لەسەر بڕیاری بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سەرجەم پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی یەکێتی کۆنگرەی یەکێتی جێدەهێڵن و دەگەڕێنەوە بەغدا بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە.
چرۆ حەمەشەریف، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراکسیۆنی یەکێتی بە سایتی رەسمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان PUKMEDIA ی راگەیاند: "چەند جارێک ویستمان دەنگدان بۆ بەپارێزگابوونی هەڵەبجە بخەینە کارنامەی دانیشتنەکانی پەرلەمانەوە، بەڵام بەشێک لە پەرلەمانتاران رێگر بوون، لەو چوارچێوەیەشدا سەرۆکی یەکێتی هەفتەی رابردوو تایبەت بە کۆتاییهێنان بە بەپارێزگابوونی هەڵەبجە لە لایەن پەرلەمانی عیراقەوە گەیشتە بەغدا و لەگەڵ لایەنەکاندا کۆبووەوە".
وتیشی، "لایەنە عیراقییەکان بەڵێنیان بە سەرۆکی یەکێتی داوە لەڕێگای پەرلەمانتارەکانیانەوە پشتگیری پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە بکەن، ئەمڕۆش کە پڕۆژەکە خراوەتە کارنامەی دانیشتنەکانی پەرلەمانەوە و چاوەڕوان دەکەین بە زۆرینەی دەنگ پەسەند بکرێت".
وتیشی: "لە سێهەم رۆژی کۆنگرەی یەکێتیدا، بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەرجەم ئەندامانی فراکسیۆنی یەکێتی لە بەغدا ئاگادارکردەوە کە پێویستە لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەماندا ئامادەبن، (چونکە پێیڕاگەیاندین بەپارێزگابوونی هەڵەبجەم لە کۆنگرەی یەکێتی پێ گرنگترە، بۆیە پێویستە سەرجەمتان لە پەرلەمان ئامادەبن)، ئێمەش لەسەر بڕیاری سەرۆک بافڵ سەرجەممان کۆنگرەی یەکێتیمان جێهێشتووە و گەڕاوینەتەوە بەغدا و لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەماندا بەشدار دەبین بۆ پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە".
لەگەڵ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عیراق، بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان چەند داواکارییەکی پێشکەش بە کابینەی نوێی عیراق کرد کە یەکێک لە داواکارییەکان بەڕەسمی ناساندنی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە بوو، لەو چوارچێوەیەشدا فراکسیۆنی یەکێتی لە بەغدا، پڕۆژەی بەپارێزگابوونی هەڵەبجەیان خستە بەردەم سەرۆکایەتی پەرلەمان و خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆکرا، ئەمڕۆش کە بڕیارە دەنگی لەسەر بدرێت چاوەڕوان دەکرێت بە هەوڵی سەرۆک بافڵ و فراکسیۆنی یەکێتی دەنگ بە پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە بدرێت.
PUKMEDIA