سوود و زیانەكانی خۆڵبارین

10:08 - 2022-05-19
ڕاپۆرت
657 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی/ رێزە حسێن
لە مانگەکانی نیسان و سەرەتای مانگی ئایاردا چەند شەپۆلێكی جیاوازی خۆڵبارین عیراق و هەرێمی كوردستانی گرتەوە، بەهۆیەوە هاووڵاتیەکی زۆر گەیەنرانە نەخۆشخانەكان، هاوكات لایەنی پەیوەندار لە وەزارەتی ژینگەی عیراق رایدەگەیەنێت: ئەگەر رێگری نەكرێت لەو دیاردەیە، بە دروستكردنی پشتێنەی سەوزایی، مەترسی گەورە رووبەڕووی وڵات دەبێتەوە بەجۆرێك لە ئایندەدا لە هەفتەیەكدا چەند رۆژێك خۆڵبارین دەبێت، هەروەك بەپێی ئاماژەكانی ژینگە دۆستانی كوردستان، جگە لە گۆڕانی كەشوهەوا، كەمی بڕی باران بارین، وشکەساڵی و  زیاتر بە بیابان بوونی  ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عیراق سەرچاوەی خۆڵبارینن. 
تێكچوونی تەندروستی 
بەپێی زانیارییەکانی كوردستانی نوێ، بەهۆی كاریگەری ئەو خۆڵبارینەی رووی لە ناوچەكان كرد، سەدان كەس لە شار و شارۆچكە و قەزا و ناحیەكانی هەرێم بەهۆی تێكچوونی باری تەندروستیان لە كۆئەندامی هەناسەدان و سییەكان و تووشبوون بە كۆكە و پژمینێكی زۆر، دروستبوونی هەستیاری لەسەر پێست و سووربوونەوە و خورانی پێڵوی چاو، فشاری خوێن و هەوكردنی گوێچكەی ناوەڕاست و خوێن بەربوون، نەخۆشی ئەكزیما، روویان لە بەشی فریاكەوتنی نەخۆشخانە و بنكە تەندروستیەكان كردووە. 
ئاسۆ حەوێزی وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەوبارەیەوە تایبەت بە كوردستانی نوێ وتی: خۆڵبارین لە رووە زانستییەكەیەوە كێشەی زۆر دەهێنێتە ئاراوە، بۆیە گرنگە لەكاتی هاتنە پێشەوەی دیاردەیەكی هاوشێوە، بۆ پارێزگاریكردن لە تەندروستی، باشترە خەڵكی لە ماڵەكانیان بمێنەوە، لە كاتی هاتنە دەرەوەشدا ماسك بەكاربهێن، بەتایبەت تووشبوانی نەخۆشییەكانی کۆئەندامی هەناسەدان و رەبۆ، هەروەها لەكاتی تەندروستی تێكچووندا باشترە بەخێرایی سەردانی نەخۆشخانە و بنكە تەندروستییەكان بكەن تا مەترسییەكانیان لەسەر كەمتر بێتەوە، ئەو وتەبێژە راشیگەیاند: دەبێت هاووڵاتیان هۆشیاری ئەوەیان هەبێت لەكاتی خۆڵباریندا هەموو خواردن و خواردنەوەكان داپۆشن و بەر لە خواردنیان بە باشی بشۆردرێتەوە، چونكە دەنكۆلەكانی خۆڵ، هەڵگری میكرۆب و بەكتریان.
پەكخستنی رێگەوبانەكان و گەشتە ئاسمانییەكان 
خۆڵبارین جگە لە كێشە تەندروستییەكان، هاوكات بەهۆی کەمبوونەوەی مەودای بینین دەبێتە هۆی دروستبوونی ئاستەنگی هاتوچۆ لە رێگەوبانەكان بەتایبەت لە رێگەكانی دەرەوەدا، و  پەكخستنی گەشتە ئاسمانییەكان و راگرتنی بۆ ماوەیەكی كاتی، لەوبارەیەوە لایەنی پەیوەندار لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی شارەكان ئاماژەیاندا لە بارودۆخێكی هاوشێوەدا، پێویستە شۆفێران پابەندی رێنماییەكان بن، بۆ ئەوەی لە رووداوەكانی هاتووچۆ پارێزراوبن، بەجۆرێك بۆ كاری گرنگ نەبێت، باشترە لە ماڵەكانیان بمێنەوە، لەكاتی بەكارهێنانی شەقام و رێگەوبانەكاندا رووناكی ئۆتۆمبێلەكانیان هەڵبكەن و خۆیان بپارێزن لە خێرایی و تیژڕەوی، پاراستنی مەودای نێوان خۆیان و ئۆتۆمبێلی پێشیان بهێڵنەوە.
هەروەها پێویستە شۆفێران گرنكی بە بەستنی پشتێنی سەلامەتی بدەن و پابەندی هێماو رێنماییەكانی هاتوچۆبن، هەروەك لەكاتی كاریگەربوونی خۆڵ و تۆز لەسەر تەندروستیان، باشترە شۆفێریكردن رابگیرێت لە قەراغی شەقام و داوای هاوكاری بەهاناوە چوون بكرێت.
رێگەكانی خۆپارێزی 
بەپێی رێنماییە تەندروستییەکان لەكاتی خۆڵباریندا پێویستە لەسەر هاووڵاتیان رێگەكانی خۆپارێزی بەكاربهێنن وەك دووركەوتنەوە لە شوێنی خۆڵبارین، راگرتنی سەفرە و بەكارهێنانی رێگەوبانەكانی دەرەوە، داخستنی دەرگاو پەنجەرەكان و لەكاتی چوونە دەرەوەدا بەكارهێنانی دەمامك، دووركەوتنەوە لە وەرزش كردن، زۆر خواردنەوەی شلەمەنی و خواردنی مێوە و سەوزە بەبەردەوامی هاوكات لایەنە تەندروستییەكان ئاماژەیان بەوەشكردووە لە پاڵ زیانەكاندا، خۆڵبارین سوودی گرنگی هەیە بۆ ژینگە، بەجۆرێك گازە ژەهراوییەكانی ناو هەوا لەناو دەبات، بەتایبەت ئەو شوێنانەی كە نزیكن لە ناوچە پیشەسازییەكان.   

بابەتە پەیوەندیدارەکان