لە عەرەبییەوە: نەرمین عوسمان محەمەد
ئایا دەتوانیت بە پەنجەكانت ئاماژە بۆ حەقیقەت بكەیت؟ دەتوانیت وەڵامی پرسیاری حەقیقەت چییە بدەیتەوە؟ ئایا حەقیقەت یان راستی بابەتییە یان خودی یان هەردووكیانە؟ ئایا راستییەكان زۆر دەبن بە زۆربوونی ژمارەی كەسەكان و ژینگە سروشتی و كۆمەڵایەتی و مێژوییەكان؟ ئایا راستییەكی رەها هەیە كە جێگیر بێت لە گشت بارودۆخەكاندا؟ ئەمانە هەمووی پرسیارن كە وەكو پێویستییەك بە مێشكی ئەو كەسانەدا دێت كە وشەی راستی بە بەرچاویاندا تێدەپەڕێت و لەهەمانكاتدا بووەتە تۆپێك بە دەست ئەوانەوە كە بانگەشەی زانیاری دەكەن لە گشت بوارێك لە بوارەكانی مەعریفە و ودەربڕینی ویژدانیدا.
پێناسەی راستی
لەڕاستیدا زۆری پێناسەكانی كە بۆ راستی كراوە مرۆڤ دەخاتە نێو گێژاو و ونبوونەوە، بەڵام دەكرێت بڵێین كە یە كێك لە جوانترین پێناسەكان كە بۆ راستی كراوە ئەو پێناسەیەیە كە دەڵێت: (راستی ئەوەیە كە دەتگەیەنێتە یەقین) كە ئەمیشیان پێناسەیەكە بە بێوچان گێژاو و ونبوونت لەناوپێناسەكانی بەردەمتدا دووبارە لێ ئاڵۆز دەكاتەوە چونكە ئەوەی دەتگەیەنێتە یەقین بەپێی گۆڕانی كات و شوێن دەگۆڕێت و چەندین وەهم هەبوون كە بوونەتە مایەی گەیشتن بە یەقین بۆ نموونە: ئەفسانەكان یەقینێك بوون كە هەرگیز گومانیان لێنەدەكرا هەزاران ساڵ لە لای كۆی مرۆڤایەتی و هاوكات لێكدانەوەیەك بوو بۆ هەموو ئەو هێز و توانایانەی كە توانای عەقڵی مرۆڤەكان نەدەگەیشتە زانینی هەروەها تاوەكو ئێستاش توێژێك هەن كە هەر كەسێك باوەڕی بە سووڕانەوەی زەوی هەبێت بە كافری لە قەڵەمی دەدەن و دەڵێن ئەو كەسە خاوەنی كۆشكێكە لە دۆزەخدا.
فارابی پێی وایە راستی بریتییە لەو شتەی لەسەر بنەمای بەڵگە داڕێژراوە و بەڵگەش بریتییە لەو بابەتەی كە قەناعەت بە عەقڵ دەكات بۆ راستی و درۆ بوونی مەسەلەیەك) لێرەدا دەپرسین ئایا ئەم پێناسەیە لە گێژاو و ونبوونی نێو پێناسەكان رزگارمان دەكات؟ لە وەڵامدا دەڵێین: تەنها یەك شت ناتوانێت قەناعەت بە عەقڵ بهێنێت و عەقڵی مرۆڤەكان هەرگیز وەكو كۆمەڵە دەفرێكی هاوسەنگ نین.
راستی دەبێتە شتێكی تاكگەرایانە
هەر لە سەدەی حەڤدەوە فەیلەسوفی ناودار باسكاڵ گوتوویەتی: (ناكرێت راستی لە لایەن عەقڵەوە قۆرغ بكرێت، چونكە چەندین رێگای دیكە هەیە بۆ زانینی راستی لەوانە لە رێی دڵ و سۆز و دید و بۆچوونەوە) كە لەسەر بنەمای ئەم وتەیە گۆمی ونبون و گێژاوی پێناسەی راستی قووڵتر دەبێتەوە، چونكە لەسەر بنەمای ئەم وتەیە راستی دەبێتە شتێكی تاكگەرایانە و هەر چی هەڵدەستێت و دادەنیشێت دەرگاكانی بۆ واڵا دەکات بۆ بانگەشەكردنی راستی و چی لەگەڵ بەخشندەیی سۆزی خۆیدا بگونجێت لێمان دەكات بە راستی و ئیتر پێم وایە لە سەر ئەم بنەمایە بێت پێویستە پیرۆز بایی لە هەموو شاعیرەكان بكەین، چونكە زۆر بە شایستەیی یەكسان دەبنەوە لەگەڵ ئەو فەیلەسوفانەی كە هەموو تەمەنی خۆیان لە راكردن بە دوای راستی رەهادا بەسەربرد و پێی نەگەیشتن و بەو پێیەش بێت ئەو شاعیرەی كە وتی:
كۆچی دوایی كرد خەلیفە ئەی تەمەڵەكان
هەر وەكو ئەوەی رۆژووەكەمم شكاندبێت لە رەمەزاندا
هاوتا دەبێت لە رووی بەرزی پێگەی فیكرییەوە لەگەڵ فەیلەسوفێكی وەكو ( سوكرات) دا، لێرەدا دەشێت راشكاوانە بڵێین راستی بریتییە لە واقیع، بەڵام هەستكردن بەم واقیعە تەنها كەمینەیەكی كەمی بیرمەندان توانیویانە هەستی پێبكەن، ئەگەرچی جیاوازیشیان هەبوو لە سروشتی ئەم هەستپێكردنە و قەبارەكەی و راستی گونجاندنەكەی.
بەم پێەش بێت دەتوانین بڵێین راستی هەمەجۆر و نوێگەرە بە پێی دید وبۆچوونی هەر یەك لە بیرمەندەكانی سەردەمە جیاوازەكان، چونكە هەر نەوەیە و خاوەنی كۆمەڵێك راستی خۆیەتی و بگرە هەر بیرمەندێكیش خاوەنی كۆمەڵێك راستی خۆیەتی.
سەرچاوە:
www.alyamamahonline.com