بافڵ جەلال تاڵەبانی وتاری دەستپێكی پێنجەمین كۆنگرەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی پێشكەشكرد.
كە ئەمە دەقەكەیەتی:
بەڕێزەكانمان، تێكۆشەرەكانمان ئەندامانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان زۆر زۆر بەخێربێن بۆ كۆنگرەی پێنجی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
ئێمە بەیەكەوە لێرە كۆبووینەتەوە، بە یەك رۆحیەت، تا یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەقووەت بكەین و بەهێز بكەین تا وەك پێویست بتوانین خزمەتی میللەتەكەمان بكەین.
رێزدەگرین لە خوێنی شەهیدەكانمان، رێبازی مام جەلال دەپارێزین، بە فەلسەفەی مام جەلال سیاسەت دەكەین و دەژین، تێكۆشەرەكانمان، ماڵە شەهیدەكانمان، زیندانییە سیاسییەكانمان، كەمئەندامەكانمان، پێشمەرگەكانمان، دۆست و رەفیقەكانمان، میللەتەكەمان، دەخەینەسەر سەر و سەر چاومان.
ئەمڕۆ بەیەكەوە قۆناغێكی نوێ دەستپێدەكەین، پێویست دەكات میللەت ئاشتبكەینەوە، پێویست دەكات حزبەكەمان چەند یەكڕیزە یەكڕیزتری بكەین، دەستلەناودەست ئێمە دەبێت ئامادەبین، هەموو قوربانییەك بدەین بۆ گەلەكەمان، بۆ میللەتەكەمان، ئا لێرە یەكێتی پێویستە دەستی برایەتی و ئاشتی درێژ بكات بۆ هەموو حزبەكانی كوردستان، بۆ هەرچی لایەك و لایەنێك كە باوەڕی بە یەكڕیزی و ئازادی هەیە.
ئێمەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، دەبێت پەیوەندییەكانمان بپارێزین و بەهێزی بكەین لەگەڵ خوشك و براكانمان لە بەغدا، ئەو رێككەوتنە ستراتیژییەی كورد و شیعە دەبێت گەشەی پێبدەین و دەوڵەمەندی بكەین، برا سوننەكانمان، برا كریستیانەكانمان، هەموو لایەك كە ئامادەیە بۆ یەكڕیزی و بۆ میللەت خزمەت بكات، ئێمە دەبێت دەستیان بگرین و باوەشیان پیابكەین، بۆ ئازادی و دیموكراسی خەبات بكەین.
هەر یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، ئەوەندە بەهێزە، كە لەپێش دوو هەڵبژاردن كۆنگرە ببەستێت، لەناو ئەم قەیرانە ئابوورییە كۆنگرە ببەستێت، ئەمەش دەیسەلمێنێت چەند متمانەمان بەیەكتری هەیە و چەند متمانەمان بە كادرەكانمان هەیە و چەند متمانەمان بە میللەتەكەمان هەیە.
ئێمە دەبێت بەرگریی لە میللەتەكەمان بكەین، دەبێت كوردستان بكەینە بەهەشتێك، كە خەڵك بتوانێت بە ئازادی تیای بژی، بتوانێت بە بیروبۆچوونی جیاواز بەبێ ترس رای خۆی بڵێت، دەبێت بەرگریی لە مافی ژنان و پێكهاتەكان بكەین. داواتان لێدەكەم لەم كۆنگرەیە بەرنامەیەكی تایبەت دابنێن بۆ لاوان و گەنجان، راستە كوردستان نەوتی هەیە و غازی هەیە، بەڵام ئەوەی كە بە ڕاستی ئێمە دەوڵەمەند دەكات ئەو گەنجانەن كە وەك ئەستێرە لە ئاسمان دەبریسكێنەوە، بەداخەوە وەك پێویست خزمەت نەكراون. دووبارەی دەكەمەوە، ئێمە خزمەتی میللەتەكەمان دەكەین، ئارامی و ئاسایش و كەرامەتیان دەپارێزین، یەكڕیزی و ئاشتی لە عیراق و كوردستان دەپارێزین.
دەرفەت زۆر دەبێت قسە بكەین، لەم چەند رۆژە گفتوگۆی هەموو شتێك دەكەین، ئەمە كۆتاجارە ئەمڕۆ من قسەتان لەگەڵ بكەم وەكو سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، پێنج دەقیقەی تر من دەبم بە ئەندامێكی ئاسایی، من دەمەوێت سوپاسی یەك بەیەكتان بكەم كە ئەو متمانەیەتان بە من هەبوو، ئەم دوو ساڵە بەیەكەوە خەبات بكەین، گەورەبوونە بۆ من كە دەرفەتێكتان دا بە من خزمەتتان بكەم، چی روودەدات لەم كۆنگرەیە دڵنیابن ئێمە بەیەكەوە بووین و هەر بەیەكەوە دەبین.
كاری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان تازە دەستپێدەكات، هەرچی شتێك ببێت ئێمە بەیەكەوە دەبین دەستلەناودەست و شانبەشان، هەرچی پۆست و پلەیەك بدەن بە من، بە گۆڕی ئاكام بەڵێنتان دەدەمێ، هەرگیز بەجێتان ناهێڵم، هەرگیز ناهێڵم نەیارەكانتان و دوژمنەكانتان زاڵبن بەسەرتاندا، ئێمە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانین، ئێمە حزبی تێكۆشەر و شەهیدانین، حزبی قارەمانەكانین، حزبی دیكتاتۆر رووخانین، هەر بۆ خوای گەورە سەردادەنەوێنین و بەس.
جارێكی تر سوپاستان دەكەم، دەستخۆشیتان لێدەكەم.
بژی یەكێتی
بۆ پێشەوە یەكێتی
بۆ پێشەوە كورد و كوردستان
زۆر سوپاس