فەیسەڵ عەلی
رۆژانە هەواڵەکانی میدیا جیاوازەکانی جیهان، نوێگەرییەکانی پەیوەست بە ژیریی دەستکرد دەخەنەڕوو، تێیدایە دڵخۆشمان دەکات و تیاشیدایە دووچاری دڵەڕاوکێ و ترسمان بەرامبەر بە ئایندەی ئەم بوونەوەرە دیجیتاڵییە دەکات، کە بەردەوام لە پەرەسەندندایە و سوپرایسی سەرنجڕاکێشی پێیە. وای لێهاتووە هەموو رۆژێک بە نوێگەرییەکی بێپێشینەوە رۆژ دەکەینەوە کە ئەم بوونەوەرە دیجیتاڵییە دەیهێنێت.
لە نووسینەکانی پێشووماندا باسمان لەوەکرد، لە پاڵ ئەو سوودانەی ژیریی دەستکرد لەگەڵ خۆی دەیهێنێت و بەشداری کارا لە پێشکەوتنی شارستانی و مرۆڤایەتیدا دەکات، لایەنی نەرێنیشی هەیە هەڕەشە لە بوونی مرۆڤایەتی دەکات، ئەم هەڕەشەیە تەنانەت بۆ ماهیەتی مرۆیی کە سیستمی بەها و ئەخلاقیش دەگرێتەوە درێژ دەبێتەوە، هەروەها لایەنی گوزەرانی مرۆییش دەگرێتەوە و پەرەسەندنەکانی ژیریی دەستکرد بوونی ژیانی مرۆڤیشی خستۆتە بەردەم ریگەیەکی نادیار و وێرانەوە. لێرەدا نامانەوێ رەشبین بین و ترس و دڵەڕاوکێ بەرامبەر ئەم تەکنۆلۆجیا پێشەوتووە نیشان بدەین.
دەبێ بابەتیانە بخرێنەڕوو
بەڵام وا دەخوازێ کە دەبێ بابەتیانە ئەم پرسانە بخرێنەڕوو و واقیع و پێشبینییەکانی بەهەموو خاڵە باش و خراپەکانییەوە لەبەرچاو بگیرێت.
پێشتر لە رێی چەند وتارێکەوە کە لە رۆژنامەی کوردستانی نوێ بڵاوکراونەتەوە، باسمان لە مەترسییەکانی ژیریی دەستکرد کردووە، چیتر ئەو ترسانە گریمانە نین، بەڵکو هەندێکیان لە واقیعدا بەدیهاتوون، بۆ نموونە، ساختەکردنی (گرتەی ڤیدیۆیی) کە لە رێی پراکتیزەکردنەکانی ژیریی دەستکردەوە کراون، هەروەها لەدەستدانی هەندێک وەزیفە کە لەلایەن ئامێرەوە بەڕێوە دەبرێن، ئەو پەرەسەندنە خێرایەی بواری سەربازی کە بۆتە جێی ترس و دڵەڕاوکێی کۆمەڵگەی مرۆیی. ئێمەی مرۆڤ پێویستمان بە بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیارییمانە تا لەم تەکنۆلۆجیا پێشکەوتووە تێبگەین و تواناکانمان بۆ روبەڕوبوونەوەی ئاڵنگاریی و مەترسییەکانی باشتر و خێراتر بکەین.
دەرکەوتنی ئینتەرنێت
دەگەڕێینەوە بۆ نموونەکانی رابردوو، بۆ نموونە، لە سەرەتای دەرکەوتنی ئینتەرنێتدا، کە لەگەڵ خۆیدا ترس و دڵەڕاوکێی بۆ کۆمەڵگەی پیشەسازی هەڵگرتبوو، دواتریش چووە نێو قۆناغە سەرەتاییەکانی دیجیتاڵییەوە كە دوای قۆناغی ئەلەکترۆنی هات، مرۆڤ وەک پێویست خۆی بۆ بەرەنگاریی ئاڵنگارییەکانی ئەو تەکنۆلۆجیایەی لەگەڵ ئینتەرنێت هات ئامادە نەکردبوو، وەک توانای مامەڵەکردن لەگەڵ ڤایرۆس و دزەکردنە ئەلەکترۆنییەکان، کە هێرشی بۆ تاک و دمەزراوە و سیستمە دیجیتاڵییەکانیان دەهێنا. هەروەها هۆشیاریی گشتی لە ئاستێکی باشدا نەبوو تا توانای مامەڵەکردنی لەگەڵ ئەو ئاڵنگارییانەدا هەبێت و بەرەنگاریان بێتەوە، ئەمەش دوای ماوەیەک بەدیهات.
دەگەڕێینەوە بۆ واقیعی ئێستامان و ئاڵنگارییە نوێیە دیجیتاڵییەکانی ژیریی دەستکرد، دەبینین کۆمەڵگەی مرۆیی ترسێکی نوێی بەرامبەر مەترسییەکانی ژیریی دەستکرد و دەرئەنجامە زۆرەکانی هەیە، یەک لەو جۆرە مەترسی و دڵەڕاوکێیانە، بە تایبەتمەندیی خودی مرۆڤەوە پەیوەستە، چ لە رێی راستەوخۆ چوونە نێو ئەو تایبەتمەندییانە، یان ساختەکردنی بە جۆرێک کە بە ئەستەم بتوانرێ جیاوازیی لە نێوان راستی و ناڕاستییەکەیدا بکرێت.
سەرەتای ساختەکردن
سامپڵەکانی ئێستای ژیریی دەستکرد توانای ساختەکردنی ناواخنی گرتە دەنگی و بینراو و نووسراوەکانی هەیە، سامپڵ و پراکتیزەکانی ژیریی دەستکرد بە شێوەیەکی فراوان بڵاوبۆتەوە، بە تایبەتی ساختەکردنی وێنە و دەنگ و ڤیدیۆ و کار بۆ دروستکردنی ناوەرۆکی ناڕاست و ساختە دەکات، لە رێی پەخشکردنییەوە بەرەو ساختەکردنی حەقیقەتەکان دەچێت،، چەواشەکردنی رای گشتی و بە لاڕێدا بردنی بە پێی ئەو ئامانجەی لە پشت ئەو کارەوەیە دەکات، دەشێ هەندێک گرتەی دەنگی و ڤیدیۆیی هەندێک لە کەسایەتییە سیاسی و ئابووری و وەرزشییەکان بڵاوبێتەوە، کە سەرەتا گوێگر یان بینەر پێشبینی ئەوە ناکات ئەوە ساختە بێت، دواتر کە رادەی مەعقول تێدەپەڕێنێت ئەوکات دەرکی پێدەکات.
سیستمەکە دەخاتە مەترسییەوە
ترسە گەورەکە لەوەدایە، کە پراکتیزە زیرەکەکانی ژیریی دەستکرد بە ئاسانی بگاتە دەست کەسانی خراپ و نەفس نزم، کە بە پێی هەلومەرج و ئارەزووی خۆیان کار لەسەر ساختەکردنی وێنە و دیمەن و گرتە دەکەن، بە جۆرێک کە لەگەڵ زەوقی گشتی و بنەما ئەخلاقییەکاندا ناگونجێت، ئەمەش دڵەڕواکێی بۆ ناو کۆمەڵگەی مرۆیی دروستکردووە، کە تایبەتمەندیی و سیستمە ئەخلاقییەکەی رووبەڕووی مەترسییەکی گەورە کردۆتەوە. لێرەدا نامانەوێت بچینە ناو وردەکارییەکانی ئەم مەترسییەوە کە لای زۆربەی خەڵکی زانراوە، بەڵکو لێرەدا هەوڵ دەدەین ئاستی هۆشیاری لەمەڕ مەترسییەکانی ئەم پرسە هەستیارە و رێگەکانی بەرەنگاربوونەوەی بەرز بکەینەوە، گرنگە دەرک بەو مەترسییانە بکەین کە پەیوەستن بە ساختەکردنی وێنە و دیمەن و گرتەی ڤیدیۆییەوە، بەوەی مەترسیی کاتیین و هی هەلومەرجێکی تایبەتن.
پسپۆڕان کاری لەسەر دەکەن
بەرەبەرە ئامرازی دیجیتاڵی ئەوتۆ دەرکەوتووە، کە دەتوانێ ئەو ساختانە دەربخات و بیاندۆزێتەوە، ئەمەش بە ئامێرەکانی ژیریی دەستکرد کار دەکات، پسپۆڕان لەسەر ئەم جۆرە مەترسییە دیجیتاڵییانە کار دەکەن، مەترسییەکانیش بۆ پرۆسەی ئیبتزاز و بڵاوکردنەوەی پڕوپاگندە و هەواڵی ساختە پەل دەکێشن و ئامانجیان دروستکردنی دڵەڕاوکێی دەروونی و گرفتی کۆمەڵایەتییە لە ناو کۆمەڵگەدا، وێڕای ئەوەش لایەنی سیاسی و ئابوورییش دەگرێتەوە، ئەگەر هاتوو ئەم تەکنیکە زیرەکانە بوونە ئامراز و چەکی دیجیتاڵی و هەڕەشە بۆ سەر دامەزراوەکان و کۆمەڵگەی مرۆیی، ئەستەمە لە قۆناغی یەکەمدا کاریگەرییە نەرێنییەکانی کۆنتڕۆڵ بکرێت، لەبەرئەوەی پشت بە بڵاوکردنەوەی هۆشیاری دەبەسترێت وەک ئامرازێکی بنچینەیی راگرتنی کاریگەرییە نەرێنییەکان، بڵاوکردنەوەی هۆشیاریش پرۆسەیەکی لەسەرخۆیە و کاتی دەوێ.
پیشەسازی سەربازی
لە لایەکی ترەوە، پەرەپێدانی خێرا بە کەرتی سەربازی کە بە سامپڵەکانی ژیریی دەستکرد کاردەکەن، ترسێکی گەورەی دروست کردووە، بەوەی ئەم سیستمە زیرەکانە لە کەرتی سەربازی چی دروست دەکەن کە زیان بە کۆمەڵگەی مرۆیی و بوونیشی بگەیەنێت. ئەوەی لە میدیاکان بڵاودەکرێتەوە و توێژینەوە زانستییەکان ئاماژەی پێدەکەن، ئەم جۆرە تەکنۆلۆجیا سەربازییانە کە لە ئەلگۆریتمی زیرەکدا کاردەکەن، دەشێ لە کۆنتڕۆڵ دەربچن و بە پێی ستراتیجێک کار بکەن لە سەروو توندی و هێزی مرۆییشەوە بن و لە هەموو بنەما ئەخلاقییەکانیش داماڵرابن، ئەم مەترسییانەی بە کەرتی سەربازی و پیشەسازیی چەک و تەقەمەنییەوە پەیوەستن، دەشێ بەرەو کارەسات بڕوات و خودی بوونی مرۆڤایەتی و شارستانییەکەشی بخاتە مەترسییەوە، بەهیوام ئەمانە تەنها لە مەودای ترسدا بمێننەوە و بەرەو
راستی پەل نەکێشن.