێبەجێکردنی رێنماییەکانی دایکم.
ئیتر سەعات لە  دوای سەعات هەتا دەهات جەستەی سەبیحە خان قورستر دەبوو و کاک جەباریش هەواڵی سەبیحە خانی بۆ ماڵی باوکی خۆی ناردبوو بۆ گەیشتن بە هانای سەبیحە خان و یارمەتیدانی لەو دووگیانییەی.
بەیانییەکیان لە دەرگای حەوشە درا و کە کردمەوە، چیم بینی! ژنێک لە چەشنی فریشتە، حۆری بەهەشت، شاژنی وڵاتی جوانی، حەزرەتی حەوا بە گۆشت و رۆحەوە، ژنێکی سەنگین و سەلاری سەرپۆش رەش و جل رەش دەتوت لە خەزێنەی پاشاکان دەرهاتووە، نێوچەوان بڵندی سەربەرزی قامەت جوانی باڵا عەرعەری، ئای خوایە بۆچی دانەیەکی تریشت دروستنەکرد لەو زاتە موبارکە؟  دوودانە کچی چاوو برۆ رەشی گەنم رەنگی قورس و گران و کوڕێکی لە من گەورەتر بە سێ چوار ساڵان بە شەرم و حەیا و کۆمەڵێک دەست و دیاری جوان و بەقیمەت، چاک و چۆنی کرد بە زمانێک یەکەم جارم بوو گوێم لێبێت، قەت ئاشنایم نەبوو لەگەڵ زمانی گەرمیانی، منیش نەمزانی چی بڵێم، وەکو بتێکی بە هەناسە سەیری ئەو ژنە نازدارەم دەکرد، هەتا دایکم گەیشتە سەرسەرم و وتی: رەوا ئەتو لۆ ئەوها راوەستاوی؟ منیش هەر سەیری ئەو ژنە میهرەبانە پڕ نوورەم دەکرد و دایکیشم سەیری کردن و وتی: فەرموون ئەمر بکەن، ئەوان لە وەڵامدانەوە بوون بڵێسە بە راکردن هات و وتی: (نەنە، نەنە، نەنە) هەتا خۆی بۆیان فڕێدا و ئەوانیش وەکو پارچە قوماشێکی سەر مەرقەد بۆن و ماچی بڵێسەیان دەکرد، ئیتر من و دایکم تێگەیشتین کە ئەوانە دۆستن و کەسوکارێکی نزیکی بڵیسە و سەبیحە خانن.

قەتماغەی برینی سەر دڵ
لە نێوان چركە ساتێكدا توانیم لەوە تێبگەم كە ئەو ژنە ئەشرافزادەی گەرمیانە و دایكی كاك جەبارە، گەیشتنە هۆڵەكە و هەموویان باوەشیان بە سەبیحە خاندا كرد و ماچیان كرد و چاك و چۆنی بە زمانی گەرمیانیان لە یەكتری کرد و كەوتنە قسەكردن و منیش هەر سەرم سووڕما بوو لەو زمانە تازەیە، سەبیحە خان بۆم بووە كەسێكی بیانی وەكو وابێت یەكەمجارم بێت بیناسم و هیچیش تێنەدەگەیشتم لە قسەكانیان، دواتر تۆزە تۆزە لەوەندە تێگەیشتم كە وشەی وەگیان جەبار مانایەكی زۆر دەدات و لە شێوەی سوێندێكی زۆر پیرۆزە بۆ هەر هەموویان بە خوشك و برا و دایكی كاك جەبارەوە، خوشكێكی ناوی شیرین بوو و خوشكێكی ناوی سەنا بوو، كوڕە پاشە بەرەكەشیان كە بە چەند ساڵێك لە من گەورەتر بوو ناوی عەلی بوو، خێزانێك كە جێگای فەخر بوون بۆ هەموو گەرمیانییەك و كوردێكی ئەو دونیایە، هەتا بڵێی بە شەرم و حەیا و سەنگین، لە سێبەری خۆیان شەرمیان دەكرد، خاوەن ئەدەب و رێز و حورمەتێك بوون كە هەموو ئینسانێك فەخر بە ناسینیانەوە دەكات، بە مسقاڵ گوێت لە دەنگیان دەبوو و هەڵسوكەوتیان هەمووی بە حیساب بوو، بەرادەیەك دەتوت بە ئاوی حەیا ئاودراون و پەروەردە كراون، كوڕیان لە كچیان بەحەیاتر و كچیان لە كوڕیان پیاوتر، ئینجا منیش دەچوومە بەردەم سەبیحە خان بۆ سەیركردنی ئەو ئەفسانەیەی كە لە شكڵ و شێوەی ژنێك لێمان هاتبووە ژوورەوە كە دایكی كاك جەبار بوو و ئەویش وەكو بازێكی بەرزەفڕ دوو باڵی بۆم لە باوەشی دەكردەوە و بە هەناوی خۆی دەنووساندم و دەیوت: پێم بڵێ نەنە وەكو بڵێسە، ئەوەندە منی خۆشویست ئەگەر لە بڵێسە زیاتر نەبووبێت، كەمتریش نەبوو، كاتێك ئەو پەرییەم بینی و ناسی، ئینجا زانیم ئەو سەنگ و قورس و گرانییەی كاك جەبار لە كوێوە هاتووە، ئینجا تێگەیشتم كە پیاوی وا ئازا و مەرد و قارەمان ئەستەمە لە ژنی ئاسایی لە دایك ببێت، پیاوی وەك جەبار فەرمان هەر دەبێت لە هەناو و منداڵدانی شێرەژنێكی ئاوهادا لە دایك بووبێت.
