بروسكەی پیرۆزبایی بۆ سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی، بەبۆنەی بەستنی پێنجەمین كۆنگرەوە

11:24 - 2023-09-28
کوردستان
578 جار خوێندراوەتەوە

بروسكەی پیرۆزبایی نوری مالكی
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، دوێنێ چوارشەممە بروسكەیەكی پیرۆزبایی لە نوری مالكی ئەمینداری گشتیی حزبی دەعوەی ئیسلامی-یەوە پێگەیشت بەبۆنەی بەستنی كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە.
لە بروسكەكەی بەڕێز نوری مالكی-دا هاتووە: بەستنی پێنجەمین كۆنگرە بە پایەیەكی پڕۆسەی سیاسی لە عیراق و لە بنیاتنەرانی سەردەمی نوێی سیاسی دادەنرێت، هەروەها دەڵێت: یەكێتیی نیشتمانی، قوربانیی بەنرخ و فراوانی لەپێناوی كۆتاییهێنان بە قۆناغی دیكتاتۆری پێشكەشكردووە، هەروەك جێدەست و رۆڵی دیاری سەرۆك مام جەلال و بیری سیاسی دەوڵەمەندیشی بەبیرهێناوەتەوە.
بەڕێز نوری مالكی، هەروەها لە بروسكەی پیرۆزباییەكەیدا دەڵێت: شانازی بە پەیوەندیی سیاسی و مێژووییمان لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانی دەكەین، پەرۆشی خۆیشی بۆ گەشەپێدان و درێژەدان بەو پەیوەندییانە دووپاتكردۆتەوە بەجۆرێك ئامانجە هاوبەشەكان و خۆشگوزەرانی بۆ هەموو پێكهاتەكان بهێنێتەدی.

بروسكەی پیرۆزبایی عەبدئەلسادە ئەلفرێجی
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، دوێنێ چوارشەممە بروسكەیەكی پیرۆزبایی لە بەڕێز عەبدئەلسادە ئەلفرێجی ئەمینداری گشتیی هاوپەیمانیی نەهجی نیشتمانی بەبۆنەی بەستی پێنجەمین كۆنگرەی یەكێتیی نشتمانیی كوردستانەوە، پێگەیشت.
لە پیرۆزباییەكەدا هاتووە: شەرەفمەندین جوانترین و بەرزترین پیرۆزباییتان پێشكەش بكەین بەبۆنەی بەستنی پێنجەمین كۆنگرەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە، دووپاتیشیكردۆتەوە كە ئەم رووداوە بەبۆنەیەك دادەنرێت كە رەنگدانەوەی پابەندبوونتانە بە خزمەتكردنی پرسەكانی گەلی كوردستان و پتەوكردنی هاوكاری لە هەرێمی كوردستان.
هەروەها بەڕێز ئەلفرێجی لە پیرۆزباییەكەیدا ئەو هەوڵە گەورانەی بافڵ جەلال تاڵەبانی بەرزنرخاندووە كە لەپێناوی پتەوكردنی یەكڕیزی و سەقامگیری لە ناوچەكە دەیاندات، هیوایشی خواستووە كۆنگرەی پێنجەم بۆنەیەك بێت بۆ تاوتوێكردنی ئەو پرسە گرنگانەی یاریدەدەر دەبن بۆ ئایندەیەكی باشتر بۆ گەلی عیراق.

پەیامی پیرۆزبایی ئەدهەم بارزانی
دوێنێ چوارشەممە 27ی ئەیلول، ئەدهەم بارزانی بەبۆنەی بەستنی كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە، پەیامێكی ئاراستەی بافڵ جەلال تاڵەبانی و تەواوی ئەندامان و لایەنگرانی یەكێتی كرد و رایگەیاند: یەكێتی وەك هێزێكی كاریگەر سەنگ و قورسایی خۆی هەیە و لەسەر ئاستی هەرێم و عیراق و ناوچەكە پێگەیەكی بەهێزی هەیە، وتیشی: بە پشتیوانی خوای گەورە كۆنگرەیەكی سەركەوتوو ئەنجام دەدەن و هیوای زیاتر بە خەڵك و میللەتەكەمان دەبەخشن.
لە دەقی پەیامەكەی ئەدهەم بارزانی-دا هاتووە: «بۆ برای بەڕێزم كاك بافڵ جەلال تاڵەبانی و تەواوی كادر و ئەندامان و لایەنگرانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی هێژا. وێڕای سڵاو و رێزمان، بەبۆنەی بەستنی پێنجەمین كۆنگرەی یەكێتی و نوێبوونەوەی حزبەكەتان پیرۆزبایی گەرم ئاراستەی بەڕێزتان و تەواوی كادر و لایەنگرانی یەكێتی دەكەم. ئومێدەوارم كۆنگرەی ئەمجارەی یەكێتی ببێتە هۆكاری زیاتر ئەنجامدانی كاری پێكەوەیی و بەدەستهێنانی ئامانج و داواكارییەكانی خەڵكی كوردستان».
ئەدهەم بارزانی بەشێكی پەیامەكەی تەرخانكردووە بۆ باسكردن لە «گرنگی نوێبوونەوەی یەكێتی» و ئاماژەی بەوەكردووە «نوێبوونەوە لە سیاسەتی حزبەكەتان دەرفەتێكی زێڕینە بۆ یەكخستنی نێوماڵی كورد و بەهێزكردنی پێگەی كوردستان لە ناوخۆ و دەرەوەی هەرێم».
ئەو كەسایەتییە سیاسییەی كوردستان لە پەیامەكەیدا ئەوەشی خستۆتەڕوو «یەكێتی وەك هێزێكی كاریگەر لەسەر گۆڕەپانی سیاسی سەنگ و قورسایی خۆی هەیە و جگە لەسەر ئاستی ناوخۆی هەرێم، پێگەیەكی بەهێزیشی لەسەر ئاستی عیراق و ناوچەكە هەیە. ئەمەش وادەكات بەستنی كۆنگرە لەم دۆخەدا كاریگەریی خۆی هەبێت و وابكات دۆخی هاووڵاتییانی هەرێم لە چەقبەستوویی دەرباز بكات».

بروسكەی پیرۆزبایی رەشید ئەلعەزاوی
بەڕێز بافل تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
سڵاوی خوای گەورەتان لێبێت
پیرۆزبایی لەئێوە و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و سەركردایەتی و كادر و جەماوەرەكەتان دەكەم بەبۆنەی بەستنی پێنجەمین كۆنگرە و هەڵبژاردنتان بە سەرۆكی یەكێتی.
هیوای بەردەوامی و سەركەوتن و بەخششی زیاترتان لە ئەركە حزبی و نیشتمانییەكان و لە رێچكەی حزبایەتیدا بۆ دەخوازم كە سەرۆكی كۆچكردوو سەرۆك جەلال تاڵەبانی دامەزرێنەری بوو، ئێوەش لەئێستادا بەئیرادە و توانایەكی گەورەوە درێژەپێدەری ئەو رێبازەن.
 ئەوپەڕی رێزمان قبووڵ بفەرموون
رەشید ئەلعەزاوی
ئەمینداری گشتیی حیزبی ئیسلامیی عیراق

#کۆنگرەی پێنجەم

بابەتە پەیوەندیدارەکان