بەناوی خوای گەورە و میهرەبان
خەڵکی خۆشەویستی کوردستان
یەکێتییە سەربەرزەکان، کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان، پێشمەرگە قارەمانەکان، تێکۆشەرانی شۆڕشی نوێ، کەمئەندامانی سەنگەر و زیندانیانی سیاسی
لە دڵەوە سوپاسگوزاری هەمووتانم کە بە ئەوپەڕی پەرۆشی و دڵسۆزییەوە هەوڵتان دا بۆ سەرخستنی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و گەیشتن بەم ئامانجە مێژووییە کە سەرەتایەکی نوێ و گرنگە بۆ جۆشدانەوەی گیانی یەكێتیبوونمان و خزمەتکردنی خەڵکە خۆڕاگرەکەمان.
لە ئەمڕۆوە هەموومان بە رۆحێکی یەکێتییانەوە، بەسوودوەرگرتن لە ئەزموونی چەندساڵەی تێکۆشەرە دێرینەکانمان، بە وزەی گەنجە داهێنەر و خوێنگەرمەکانمانەوە کە گەورەترین سەرمایەی نیشتمانین و داهاتووی وڵاتەکەمانن، بە شارەزایی و ئەزموونی ژنە لێهاتووەكانمانەوە، قۆناغێکی نوێی کاری حزبی و رێکخراویی دەستپێدەکەین و بە نوێگەری لە کار و کۆدەنگی لە بڕیارەکانماندا، یەکێتی بەهێزتر دەکەین و لەپێناوی خزمەتی خاک و خەڵکەکەمان تێدەکۆشین.
ئەمڕۆ پێکەوە رۆحی شەهیدان، رابەر و سەرکردەمان سەرۆک مام جەلال و سەرجەم سەرکردە کۆچکردووەکانمان شاد کرد و دڵنیاییش بەهەموو یەکێتییەکان و خەڵکی خۆشەویستمان دەدەین کە یەکێتی وەکچۆن لە رابردوودا سەرمەشقی خەبات و تێکۆشان بووە، لە داهاتووشدا بونیادنەری ئاوەدانی دەبێت و گەشەپێدەری بوارە جیاوازەکانی کۆمەڵگە دەبێت. ئێمە لە هەناوی خەڵکەوە دروستبووین و بەرامبەر ئەم رابردووەشمان وەفادار دەبین.
بە دەرفەتی دەزانم سوپاسی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پێشوو بکەم کە دڵسۆزانە و ماندوونەناسانە لە بەرامبەر ئەرک و ئاڵنگارییەکاندا، سەرکەوتوانە ئەرکەکانیان راپەڕاند و پیرۆزباییش لە سەرکردایەتیی نوێ دەکەم و چاوەڕوانیی ئەوەیان لێدەکەم بە هەموو توانا و لێهاتوویی خۆیانەوە کار بۆ پاراستنی رێبازی مام جەلال بکەین و یەکێتییەکەمان بپارێزین. هەموو ئەو هەڤاڵانەش کە لە دەرەوەی سەرکردایەتی دەبن، برا و هەڤاڵی منن و پێکەوە لەپێناوی بەدیهێنانی ئامانجەکان بەردەوام دەبین. یەکێتی هیچ کەسێکی لێ زیاد نییە و شانازیی بە هەموو ئەندام و لایەنگرانییەوە دەکات و دەرگای بۆ هەموو ئەوانەش کراوەیە کە دەیانەوێت لە ریزەکانی ئەم حزبە تێکۆشەرەوە خەبات بۆ کوردستان بکەن.
هەروەها لە دڵەوە سوپاس و پێزانینی زۆرمان ئاڕاستەی هەموو ئەو تێکۆشەرانە دەکەم کە لە قۆناغە جیاوازەکانی ژیانی یەکێتیدا، دڵسۆزانە خزمەتی رێبازی شەهیدانیان کرد و لە یەکێتییەکەی خۆیان دانەبڕان. ئەوان بەشێکی گەورەبوون لە پاراستن و گەشەپێدانی یەکێتی و رۆڵ و کاریگەرییان لەیاد ناکەین.
دەمەوێت هەموو لایەک دڵنیابن، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە هەمان دڵسۆزی خۆی و بە سیاسەتێکی گونجاو و سەردەمییانە لەپێناوی بەدیهێنانی بەرژەوەندییە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان بەردەوام دەبێت. خەبات بۆ بەدیهێنانی مافەکانی گەلی کورد دەکات و بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجە باڵایانەش بڕوای تەواومان بە هەماهەنگی و کاری پێکەوەیی هەیە لەگەڵ سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکاندا. دەمانەوێت هەموومان پێکەوە لە چوارچێوەی هەرێمێکی سەقامگیردا، خزمەتگوزاری پێشکەش بکەین و داهاتوویەکی گەشتر بونیاد بنێین. دوورکەوتنەوە و ترازان خزمەتمان ناکات و سەپاندنی ئیرادەی تاکڕەوی زیاتر دۆخەکە دەشێوێنێت، بۆیە هیوادارم هەموان بەرپرسانە مامەڵە بکەن و لەپێناوی ئەو چارەنووسە هاوبەشەی وەک کورد هەمانە، خەبات بکەین و مێژوویەکی پڕ لە شانازی بۆ خۆمان و حزبەکانمان تۆمار بکەین.
هەروەها دڵنیاتان دەکەمەوە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە دیدگا و ستراتیژێکی بەهێزەوە سیاسەتی خۆی لە بەغدا پەیڕەو دەکات، سیاسەتێک کە خۆی لە هاوبەشیی راستەقینە، پاراستنی ئاشتی و پێکەوەژیاندا دەبینێتەوە. بێگومان سەرۆک مام جەلال بناغەدانەری ئەم سیاسەتەیە و ئێمەش بە شانازییەوە بەهەمان رێگەدا هەنگاو دەنێین. پاڵپشتی و پشتگیریی دۆستەکانیشمان لە بەغدا لەیاد ناکەین کە هاوکاربوون بۆ بەدیهێنانی مافەکانی کورد و هەوڵەکانیان بەرز دەنرخێنین.
سوپاسی زۆرم ئاڕاستەی هێزەکانی پێشمەرگە، دژەتیرۆر، کۆماندۆ، ئاسایش، ئۆپەراسیۆن، پۆلیس و پۆلیسی هاتوچۆ دەکەم کە لە ماوەی بەڕێوەچوونی کۆنگرەدا ئارامی و سەلامەتیی هۆڵی کۆنگرەیان پاراست و دەستی ماندووبوونیان دەگوشم.
هەوڵ و ماندووبوونی سەرجەم رۆژنامەنووسان و دامەزراوە میدیاییەکان بەرز دەنرخێنین کە لە چەند رۆژی رابردوودا لەگەڵمانبوون و پەیامی کۆنگرەیان گەیاند.
داوای لێبوردن لە خەڵکی خۆشەویستی شاری سلێمانیی سەربەرز دەکەم ئەگەر لە رۆژانی رابردوودا بووینەتە ئەرک و بارگرانی بۆتان، ئێوە کەسی ئێمەن و دڵنیابن لە یادی ناکەین.
شاد و سەرفرازبن
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان