عیماد جەمیل، سەرۆكی تیمی میدیایی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق لە لێدوانێكدا رایگەیاند، بۆ یەكەمجار لەسەر ئاستی عیراق لەكاتی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان كامێرای چاودێری بۆ هەڵبژاردن دادەنرێت، هەروەها رووداوەكان بە دوو كامێرا لە هەر وێستگەیەك تۆمار دەكرێن، سەرجەم وردەكارییەكانی دەنگدان تۆمار دەكرێت.
بە وتەی عیماد جەمیل، پێش دەستپێكردنی دەنگدان سەعات حەوتی بەیانی كامێراكان دەكەونەكار تاكو تەواوبوونی دەنگدان و ژماردنی دەستی دەنگەكان و راگەیاندنی ئەنجامەكان.
سەرۆكی تیمی میدیایی كۆمسیۆنی ئاماژەی بەوەشكردووە، نزیكەی 70 هەزار كامێرا ئامادەیە بە دەنگی و ڤیدیۆ رووداوەكانی ناو وێستگە جیاوازەكان تۆمار دەكەن، هەروەها نزیكەی 7 هەزار كامێرا لە حەوشەی بنكەكانی دەنگدان دادەنرێت بە مەبەستی چاودێریكردن، جگە لە دابینكردنی كامێرای یەدەگی دیكە لە ئەگەری كارنەكردنی هەندێك كامێرا لە وێستگەكان.
چاودێران پێیان وایە ئەم هەنگاوەی كۆمیسیۆن، كە یەكەم جارە لە عیراق دەگیرێتەبەر، متمانەی زیاتر بە بەڕێوەبردن و ئەنجامەكانی هەڵبژاردن دەبەخشێت، بەتایبەتی لە زۆربەی هەڵبژاردنەكانی رابردوو لایەنەكان تۆمەتباركراون بە ساختەكاری.
سەرچاوە: سكای نیوز