31 هەزار كۆمپانیا لە هەرێم تۆماركراون

09:09 - 2022-05-18
ئابووری
676 جار خوێندراوەتەوە

لاپەڕەی ئابووری

بەڕێوەبەری گشتیی تۆماری كۆمپانیاكان لە هەرێمی كوردستان ئاماژە بەوەدەكات: لەكۆی 31 هەزار و 27 كۆمپانیا كە تۆماركراون، زیاتر لە 27 هەزاریان كۆمپانیای خۆماڵین و سێ هەزار و 314 كۆمپانیایان بیانین، هاوكات پڕۆسەی تێچووی ناوی بازرگانی بۆ كۆمپانیاكان، بڕی 50 هەزار دینار وەردەگیرێت كە پێشتر بۆ هەمان بابەت بڕی 600 هەزار دینار وەردەگیرا.
بڵند محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی تۆماری كۆمپانیاكان لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێم، بە ماڵپەڕی تۆڕی هەواڵی سلێمانی  راگەیاندووە: لە هەرێمی كوردستان 31 هەزار و 27 كۆمپانیا تۆماركراون، كە زیاتر لە 27 هەزار كۆمپانیایان خۆماڵین و سێ هەزار و 314 كۆمپانیایان بیانین، بە جۆرێك كۆمپانیا توركییەكان لە سەرووی ریزبەندیی كۆمپانیا بیانییەكاندان و پاشان كۆمپانیا ئێرانییەكان و دواتر كۆمپانیا ئەمریكییەكان و بەریتانی و ئوردنییەكان بەدوای یەکدا لەو ریزبەندییە دێن.
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی ئاماژەی بەوەشكردووە: باج لەسەر قازانج وەردەگیرێت و خاوەنی كۆمپانیا پێویستە باج بدەن، بە جۆرێك لە رابردوودا هەر ناوێكی بازرگانی ئەگەر كوردی بێت یان عەرەبی نزیكەی 600 هەزار دینار وەك رسومات وەردەگیرا، ئەگەر ناوەكە بیانی بوایە، ئەوا ملیۆنێك و 200 هەزار دینار وەردەگیرا، بەڵام ئێستا پڕۆسەی تێچووی ناوی بازرگانی بۆ كوردی و عەرەبی و بیانیش تەنیا 50 هەزار دینارە.
بەڕێوەبەری گشتیی تۆماری كۆمپانیاكان ئەوەشی خستەڕوو: پڕۆسەی تۆماری كۆمپانیا پێشتر 153 هەزار دینار رسوماتی تێدەچوو، هەروەها ئەگەر كۆمپانیایەكیش سەرمایەكەی لە سەرووی ملیۆنێك بووبێت، بۆ هەر ملیۆنێك، چوار هەزار و 500 دینار وەردەگیرا، بەڵام ئێستا بۆتە 62 هەزار دینار، هەروەها لە بری وەرگرتنی چوار هەزار و 500 دینارەكەش، ئێستا تەنیا بڕی دوو هەزار و 500 دینار وەردەگیرێت، ئه‌مه‌ش واده‌كات كۆمپانیا به‌ كه‌مترین تێچوو دابمه‌زرێت، هاوکات رێگەخۆشکەر دەبێت بۆ ئەوەی زۆرترین وه‌به‌رهێنه‌ر له‌ عیراق و ناوچه‌كەوە‌ روو له‌ هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن، چونكه‌ له‌ حكومه‌تی فیدراڵ تێچووی تۆماری كۆمپانیا چوار هێنده‌ی تێچووی هه‌رێمی كوردستانه‌.
ئاماژەش بەوەدەکات: تا ئێستا چوار هەزار و 500 كۆمپانیا خۆیان پاكتاو كردووه‌، نه‌ك ئیفلاس، كه‌ زۆرترین رێژه‌ی هی سێ ساڵی كۆتاییه‌،  به‌هۆی ئه‌و دۆخه‌  ناله‌باره‌ی به‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستاندا هات‌.
لەدوای دەستپێكردنی شەڕ دژی تیرۆریستانی داعش و داگیركردنی پارێزگای موسڵ و چەند ناوچەیەكی دیكە، بەشێك لە كۆمپانیا بیانییەكان كارەكانیان لە هەرێمی كوردستان جێهێشت، بەڵام لەدوای كۆتاییهاتنی ئەو شەڕە و گێڕانەوەی ئارامی و ئاسایش بۆ ئەو ناوچانە، جارێكی دیكە كۆمپانیاكان گەڕانەوە سەر كارەكانیان.

بابەتە پەیوەندیدارەکان