دوو دانە رۆژ تێپەڕی بەسەر ئەو میوندارییەدا وەك هەموو جار ئامادەكاریمان دەكرد بۆ نانی بەیانی، هەر دەستمان بۆ نانخواردن درێژ دەكرد دیار بوو سەبیحە خان هەموو گیانی ببوو بە ئاو، ئەو نێوچەوانە بلوورییە ببوو بە یەك پارچە زەنگیانەی ئاوی، سوور هەڵگەڕا و زەوی ژێر قاچەكانی و ئاسمانی سەرسەری بوو بە ئاگار و هەموو نوتقی بوو بە ناڵە ناڵ، هەتا ناڵە ناڵەكەی بوو هاوار و بوو بە قیژە، هەموو هەستاینە سەرپێ وەكو پاسەوانی دڵسۆز، هەریەكەمان بۆ لایەك هەنگاومان دەناو شڵەژابووین، دایكم وتی دایكی كاك جەبار ئێوە سەبیحە ببەن بۆ خەستەخانە، منیش هەر ئێستا خواردن دەدەم بە رێباز و دێم، ئەوان رۆیشتن بۆ نەخۆشخانە كە دوو شەقاو لێمانەوە دوور بوو، ئینجا دایكم كەوتە گیانلەرزین و هاتوچۆ، دەستی بۆ هەر شتێك دەبرد لە دەستی بەردەبۆوە و دەڕژا، ئەوەندی بەزەییم بە دایكمدا دەهاتەوە ئەوەندە بە سەبیحە خاندا نا، دایكم پێش چاوی خۆی نەدەبینی، هات خواردن بدات بە رێباز، هەمووی لێ كەوتە خوارەوە و چای دەدایە، هەمووی بە جلەکانیدا دەهاتە خوارەوە، منیش شتەكانم لە دایكم وەرگرت و وتم دایە ئەتۆ بڕۆ كن داكی بڵێسەی، ئەمن نانی دەدەمە رێبازی، دایكم وەكو گوڵ گەشایەوە و وتی: توخوا بەڕاستیتە؟ بەس كچم ئەگەر بە دەستی تۆ نانی نەخوارد؟ وتم هەوڵی خۆم دەدەم هەتا دەتانم، ئەویش برسییە مەجبورە نانی دەخوا، ئیتر دوعای خێری زۆر بۆم كرد و رایكرد بۆ نەخۆشخانە، دایکم وتبووی دایكی كاك جەباری، سەبیحە چی بووە؟ وتبووی (دۆیت) دایكیشم وتبووی (دۆیت)؟ چییە، ئەویش وتبووی دۆیت، دایكم وتبووی كوڕ یان كچ ؟ وتبووی كچ كچ، دایكیشم وتبووی خوا چی بدات ماڵی ئاوەدان بێت، هەر سەبیحە و منداڵەكەی سەلامەت بن بەسە.
