وەرزی چاندنی توتنە و خاکی شاورێ گونجاوترینە

10:09 - 2022-05-18
ڕاپۆرت
959 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی/ جێگر خدر

«شاور تووتنی باش و بەناوبانگی هەیە و تووتنە هەرە باشەکانی عیراق بە تووتنی شاور دەناسرێت»*، ئەمە ئیدمۆنس وادەڵێت، ئەوکاتەی ماوەیەک کاربەدەستی ئینگلیز بووە لە دەربەندی رانیە، جگە لەمیش چەندین سەرچاوەی مێژوویی دیکە ئاماژەیان بە باشی و بەناوبانگی جۆری توتنی دۆڵی شاورێ داوە، ئەم دۆڵە کەوتۆتە ناحیەی سەرکەپکانی قەزای رانیە، تا کۆتا ساڵەکانی سەدەی بیستەم، زیاتر لە %80ی خەڵکی ناوچەکە بەروبومیان توتن و بووە و هەربەویش بژێوی ژیانیان دابین کردووە.
لە گوندی دێرێ توتن دەچێنرێت
« توتنمان بە دارەوە دەکرد، بەشە خراپەکەیمان بە داوەوە دەکرد، کاتێک ئەو بەشەی کە ئێمە بەدڵمان نەبوو، دەمانبردە پشکنین، نایاب دەردەچوو»، قادر نەبی دانیشتووی گوندی دێرێ لە دۆڵی شاورێ بەو جۆرە باسی توتنی ساڵانی رابردوو بۆ کوردستانی نوێ دەکات. ئێستا ئەو یەکێکە لەو جووتیارە دەگمەنانەی کوردستان کە سەرقاڵی توتنکردنن، «خاکی ئەم دۆڵە گونجاوترین شوێنی توتنە، توتن خاکێکی تایبەتی دەوێت، ئەوەی ئێرە تەخت و سوک و خۆش و خاوێنە، بژاری نییە».
جگە لە شاورێ، هەندێك ناوچەی  دیکەی كوردستان زۆر لەبارە بۆ چاندنی توتن. پێشتر لە ناوچەی  بیتوێن و مەرگە و باڵەكایەتی و خۆشناوەتی و شارەزوور بە هەزاران دۆنم زەوی دەكرایە توتن. حكومەتی عیراق لەو ناوچانە لێژنەی وەرگرتنی توتنی هەبوو، كە توتنی لە جووتیاران دەكڕییەوە. بەو توتنە رۆژانە لە کارگەکانیەوە جگەرەی بەرهەم دەهێنا، بەشێكی لە ناوخۆ ساغ دەكردەوە و بەشێكیشی لێ‌ هەناردە دەكرد، بەڵام دوای داخستنی کارگەکان بەتایبەت لەساڵانی نەوەدەکانەوە، کە خەڵک رووی کردە کەرتی میری و لە فەرمانگەکانی حکومەت دامەزران، بەرەبەرە ئەو پیشەیە رووی لە کزی کرد، ئێستا تاکوتەرا لە شاورێ و چەند ناوچەیەکی دیکە دەبینرێن.
ئێستا وەرزی چاندنی توتنە، قادر نەبی و ئامۆزاکەی لە گوندی دێرێ، دێراویان هەڵداوەتەوە، چاوەڕێی کۆتاییهاتنی سەرمان، لە چەند رۆژی داهاتوو زەویەکەیان کە نزیک بە دوو هەزار مەترە، بە تۆوی توتن دادەچێنن، ئەگەرچی پار و پێرار نزیکەی چوار دۆنم زەوی توتنیان کردووە، بەڵام کەمئاوی لەمساڵدا رێژەکەی پێدابەزاندن، « تۆوەکە هەمان جۆری تۆوە کە ساڵانی هەشتا و نەوەدەکان دامان دەچاند، خواستی زۆری لەسەرە و کڕیاران خۆیان دێن بۆی، ئەرکی خستە بازاڕمان نییە، نرخەکەشی کیلۆی 20 هەزار دینار و زیاترە، کە نرخێکی خراپ نییە «.
هاندانی جووتیاران
خالید ئەحمەد، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی رانیەیە، یەکێک بووە کە هاوڕێ لەگەڵ خێزانەکەیاندا تا ساڵی 1997 بژێوی ژیانی لەسەر توتنکردن بووە و دەڵێت» کەمبوونەوەی ئاو، ساغنەبوونەوەی بەهۆی داخرانی کارگەکانی جگەرە و دامەزراندنی خەڵک لەناو کەرتی گشتی و نەبوونی سیاسەتی هەناردەکردن، هۆکاری کەمبوونەوەی ئەو پیشیەیە بوون، ئێستا تاکوتەرا چەند جووتیارێک لە دۆڵی شاورێ دەیکەن».
ئاماژە بەوە دەکات، پێویستە هاندان هەبێت لەلایەن حکومەتەوە بۆ جووتیارەکان، پاڵپشتی بکرێن و بەبازاڕکردنی بۆ ئاسان بکرێت، « توتنکردن یەکێکە لە قورسترین جۆری کشتوکاڵکردن، ماندوبوونێکی زۆری دەوێت، حکومەت هاوکاربێت بۆ دابینکردن و هۆشیارکردنەوەی جووتیاران و ناساندنی ئامێرە سەردەمییەکان، چونکە ئەو رێوشوێنەی توتنی پێکراوە ئێستاش هەر هەمان جۆرە، ئەمە وادەکات جووتیار کەمتر رووبکاتە بەرهەمێک کە توانایەکی مرۆیی زیاتری تێدا خەرج بکرێت».
* سیسیل جۆن ئیدمۆنس، لەکتێبی کورد تورک عەرەب، و. حامید گەوهەری، لە 288، ئیدمۆنس ماوەیەک کاربەدەستی ئینگلیز بووە لە دەربەندی رانیە، لەکاتی شەڕی دەربەند.

بابەتە پەیوەندیدارەکان