تەنها دوو رۆژ ماوە بۆ بەستنی پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان. لەو چوارچێوەیەشدا ئامادەکارییەکان چڕکراونەتەوە و بەشداربوانی کۆنگرە لە مەڵبەند و مەکتەبەکان دیاریکراون، ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیش دەڵێت: "پلانی پێنجەمین کۆنگرە نوێکردنەوەی یەکێتی و هێنانە پێشەوەی گەنجان و ژنانە بۆ ناو ئۆرگانەکانی یەکێتی".
ستران عەبدوڵڵا، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند: "وەک چاوەڕوانمان دەکرد کۆنفرانسی مەڵبەند و مەکتەبەکانی یەکێتی زۆر بە دیموکراسییانە بەڕێوەچوو، بۆ کۆنگرەش هەر ئەو چاوەڕوانییەمان هەیە".
وتیشی: "پلانی پێنجەمین کۆنگرە نوێکردنەوەی یەکێتی و هێنانە پێشەوەی گەنجان و ژنانە بۆ ناو ئۆرگانەکانی یەکێتی و ئەمەش وادەکات حزبەکە نوێ ببێتەوە، یەکێتی لەگەڵ ئەوەی حزبێکی مێژووییە، حزبێکیشە بۆ ئایندە و هەیکەلی نوێی یەکێتی جێگەی گەنجان و تێکۆشەرانیشی تێدایە و وادەکات یەکێتی بە رۆحێکی گەنجانە بەڕێوەبچێت".
لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکانی کۆنگرەدا کۆنفرانسی مەڵبەند و مەکتەبەکان بەڕێوەچوو، 260 ئەندامی بەشداربووی کۆنگرە دیاریکران.
تەلار لەتیف، وتەبێژی پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە لێدوانێکی تایبەتدا بە PUKMEDIA ی راگەیاند: لە کۆنفرانسی مەڵبەند و مەکتەبەکاندا 260 ئەندامی بەشداربووی کۆنگرە لەپرۆسەیەکی دیموکراسیدا دیاریکران، کە 175 ئەندامیان لە مەڵبەندەکانن و 85 ئەندامیشیان لە مەکتەبەکان بوون، بەمەش ئامادەکارییەکان کۆنگرە هەنگاوێکی دیکە چووە پێشەوە".
وتیشی، "لەگەڵ ئەوەی چەند رۆژێک ماوە بۆ بەستنی پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتی، هەوڵ و ئامادەکارییەکان چڕکراونەتەوە و هەموو هەوڵێکمان بۆ ئەوەیە کۆنگرەیەکی سەرکەوتوو ببەستەین".
بڕیارە رۆژی چوارشەممە 27-9-2023 یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێنجەمین کۆنگرەی خۆی لە سلێمانی، بە بەشداری 600 ئەندامی کۆنگرە ببەستێت، کەبۆ یەکەمجارە لە مێژووی خۆیدا پێش وادەی دیاریکراو کۆنگرە ببەستێت.
PUKMEDIA