دوێنێ چوارشەممە 27/9/2023 لە سلێمانی پێنجەمین كۆنگرەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە دروشمی (نوێگەری لە كاردا، كۆدەنگی لە بڕیاردا)، بە ئامادەبوونی د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عیراق، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، سەركردەی لایەنە كوردستانی و عیراقییەکان و میوانێكی زۆر لەسەر ئاستی ناوخۆ و ناوچەكە و بە بەشداریی 600 ئەندام، دەستیپێكرد.
سەرەتای كۆنگرە، بە مارشی مەشخەڵان دەستیپێكرد. ئامادەبوان ساتێك بەبێ دەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاكی شەهیدان، راوەستان لەگەڵ سروودی نیشتمانیی كوردستان و عیراق. دواتر چەند ئایەتێك لە قورئانی پیرۆز خوێندرایەوە. دواتر كورتە ڤیدیۆیەك لەبارەی مێژووی خەباتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پیشاندرا.
پاشان، چەندین وتار پێشكەشكران. وتاری دەستپێكی پێنجەمین كۆنگرەی یەكێتی لەلایەن بافڵ جەلال تاڵەبانی، خوێنرایەوە.
دواتر د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆمار، هەروەها نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم وتاریان پێشكەشكرد.
عەممار حەكیم: سەرۆك مام جەلال هەمیشە هەوڵی ئاشتی و سەقامگیری دەدا
هەر لە رێوڕەسمەكەدا، عەممار حەكیم سەرۆكی رەوتی حیكمەی نیشتمانی، لە وتەیەكدا رایگەیاند: «لەم كۆنگرەیەدا هیوای سەركەوتن بۆ یەكێتی دەخوازین، مێژووی یەكێتی شانازیی پێوەدەكرێت و قوربانی زۆری داوە بۆ ئەو شانازییە و هیوای داهاتوویەكی گەش بۆ یەكێتی و هەرێمی كوردستان دەخوازین». وتیشی: «هەموان شانازی بە خۆشەویستیی مام جەلال-ەوە دەكەین، ئەو فەلسەفە سیاسییەی بەڕێزیان هەیبوو، كاریگەریی لەسەر پاراستنی نازناوی عیراق هەبووە و وایكردبوو دیموكراسی بەردەوام بێت، مام جەلال سەركردەی هەموو عیراقییەكان بوو، هەموو كات برای هەموو سەركردەكان بوو، هەمیشە هەوڵی ئاشتی و سەقامگیریی دەدا و نموونەیەكی جیاواز بوو، بەڕاستی سەمامی ئەمانی عیراق بوو».
ئاماژەی بەوەشكرد كە «هیوامان زۆر بە سەركردەكانی یەكێتی هەیە، كە لە سەرۆك بافڵ-ەوە دەستپێدەكات، تا بتوانن كاری زیاتر بكەن بۆ هاوپەیمانی و بەرەوپێشەوە بڕۆن و چاوەڕوانین لە یەكێتی و سەركردەكانی كاربكەن بۆ یەكگرتوویی و یەكڕیزیی نێوان لایەنەكان».
دووپاتیشیكردەوە كە «هەر هۆكارێك ببێتە هەڕەشە لەبەردەم ئەمنیەتی سلێمانی، هەڕەشەیە بۆ سەر هەموو پارێزگاكانی عیراق، دەبێت هەمیشە پشتیوانی یەك بین و رێگانادەین بەرژەوەندیی شاراوە سەربكەوێت».
حەیدەر عەبادی: یەكێتی لەسەر ئەو رێبازە مێژوویی و نەتەوەییە بەردەوام بێت
پاشان، حەیدەر عەبادی سەرۆكی هاوپەیمانیی نەسر، لە وتەیەكدا پیرۆزبایی پێنجەمین كۆنگرەی كرد و وتی: هیوادارم ئەم كۆنگرەیە سەركەوتووبێت و یەكێتی لەسەر ئەو رێبازە مێژوویی و نەتەوەییە بەردەوام بێت بۆ بەدەستهێنانی ئامانجە نەتەوەییەكان و بەرژەوەندییە نیشتمانییەكان، تا بتوانین وڵاتێكی یەكگرتوو و پێشكەوتوو بونیادبنێین. وتیشی: «هەموو حزبێكی سیاسی لە عیراقدا پێویستی بە ئایدۆلۆژیای تایبەت هەیە، كە پەیوەندیی بە بەرەوپێشچوونی وڵاتەكەوە هەبێت بۆ روبەڕوبوونەوەی هەموو ئەو ئاڵنگاریانەی كە رووبەڕوومان دەبێتەوە».