دایكم بەپەلە هاتەوە و بەرەو تەباخەكەی مەتبەخ رۆیشت، قاپێكی گەورەی فافۆنی هێنا و خستییە سەر ئاگر و یەك قاڵب كەرەی كوردەواریی خستە ناوی و نیو سەبەتە هێلكەی خۆمانەی شكاند، یەك لە دوای یەك و دەیخستە ناوی دوایی كە جوان سوور بۆوە، نیو كیلۆ هەنگوینی بۆنخۆشی شاخی پێدا كرد وەكو رۆژێكی ناو ئاسمان بە ئاوی زێڕ رووپۆش كرابێت، شەوق و زەوقی هەموو ئینسانێكی دەجووڵاند بۆ خواردن، ئینجا مستێك گۆیزی رەنگ ئاڵتوونی خۆشناوەتی خستە ناو قاپێكی گەورەی قەیماغی عەرەبی و سەماوەرەكەی هەمووی بەتاڵ كردە ناو تەرمۆسێكی گەورەی بریقەدار و سەرەكەی توند داخست و چەند دانە كوپێكی شوشە و باوەشێك نانی تەندووری گەرم هەمووی خستە ناو سەبەتەیەكی جوانەوە و بە سەرچەفێكی گوڵدار دایپۆشی و بە پەلەپەل  منیش وەكو داریكی چەقیو لە شوێنی خۆم وەستابووم، هەر سەر و چاوەكانم بوون دەجووڵان و وتم دایە ئەوە چییە؟ وتی ئەوە دایكی بڵیسەی منداڵی بووە، ئەو خواردنانەی لۆ دەبەمە خەستەخانەی، منیش بە دڵیكی پڕ ترس پرسیارم لە دایكم كرد و وتم: دایە ئەی تۆ كەی منداڵێكت دەبێت؟ دایكم زۆر داما و موتەئەسیر بوو، وتی حەیاتم من بۆ منداڵم ببێت، ئەو منداڵەی دایكی بڵێسە هی هەموومانە، ئەی ئەوە نییە بڵیسە خوشكتە؟ 
ئەوەی ئێستاش هەر خوشكی تۆیە، وتم ئەی بۆچی نامبەیت هەتا بیبینم، وتی حەیاتم منداڵان نابێت بڕۆنە شوێنی وا، وتم ئەدی لۆ بڵێسە رۆیشتییە؟ وتی بڵێسە لەبەر دەرگا دانیشتووە دەرگاوانەكەی خەستەخانە ناهڵێت منداڵ بڕواتە ژوورەوە، منیش باوەڕم كرد.
دایكم پیشبڕكێی لەگەڵ كات دەكرد، بۆ ئەوەی زوو بگاتە لایان، رۆیشت و ماوەیەكی زۆری پێچوو و گەڕایەوە و بۆ ئێوارە هەموویان هاتنەوە ماڵەوە، زۆر بە دڵخۆشی لەگەڵ میوانێكی بچووكی ئێسك سووك، هەتا سەیرت دەكرد جوانتر دەهاتە پێش چاوت، ناوی كڵپە بوو، ئیتر من و بڵێسە لەوەتەی هەبووین خۆشەویستی یەكتری بووین، هەتا ئەو مەلۆتكەیە پەیدابوو، ببووینە شەریكی موخالیف، هەموو كات كێشەمان هەبوو لەسەر كڵپە، ئەو دەیوت تۆ بۆت نییە دەستی لێبدەیت، ئەوە خوشكی منە، منیش دەموت دایكم پێی وتووم خوشكی منیشە.
 هەتا كاتێ هات بارو و بارگەیان لەناو یەك دانا و ئەو منداڵە بچووكە خرایە باوەشی دایكی كاك جەبار و بردییەوە بۆ خانەقین، لەوێ بەخێوی بكەن هەتا دەگاتە ئەو تەمەنەی كە بەكەڵكی شاخ و ژیانی پێشمەرگایەتی دایك و باوكی دێ، سەبیحە خان و بڵیسەش بەڕێكران بۆ سلیمانی و لەوێش بۆ لای كاك جەبار، كڵپە نە بۆ من بوو نە بۆ بڵێسە و هەردووكیشمان یەكتریشمان لێ رۆیشت بەو لێكدابڕانە سەختەی كە ئێستاش برینی قەتماغەی نەكردووە لەناو دڵم، ئێستاش خوا سەبووری نەداوم لە نەتیجەی ئەو باركردنەیان، هەروەك چۆن دایكم وەكو دێوانەی لێهات بۆ سەبیحە خان، هەتا دوا نەفەس سەبیحە خان هەر ئەزیزی چاو و دڵی بوو، هەرگیز ئەو خوشكایەتییەی بە گیانی خۆشی نەدەگۆڕییەوە.

سەبیحە خان

بابەتە پەیوەندیدارەکان