نێچیرڤان بارزانی: یەكێتی بەرپرسیارێتی گرنگی لەسەرشانە

02:48 - 2023-09-27
کوردستان
714 جار خوێندراوەتەوە

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە پێنجەمین كۆنگرەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا وتارێكی پێشكەشكرد و رایگەیاند، خۆشحاڵم بەشداری كۆنگرەی یەكێتی دەكەم، یەكێتی یادگاری سەرۆك مام جەلال-ە و دەبێت بە هەمان ئاڕاستە بەردەوامبێت، هەروەها یەكێتی رۆڵی سەرەكی و گرنگی لە شۆڕشی گەلی كوردستان هەیە.
نێچیرڤان بارزانی وتیشی، یەكێتی بەرپرسیارێتی گرنگی لەسەرشانە، دەبێت ماف و دەستكەوتەكان بپاریزێت، چونكە سەركەوتن لە یەكڕیزیدایە، سەركەوتنی راستەقینە هاوكاری و تەبایی و برایەتی بووە، ئێستاش تاكە رێگە بەردەوامیدانە بە یەكترقبوڵكردن لە هەرێم و عیراق.
نێچیرڤان بارزانی ئاماژە بەوەش دا، پێویستە لەم قۆناغە رووبەڕووی مەترسییەكان بینەوە و ناكۆكییەكان وەلابنێین و پێكەوە لە بەغدا بین و بەرژەوەندییەكی هاوبەش هەموومان بۆ ئامانجێكی هاوبەش كۆبكاتەوە، چونكە هەرێم كاتێك بەهێزە بەرژەوەندی باڵای هەرێم بخرێتە پێش هەموو بەرژەوەندییە حزبی و سیاسییەكانەوە.
نێچیرڤان بارزانی ئاشكرایكرد، یەكێتی و پارتی و سەرجەم لایەنەكان ئەركیانە كار بۆ سەرخستنی هەڵبژاردن بكەن و پێویستە هەڵبژاردن كاری سەرەكی بێت و كار بۆ بەڕێوەچوونی پڕۆسە و دەنگدانێكی سەركەوتوو بكەین، هەرێم لەژێر دۆخێكی سەختی داراییە، دەبێت بە گفتوگۆ و لێكتێگەیشتن و بەپێی دەستوور لەگەڵ بەغدا كێشەكان چارەسەر بكەین و بودجە و مووچە نەخرێنە ناو ناكۆكییە سیاسییەكانەوە، چونكە دروستكردنی كێشەی دارایی بۆ هەرێم خزمەت بە عیراق ناكات، عیراق وڵاتی هەموومانە و بێبەشكردن و پشتگوێخستنی هەر نەتەوەیەك عیراق لاواز دەكات.
لە كۆتاییدا سەرۆكی هەرێمی كوردستان وتی، پیرۆزبایی بەستنی پێنجەمین كۆنگرەتان لێدەكەم و هیوای سەركەوتنتان بۆدەخوازم و ئومێد دەكەین كۆنگرەكەتان ببێتە مایەی یەكریزی و تەبایی لە هەرێم و عیراق.

سەرچاوە: pukmedia

#کۆنگرەی پێنجەم

بابەتە پەیوەندیدارەکان