قەیس خەزعەلی: زۆر خۆشحاڵم و شانازیی دەكەم لە كۆنگرەی یەكێتیدا ئامادەم
لە وتەیەكیشدا، قەیس خەزعەلی ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیب ئەهلی حەق، رایگەیاند: ئەمە یەكەم سەردانمە بۆ هەرێمی كوردستان، زۆر خۆشحاڵم و شانازیی دەكەم كە لەم بۆنە گرنگەدا، لە پێنجەمین كۆنگرەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا ئامادەم، هیوای سەركەوتن بۆ سەرجەم كادرانی یەكێتی دەخوازم و هیوادارم سەركەوتووبن. وتیشی: «كورد حەزی بە ئاشتییە و هیچ كاتێك دەستدرێژی ناكاتە سەر لایەنەكانی دیكە، پارێزگاری لە ماف و ئاسایشی خۆی دەكات».
ئاماژەی بەوەشكرد كە «زۆر بە راستگۆیانە، دەست درێژدەكەین بۆ دەستپێكردنی قۆناغێكی نوێ، كە بتوانێت سەقامگیری و ئاشتی و خێر بۆ هەموو هاووڵاتیان دابین بكات، رێگانادەین ململانێ لەعیراقدا هەبێت، هیچ كاتێك قبووڵ ناكەین كە مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان زیاتر مووچەكانیان دوابكەوێت، بۆیە ئەمە قبووڵكراو نییە و دەبێت چارەسەری بۆ بدۆزینەوە، ئێمە وەك سەركردە سیاسییەكان لێپرسراوێتی ئەم ئاڵنگاری و ململانێیەمان لەئەستۆدایە».
د.موسەننا سامەڕائی: هیوادارم بتوانن كار بۆ ئەو بەرژەوەندییانە بكەن، كە هەمیشە داكۆكیتان لێكردووە
لە بەشێكی دیكەی رێوڕەسمەكەدا، د.موسەننا سامەڕائی سەرۆكی هاوپەیمانیی عەزم، وتەیەكی پێشكەشكرد، كە وێڕای پیرۆزبایی لە یەكێتی، هیوای سەركەوتن و ئاشتی و سەقامگیری و بەرەوپێشچوونی زیاتری خواست و وتی: «هیوادارم بتوانن كار بۆ ئەو بەرژەوەندییانە بكەن، كە هەمیشە داكۆكیتان لێكردووە». وتیشی: «ئەوەی ئێستا رۆڵی هەیە، بیروبۆچوونەكانی سەرۆك مام جەلال-ە، كە هەمیشە لەناوماندا دەمێنێتەوە و بەردەوام جەختی لە پەروەردە و یەكسانی و بەرەوپێشچوونی هەموو وڵات دەكردەوە، هیواداریشین بتوانن ئامانجەكانتان بەدەستبهێنن و بڕیار و ئامانجی باش بپێكن».
لەیس جابر: كارە مێژووییەكان و هەوڵەكانی سەرۆك مام جەلال جێگەی شانازین
پاشان، لەیس جابر سەرۆكی دەسەڵاتی چاودێریی دادوەریی عیراق، لە وتەیەكدا بەبۆنەی بەستنی پێنجەمین كۆنگرەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە، پیرۆزبایی لە كادر و ئەندام و لایەنگرانی یەكێتی، كرد. هەروەها پەیامی پیرۆزبایی فایەق زێدان سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عیراقی بۆ یەكێتی، خوێندەوە و رایگەیاند: «فایەق زێدان، داوای لێبوردنی هەیە، كە بەهۆی سەفەرەوە نەیتوانی بەشداریی كۆنگرەكەتان بكات، بەڕێزیان هیوای سەركەوتن و پێشكەوتنی زیاتر بۆ حزبە پرشنگدارەكەتان دەخوازێت. شانازی بە كارە مێژووییەكان و هەوڵەكانی سەرۆك مام جەلال-ەوە دەكات لەپێناوی وڵات و گەلانی عیراقدا، كە ئێستاش كاریگەرییان لەسەر عیراق هەیە».
بەخشینی خەڵاتی رێزلێنان
هەر لە كۆنگرەكەدا، لەلایەن شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، خەڵاتی رێزلێنان بەخشرایە ئەو تێكۆشەرە دێرینانەی كە لە ساڵی 1976 و لە دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە بەردەوام خەبات و قوربانییان داوە بۆ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان.