دۆخی لیبیا لە نێوان دانوستان ‌و شەڕدا

09:51 - 2022-05-19
ڕاپۆرت
505 جار خوێندراوەتەوە

ئا/ دیاری سابیر

هاوكات لەگەڵ بەڕێوەچوونی دانوستانی نێوان لایەنە ناكۆكەكانی لیبیا لە قاهیرە، مەترسیی سەرهەڵدانەوەی شەڕ، باڵی بەسەر شاری تەرابلوسی پایتەختی لیبیادا كێشاوە.
سرت دەكاتە پایتەخت
ئاڵۆزییەكانی تەرابلوس لە كاتێكدا بووە، كە فەتحی باشاغا سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو لەلایەن پەرلەمانی وڵاتەكەیەوە، هەوڵیداوە بچێتە تەرابلوس، بەڵام لەلایەن گروپە چەكدارەكانی ئەو شارەوە رێگریلێكراوە ‌و خەریك بووە شەڕ رووبدات، بەڵام فەتحی باشاغا لەگەڵ هێزەكانی كشاونەتەوە بۆ دەرەوەی تەرابلوس.
بەرپرسێكی سەربازیی لە سوپای لیبیا رایگەیاندووە: سەرۆك وەزیران هەوڵیداوە بە شێوەیەكی ئاشتییانە بچێت بۆ تەرابلوس، بەڵام لەلایەن گروپە چەكدارەكان لەو شارە ‌و چەند شوێنێكی دیكەی وڵاتەکە، کە بە كێشە ئەمنییە بەردەوامەكانی لیبیا دادەنرێت، ‌رێگریلێكراوە. وتیشی: فەتحی باشاغا ‌و هێزەكانی بڕیاریانداوە بكشێنەوە لەپێناوی پاراستنی دۆخی ئەمنیی شارەكە، لەبەرئەوە پێكدادان رووینەداوە.
دوێنێش فەتحی باشاغا رایگەیاند، كە بەهۆی ئەو رووداوانەی لە تەرابلوسی پایتەخت روویاندا، حكومەتەكەی شاری سرت دەكاتە پایتەخت.
دانوستانی نێوان وەفدی هەردوولا  
لەلایەكی دیكەوە، بە مەبەستی دانانی بنەمای سازانی دەستووریی كە هاوكاربێت بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن ‌و كۆتاییهێنان بە ململانێ لەسەر دەسەڵاتی ئەو وڵاتە، خولێكی دیكەی دانوستانی نێوان هەردوو وەفدی پەرلەمان ‌و ئەنجومەنی باڵای حكومەتی لیبیا لە قاهیرەی پایتەختی میسر دەستیپێكردووە. 
لە دانوستانی ئەم جارەدا، وەفدی هەردوولا بۆ چەند رۆژێك گفتوگۆ دەكەن دەربارەی چارەسەری ناكۆكییە یاسایی ‌و دەستوورییەكان، كە یەكێكە لە هۆكارەكانی شكستی هەڵبژاردن لە مانگی كانونی یەكەمی رابردوودا.
ناكۆكی لەسەر دەستوور 
دانوستانەكە بە چاودێریی نەتەوە یەكگرتووەكان ‌و سەرپەرشتیی میسر بەڕێوەدەچێت ‌و وێڕای ناكۆكیی قووڵ، لە هەڵوێست ‌و بۆچوونەكانیشیاندا، خاڵی زۆر هاوبەش هەیە.
لەگەڵ ئەوەی هەردوولا لە نێوان حكومەتەكانی فەتحی باشاغا ‌و عەبدولحەمید دەبیبەدا پەرتبوون، بەڵام تروسكاییەك بەدیدەكرێت بەوەی هەردوولا دەربارەی بەندێكی دەستووری بۆ رێكخستنی هەڵبژاردن رێكبكەون.
لە خولی یەكەمی دانوستانەكاندا كە لە ناوەڕاستی مانگی رابردوودا بەڕێوەچوو، هەردوولا ناكۆكبوون، بەجۆرێك ئەنجومەنی باڵای حكومەت پشتیوانی لە داڕشتنەوەی بنەمای دەستوور دەكات بۆ رێكخستنی هەڵبژاردن، بەڵام پەرلەمان دەیەوێت چەند چاكسازییەك لە دەقەكانی دەستووردا بكرێت، پاشان بخرێتە راپرسییەوە، بەوپێیەی دەستوور ژیانی سیاسی ‌و هەڵبژاردن رێكدەخات.
گەڕانەوە بۆ پڕۆسەی هەڵبژاردن
رۆژێك پێش كۆبوونەوەكەش، ستیفانی ولیامز راوێژكاری سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە لیبیا رایگەیاندبوو: لە خولی دووەمی دانوستانەكاندا، پێویستە لیژنەی هاوبەش لە پەرلەمان ‌و ئەنجومەنی باڵای حكومەتی لیبیا ئەنجامی بەڵگەدار ‌و دەستووری پێشكەش بكەن.
دوای شكستهێنان لە رێكخستنی هەڵبژاردندا ‌و لەگەڵ قووڵبونەوەی ناكۆكیی سیاسی نێوان هەردوو حكومەتی خۆرئاوا ‌و خۆرهەڵات لەو وڵاتە، گەیشتن بە سەقامگیری ‌و ئاشتی لە لیبیا رووبەڕووی ئاستەنگی گەورە بۆتەوە، نەتەوە یەكگرتووەكانیش هەوڵدەدات گفتوگۆ دەستوورییەكانی نێوان هەردوولا سەركەوتووبن، بۆئەوەی سەرجەم لایەنە سیاسییە ناكۆكەكان هانبدات، بەمەبەستی گەڕانەوە بۆ پڕۆسەی هەڵبژاردن ‌و وڵات بخەنە سەر رێچكەی هەڵبژاردنێكی نوێ. 
سەرچاوە/ ئاژانسەكان

بابەتە پەیوەندیدارەکان