یارێ نیاز دەرگەڵەیی
لە كوێستان و بەرزاییەكانی كارۆخی سەركەش و لەنێو مێرگ و كانیاوەكانی بناری كێوە سەركەشەكانەوە بست بە بست دەگەڕێم و وێڵم، گوند و دۆڵ و كەژ و هەردەكان بە چاو تەی دەكەم و بەدوای تۆدا دەگەڕێم، بە وردی لە دیمەنی مەفرەزەی پێشمەرگەكانی تیپی 78ی كارۆخ و كەرتی پێنجی گەڵاڵە دەڕوانم و هەر ناتدۆزمەوە، لە ترۆپكی كێوەڕەش رادەوەستم و دەستێك دەخەمە سەر نێوچاوان و لە پێدەشتی بیتوێن و رانیە و پشدەر ورد دەبمەوە و باخچە بە باخچە و ژێر هەر دارێك بۆتۆ دەگەڕێم، لە باخەوانەكان دەپرسم و دەڵێم ئاخۆ پیاوێكتان نەبینی لێرەوە بڕوات و دەستەكانی پڕبێت لە نەمام و درەخت؟ نەتانبینی مێرخاسێك، پێشمەرگەیەك، بەگزادەیەك، مامۆستا و رابەرێك لێرەوە گوزەر بكات؟.
دەچمەوە نێو كوچە و كۆڵانەكانی شار و لەدەرگای ماڵە هەژارەكان دەدەم و لێیان دەپرسم: ئێوە پێم بڵێن پشت و پەنا و دڵسۆزەكەی خۆتان نەبینیوە لێرەوە بڕوات؟ دەچمەوە لای نەخۆشەكانی شار و لادێ، دەچمەوە لای هاوڕێیانی شار و شاخ و دەچمەوە لای هەموو پێشمەرگە دێرینەكان، باوەش بە یەك بەیەكیاندا دەكەم و دەڵێم ئێوە هاوڕێیانی باوكم پێم بڵێن نیاز دەرگەڵەیی باوكم ئەمڕۆ نەهاتۆتە لاتان و هەواڵتان بپرسێ؟ ئەی تەلەفۆنی بۆ نەكردوون و پێی نەوتوون لەكوێیە و بۆ نەهاتۆتە دیدارتان؟ دە هەستن با پێكەوە بەدوایدا بگەڕێین و دڵنیام ئێستا لە سووچێكی ئەم كوردستانەیە و فریای لێقەوماوێك دەكەوێت، وەرن با پێکەوە بچین یارمەتی بدەین، من دەیناسم دەزانم ئەو ئێستا نە قایمقامە و نە كاربەدەست، بەڵام هیچكات سڵ ناكاتەوە لە بەهاناوەچوون و یارمەتیدان، دەی وەرن با پێکەوە بیدۆزینەوە، ئەو هێشتا زۆر كاری ماوە بیکات، هێشتا هەموو هیواكانی بۆ ئێمەش باس نەكردووە و هێشتا چیرۆك و داستان و نەبەردییەكانی هەمووی نەگێڕاوەتەوە و نەیكردووە بە پەرتوكی بیرەوەری.
باوكە گیان، ئەم سەفەرەت بێ گەڕانەوە بوو، چل رۆژە چاوەڕوانتم، چاوم لە دەرگایە و دەمەوێ ئەمساڵیش تۆ پێنووس و پەڕاو و پێداویستی خوێندنگە بۆ من و برا و خوشكەكانم بەدیاری بهێنیت و پێمان بڵێی بخوێنن چونكە لێرە بەدواوە بە پێنووس دەتوانن خزمەت بەم وڵاتە بكەن.
ماڵئاوا باشترین باوكی دونیا، خۆشەویستترین مرۆڤی ئەم جیهانە، لەبیرت ناكەم و لە رێنماییەكانت دەرناچم و بەمەش رۆحت شاد دەكەم.