خێڵی حەمە، ئەو تاوانە گەورەیەی ئامانج و رووی راستەقینەی تیرۆریستانی ئاشكراكرد

09:37 - 2023-09-24
کوردستان
496 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ 22 ساڵ تێپەڕدەبێت بەسەر شەهیدبوونی پۆلێك پێشمەرگەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا، كە لە گوندی خێڵی حەمەی ناوچەی شارەزوور، لەلایەن گروپی تیرۆریستیی ئەنسارولئیسلامەوە لە تاوانێكی دژ بەمرۆڤایەتیدا شەهیدكران و دوای شەهیدكردنیان دوور لە هەموو بەهایەكی مرۆڤایەتی و یاساو رێسا ئاسمانییەكان، تەرمەكانی ئەو تێكۆشەرانە شێوێندران، لەساڵیاد و بیرەوەریی ئەو كارەساتەدا، كەسوكاری شەهیدانی خێڵی حەمە ئەو بیرەوەرییە تاڵە لە دەروونیاندا ماوەتەوەو  دەمێنێتەوە، لەم رۆژەشدا پەیمانی درێژەپێدانی خەباتی شەهیدە تێكۆشەرەكانیان بۆ خەڵكی كوردستان بۆ لەناوبردنی تیرۆر، دووپاتدەكەنەوە.
رێكخراوی تیرۆریستیی ئەلقاعیدە، بۆ دۆزینەوەی پێگەیەك بۆ هێزە پەرتەوازەكانیان، بارودۆخی ئەوكاتەی هەرێمی كوردستانیان قۆستەوە بۆ بەدیهێنانی مەرامەكانیان و ناوچەی هەورامانیان كردە حەشارگەی تیرۆریستان و گروپی تیرۆریستیی جوندولئیسلام-یان دامەزراند، دواتریش ناوی خۆیان گۆڕی بۆ ئەنسارولئیسلام بە ئامانجی دامەزراندنی ئیمارەتێك هاوشێوەی تاڵیبانی ئەفغانستان.
لە رۆژی 23ی ئەیلولی ساڵی 2001 كە دەگاتە 12 رۆژ دوای هێرشەكانی 11ی سێپتەمبەری ئەمریكا، گروپی تیرۆریستیی ئەنسارولئیسلام، لە گوندی خێڵی حەمەی ناوچەی شارەزوور لەناكاو لە سێ لاوە پەلاماری هێزی پێشمەرگەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیان دا، كە لە ناوچەكە جێگیركرابوون، دوای بەرگرییەكی قارەمانانەی ئەو پێشمەرگانە، 15 چەكداری ئەو گروپە تیرۆریستییەیان كوشت، بەداخەوە لەو بەرگرییە قارەمانانەیدا پۆلێك پێشمەرگەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان شەهیدكران. دوای رووداوەكەش ئەو گروپە تیرۆریستییە دەستیان بەسەر گوندەكەدا گرت و چەندین تاوانی تری دژ بە مرۆڤایەتییان كرد.
دوای كەمتر لە دوو ساڵ، تارمایی ترس و تۆقاندنی كردەوەكانی ئەو گروپە تیرۆریستییە تێكشكێنران و لەچوارچێوەی جەنگی دژی تیرۆریستاندا لەگەڵ پڕۆسەی ئازادیی عیراقدا، بەوپێیەی كوردیش بەشێكبووە لە بەرەی دژی تیرۆر، لەڕێگەی بۆردومانی مووشەكیی هێزەكانی هاوپەیمانان لە دەریای ناوەڕاستەوە ئاڕاستەی حەشارگەكانی ئەو گروپە تیرۆریستییە كرا، هەروەها هێزی پێشمەرگە هەڵمەتی لەناوبردنی بنكە و بارەگاكانی ئەو تیرۆریستانەی دەستپێكرد و ناوچەكە پاككرایەوە لە تیرۆریستان و جارێكی دیكە ژیانی ئاسایی بۆ خەڵكی ناوچەكە، دوور لە هەڕەشەكانی تیرۆریستان، گەڕێنرایەوە.

PUKMEDIA

#یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان