رۆما نیاز جەلال بەگ
هیوادارم و باوەڕم وایە كە لە شوێنێكی باشتر بیت، هەر ئەو باوەڕەیە كە لە تاریكترین كاتەكانمدا بۆ كەمێكیش بێت ئاسوودەییم پێدەبەخشێت، زۆر قورسە بابە لەگەڵ ئەو راستییەدا رێكبكەوم كە تۆ چیتر لێرە نەماوی، چیتر گوێم لە دەنگت نابێت و لە هەواڵم ناپرسی، نەبوونیت بۆشاییەكی گەورەی درووستكردووە، بۆشاییەك كە پڕكردنەوەی مەحاڵە و ناتوانم بیریشی لێبكەمەوە.
باوكە گیان برینی لە دەستدانت بێ ساڕێژە و ئازارێكیشە هیچ كاتێك كەم نابێتەوە، تۆ كەسێكی میهرەبان و ئازا و چاو نەترس و قارەمان بووی، دڵێكی پڕ لە هاوسۆزی و بەزەییتان هەبوو، بەجۆرێك كردەوە میهرەبانییەكانت كاریگەری لەسەر ژیانی زۆر كەس هەبوو، لەبەرامبەر كردەوە میهرەبانییەكانتدا چاوەڕوانی هیچ شتێك نەبووی، تەنها ئامانجتان دڵخۆشكردنی كەسانی دیكە و كەمكردنەوەی ئازارەكانیان بوو.
بابە گیان تۆ سەرچاوەی بەردەوامی هێز و ئیلهام بوویت بۆمان، هەر لەو ساتەوەی لەدایكبووم ژیانمت پڕكرد لە خۆشەویستی و بەزەیی و پشتیوانییەكی بێوچان لە هەموو هەنگاوەكانی ژیانمدا، خۆشەویستییەكەت لە كردار و قسەكانتدا بەجوانی بەدی دەكرا، ئەستەمە بتوانم پێناسەی ئەو خۆشەویستییەی تۆ بكەم بۆ منداڵەكانت، چونكە هەمان سۆز و خۆشەویستیت بۆ دەوروبەر و خەڵكی تریش هەبوو، من لەوەتەی فامم كردۆتەوە تۆ دەبینم بەهانای خەڵكەوە دەچیت، شەونخوونیتان دەكرد بۆ دڵخۆشكردنی ئەو كەسانەی پەنایان بۆدەهێنای، خۆ ئەوە باش دەزانم خۆت لە دەرگای خەڵكیت دەدا تا هاوكاریان بیت و لە قەیران و ناخۆشی رزگاریان بكەیت، ئێستا پۆل پۆل خەڵكی دێن و وەفاداری خۆیان نیشان دەدەن و پێمان دەڵێن ئێمە كۆستمان كەوت.
باوكە گیان، ژیان بەبێ خۆشەویستی و پشتیوانی تۆ زۆر سەختە!، تۆ تەنها باوك نەبوویت بەڵكو رێنیشاندەر و هێزی من و باشترین هاوڕێم بوویت، گەورەترین نیعمەت كە پەروەردگار پێی بەخشیم، سۆز و خۆشەویستی و پاڵپشتی تۆ بوو، هەمیشە هانتدام و پشتگیریت كردم تەنانەت لە سەرقاڵترین كاتەكانی ژیانیشتدا، فرمێسكەكانمت دەسڕی و بزە و خەندەت دەخستە سەر لێوانم و فێرت دەكردم لەبەرامبەر ژیاندا خۆڕاگر و بەهێزبم، بۆیە دڵنیابە، یاد و یادەوەرییەكانت، پەند و ئامۆژگارییەكانت ورە بەرزی و ئازایەتییەكەت دەبن بە كارنامەی ژیانم و ئامۆژگارییە هەمیشەییەكەت كە پێت دەوتین بخوێنن من پێنوسم داوەتە دەستتان، بزانن چۆن بەكاری بهێنن و كەسایەتی خۆتانی پێ دروست بكەن و خزمەتی وڵات و مرۆڤایەتی پێ بكەن.
لە كۆتاییدا دەڵێم نزیك بیت یان دوور، دڵم هەمیشە لەگەڵت دەبێت، دووری نێوانمان گرنگ نییە، ئەو خۆشەویستییەی كە بۆ تۆ هەمە سنوور نازانێت، زیاتر لە هەموو ئەوانەی بیرت دەكەن بیرت دەكەم.
بۆ هەمیشە لە دڵمدا هەڵتدەگرم، تا جارێكی تر یەكتر دەبینینەوە، لە ئارامی ئەبەدیدا پشوو بدە، ئارامی و بەختەوەری هەمیشەیی لە باوەشی ئیلاهیدا، بدۆزیتەوە.